سەرەکی » کەلتوور » سینەماچی؟!

سینەماچی؟!

هاوار مستەفا خان

بەشی هەژدەهەم

لەژێر ناوی» سینەما..چی؟!» کە لەبنەڕەتدا پەڕتۆکێکە و لەگەڵ چەند ئەڵقەیەکی دیکە کە لێرە لە کوردستانی نوێ بڵاوی دەکەینەوە، بیرەوەریی هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی زیاتر لە جارەگە سەدەیەکی خوێندنەوەو بینین و نووسین و رەخنەی سینەمایی و دروستکردنی فیلم و رۆشنبیریی سینەماییەو وابڕیارە لەماوەی داهاتوودا لە دووتوێی پەڕتۆکێکدا «رەنگە زیاتر»یش چاپ و بڵاوبکرێتەوە.
لێرەدا، هەوڵدەدەم چەند بیرەوەرییەکی تەمەنی جوانی و بەخۆڕایی بەفیڕۆچوونی ئەو سەردەمە باس بکەم کە چەند تامەزرۆی سینەما بووین و چەند هەوڵماندا بیگەینێ کەچی جەنگ و شەڕ و ئاشوبی هەشت ساڵەی عیراق ئیران و سیاسەت و ململانێی ناتەندروست و درێژخایەنی هێزەکانی گۆڕەپانی باشوری کوردستان لەشاخ و شار، دەیبردینەوە کۆڵانەکانی پشتەوەو هەر بەحەسرەتی ئەوەی دونیای جوانی و فانتازیی سینەماییمان دروست بکەین، بەردەوام بووین و کۆڵمان نەدا، بەڵام ساڵ دوای ساڵ سەخت و دژوارتر دەبوو بەدیەێنانی خەون و خولیاکانی گەنجی و جوانیمان، هەر ئەوەش وای لێکردین بەو جوانیەوە، جوانتر سینەما لەگەڵ خۆماندا پەروەردە بکەین.

ئەو ساڵەی بەندە لە تەلەفزیۆن دامەزرام، گەڕی یەکەمی شەڕی ناوەخۆ دەستی پێکردبوو، هیوایەک بە هەوڵی ١٧ حزبەکەو کەسایەتیی و پشتیوانانی دۆزی کورد هەبوو کە تا رادەیەك توانیبوویان ئاگری ئەو ئافاتە بکوژێننەوە، سیمای هاوڵاتیان تەواو پێچەوانەی پێش شەڕ دەردەکەوت، خەڵکی زۆر تیاچوو، شەڕەکە باری هاوڵاتیانی دووجار گران کرد، جارێك بەهۆی ئەوەی کاریگەری ئابلۆقە هێشتا کۆتایی نەهاتبوو ئەو شەڕەش ئەوەندەی تر ئابلۆقەکەی تووندتر کرد، دووەمینیش لەبەر ئەوەبوو هاوڵاتیان دڵیان بەو حوکمڕانیە خۆش بوو، حکومەتیش ساوابوو کەچی پێش ئەوەی خەڵکی پشوویەک بدات و هەناسەیەکی ئارامی و دەرباز بوون لەتاوانەکانی سەددام هەڵکێشێت، بە خێرایی شەڕو نەهامەتی براکان خەونی زۆرینەی لەبار بردو متمانە بەو حوکمڕانیە تادەهات لاوازتر دەبوو، خەڵکی هەر لەگەڵ ئەو کیانە بوو بەڵام ئازارەکانی تا دەهات بەسوێتر دەبوو.

شانۆگەری «براکوژی» و «لەماڵێکدا»
دوای ئەوەی شەڕ درێژەی کێشا، ئێمەش لە دوو نمایشی یەك «دەق»دا کە دوو دەرهێنەر لەماوەی یەکساڵدا کاری دەرهێنانیان بۆی کرد رۆڵی سەرکیمان گێڕا، ئەویش شانۆیی» براکوژی» بوو. بەڵام ئەوەی بۆ بەندە بەر لەو مێژووە گرنگتر بوو، بڵاوکردنەوەی ووتارێکی مێژوویی بوو لەسەر سینەماو دواتریش دەستبەکار بوونم بوو وەك بێژەری هەواڵی سیاسیی لە تەلەفزیۆنی زەحمەتکێشان لە هەولێر.
بەهۆی ئابلۆقەی ئابوری (یو ئێن)لەسەر عیراق و ئی عیراقیش لەسەر هەرێمی کوردستان و ئی هێزە سیاسیە باڵادەستەکانیش لەسەر وەبەرهێنانی کولتورو فەرهەنگی کوردیی، سینەماکانی هەرێمیش وەك زۆرێك لە بوارەکانی تری هەراسان کردبوو، چوون عیراق چیدیکە توانای ئەوەی نەبوو نە فیلم هاوردە بکات نە بەرهەمیشی بهێنێت.

شانۆگەری « لەماڵێکدا»یەکەمی فێستیڤاڵ
ئەوەی یەکەم لەلایەن دەرهێنەر تەحسین فایەق کاری دەرهێنانی بۆ کراو لە ناوەندی رۆشنبیری سەردەم پێشکەشکرا، بەناوی براکوژی بوو، بەڵام کە کاردانەوەی باشی دەرکەوت و ئینجا دوای ماوەیەک فێستیڤاڵی شانۆیی کوردستان رێکخراو لەوێشدا هەمان کار بەڵام ئەمجارە لەلایەن نووسەرو دەرهێنەر نیهاد جامی کاری دەرهێنانی بۆ کراو ببوە جێگای سەرنج و خەڵاتی یەکەمی فێستیڤاڵیشی لە دەرهێناندا بەدەست هێنا. بیرمە کاتێك ناوی براوەی خەڵات خوێندرایەوە نیهاد جامی بورایەوەو بە باوەش بردیانە سەر ستەیج و بەهۆش خۆی هاتەوەو خەڵاتەکەی وەرگرت و خەریك بوو جارێکی تریش ببورێتەوە. ئەو رۆژە بۆ ئێمە زۆر خۆش بوو یەکەمجاریش بوو لە نزیکەوە مامۆستا جەمال عەبدول ببینم کە وەزیری رۆشنبیریی بوو.

سینەمای سکرین
بە هۆی ئابڵوقەکانەوە، سینەماکانیش بێ هەبوونی هیچ سانسۆرێك فیلمیان بڵاو دەکردەوە کە جاری واهەبووە لەماوەی یەك سەعاتدا دوو سێ فیلم تێکەڵ دەکران و بێجگە لە وروژاندن کەس کۆتایی فیلمێکی بەتەواوی نەدەبینی. نە فیلمەکان تاموچێژی جارانیان مابوو نە سکرینەکەش وەکو جاران گەورەو پڕ بوو، لەوەش گەڕێن کە دەنگ و رەنگی وەکو جاران نەبوو، هەمووی بەسەریەکدا شێوابوو، بەڵام دوای هێنانی ئامێرێکی سکرین کە کوالێتی لەوانی پێشووتر باشتر بوو چەند سینەمایەك دەستیان کرد بە بڵاوکردنەوەی فیلمی کوردیی. بیرمە لە ساڵی ١٩٩٥ چەندین فیلمی کوردیی هەولێرو بە تایبەتی سلێمانی بە سکرین یان سینەماڤژن لە سینەما سەڵاحەدین نمایش کران، لەوانە سێ فیلمی سلێمانی بەناوەکانی (مەرگی ئەرخەوانی و مەملەکەتی خۆر و فرمێسکی رەش)نیشاندران و بینەرێکی زۆر باشیان هەبوو. هەڵە نەبم فیلمەکان لە سیناریۆ و دەرهێنانی هونەرمەند کامەران رەئووف بوون. جگە لەوەش دیاردەی چوونی خێزان بە هۆی ئەو فیلمە کوردیانەو هیتریش ئاسایی بووبۆوەو فیلمەکانیش بەئەندازەیەکی باش قازانجیان دەکردو هۆڵەکانی سینەماش بووژابوونەوە، کە وایلێهاتبوو لەویشدا رێژەی سەدی ٥٠ ، واتە نیوە بەنیوە داهات بۆ سینەماو فیلمەکان بەشدەکرا.
دەبێ ئەوەش بڵێم؛ کە شەڕی ناوەخۆ لە سلێمانی و دهۆك لەچاو هەولێری پایتەخت زوو کۆتاییهاتبوو، چوون هەر یەك لەپارتە سەرەکیەکان بە زوویی شاری زۆرینەیان کەوتە دەست و ئەوەی کە زۆر درێژەی کێشا، بەردەوامی شەڕو هێرش و پەلاماری لەسەر بوو هەولێر بوو.

یەکەم بابەتی سینەماییم لە رۆژنامەی ئەمڕۆ
بەر لەوەی گەڕی دووەمی شەڕ دەستپێبکاتەوە بەندە یەکەمین بابەتی سیینەماییم لە رۆژنامەی «ئەمڕۆ» بڵاوکردەوە کە ئەمڕۆ پڕۆژەیەکی سیاسیی و رۆژنامەوانی نێوان نووسەرو رۆژنامەنووس فریاد هیرانی و شاعیرو سیاسەتمەدار دارا ئەحمەد بوو، لە یەکەم ژمارەوە لەلایەن هاوڕێم کەریمۆک کە ئەویش لەستافی سەرەکی رۆژنامەکە بوو داوام لێکرا کە بابەتێك لەسەر سینەما ئامادەبکەم و هەروەها بتوانم بەردوام لەگەڵیاندا کار بکەم و بەشی هونەری لە ئەستۆ بگرم، بەندە بەوە رازی بووم کە دەتوانم بابەتی سینەماییتان بۆ بنێرم، ئەوەبوو یەکەمین بابەتم لەو رۆژنامەیەدا لە ساڵی ١٩٩٤ بڵاوبوویەوە ، بابەتەکەش ئامادەکردن بوو بەناوی «کورتەیەك دەربارەی سەرهەڵدانی سینەما لە جیهاندا».
بە دەرکەوتنم لە تەلەفزیۆن و بڵاوکردنەوەی بابەتی سینەمایی و بەشداریکردن لە هەندێك چالاکیدا ئەستێرەی بەختم گەشایەوەو لە گرنگترین روداوەکانی ئەو ساڵانەی شاری هەولێر وەك رۆژنامەڤان و سینەماکارو نووسەرێك رۆڵم گێڕا.

یەکەم بابەتی وەرگیڕانم لەسەر سینەمای هیچکۆك
دوای بڵاوبوونەوەی بابەتی ترم لە رۆژنامەی ئەمڕۆ، ئینجا بابەتێکی گرنگی وەرگێڕانیشم بۆ یەکەمجار لە رۆژنامەی رۆژانەی کوردستانی نوێ لەسەر دەرهێنەری بەناوبانگی بەریتانی» هیچکۆك» بڵاو کرایەوەو زۆر دڵم خۆشبوو. بیرمە (١٥)رۆژ سەرقاڵی وەرگێڕان و ئامادەکردنی ئەو بابەتە بووم، چەندین فەرهەنگۆکم بەکارهێنا، جار جار دەمویست کاکم یارمەتیم بدات بەڵام بە وریاییەوە چاودێریی دەکردم و دەیویست خۆم ماندوو بکەم و پشت بەخۆم ببەستم، ئەوەبوو بابەتەکە یەك لاپەڕەی تەواوی کوردستانی نوێی داگیر کردوو، ئەو رۆژەی رۆژنامەکەم هێنایەوە ماڵ لە نزیك باوکم دامناو ئەویش کەوتە هەڵدانەوەی لاپەڕەکان و پێش ئەوەی بابەتەکەی من ببینێت، کاکم ووتی؛ بابەتەکە بڵاوبۆتەوە؟ منیش بە دڵخۆشیەوە ووتم: بەڵێ، لاپەڕەیەکی تەواوی داگیر کردووە، ئیتر کەمێك لەبەرچاوی باوکم دورکەوتمەوەو براکەم پێی ووت؛ بابەتی وەرگێڕاوەو بڵاوبۆتەوە، منیش لە ژوورێکی پشتەوە لە دەرگاوە سەیرم دەکردن، باوکم دەیگووت؛ ئەوە بەخۆی نووسیتی؟ کاکەش دەیگووت؛ بەڵێ ئاگادارم خۆی ماندوو کردوو دیارە بابەتەکە زۆر گرنگە بۆیە یەك لاپەڕەی تەواویان پێداوە.

بێژەریی لە گەڕی دووەمی شەڕی ناوەخۆدا
ئیتر وردە وردە کێرفی متمانەو باوەڕیم زیاد دەبوو لای باوکم، یەکەم؛ بێژەرم، دووەم؛ نووسەریشم، پێشتریش تەمسیلیم کردووەو خەریکم لە ناوەندەکە دەناسریم. بەو هەموو رۆڵبینینەشەوە باوکم هەر چاوی لەدوومان بوو کە شەڕی ناوەخۆ ئاسان نابێت بۆ ئێمەمانان کە لەسەر قەڵا و بەرامبەر بە راجیمەو دۆشکای براکان هەواڵ بخوێنینەوەو بەردەوام بین، هەرچۆنێك بێت تێڕوانینی ئەو راست دەرچوو، ئێمە شەوان دوای تەواو بوونی خوێندنەوەی هەواڵ. کاتێك بەئۆتۆمبێلی تەلەفزیۆن دەیانبردینەوە ماڵ دەبوو زگ زاگ و بە شوێنی پێچ و پەنا بڕۆیشتباینەوە، چوون شەوان زوو دونیا کش و مات دەبوو بێجگە لە پێشمەرگەکان کە ئەوانیش لەپەناگەو سەر بیناکان بەسەرو سیمای پێچراویان بەئەستەم دەبینران و دەجولان، خۆ کەس نەیدەزانی کامەیان کامەیەو ئەوانیش میلی تفەنگەکانیان بەردەوام سوار بوو، بۆیە کەس لە جادە تاریکو تنوکەکان نەدەبینرا، بیرمە شەوێکیان دوای تەوابوونی هەواڵەکان و رۆیشتنەوەمان، سێجار کەوتینە کەمین، جاری یەکەم تەقەیان لێکردین و جاری دووەمی هەمان شەو کە برادەرێکی ترمان نزیک بووبوویەوە لەماڵی خۆیان، کۆمەڵێک چەکدار هاتنە سەر رێگاکەمان و رایانگرتین و بە دەم وچاوی پێچراویەوە دەنگیان داین و لولەی تفەنگەکانیان هێنایە ناو ئۆتۆمبێلەکەمان کە بەرازیلی بوو، زۆر تووڕە بوون و ووتیان کە تەقەمان لێکردن بۆچی نەوەستان؟!. راستی ئێمە زۆر ترساین دوای ئەوەی خۆمان ناساند ووتیان جارێکی لێرەوە نەیەن، یان گەر هاتیشن، ئاڵای حزبەکەتان هەڵواسن بۆ ئەوەی بزانین سەر بە چ لایەنێکن. هەر دوای ئەوەی لەوێ دەربازمان بوو، ئینجا لە نزیك منارەی چۆلی کەوتینە کەمینێکی هێزێکی دیکە، لەوێش بەردیان لە ناوەڕاستی جادە دانابوو بە هێواشی و بێ گرفت دەرچووین، ئەو شەوەمان زۆر دورو درێژبوو.
کاتێ بەندە گەڕامەوە ماڵ زۆر درەنگ کەوتبوو، دەرگاکان هەموویان داخرابوون، بە هێواشی بەسەر دیواری ماڵدا خۆم ئاودیو کرد، ئاگام لێبوو هەر کە لەدەرگای ناندین نزیکبوومەوە دایکم دەرگای کردەوەو ووتی؛ بڕۆ بەبێ دەنگی بخەوە، باوکت زۆر توڕە و نیگەران بوو.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*