سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، عومه‌ر غه‌ریب‌ » دادگای فیدراڵی: كاركردن بە مادەی 140 بەردەوام دەبێت

دادگای فیدراڵی: كاركردن بە مادەی 140 بەردەوام دەبێت

كەركوك، عومەر غەریب

دادگای باڵای فیدراڵیی عیراق بڕیاریدا بەردەوامی بە كارەكانی مادەی 140ی دەستووری عیراق بدرێت.
دوێنێ ئەیاس ساموك وتەبێژی رەسمیی دادگای باڵای فیدراڵیی عیراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: لە دانیشتنی دادگای فیدراڵیی عیراقدا، پێداچوونەوە بە داوایەكی نوێنەران لەبارەی مادەی 140ی دەستووری عیراقەوە كرا، راشیگەیاند: دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری بەردەوامی دا بە كارەكانی مادەی 140ی دەستوور و فەرمانی بە دەسەڵاتی جێبەجێكردن كردووە سەرجەم رێوشوێنە پێویستەكان بگرێتەبەر بۆ بەردەوامیدان بە مادەی 140ی دەستوور.

فراكسیۆنی سەوز:
پێشوازیی لە بڕیارەكە دەكەین
لەلایەكی دیكەوە، ئەڵماس فازل ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی سەوز بە PUKmedia ی راگەیاند: وەك فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەران، پێشوازیی لە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیی عیراق دەكەین بۆ بەردەوامیدان بە مادەی 140.
ئەڵماس فازل وتیشی: ئەم بڕیارە هەموو ئەو بۆچوون و قسانە رەتدەكاتەوە كە دەڵێن مادەی 140 بەسەرچووە، هەر ئەم بڕیارە وادەكات كارەكانی مادەی 140 كاراتر بكرێن بۆ جێبەجێكردنی.

بودجەی پێویست تەرخان بكرێت
هەروەها كاكەڕەش سدیق سەرۆكی ئۆفیسی كەركوكی لیژنەی جێبەجێكردنی مادەی 140، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: ئەو بڕیارە كارئاسانی دەكات بۆ جێبەجێكردنی بڕگەكانی مادەی 140، وتیشی: پێویستە لەدوای دەرچوونی بڕیارەكەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان بێتە سەر خەت و بەهەماهەنگیی لەگەڵ حكومەتی عیراق، هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی مادەی 140 لەبەغدا كارا بكرێت.
كاكەڕەش سدیق راشیگەیاند: جێی داخە تائێستاش لە هەندێ لە دادگاكانی عیراق كارئاسانی دەكرێت بۆ گێڕانەوەی عەرەبە هاوردەكان بۆ كەركوك و مامەڵە بە گرێبەستە كشتوكاڵییەكانی تەعریبەوە دەكەن، لەكاتێكدا ئەو كارە پێچەوانەی مادەی 140 -ە، وتیشی: پێویستە بودجەیەكی پێویست بۆ كارەكانی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك بەپێی مادەی 140 تەرخان بكرێت.

لیژنەی مادەی 140 كارا بكرێتەوە
هەر لەوبارەیەوە، د.رائید فەهمی سەرۆكی پێشووی لیژنەی باڵای مادەی 140 بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: ئەركی ئەنجومەنی نوێنەران و حكومەتی عیراقە لیژنە پەرلەمانی و حكومییەكەی مادەی 140، كارا بكەنەوە.
د.رائید فەهمی راشیگەیاند: پێویستە بودجەیەكی شیاو بۆ كارەكانی مادەی 140 تەرخان بكرێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

هەوڵەكان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك بەردەوامن

ئاسۆ مامەند: هەوڵەكان بەردەوامن بۆ یەكلاكردنەوەی پرسی پارێزگاری كەركوك و ...