سەرەکی » دۆسێ » شەنگال ئازاری گەلێک

دۆسێ

شەنگال ئازاری گەلێک

ئێزدییەکان و کەوتنی شەنگال

پەیڤێک
ئێزدییەکان بەشێکی رەسەن و گرنگی گەلی کوردستان پێکدەهێنن، بەداخەوە ئەوانیش وەکو هەموو پێكهاتەکانی تری گەلەکەمان، زۆرجار رووبەروی کارەساتی گەورە و کۆمەڵکوژی بوونەتەوە، دوایین کارەسات و کۆمەڵکوژیش ساڵی 2014 بوو، کاتێک چەتەکانی داعش پەلاماری ناوچەکانی دان و بەوپەڕی دڵڕەقیی و نامرۆییەوە تاوانی گەورەی دەرهەق کردن.
لەم دۆسێیە تایبەتەدا کاک فەرەیدون سامان لەرێگەی لێکۆڵینەوەیەکەوە، باسی مێژوو،ئایین، نەریت و زمانی ئێزدییەکان دەکات و هەروەها باسی دوایین کۆمەڵکوژیان لەلایەن چەتەکانە داعشەوە کردووەو هۆکار و کاریگەرییەکانی خستۆتە روو.هەروەها د.مەولود ئیبراهیم حەسەنیش لە رێگەی شیعرێکەوە، باسی کارەسات و تراژیدیای شەنگالییەکانی کردووە.

کوردستانی نوێ

فەرەیدوون سامان

پێشەکی: ئێزدییەکان وەک ئایین، ئاینێکی جیاوازیان ھەیە و بە رەسەنترین ئایینی دێرینی کوردی دەژمێردرێت، ھەرچەندە لەسەرئەو باوەڕەی زۆر چەوساونەتەوە، بەڵام بەردەوام داکۆکیان لەناسنامەی ئایینی خۆیان کردوە، بەگوێرەی شێوازی باوەڕ و پێوانەکانی پەرستن و شوێن و پەرستگاکانیان و شێوازی ژیانیان، هەندێك لە مێژوونوسان پێیان وایە،کە دەتوانرێ وەک تیرە یان پاشماوەی ئایینی زەردەشتی بەناو بکرێن، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 3000 ھەزارساڵ بەر لەئەمڕۆ.
ئێزدییەکان گروپێکی ئیتنیکی کوردین بە زۆری لە دەڤەرەکانی باشووری کوردستان و بەتایبەتیش لە کاڤاری شەنگال و شێخان، ژمارەیەکیشیان لەباکوور و رۆژاوای کوردستان، لەئەرمەنستان و گۆرجستان دەژین، هەروەها ژمارەیەکی بەرچاویش ئێستا نیشتەجێی وڵاتانی ئەوروپا و بەتایبەتیش لە ئەڵمانیان، وێڕای ئاسمیلەبوون و سیاسەتی پاکتاوی نەژادی بەرانبەر بە ناسنامەی نەتەوەیی و زمانەکەیان لەو وڵاتەنەی کە لێی دەژین لە ئەرمەنستان و تورکیاو عیراق و سووریادا، بەگشتی لەھەرێمی کوردستاندا ژمارەی دانیشتوانیان نزیکەی 650000 بۆ 750000 کەس دەبێت.
ئێزدییەکان ئەو هۆز و تیرە کوردانەن کە لەسەر ئایین و باوەڕەکانی خۆیان ماونەوتەوە و ریشەکەی بۆ قووڵایی مێژووی مرۆڤایەتی بەر لە ئایینە نووسراوەکان دەگەڕێتەوە، ئێزدییەکان خودا دەپەرستن، دکتۆر خەلیل جندی کەسایەتی ئەکایمی کوردی ئێزدی لە کتیبی (الدین الازیدی ، المعتقدات، المیثولوجیا، الطبقات الدینیة) بە راشکاوی دان بەوە دەنێت کە ئێزدییەکان بەشێکن لە نەتەوەی کورد و خەڵکی رەسەن و دێرینی کوردستانن، هەروەها دکتۆر ئاورەحمانی قاسملۆ رای وایە کە ئێزدییەکان لەبنەڕەتدا زەردەشتین، و لە ئایینە دێرینەکانی گەلانی ئیرانن.دکتۆر خانی ئۆمەر خالی لە دیمانەیەکی گۆڤاری زمزمی لالشدا لەبارەی ژمارەی ئێزدییەکانی یەکێتی سۆڤیەتی جاران دەڵێت: ژمارەیان نیو ملیۆنە، بەپێی ئاماری ساڵی 1910 دەردەکەوێت کە ژمارەی ئێزدیەکانی شەنگال و موسڵ و هەکاری 100000کەس بوونە، لە کۆمارەکانی قافقاسیاش 25000 کەس بوون.
رۆزیتافۆرسی گەڕۆکی ئینگلیز لە یادەوەرییەکانی نووسیویەتی : ژمارەی ئێزدییەکان نزیکەی 400000 کەس دەبن. لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لەچیاکانی قافقاسیای نزیک دەریای خەزەر و چیای تایاو کمجاتکا دەژین. ئاینەکەیان بۆ مانەوییەکان دەگەڕێتەوە، بەڵام نزیکترن لە زەردەشتییەکان. چونکە ئێزدی ئاینێکی مژدەبەخش نییە، واتە بۆکەس نییە بێتە ناو ئایینی ئێزدی، جگە لەو منداڵانەی کە لە دایکوبابێکی ئێزدی لەدایک دەبن هەر بۆیەش بە داخراوی ماوەتەوە و لەوەپتر گەشەی نەکردووە، ئێزدی ئاینێکی کەڤنارییە هەر لە دێریندا لەسەرانسەری کوردستاندا بڵاوبۆتەوە و تایبەتە بە کوردان و دەقی ئاینەکەش بە زمانی کوردی نووسراوەتەوە، و باوەڕیان بە یەکتایی خودێ هەیە وپەرستگایەکی سەرەکیان هەیە ناوی لالشە کەوتۆتە باکووری کاڤاری شێخان لەدووری 13 کم لەشاری دهۆکدا .
چونکە ئایینی ئێزدی مزگێنیدەر نەبووە، لە هەموو کوردستاندا بڵاو ببوەوە و یەکتاپەرستی خودای تێدا بەرجەستە بووە، ئێزدییەکان سەبارەت بە جیاوازی باوەرەکەیان لەگەڵ باوەری دراوسێیەکانیان بە درێژایی مێژوو ئامانجی شاڵاوەکانی کۆمەڵکوژی بوونە، ئەوەش هۆکارێک بووە بۆ دژایەتی کردنیان، سەرباری ئەوەی ئایینەکەیان یەکتاپەرستی ودرووشمەکەشی هاوکاری و خۆشەویستی خودا بووە. سەرچاوە مێژووییەکان ئاماژە بەوە دەکەن بەر لە هاتنی ئیسلام و تەنانەت زۆر لە دواتریش، ئەو ناوچەیەی ئەمرۆ پێی دەگوترێت باشووری کوردستان بەتایبەت دەڤەری بهدینان زێد و دەڤەری ئێزدیخان بووە، بەڵام سەبارەت بە فەرمانە یەک لەدوای یەکەکانی دەسەڵاتی عەرەب و ئیسلام کە تا ئێستا دەگاتە 74 فەرمان و کۆمەڵکوژی مخابن خاک و دانیشتوانەکەیان لەدەست داوە.

کۆمەڵکوژی شەنگال:
یادەوەری تاڵی کۆمەڵکوژی شەنگال لە رێکەوتی 3ی ئابی 2014 لە کۆنەست و یادەوەری هەموو تاکێکی کورد تەنانەت مرۆڤایەتیشدا یادەوەرییەکی جەرگبڕ و کارەساتئامێزە، چونکە تاوەکو رۆژی 3-8-2014 ئێزدیەکان تاوانی کۆمەڵکوژی شەنگالیان لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامیی ناسراو بە داعش لەھەق ئەنجام نەدرا، بەتەواوی نەدەزانرا تا چەند جڤاکێکی پەراوێز خراون، توێژینەوە مێژووییەکان لەکۆندا ئاماژە بە (شاڵاوی 72 کۆمەڵکوژی) فەرمان یان جینۆسایدی ئێزدییەکان دەکەن، کە زۆرینەیان بە ھۆکاری ئایینی و ئیتنیکی بووە، ئەم کۆمەڵکوژییانە ھۆکاری کارەسات و قڕکردن بوون بۆیان، کە دواترینیان لە کاڤاری شەنگال لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە (داعش) بە هاوکاری وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی ناوچەکە ئەوانیان کردە ئامانج.
پێشتر لەساڵی 2007 لە(کۆمەڵگەی سیپا شێخ خدر و گر عوزێر) لە رێگای تەقاندنەوەی تانکێکی بۆمبرێژکراو، کە بووە ھۆی کوشتنی پتر لە 500 کەس و بریندارکردنی ژمارەیەکی زۆر لەوە زێتریش،بەڵام لە 2ی ئابی 2014 تیرۆریستانی داعش ھێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر شەنگال (توندوتیژترو خوێناویتر)، کە لە راپۆرتە دیکۆمینتاری ومیدیاییەکان و کۆمیتەکانی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان جەخت دەکەنەوە لەشەوی 2 لەسەر 3 ی تەباخی 2014 لەگەڵ ھاتنی داعش بۆ ناو شەنگال، پیاوان و ژنان و منداڵانی ئێزدییان کۆمەڵکوژ کرد و بە زیندوویی لەگۆڕە بەکۆمەڵەکاندا ناشتنیان، زۆر لە ژنان و کچا‌نیان سەبی و کۆیلە کران و بەسەر تیرۆریستەکانی خۆیانی دابەشینەوە، ھێشتاش ھەواڵەکان ئەوە دەسەڵمێنن کە لە بازارەکانی رەقە و موسڵ و مەیادین و ئەلبوکەمال و شەدادی سەودایان پێدەکڕێت، لەشارۆچکەی سنونی و کۆمەڵگای خانەسۆر لە شەنگال کە زێدی رەسەنی ئێزدیەکانە و کە ئێستا ژمارەیەک لە کۆچبەرە گەڕاوەکان لەوێ نیشتەجێن، ھەندیک لەو ژن و کچانە لەدەست رێکخستنی تیرۆریستی داعش دەربازیان بوونە وھەڵاتوون.
ئێزدییەکان بە بەرچاوی ھەمووانەوە تووشی ھەڕەشەی قڕبوون و لەناوبردن کرانەوە، بەپلەی یەکەم بەھۆی کوردبوونیان و ھۆکاری دووەمیش ئایینەکەیان و ھۆکاری سێیەمیش ستراتیژییەتی ناوچەی جێ نفوزیی ئەوان بوو، کە لەلایەن وڵاتانی ھەرێمیەوە جێی بایەخی جیۆپۆلەتیکی خۆی هەبووە.

لایەنە کوردستانییەکان و جینۆسایدی ئێزدیەکان
دۆزی ئێزدییەکان و ھەر دۆزێکی تر بەشێک یان گروپێکی دیکەی گەلی کوردستان لەلایەن لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەسکۆلاریزم و ئیسلامیەکانەوە، شرۆڤەو ھەڵوێستی جودای لێبۆتەوە، پارتە نەتەوەیی و سیکۆلارمیزەکانی کوردستان پرسی ئێزدیەکان بەبەشێك لە دۆزی نەتەوەیی گەلی کوردستان دەزانن، ئەمەش بە ئاشکرا لەپەیڕەوی ناوەخۆیان دەخوێنریتەوە و بەرگری لەو جڤاکە چەوساوەی کوردستان دەکەن، هەرچەند لەواری واقیعدا کەم و زۆر هەڵویستیان جیاوازیان بووە، بەتایبەت لە پرسی تراژیدی کەوتنی شەنگالدا.
بە پێی ئاماژەی راپۆرتی کۆمۆسیۆنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بینیمان چۆن لایەنێک بێ بەرگری کردن پشتییان تێکردن بێ هیچ پاساوێک هێزەکانی خۆیان لەو ناوچانە کشاندەوە، لەهەمان کاتدا لایەنی تر هەبوون بەرگرییان لەو خەڵکە لێ قەوماوە کرد و رێگایان بۆ کردنەوە تا بە سەلامەتی لەدەست تاوانکارانی داعش رزگاریان بێت. هاوکات دەبینین هەڵوێستی لایەنە ئیسلامییەکانی کوردستان لەسەر پرسی ئێزدییەکان جیاوازە.
بۆ نموونە کاتێ کاریکاتێرێک لە ئەوروپا لەسەر پەیامبەری موسلمانان کرا، لەھەموو کوردستان لایەنگرانی پارتە ئیسلامییەکان خۆپێشاندانیان سازکرد. کاتێک لەغەزە و بورما کوشتار بەرامبەر موسلمانان کرا، ھەموو جیھانی موسلمان ئیدانە و ھاوخەمی و ھاریکاریان کردن، لەگەڵیاندا ئیسلامییە کوردەکان. کاتێک لە میسر مورسی دەست بەسەرکراو دەسەڵاتی ئیسلامییەکان وەلانران، دواتریش تراژیدیان لەناو دادگاکانی میسردا گیانی بەخشی، لەکوردستان خۆپیشاندان و ئیدانەی دەولەتی میسر کرا. کاتێک بارەگاکانی یەکگرتوو سوتا، کادیرەکانی کۆمەڵ و بزووتنەوە زیندانی دەکران ئیسلامییەکان چەندان رۆژ کەمپینیان راگەیاند و نارەزایەتیان دەردەبری. لەسەر رەخنەگرتن لەمەسەلەی ژن لە ئایینی ئیسلامدا ساڵی 1997 دوو کادیری پارتی کۆمۆنیستی کرێکاری (شاپور و قابیل) بەپێی دانپیانانی بکوژەکان کە پێشتر ئەندامێکی ئیسلامی پەرلەمانی کوردستان بوو فتوای شەھیدکردنی دابوون. لەسەر دەرکردنی پەرتوکێک لەلایەن مەریوان ھەڵەبجەیی ئیسلامییەکان فتوای کوشتنیان بۆدەرکرد و سەنگەریان لێگرتن و کەمپین و سکاڵایان لەسەر ساز و تۆمارکردن، لەسەر قسەکردن لەسەر واتاو چەمکی جیندەر لەناو پەرلەمانی کوردستان و کردنەوەی چاڤیلاند و تیکەڵ بوونی مەلەوانگەی ژنان و پیاوان خۆپیشاندان و دەیان بەرنامە و ھەواڵیان دروست کرد. ئەو ھەموو ھاتوھاوارەی لەمیدیا و لێدوانەکانیاین لە دژی دەسەڵاتی ھەرێم لەسەر تیرۆری سیاسی، کەچی ئەو ھەموو کوشتار و کۆمەڵکوژییەی لە ئاست ئێزدیەکان و ھەروەھا لە شارەکانی باکوورو رۆژاوای کوردستان بەتایبەت کۆمەڵکوژی کۆبانێ و داگیرکردنی عەفرین ئەنجام دران و رۆژانەش ئەنجام دەدرێن نە نووزەیەکیان لێوەهات، نە ھەڵوێستێکی وەھایان نواند کە ھاوبەشی بێت بۆ تراژیدیای گەلەکەمان و ئیدانەکردنی داگیرکاری نیشتمانەکەمان..
پرسیار ئەوەیە تۆ بڵێیت تاوانە دڕندەییەکانی داعش، کە لەئاستی جینۆسایدی کوردی ئێزدییەکان لەدەڤەری شەنگال لەو ھەموو ئەوانە بچوکتر و لاوازتر بیت و شایستەی ئیدانەیەک نەبێت ؟
بەداخەوە ئیسلامییەکانی کوردستان، پێچەوانەی ھەموو ئیسلامییەکانی تری وەک تورک و عەرەب و فارس لاوازترین ھەستی نەتەوەییان بەرامبەر بە گەلەکەی خۆیان ھەیە، بەردەوام ھەستە ئایینەکەیان زالتر و تۆخترە لەھەستە نەتەوەیەکە، باشترین نمونەش ھەرچی تاوان لە جیھانی ئیسلامی رووبدات ئەوان بەھەزاران ئیسلامی کورد دەھێننە سەر شەقام و میدیاکانیانی چەندان رۆژ بۆتەرخان دەکەن، بەلام کورد لەرۆژئاوا و باکور بەھەزاران تاوانی بەرامبەر کرا، لەرۆژھەڵاتی کوردستاندا دەیان کەسایەتی کورد لەسێدارە دران، بچوکترین ئیدانەی ناکەن.
خەیری بۆزانی نوێنەری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت:
تا رادەیەک ھەڵوێستی یەکگرتووی کوردستان لە دەڤەری بادینان ئەرێنی بوو لە پرۆتۆستۆ کردنی تیرۆریستانی داعش لە دۆزی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکانی شەنگال و هاوکاری کردنی قوربانییە ئێزدییەکان. حیزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستانیش بەشێوازی جۆراوجۆر ئیدانەی ئەو کردەوە تیرۆریستیەی داعشیان کرد، بۆیە کاتی ئەوەیە دەزگا ئیدارییەکانی ھەرێم مەسەلەی ناسینی داعش وەک ھێزێکی تیرۆریست و جینۆسایدکردنی کوردانی شەنگال بکەنە یاسا بەسەر ھەموو لایەنێکدا، وەک ئەوەی ھەندێ وڵاتی ئەوروپی لەبەرامبەر دان پیانەنانی ھەر کەسایەتی و لایەنێک بەجینۆسایدی ئەرمەنەکان رووبەروی لێپێچینەوەی یاسایی دەکەنەوە. بەگشتی کەسایەتییە رۆشنبیر و کۆمەڵایەتیەکانی ئێزدی پێچەوانی ئەوانەی لە هەندەرانن، سەبارەت بە زۆر هۆکاری جوگرافی و سیاسی ناوێرن بە راشکاوی بەرگری لە پرسی تراژیدیای خۆیان کەن و زۆرجاریش لە لێدوان و گفتگۆ رۆژنامەوانیەکان لە سیمینار و کۆنفرانسەکان یان بێدەنگی هەڵدەبژێرن یان راستی رووداوەکان وەکو خۆیان باس ناکەن.

ئێزدی وەک ئایینێکی رەسەنی کوردەواری
ئایینی ئێزدی و بوونی ئێزدییەکان، سیمای دەوڵەمەندی کەلتوورو فرەیی و مێژووی ناوچەکە و گەلی کوردستانە، کوردانی ئێزدی لە رووی ئاینیەوە خودان جەژنێکی تایبەت بە خۆیانن. بە چارشەمە سۆر ناسراوە، بە پێی رۆژژمێری رۆژھەڵاتی دەکەوێتە یەکەم چوارشەممەی مانگی نیسان، ئەمەش جەژنی ساڵی ئەوانە، لەو رۆژەدا بەکارھێنانی ھێلکە و رەنگکردنی یەکێکە لەتایبەتمەندیەکانی و جێ بایەخیانە. ئەویش بەو مانایەی ھێلکە لەزەوی دەچێت، ھەروەھا رۆح و توخمی تێدایە. لەخوێندنەوەی تریشدا دەڵێن زەردێنەکەی لەزەویی و سپیاییەکەی لەئاو یان لەبۆشایی گەردوون دەچێت، ئەم جەژنە لەسەردەمی سۆمەریی و بابلی و تەنانەت ئاشورییەکانیشدا ھەبووە. بەپێی کۆنی ئایینەکە و بەرفراوانی ئایینەکەش لەسەردەمی خۆیدا وایی بووە لەجێگای زۆرو بەرفراوانتردا جەژنەکە بکرێت بەجیاواز لەسەردەمی ئێستاماندا.
ھەموو ئاینێک تایبەتمەندی خۆی ھەیە بێگومان، دەوترێت لەناو ئێزدییەکاندا لەمانگی نیساندا ژن ھێنان و بەشوودان نییە. چونکە نیسان خۆی بووکی ساڵە و زەوی ئاوسە، چەند سەرچاوەیەکیش باس لەوە دەکەن ناوی (نیسان) لە (نوێ ساڵ)ەوە ھاتبێت. لەم رۆژەدا ئێزدییەکان رووناکی زۆر بەکاردێنن و تاریکایی رووناک دەکەنەوە. وەکو خۆیان گوتەنی لەتاریکیەوە بەرەو رووناکی.
دیارە لەئایینەکانی ناوچەی میزۆپۆتامیا و ئاینی تریش بابەتی رۆژپەرستی و رووناکی پەرستیش ھەبووە، ھەروەھا گوڵی سووریش (کولیلکا نیسان) لەتاقی پەرستگا و شوێنە تایبەتەکانیان دادەنێن. ھەرچەندە بەھۆی ئەو تاوانانەی لەھەقیان کراو بەھۆی کۆیلە بردنی ژن وکچەکانیان و منداڵەکانیان وکە ھێشتا لەدەستی تیرۆریستانی داعشدان جەژن ناکەن.
ئەوان سیمبولێکی دێرین و نوێی قوربانین لەناوچەکەدا، پێویستە ھەموو لایەک بە رێزەوە بڕوانێتە ئەو توێژە گرنگەی کوردەواری، بەدڵنییایەوە پێویستە ھەر ئەو رۆژەی پەرلەمانی کوردستان کەوتەوە سەرکاری خۆی، پرۆژە بڕیاری تاوانی شەنگال بکاتە بڕیارو رۆژی 3-8ی ھەموو ساڵێک بەفەرمی بکاتە رۆژی جینۆسایدی ئێزدیەکان..
بەمەبەستی نیشاندانی ھاوپشتی وھاوسۆزی لەگەڵ کەسوکاری قوربانیانی ئێزدی و تەواوی قوربانیانی دەستی دڕندایەتی و چەتەگەریی تیرۆریستانی داعش و ھاوکاتیش بۆ دەربڕینی ڕق وناڕەزایەتی بەڕووی ئەو گروپە مرۆڤکوژە و ھەل ومەرجێکی خوێناوی کە خوڵقاندوویەتی بەسەر کۆمەڵگای کوردستاندا. بۆیەش گەرەکە ھەرچی زووتر ئەم تاوانە لە ئاستی ناوەخۆو نێو دەوڵەتیدا پرۆتستۆ بکرێت.
زۆرترین ھەڕەشەی لەناوچوون لەلایەن ھێزە دەسەڵاتدارەکانی ئیسلامەوە لە ئێزدییەکان کراوە، چ لەسەردەمی زەیدی کوڕی مەعاوییە، تا ئێستاش عەرەب ناوەکەیانی چەواشەکردوە و پێیان دەڵێن»یەزیدی» واتا بە درۆو چەواشەکاری دەیانگەڕێننەوە بۆنەوەکانی یەزیدی کوڕی مەعاوییە، دەسەڵاتی نەتەوەیی عەرەبی عیراق و سوریاش بنەچەی ئێزدیەکانیان بۆ نەتەوەی عەرەب دەگەڕاندەوە بۆ ئەم مەبەسەتە بەدەیان نووسەرو مێژوونووسی درۆزن و هەوڵیانداوە لەڕێگای کتێبە ساختەکانیان رای گشتی چەواشە بکەن.
بەڵام بێگومان ئەوە ھیچ پەیوەندی بەڕاستییەوە نییە، بەڵکو پارچەیەکە لە پرۆسەی ئاسیملاسیۆن. بەھەمانشێوە ئەوەی بە زەبری چەک نەیتوانیوە لەگەڵیان بکرێت، بەتایبەت لەلایەن تورکە عوسمانییەکان لە ٤٠٠ ساڵی ئیمپراتۆریەتەکەیان، ئەوا ھەوڵیاندا لەڕێگای ریفۆڕم گۆڕانکاری لە ئایینی ئێزدی دروستی بکەن، بۆ نموونە ھاتنی شێخ ئادی، ھەمانکات دروست بوونی ریزبەندی و سیستمی ھیرارشی لەنێو ئێزدییەکان» شێخ، میر، فەقیر، مرید، قەوال….ھتد» ھەروەھا دروست کردنی پەرستگا و ناولێنانی ئیسلامییانە بەناوی حەج، سەفاو مەروا…ھتد، کۆتاییش گۆڕ و جل و بەرگ و شوێنی پەرستنی شێخ ئادی بووەتە نەزر‌گای ھەرە سەرەکی ئێزدییەکان، بەواتایەکی تر، شێخ ئادی لاسایی پێغەمبەری ئیسلام محەمەدی کردوەتەوە ‌و خۆی کردوەتە ناوەندی پەرستن و سازشی نێوان تاک و جڤاکی ئێزدی»رێوڕەسمی پەرستگای لالەش وەک نمونە». ناتوانین بڵێین ئێزدییەکان لە رێگای شێخ ئادی لە راستەھێڵی خۆیان دەرچوونە، بەڵام ناشتوانرێت بڵێین وەک خۆیان ماونەتەوە. ئەوەی لەئەمڕۆدا گرنگە بۆ ئێزدییەکان و شەنگالییەکان، ئەویش مانەوەیانە بەناسنامەی نەتەوەیی و ئاینی خۆیان و پاراستنی ناسنامەکەیانە.

کورد وتیرۆری دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش
مێژوی نزیکی خەباتی گەلی کورد لە باشوری کوردستان بۆ ھەشتا ساڵ پتر دەگەڕێتەوە، لەو ماوەیەدا ھەوراز و نشێوی زۆری بڕیوە، کۆسپ و تەنگژەی زۆری دیوە، نسکۆی 1975 و کیمیایی بارانی هەڵەبجەو بالیسان و شێخوەسان و بادینان و ئەنفال لە ساڵی1988، دواجار رووبەڕووی دڕندایەتی رێکخراوی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی لە عێڕاق و شام (داعش) بوویتەوە. رێکخراوی داعش کە لەسایەی دەزگا موخابەراتییە عەرەبیەکان و بە ھاوکاری دەوڵەتی تورکیا و بە ھاندانی بانگخوازە ئیسلامییە توندڕەوەکانی میسر و سعودیە و قەتەر، بەشێک لەخاکی عێڕاقیان داگیرکرد و خێڵە سونەکان پشتیوانییان لێکرد، لە سەرەتاوە سەرانی کورد وەک دەوڵەت حسابیان لەسەر کرد و وتیان (عێڕاق ناگەڕێتەوە بۆ پێش 9ی حوزەیران و ئێستا ئێمە ھاوسێیەکی نوێمان ھەیە کە ناوی داعشە) و ھێزی پێشمەرگەیان ناردە ناوچە کێشە لەسەرەکان، داعش ھێرشی لەسەر بەغدا و دیالە چڕکردەوە و بەر ڤیتۆی ئێران کەوت، رووی کردە کوردستان، لەجەلەولا شەڕ ھەبوو لە موسڵ نەبوو، چەند لایەنێک یەکتریان تۆمەتبار دەکرد لەسەر شەڕکردن و نەکردن لەگەڵ داعش ، کاتێک شەڕەکە گشتگیر بوو سەرۆکایەتی ھەرێم و حکومەت خەڵکیان دڵنیا کردەوە لە توانای بەرگری، بەڵام لە شەنگال پێمان وترا نەک بەرگری لاوازە، بەڵکو ھەر نییە. سەرکردایەتی کورد باش دەیانزانی کە چەکی داعش چیە و توانای چەندە و چۆنە؟ بەڵام پێش کارەساتی شەنگال ئەم سەرنج و گازندەیان نەدەکرد، ھێزەکانیان لە شەنگال بێ بەرگری شارەکەیان چۆڵکرد و منداڵ و ژن وکیژی شەنگالیان کردە خۆراکی ئەژدیھاکانی داعش، هەندێک لە ئێزدیيەکانيش خۆیان خەمسارد بوون و بەرگریان نەکرد! شەڕی ماڵ بە ماڵ و جادە بە جادەیان نەکردو شارەکەیان چۆڵکرد، ئەمە گازندەیەکی جددیە لە لاوانی ئێزدی، ئایا باشتر نەبوو لەبری ئەوەی دایک و خوشک و منداڵەکانیان بە برسێتی و تینوێتی لەشاخی شەنگال بمرن و کیژە پاکیزەکانیان بێبەرگری جێبھێلن بیاندەنە دەست داعش، لەناو ماڵ و شەقامەکان و سەربانەکانی خۆیاندا شەھید ببن و داعشەکان بە دۆزەخ بسپێرن؟! بۆ نموونە شاری کۆبانی سێ مانگ لەگەمارۆی داعشدابوو سەرنجی بدەن چۆن شەھید دەدەن و شاریان چۆڵ نەکرد، بەداخەوە زۆربەی جارەکان راکردن و شار چۆڵکردن لەناو کورددا بووەتە کەلتور، دواجار لەسەر ئەتککردنی شەرەفی ژن وکیژانی ئێزدی و جینۆسایدی ئێزدییەکان ئەمریکا ھاتە دەنگ و ھەولێری پایتەختی پاراست و ھاوکاری مرۆیی و سەربازی نارد و یەکیەتی ئەوروپاش ئەنجومەنی ئاسایشی ھاندا بۆ ھاوکاری کردنی لێ قەوماوان، ئایا دەکرێت ئێمە تەنێ چاوەڕێی کارەسات بین بۆ ئەوەی وڵاتان بێن بە ھانامانەوە، ئەی بوێری و گیانفیدایی کورد چی لێھات؟
لەگەڵ ئەو ھەموو پێشمەرگە بوێرانەی کە کورد ھەیەتی نەتوانراوە سوود لە وزەو توانایان وەربگیرێت، ئایا کورد سیاسەت نازانێ یان دوژمنی زۆرە یان ھەردووکیان، لەسەرەتادا داعشییەکان شەڕی کوردیان نەکرد، کورد ھەڕەشەی گشتپرسی و سەربەخۆیی کرد، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان چووە پەرلەمان و داوای دەرکردنی یاسای ھەڵبژاردن و راپرسی لێکردن، لێرەوە ئێران و میسر و کۆمکاری عەرەبی و ئەمریکا و عیراقی شیعە ھەڕەشەیان کرد، یاساکە دەرچوو، بە داعش گوترا رووی چەکەکانتان لە شیعەوە بۆ کورد وەرگێڕن، کورد لە سەرەتاوە خراپ ھاتە دەست و لەولا شەنگال و لەملا جەلەولای لە دەستدا و ھەولێر و خانەقین و کەلار کەوتنە بەر ھەڕەشە، ھەندێ لەھاووڵاتیانی ھەولێر و ھەندێ لە خانەقین چۆڵیانکرد، تورکیاش بێدەنگ بوون، ئەمریکا ھاتە دەنگ بەو مەرجەی کورد بچێتەوە بەغدا، ئێستا سەرانی کورد لەبری دەوڵەتی کوردی کێشمەکێشی گەڕانەوەی بەغدایانە، پێدەچێت مەرجی شاراوەی ئەمریکا بۆ پاراستنی ھەولێر، گەڕانەوە بۆ سنوری پێش 9ی حوزەیران و وازھێنان لە گشتپرسی و دەوڵەتی کوردی بێت و ئەمە مەرجی شیعە و سونەش دەبێت، لەئەنجامدا کۆمەڵکوژی شەنگال کرا، ژن و کچانی ئێزدی ئەتکران و شەھیدێکی زۆرمان دا، ئاماژەکان ئەوەمان پێدەڵێن کە دەبێ پێشمەرگە بگەڕێتەوە شوێنەکانی پێش 9 ی حوزەیران، ئەمەش ھەمووی لەئەنجامی سیاسەتی ناحەکیمانەی سەرکردایەتی کورد بووە لە ماوەی 16 ساڵدا لەپاش روخانی سەدام و سیاسەتی پەنجا بە پەنجای 25 ساڵەی دوو حزبی باڵا دەستی ئەم ھەرێمە بەش مەینەتە، بۆ جاری سێھەم لەماوەی بیست ساڵدا ھەلی دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان لەباربرا.

لیژنەی باڵای ناساندنی جینوسایدی ئێزدییەکان:
تا ئێستا بە وتەی راوێکاری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان چەندان دیکۆمینت و بەڵگەی تاوان رادەستی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی کراون.
بەمەبەستی تیشک خستە سەر دوایین کارەکانی لیژنەکەیان، ئێوارەی ڕۆژی ھەینی 17/10/2014 لیژنەی باڵای ناساندنی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی و پێکھاتە نەتەوەیی و ئاینیەکانی تر لەدیوانی وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان سازکرد، لەسەرەتای کۆنگرەکەدا مەحمود حاجی ساڵح وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی پێشوو کە سەرۆکی لیژنەکە بوو رایگەیاند، کە دوای ئەوەی بە بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیران بەر لەدوو مانگ لیژنەکەمان پێکھات لەو ماوەیەدا بەشێوەیەکی چڕ کارمان لەسەر دۆسیەی جینۆسایدی ئێزدیەکان کردووە و چەندین بەڵگە و وتەی شاھیدحاڵمان کۆکردۆتەوە، سودمان لەو بڵاوکراوانە وەرگرتووە کە تیرۆرستانی داعش تیایدا دانیان بە تاوانەکانیان ناوە ھەروەک وتەی رزگاربووانی تاوانەکانی داعش وەرگیراوە. زیاتر گوتی: لە ئێستادا بۆ ھەنگاوی داھاتوومان ئەو بەڵگەنامانە پێشکەش بە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە لاھای دەکەین بەو ھیوایەی بتوانین کەیسی جینوسایدی کوردانی ئێزدی لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بجوڵێنین، بۆ ئەم مەبەستە لیژنەکەمان لەچەند رۆژی دادێ سەردانی لاھای دەکات و دواتریش بۆ ھەمان مەبەست سەردانی پەرلەمانی یەکیتی ئەوروپا دەکەین و لەوێشەوە سەردانی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ لە جنیف دەکەین تاکو ئەو راپۆرتانەیان پێشکەش بکەین کە لیژنەکەمان ئامادەی کردووە.
سەرۆکی لیژنەی باڵای ناساندنی جینوسایدی کوردانی ئێزدی و پێکھاتە نەتەوەیی و ئاینیەکانی تر ئەوەشی روون کردەوە کە لیژنەکەیان لە رێگەی ئەو سەنتەرەی لەدھۆک دایانمەزراند، چەندین لێکولێنەوەیان ئەنجام داوە و چەندان شاھیدحاڵ وتەیان لێوەرگیراوە و کراوەتە بەڵگەی یاسایی بەو ھیوایەی پشتیوانی باش بێت بۆ ئەوەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ئەو کەیسە بجولێنێ. لەوەڵامی ئەوەی کە عیراق ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی نییە، لیژنەکە چۆن دەتوانێ کار لەسەر ئەم بابەتە بکات: سەرۆکی لیژنە گوتی: ناکرێ ئێمە دەستەوەستان بین تا عیراق دەبێتە ئەندامی دادگا، بۆیە رێگای یاسایی ترمان دۆزیوەتەوە بەو ھیوایەی بتوانێ قەناعەت بە داواکاری گشتی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بھێنین. پاشان فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت لەوەڵامی رۆژنامەنووسان گوتی: لەسەر ئاستی سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکومەت و وەزیرە پەیوەنددارەکان لەگەڵ شاند و میوانانی بیانی ئەم کەیسە باسکراوە، بەش بە حاڵی خۆمان وەک فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت لەکۆبوونەوەکانمان لەگەڵ کونسوڵ و باڵیۆزی وڵاتان لەھەرێمی کوردستان و بەغدا و لە ماوەی سەردانەکانمان بۆ دەرەوە جەختمان لەسەر ئەم پرسە کردۆتەوەو پێمان راگەیاندوون کە پشتیوانی لەھەنگاوەکانی ئەم لیژنە باڵایە بکەن، ئێمە گەشبیین بە بەئەنجام گەیاندنی ئەم پرسە ئەویش دوای ئەوەی لێژنەکە توانی بەڵگەنامەیەکی زۆر کۆبکاتەوە و دەتوانین لەم 3 ناوەندە گرینگە ئەم پرسە بخەینەڕوو.
ھەروا بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە ئەم پرسە دوولایەنی ھەیە، لایەنی سیاسی و لایەنی یاسایی، وەک لایەنی سیاسی ئێمە لەکۆبوونەوەکانمان لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتان ئەو کارەساتەمان خستۆتەڕوو کە بەسەر کوردانی ئێزدیدا ھاتووە و ھەوڵی پاکتاوی رەگەزیان درا لەلایەن تیرۆرستانی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی، ئەوانیش پشتیوانی خۆیان نیشانداوە بۆ سەرخستنی ئەو ھەوڵە. بەڵام لەڕووی یاساییەوە پێویستە دادگای تایبەت بڕیار لەسەر پرسی جینۆسایدی شەنگال بدات و تاوانباران بە سزا بگەیەنێت وتاوانەکە وەک جینۆساید بناسێنێت.

زیاتر لە 4000 بەڵگە لەسەر کەیسی جینۆسایدی ئێزدییەکان:
سەنتەری لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگە و دۆکۆمێنتەکانی سەر بە لیژنەی باڵای ناساندنی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی و پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینەکانی تر، زیاتر لە 4000 بەڵگە لەسەر تاوانەکانی داعش لە دژی کوردانی ئێزدی بەشێوەی زانستی کۆکردوەتەوە. رۆژی پێنجشەممە 15ی کانوونی دووەمی 2015، وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان، لەگەڵ پڕۆفیسۆر مایکل نیوتن سەردانی پارێزگای دھۆکیان کرد و سەنتەری لێکۆڵینەوەو کۆکردنەوەی بەڵگەی تاوانەکانی داعشیان بەسەر کردەوە و لە نزیکەوە ھەندێ نمونەی ئەو بەڵگانەیان بینی کە لەلایەن سەنتەرەکەوە کۆکراوەتەوە وەرگیراوە. وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکاراوان مەبەستی سەردانەکەی بۆ دھۆک روونکردەوە و رایگەیاند، ئەوان ھاتوون تا لەنزیکەوە مەرگەساتی کوردانی ئێزدی بە پڕۆفیسۆر مایکل نیوتن نیشاند بدەن و بە چۆنیەتی کۆکردنەوەی بەڵگە و دۆکۆمێنت ئاشنای بکەن، کە لەسەنتەری لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی تاوانەکانی داعش کۆکراونەتەوە، ھەروەک کورتەیەکی لەبارەی کارەکانی مایکل نیوتن پێشکەش کرد. دوای ئەوە فەرھاد ئەتروشی، پارێزگاری دھۆک کورتەیەکی لەبارەی مەرگەساتی کوردانی ئێزدی و پێکھاتە نەتەوایەتیەکانی تر پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر پێداویستی ئاوارەکانی شەنگال و رایگەیاند: ئەوان 16 کەمپیان بۆ ئاوارەکان لە سنورەکە کردۆتەوە، بەڵام لەبەر سەرمای زستان و زۆری ژمارەیان پێداویستی زۆریان ھەیە و داوای لە مایکل نیوتن کرد بە شارەزایی خۆی ھاوکار بێت بۆ ناساندنی مەرگەساتی کوردانی ئێزدی.
ھەر لەمیانەی کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان رایگەیاند: تیمەکانی گۆڕی بەکۆمەڵ ئەمڕۆ لەکۆباشی لەو گۆڕە بەکۆمەڵەدا کە دوێنێ کاریان لەسەر کردوە چەندان روفاتیان دۆزیوەتەوە تا ئەو کاتە ژمارەی رووفاتەکان گەیشتوەتە 21 روفات و تیمەکان درێژە بە گەڕان و پشکنین دەدەن لەو سنورە.
لەسەنتەری لێکۆڵینەوەو کۆکردنەوەی بەڵگەنامەکانی سەر بە لیژنەی باڵای ناساندنی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی و پێکھاتە نەتەوەیی و ئاینیەکانی تر، لە کۆبوونەوەیەکدا بە وردی باس لە شێوازی کارکردن سەنتەرەکە کرا.مایکل نیوتن دوای ئەوەی گوێی لە شێوازی کۆکردنەوەی بەڵگەکان گرت، دەست خۆشی لە کارەکان کرد و پێی راگەیاندن ئەگەر بتوانرێت ئەو وتانەی کە سەرکردەکانی داعش سەبارەت تاوانەکان کە لە گۆڤار و پێگە ئەلکترونییەکانی خۆیاندا بڵاویان کردوەتەوە لەگەڵ ئەو بەڵگانەی کە کۆکراونەتەوە ھاوتا بکرێت ئەوە دەبێتە بەڵگەیەکی زیندوو لەسەر تاوانەکان.راشیگەیاند، ئەو ھاوکار دەبێت بۆ رێکخستنی ئەو بەڵگانە تا پشتی پێ ببەسترێت لە دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی و کاری لەسەر بکرێت.پاشان وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان دادوەرانی سەنتەرەکە بەشەکانی سەنتەرەکەیان بە مایکل نیوتن ئاشنا کرد و چەند نمونەیەکی زیندویان لە شێوازی وەرگرتنی زانیاری و لێکۆڵینەوە لە قوربانیانی دەستی داعش لە سنووری شەنگال نیشاندا.

نەتەوە یەکگرتووەکان و جینۆسایدی ئێزدییەکان:
سەرەتایەک بۆ گەیشتن بە دادپەروەری و راستی، داعش تەنیا لایەنێکی ئەنجامدەری ئەم تاوانەیە، لایەنەکانی تر دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دەتوانێت ئاشکرایان بکات، رۆژی 3ی ئابی 2014 ھێزی پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیسی ناوچەکە لەناکاو لە شەنگال کشانەوە و سەدان هەزار منداڵ و ژن و کەسانی مەدەنییان بۆ داعش بەجێ ھێشت. سەرەنجام تاوانە مەزنەکە، جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان دەستی پێ کرد، کە گەورەترین تاوانی سەدەی بیستویەکەمە. ئەو رۆژە رەشە میری ئێزدییەکان، کۆچکردوو بەڕێز میر تەحسین، بە ھاوارێکی خەمناکانە و پڕژانەوە گوتی: ئێمە فرۆشراین.
ئەم رستە کورتە دوو وشەییە، کە زایەڵەکەی بە دنیادا بڵاو بۆوە، دەیان پرسیاری گەورەی بەدوای خۆیدا ھێنا، کە تا ئێستا بێ وەڵام ماونەتەوە: چۆن ئەو سەدان ھەزار ئێزدییە فرۆشران؟ بۆچی و بە چ نرخێک و لەپێناو چ دەستکەوتێک و بە قازانجی کێ فرۆشران؟ ئایا ئەو دەوڵەت و ھێز و لایەنانەی لە پلاندانان و فرۆشتن و کڕینی ئەواندا بەشدارن کێن؟ بە چ ئامانجێک ئەم تاوانەیان ئەنجام دا؟
نزیکەی پێنج ساڵ بەسەر ئەم تاوانە گەورەیەدا تێپەری کەچی ھێشتا لێکۆڵینەوە لەم تاوانە نەکراوە، تا ھەقیقەت و ھۆکاری راستەقینەی تاوانەکە بۆ خەڵک و دنیا روون بکرێتەوە! ھەروەها ھیچ کام لەو فەرماندە سەربازی و ئەمنی و حکومی و حیزبییانەی بەرپرسی ئەو ناوچەیە بوون و ئێزدییەکانیان بەجێ ھێشت، نە رەوانەی دادگا کراون، نە لەلایەن لیژنەی سەربەخۆوە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کراوە.
ئەم تاوانە سروشتێکی جیهانیی ھەیە و بە تاوانێک دژی تەواوی مرۆڤایەتی دادەندرێت و برینێکی گەورەی خستۆتە جەستەی مرۆڤایەتییەوە. بۆیە دەسەڵاتیکی لۆکاڵی ناتوانێت تاسەر ھۆکار و حەقیقەتی ئەم تاوانە لەخەڵک و لەجیهان بشارێتەوە. ئێستا نەتەوە یەکگرتووەکان ھاتۆتە دەست بۆ ئەوەی داکۆکی لە داد و ماف و کەرامەتی دەیان ھەزاران کچ و ژن و منداڵ و سەدان ھەزار قوربانی ئێزدی بکات، کە تا ئێستا بەپێی کولتوور و نەریتی کۆنی عەرەبی و شەریعەتی جەنگەڵ، لە بازاڕەکانی عیراق و تورکیا و ھەندێ وڵاتی کەنداودا وەک کۆیلە و کەنیزە دەفرۆشرێن.
نەتەوە یەکگرتووەکان، دوای لێکۆڵینەوە لە سروشت و ناوەرۆکی تاوانەکە، کوشتاری بەکۆمەڵی ئێزدییەکانی وەک جینۆساید ناسی. لە ھەمان کاتدا داوای لە ئەنجومەنی ئاساییشی نیودەوڵەتی کرد کە کەیسی جینۆسایدی ئێزدییەکان رەوانەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە دانهاخ بکات، بۆ ئەوەی ئەم دادگایە لەم تاوانە مەزنە بکۆڵێتەوە..
جینۆسایدی ئێزدییەکان ئەوەندەی تاوانی ئەنفال گەورەیە. ھەردوو تاوان جارێک بە ناوی عروبە و جارێکی دی بەناوی خوا و ئیسلامەوە لەلایەن ھێزی عەرەبی سوننەوە ئەنجام دراون. بەڵام ئەوەی تاوانی ئێزدییەکان گەورەتر دەکات و برینەکەی بۆ کورد قووڵتر و پڕژانتر دەکات ئەوەیە، کە بەشێکی زۆر لەو هێزەی پێشمەرگە کە لەوێ بوون لەبری ئەوەی بەرگری لە گەلەکەیان بکەن و ژیان و خاک و کەرامەتییان بپارێزن، ئەوانیان بۆ رەحمەتی تیرۆریستانی داعش بەجێ ھێشت و تەنانەت تاکە سەعاتێک بەرگرییان لێ نەکردن. راپۆرتەکە، لەم بارەیەوە، بە زەقی ئاماژە بە کەمتەرخەمی و ھەڵاتنی ھێزی پێشمەرگە لە شەنگال، دەکات. لە راپۆرتەکەدا، کە نزیکەی چل لاپەڕەیە نووسراوە:
(رۆژی 3ی ئاب 2014 کاتێک چەکدارانی –داعش- بەرەو شەنگال چوون و رووبەڕووی ھیچ بەرگرییەک نەبوونەوە. ژمارەیەکی زۆری پێشمەرگە جێیەکانی خۆیان چۆڵ کرد و لە بەرامبەر پێشرەویی داعشدا، بەبێ ھیچ بەرگرییەک کە شایەنی باسکردن بێت، کشانەوە و زۆربەی ناوچەکانی شەنگالیان بەجێ ھێشت. دانیشتوانی ناوچەکە لە بڕیاری کشانەوەی پێشمەرگە ئاگادار نەکرانەوە، ھەروا ھیچ بڕیارێک بۆ دەربازکردنی خەڵکی مەدەنی لە ناوچەکە نەدرا و زۆربەی گوندەکان ئاگاداری تێکچوونی باری ئەمنیی ناوچەکە نەبوون)،
کەچی لە بەرامبەر ئەمەدا، راپۆرتەکە باس لە جوامێریی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یە پە گە) دەکات، کە لەگەڵ خۆبەخشانی ئێزدی بەرەنگاری ھێرشەکەی داعش بوونەوە و توانییان لە سوریاوە رێڕەوێک بکەنەوە و خەڵکی گەمارۆدراوی ئێزدی، لە چیای شەنگال بپارێزن و بەرەو ناوچەیەکی ئارام دەربازیان بکەن.
راپۆرتەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان بەوردی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان باس دەکات، جیهان و مرۆڤایەتی لەگەورەیی و سامناکیی ئەم تاوانە ئاگادار دەکاتەوە، داواش دەکات ھێزە نێودەوڵەتییەکان ئەو 3200 ژن و منداڵەی، کە ھێشتا لەلای داعش راگیراون، رزگار بکەن . ھەروا راپۆرتەکە داوا لە ئەنجومەنی ئاساییش دەکات کە ئەم کەیسە رەوانەی دادگای تاوانی نێودەڵەتی بکات، تا ئەوان لەم تاوانە بکۆڵنەوە، سەرانی داعش و ھەموو ئەو لایەنانەی دەستیان لە پلاندانان و کۆمەککردن بەم تاوانە ھەیە راپێچی بەردەم دادگایان بکەن. چونکە داعش تەنیا لایەنیکی ئەنجامدەری ئەم تاوانەیە، لایەن و ئەکتەرە سەرەکییەکانی پشت پەردە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دەتوانێت ئاشکرایان بکات.
ئەم بریارە گرنگەی نەتەوە یەکگرتووەکان و بردنی ئەم کەیسە بۆ دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە زۆر لایەنەوە پڕ بایەخە و شایەنی ئەوەیە لە رووی قانوونی، سیاسییەوە بە فراوانی باس بکرێت. لێرەدا بە کورتی ئاماژە بۆ ھەندێک لەو لایەنانە دەکەین.
یەکەم: کەیسی جینۆسایدی ئیزدییەکان، لە رووداوێکی ناوخۆیی ھەرێمی کوردستان و عیراقەوە، دەگۆڕێت بە کەیسێکی جیهانی، واتا لەدەست دەسەڵاتی خۆماڵی دەردەھێندرێت و دەدرێتە دادگایەکی جیهانی، کە خۆی بەدوای ھەقیقەتی مەسەلەکە دەکەوێت،
تاوانی جینۆساید لەھەر وڵاتێکدا روو بدات بە تاوان بەرامبەری تەواوی مرۆڤایەتی دادەندێت. بۆیە ئەرکی نەتەوەیەکگرتووەکان و دەزگا و داگا و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤە کە داکۆکی لەم کەیسە بکەن، بەرپرسانی ئەم تاوانە رەوانەی دادگا بکەن و بە سزای خۆیانیان بگەیەنن. لەم بیست ساڵەی دواییدا دەیان سەرۆکدەوڵەت و گەورەبەرپرسی سیاسی و سەربازی چەندان وڵات، تومەتی کۆمەڵکوژی و تاوانی شەڕیان دراوەتە پاڵ، بەشێکیان لە دادگای نێودەوڵەتیدا، دادگایی کراون و سزا دراون، بەشێکی تریشیان لە وڵاتانی خۆیاندا، بە چاودێریی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، دادگایی کراون، ئەو دەوڵەتانەش بە قانوون ناچارکراون کە بڕیاری دادگا جێ بەجێ بکەن. بۆ نموونە سەرۆکی پێشووی یۆگۆسلاڤیا سلوبۆدان میلۆسۆڤیچ و چەند بەرپرسێکی سەربازی و سیاسیی ئەو وڵاتە، بەپرسانی جینۆسایدی رواندا، کەمپۆدیا و سیرالیۆن…تاد
دووەم: دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە دیاردەی داعش دەکۆڵێتەوە و ئەو ھێز و دەوڵەت و لایەنانە ئاشکرا دەکات کە کۆمەکی سەربازی و ئابووریی داعشیان کردووە، رێگایان بۆ خۆش کردووە کە بگاتە عیراق و کوردستان و ئەم تاوانە ئەنجام بدات. ھەروەها رەنگە دادگا وەڵامی ئەم پرسیارەی دەست بکەوێت کە بۆچی داعش بەگژ کورددا کرا؟ چۆن و بە کام مەبەست و ئامانج پەلاماری شەنگالی دا؟ دادگا دەبێت لە رێی بینینی بەپرسانی حکومەت لەشەنگال ئەو فەرماندە سەربازی و ئەمنیانەی لەشەنگال بەرپرس بوون، وەڵامی ئەو پرسیارەی دەست بکەوێت کە بۆچی ئەو ھێزە پڕچەک زەبەڵاحەی (پێشمەرگە) کە بە ھەزاران بوون، ھەڵاتن و داکۆکییان لە خەڵک نەکرد، یان تەنانەت خەڵکە مەدەنییەکەیان ئاگادار نەکردەوە تا ناوچەکە بەجێ بھێڵن، وەک لەراپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بە روونی باسکراوە؟ ئایا بەرگری نەکردن و بەجێھێشتنی خەڵکی مەدەنیی شەنگال بڕیاری خودی ئەو بەرپرسانەی شەنگال بووە، یان ئەوان بە بریاری سەرووی خۆیان شەنگالیان بەجێ ھێشتووە؟ ھەروەها دادگا دەتوانێت بگاتە ئەو ئەنجامەی کە ئایا ئەم تاوانە گەورەیە، کە بەرامبەر ئێزدییەکان و مرۆڤایەتیی کراوە، لە چوارچێوەی پلانێکی سیاسی_هەواڵگریی کۆمەڵێک دەوڵەت و لایەنی ناوچەییدا بووە، یان نا؟ دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، ئەگەر ئەم کەیسەی بۆ رەوانە بکرێت، دەتوانێت، دوای لێکۆڵینەوە و دادگاییکردن، وەڵامی ئەو پرسیارانە و زۆر پرسیاری تریش بداتەوە، ئەو کەس و لایەنە بەرپرسانەی لەم تاوانە گەورەیەدا بەشداربوون، لە ھەر پۆست و پلەیەکدا، بن. بھێنێتە بەردەم دادگا و سزایان بدات.
سێیەم: قوربانیانی ئێزدی دەبێت لە رووی ماددی و مەعنەوییەوە قەرەبوو بکرێنەوە. دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دەتوانێت ئەو دەوڵەت و لایەنانەی دەستیان لەم کوشتارەدا ھەبووە، یان کۆمەکیان بە داعش کردووە، ناچار بکات قەرەبووی زیانلێکەوتووان بکەنەوە.
چوارەم: ئیزدییەکان دەتوانن، بۆ رێگرتن لە دووبارەبوونەوەی جینۆسایدی تر، داوا لە کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتووەکان بکەن کە خۆیان، لەژێر چاودێری و پارێزگاریی ئەواندا، ناوچەکانی خۆیان بەڕێوە ببەن و چیتر بندەستی ھیچ ھێز و لایەنی تر نەبن، چونکە دەوڵەتی عیراق و حکومەتی ھەرێمیش وەک پێویست نەیانتوانی لە تەنگانە و کاتی لێقەوماندا، بەرگریان لێ بکەن، لە جیاتیان روو بەرووی ئەم کوشتارەیان کردنەوە. بەمەش بۆ خەڵکی ئێزدی و دنیایان سەلماند، کە ئەوان شایەنی ئەوە نین حوکمڕانی ئێزدییەکان بکەن.
داننان بەکۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە تاوانی جینۆساید، دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ ئێزدییەکان و ھەموو کورد، ھەروا بە قازانجی عەدالەتە لەجیهاندا. بۆیە پێویستە یاساناسان و رێکخراوە سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتووریەکانی کورد، لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات، بەتەنگ جێبەجێکردنی ئەم بریارەوە بن و پشتگیری و کۆمەکی پارێزەرانی ئەم کەیسە جیهانییە بکەن، رێگە نەدەن ئەنجومەنی ئاساییش، بە ھەر بیانوو و بەھانەیەک بێت، ئەم کەیسە رابگرێت و رەوانەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی نەکات.
لەھەمان کاتدا پێویستە بە رێز و حورمەتێکی زۆرەوە چاو لە رەنج و ماندوبوونی یاساناسی جیھانی و داکۆکیکاری مافی مرۆڤ خاتوو ئەمەل کلونی، ھاوسەری ئەکتەری ناسراوی سینەما جۆرج کلونی بکرێت، کە خۆی کردۆتە خاوەنی ئەم مەسەلەیە و لە نەتەوە یەکگرتووەکان و جیھاندا داکۆکی لێ دەکات. ئەم خانمە پسپۆری یاسای نێودەوڵەتییە و تا ئێستا، وەک پارێزەر، داکۆکی لەکۆمەڵێک کەیسی گەورەی جیھانی کردووە، لەوانە کەیسی داھێنەری ویکیلیس جولیان ئەسانج و سەرۆکوەزیری پێشووتری ئۆکراینا خاتوو تیمۆشینکا. ھیوادارم دادگای تاوانی جیھانی بتوانێت، لە رێی دەرخستنی راست و سزادانی تاوانبارانی ئەم جینۆسایدەوە، داد و ماف بۆ قوربانیان و حورمەت بۆ عەدالەت و مرۆڤایەتی و ژیان بگێڕێتەوە.

منداڵانی بێ ناونیشان
لە دوای شکستی سەربازی و کەوتنی دوا مۆڵگەکانی داعش، پرسێکی پڕ لەتراژیدیا ڕووبەڕووی کچ و ژنە ئێزدییە ڕزگاربووەکان بۆتەوە، ئەویش دەبێ جیا ببنەوە لە منداڵ و کۆرپەکانی خۆیان، ئەو منداڵ وکۆرپانەی بە وتەی ئەم ژنانە «لە خوێن وگۆشتی خۆیانن.».
کەس و کاری ژنە ئێزدیەکان، ڕێگا نادەن کچەکانیان بێنەوە بۆ ناو خێزانەکانی خۆیان ئەگەر بێت و ئەو منداڵانە لە گەڵ خۆیاندا بهێنن کە لەکاتی کەنیزەك بوونیان بە دەستی تیرۆریستانی داعش لە دایك بوون. لەباکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا ژمارەیەکی زۆر لەو ئافرەتانە بە گریان و حەسرەتەوە قسەیان بۆ میدیاکان کردووە، ئەوان بە زۆرەملێ جیا دەکرێنەوە لەمنداڵەکانیان، ڕاستە لەڕێگای کۆیلە کردنی سێکسیەوە ئەو منداڵانە لە دایك بوون، بەڵام وەکو پەیوەندی «دایك و منداڵ» ئەوان هەمان ئەو پەیوەندییە سروشتیەیان لە گەڵ منداڵەکانیان هەبووە.
ئەوان لەژێر هەڕەشەی ئەوەدان ئەگەر منداڵەکانیان لە گەڵ خۆیاندا بهێنن، ناتوانن بێنەوە ناو کەس وکاری خۆیان، ئەگەریش نەچنەوە نێو کەس وکاری خۆیان بەتەنیا بگەڕێنەوە هیچ کەسێك پەیوەندیان پێوە ناکات، هیچ کەس؛ خۆراك و هیچ جۆرێکیتر لە یارمەتیان پێ نادات.
هەزاران کچ و ژنی ئێزدی لەهەمان کەیسدان، هەندێك لەم ژنانە کاتێ داعش لە 2014 ئەوانی ڕفاندوەو کراون بە کەنیزك و کۆیلە، منداڵی خۆیان پێبووە کە هی باوکێکی «ئێزدی» بووە، ئەم جۆرە لە ئافرەتانی ئێزدی کەس و کاریان پێیان گوتون: دەتوانن منداڵی یەکەمت بهێنی لە گەڵ خۆت چونکە «ئێزدییە» بەڵام بۆت نیە منداڵی دووەم و سێهەم بهێنیت لەگەڵ خۆت چونکە بە ئێزدی حساب ناکرێن،
لە راپۆرتی میدیایی ئەم بابەتە چەندی چیڕۆکی تێدایە کە نەك تەنیا دایکەکە وەکو «دایک»دەگری بۆ منداڵەکەی بەڵکو ئەو منداڵانەی یەکەمیش کە «ئێزدین» دەگرین و داوای براو خوشکەکانیان دەکەن کە لەو دیو سنوور جێیانهێشتن. جەنگ تەنیا ماڵوێرانکاری شارو دێ و سوتان نییە، بەڵکو هەموو ئەو دۆخە ناهەموارو دژە مرۆڤایەتییە کە پەل داوێتە ناو ژیانی کۆمەڵایەتی ئەو مرۆڤانەی لەپاش جەنگ لەدۆخێک رزگاریان دەبێت بۆ ئەوەی خۆیان لەدۆخێکیتر بدۆزنەوە. بەڵام خودی ئەم جیابوونەوە سەپێنراوانەی دونیا مۆدێرنیش هەڵگری هەمان توخمی «دڵرەقی» دۆش داماوی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییە بە دەستی ئەم هاوکێشە و ئاکامە کۆمەڵایەتییانەی دوای جەنگ لەژیانی ڕزگاربووان دروست دەبێت.
لەئێستادا کردنەوەی هەر دایلۆگێك لەسەر ئەم پرسە لەگەڵ ڕابەرانی ئایینی ئێزدی بە دەر نابێ لە هەڵدانی چەندان بۆمبی هەستیار، چونکە کەس نازانێ کە خودی ئەم دیالۆگە چۆن دژ بە قوربانیانی ئێزدی بەکاردێن، بەڵام لەمێژووی هەموو ئەو کارەسات و ستەمانەی لە 200 ساڵی ڕابردوو بە سەر ئێزدییەکان هاتوونە هیچیان بەقەد ئەم پرسە کلیلی «چارەسەری ئاکامەکانی» لە ڕووی مرۆڤ بوونەوە نەخستۆتە دەست ڕابەرانی ئێزدییەکان.
کاتێك ئەم قوربانیانە کران بە کۆیلە هەڵبژاردەی خۆیان نەبوو، کاتێك دەستدرێژیان کرایە سەرو سكپڕکران دیسان هەڵبژاردەی خۆیان نەبوو، ئێستاش کە بەزۆرداری جیا دەکرێنەوە لە کۆرپەو منداڵەکانیان هەر هەڵبژاردەی خۆیان نیە، دڵرەقی جەنگ و کولتوری دیسپلینی ئاینی چی دەکات! ئایا تێگەیشتنێکی توندەڕەوە؛ ئەگەر بڵێین ئاینی جەلاد و ئایینی قوربانی هەردووکیان لەم پرسە لەبەردەم قوربانیان لە ترافیکی دڵرەقیەکانی جەنگ سڵاو لە یەکتر دەکەن.

راسپاردەکان
-ھەنگاوی خێرا بگیرێتە بەر بۆ یارمەتیدانی ھەموو ئەوانەی کە ئاوارە و بێخانە ولانە بوون بە ھۆی جەنگێکەوە کە بەسەریاندا سەپێندراوە، بە جیا لە دین و ڕەگەزیان.
-ھاوکاتیش دەبێت خوشکان و دایکانی بەکۆیلەکراوی ئێزدییەکان ڕزگار بکرێن، ئەو وڵاتانەی کە ھاوکاری داعشیان کردووە، نەک ھەر دەبێت سەرکۆنە بکرێن بگرە دەبێت بەرپرس بکرێن بۆ ئەو ھاوکارییە سەربازی و داراییەی کە پێشکەش بە داعشیان کردووە.
-ئەو لایەنە سیاسیانەی کە لەو بارودۆخەوە گلاون کەوتوونەتە ھەڵخڕاندنی ھەستی ڕەگەزپەرستی و تایفی، عەرەب لە دژی کورد و بە پێچەوانەوە وە سوننی لە دژی شیعە و بە پێچەوانەوە. ئەم سیاسەتەش بۆتە مایەی کارەسات و ھەل ومەرجێکی نامرۆڤانە و ڕەگەزپەرستانە لەعیراق و کوردستاندا. پێویستە فشار بخرێتە سەر پارتە سیاسیەکان بۆ کۆتایی ھێنان بەو سیاسەتە.
ھەرجۆرە ھەڵسوڕان و چالاکیەک لەلایەن لایەنگرانی داعشەوە لە ناو هەرێمی کوردستان و تەنانەت ئەوروپاش دەبێت قەدەغە بکرێت. ئەوەی ئەوان پیادەی دەکەن بەشێک نییە لە ئازادی بیروڕا و ئازادی ھەڵسووڕانی سیاسی، بگرە بانگەشەیە بۆ چاندنی ڕق و کوشتار. بۆیە دەبێت وەک نازییەکان تەماشا بکرێن.
لەلایەکی تریشەوە، دەرکەوتنی ئەوان بارودۆخ دەخوڵقێنێ بۆ سەر بەرزکردنەوەی گروپ و مەیلە ڕاسیست و ڕەگەزپەرستەکان لەئەوروپادا لەدژی ھەر ھاوڵاتییەکی غەیرە ئەوروپی یان ئەوانەی کە بە ناو لەوڵاتە ئیسلامیەکانەوە ھاتوون. ئەمەش پشێویەک دەنێتەوە کە ئەوروپا نیەتیەتی خۆی لێ لابدات.
– جیھان پێویستە سنوریک بۆ جینوسایدی ئێزدییەکان دابنێت” ،”پێویستە ئیزدییەکان ڕزگار بکرین” ئاوارەکان ژیانیان دابین بکرێت”،”
-ئەوەی داعش بەرامبەر کوردانی دەڤەری شەنگال ئەنجامیدا، تاوانی ئەنفالی بەعسیەکانیشی تێپەراند، چونکە ئەوان بەئاشکرا وێنەی کوشتارەکان، سەربرینی مرۆڤەکان، فرۆشتنی ژنان بە پاساو دەھیننەوە و بڵاویشی دەکەنەوە، کەچی ھێزە ئیسلامیەکان (کۆمەڵ، یەکگروو، بزوتنەوە) ئامادەییان تیا نیە، لاوازترین ھەڵویست ئیدانەی داعشە بەھیزیکی تیرۆریست و ھاوسۆزی دەرببڕن لەگەڵ کوردانی ئێزدی لەدەڤەری شەنگال، لەمیدیا و لیدوانی فەرمی بدەن. ئەم بێدەنگییەی لایەنە ئیسلامیەکان ئەوە دەردەخات ئەوان دژی رەفتارە فاشی و بەربەریەتی داعش نین بەرامبەر بە کوشتار و پاکتاوی کوردە ئێزدییەکان، تەنیا بەھۆی ئەوەی ئاینیان جیاوازە .
-رەوشی ژیانی سەختی ئێزدییەکان لای ھەموو جیھان ئاشکرابوو ئەویش سەبارەت بە چالاکی کەسایەتی و رێکخراوەکان و میدیاکاندا، بەتایبەت لەکۆژانی ئێزدییەکان لەکەمپەکانی ناو ھەرێمی کوردستان و سوریا و تورکیا وگرفتی لاوان و ئاستی بەرزی ریژەی بێکاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و وازھینان لەخویندن. ھەروەھا رەوسی ھەڵایساوی پەنابەران لە یۆنان و سربیا،
-ژنە ئێزدییە رزگاربووەکان نموونەی نادیا موراد و لەمیا بەشیر‌، رۆڵێکی کارایان گێڕا لەگەیاندنی رووی راستینەی ئەو ستەم تاوانەی کە ژنە رفێنراوەکانی بەر دەستی تیرۆریستانی داعش بە سەکۆی میدیاکان و وڵاتانی خاوەن بڕیار لەجیھاندا، لێرەدا دەمەوێ تیشک بخەمە سەر منداڵی زەوتکراو لەسایەی داعشدا دوای داگیرکردنی موسڵ لە ناوەڕاستی ٢٠١٤ کە کاریگەری زۆری ھەبوو لە ھەڵوەشاندنەوەی بونیاتی کۆمەڵایەتی لەئەنجامی تاوانکردنی بەرفرەوانی لەدژی مافەکانی مرۆڤدا،لەھەقی مەسیحیەکان، شەبەک، تورکمانی شیعە،کاکەیی و سابیئەکان،،کە ئێزدیەکان بەشی شێریان بەرکەوتبوو لەتاوانی کوشتن ورفاندن و لاقەکردن و کۆیلەداری سێکسی و بەزۆر مسوڵمان کردن، بەسەربازکردنی منداڵان و بەزۆر دەرکردن، کەبووەی ھۆی پەیداکردنی درز لەبونیاتی کۆمەڵایەتی و پاشەکشێی بەھا پەروەردەیی و کۆمەڵایەتیەکان..
-منداڵی زەوتکراو لە لەناو خێوەتی پەنابەران لە ژیانێکی تاڵ و پاشەرۆژێکی نادیاردا، بەو رستەیە رەوشی مندالە رزگاربووەکانی بندەستی داعش لەناو خێوەتی پەنابەران چڕ دەکەینەوە کە لەکەمترین پێداویستیەکانی ژیان بێبەشن، کە رەوشی خراپی تەندروستی و چاوددێڕی پزیشکی تێدا بەدی ناکرێت. کە 2745 منداڵی ھەتیو ھەن، کە دوای داگیرکردنی داعش بۆ ناوچەکە لە خێزانەکانیان دابڕاون وحکومەتی عیراقی و رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگ رتووەکان فەرامۆشیان کردوون لە چوونە خویندنگاولو ئامێزکردنیان، لەرەوشێکی نالەبارو تراژیدی دەژین.
-کەم ئەندامە تایبەتە سەختەکان کە بە گرفتی کۆمەڵایەتی و دەروونی ونەبوونی فێرکردن و کێشەی خێزانییەوە دەناڵێنن، ئەو منداڵانەی کە بە گشت سرووتە مەحاڵەکانی کات و شوێن گەمارۆدراون، لەسایەی ئاڵای رەشی داعش کەبەسپیتی لەسەری نووسراوە لا اللە الا اللە محمد رسول اللە کە لەسەر پانتایەکی جوگرافی توندوتیژی و مەرگ دەشەکێتەوە ، منداڵەکان بە زۆری و بەمەبەستی پیشەسازی خۆکوشتنی دوارۆژ لەسەر چەک و سەربڕین رادەھێنرێن، ئەوانە ھەمووی بەبەرچاوی جیھانەوە دەکرێن و بێھەبوونی ھیچ ھەڵوێستێکی جیددی بۆ بەھانا ھاتنیان و پاراستنیان، ھەروەھا نەبوونی ناوەندێکی رەچاوکردن و راھێنان بۆیان.
– داوا لە رای گشتی جیھان دەکەین لەرزگارکردنی ئەوەی لە توانادایە رزگار بکرێن و دداننان بە جینۆسیادی ئێزدیەکان و دیارکردنی ناوچەیەکی پارێزراوی نێودەوڵەتی بۆ ئێزدییەکان تا دووبارە تاوانی کۆمەڵکوژی لەیادەوەری گەلی کوردستان و عیراق و جیھاندا بەردەوام ودووبارە نەبێتەوە.

ئەنجام:
لە 3ی ئابی 2014 چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە تیرۆریستانی داعش یەکێک لە ھەرە قێزەونترین تاوانەکانی سەردەمیان بەرامبەر بە ھاووڵاتیانی ئێزدی دەڤەری شەنگال و پێشتریش ھاووڵاتیانی کریستان و شەبەک و تورکمانە شیعەکانی ناوچەی موسڵ ئەنجامدا، کە نموونەی ئەم تاوانانە لە 100 ساڵی رابردوودا لەجیھاندا نەبووە. بۆیەش داوا لەکۆمەڵگای نێو دەوڵەتی و کوردستانی دەکرێت بەرەو رووی تاوانەکە ببنەوە، لەیادی ئەم تاوانە قێزەونەدا داواکارین، حکومەتی ھەرێمی کوردستان فشار بخاتە سەر حکومەتی بەغدا بۆ ئەوەی پەیماننامەی رۆما واژۆ بکات و ببێتە ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، بۆ ئەوەی نیازپاکی خۆی لەرێگای بە ئەندامبوونیەوە لەدادگاکە بۆ پێکھاتەکانی ئەم وڵاتەی مەڵبەندی جینۆساید رابگەیەنێت، کە دژ بە دووبارەبوونەوەی تاوانەکانی رابردووە، کە بەسەر گەلەکەماندا ھاتووە ( ھەڵەبجە، ئەنفال، بارزانییەکان، فەیلییەکان، تەعریب، شەنگال، بالیسان و شێخوەسانان، سمێل..)، کە دواجار تاوانەکانی شەنگال سەلماندییەوە بە ئەندام بوونی عیراق زامنی دووبارە نەبوونەوەی ئەم جۆرە تاوانانەو سزادانی بکەرانی و ناساندنی حەقیقەتی یاسایی تاوانەکەیە لەئاستی نێودەوڵەتیدا، داوا لەدەسەڵاتدارانی کوردستان دەکەین، داواکاری بە ئەندام بوونی عیراق لەدادگای تاوانی نێودەوڵەتی بکەنە یەک لەداواکارییەکانی خەڵکی کوردستان لەدانوساندنەکانیان لەگەڵ حکومەتی ناوەندی بەغدا، لەگەڵ لایەنە عیراقییەکان و سازشی لەسەر نەکەن، ھەر کەس و لایەنێک لەکوردستانەوە ریکلام بۆ داعش بکات، پێویستە بە تاوانی ھاوکاریکردنی تیرۆر و بانگەشە بۆی دادگایی بکرێت، ھەر کەس و لایەنێک نکۆڵی لەجینۆسایدی ئێزدی و کریستان و پێکھاتەکانی دیکە بکات لەلایەن داعشەوە، پێویستە سزابدرێت و ئینکارکردنی تاوانەکانی جینۆساید وەک تاوان سەیر بکرێت لەھەرێمی کوردستاندا، بە یاسا رێکبخرێت.
ھەر پارت و لایەنێکی سیاسی ئینکاری جینۆسایدی ئێزدی و کریستان و شەبەک و …. بکات ، یاخود برەو بە سیاسەتی جیاکاری بەرامبەریان بدات لەئاستی خوارەوە پێویستە قەدەغە بکرێت، پێویستە ئەو چەکدارە کوردستانیانیانەی لەریزی داعش بوونە، لەکاتی وازھێنانیان دادگایی بکرێن لەبەرامبەر بەشداریکردنیان لەو تاوانانەی ئەنجامیان داوە.
ھەروەھا پێویستە ئەو تاوانانەی لەرابردوودا لەرێگای 72 فەرمانەکەوە بەرامبەر بە ئێزدی و کریستان و پێکھاتە ئاینییەکانی کوردستان کراوە، تۆمار بکرێن وەک مێژوو و بچێتە بواری میتۆدەکانی خوێندنەوە.
دەبێت سنورێک بۆ تەجاوزات بۆ سەر ناوچەکانی ئێزدی و کریستان و پێکھاتەکانی دیکەی کوردستان دابندرێت، تایبەتمەندی ناوچەکانیان بپارێزرێت و لەدەسەڵاتدارێتی کوردستاندا رۆڵی زیاتریان پێ بدرێت.
داوا لەحکومەتی ھەرێمی کوردستان و کانتۆنەکانی رۆژئاوای کوردستان دەکەین، ھەر دیلێکی داعشی ھاووڵاتی 124 وڵاتەکەی ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتیان لایە، رادەست بە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بکەن، بۆ ئەوەی دادگایی بکرێن. ھەروەھا داواکارین لەھەردوو لایەن بڕیار بەدەستان و تاوانبارانی داعش دیار بکەن، ئەوانەی لەبڕیاردان و تاواندا رۆڵیان ھەیە، ناوەکانیان بدەنە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی.
پێویستە ھەمووان خۆمان ئامادە بکەین بۆ قۆناغی دوای ھەرەسی داعش و گروپە تیرۆریستەکانی دیکە، بڕیار بەدەستان و تاوانبارانیان بدۆزینەوە و سکاڵایان لەوڵاتەکانیان لەسەر تۆمار بکەین، یاخود ناوەکانیان و شوێنی ژیانیان بدەینە دادگایی تاوانی نێو دەوڵەتی، داواکارین ئەنجامی لێکۆڵینەوە لەھۆکاری داگیرکردنی شەنگال لە 3-8 لە لایەن داعشەوە بۆ رای گشتی ئاشکرا بکرێت، ئەگەر شکستی سەربازییە ئەوانەی ھۆکاری شکستەکەن سزا بدرێن و لەبەرپرسیارێتی سەربازی دوور بخرێنەوە، ئەگەر کارئاسانیکردنێک ھەبووە بۆ لایەنی بەرامبەر، ئەوا بە تاوانی ھاوکاریکردنی جینۆساید سزا بدرێن.
دواجار داواکارین حکومەتی ھەرێمی کوردستان بودجەی زیاتر تەرخان بکات بۆ ئاوەدانکردنەوەی شەنگال و ئازاد کردنی دایکان و خوشکانی ئێزدی و قەرەبووکردنەوەیان بۆ قۆناغی دوای گەڕانەوەیان. راپۆرتێکی گرنگ لە بارەی جینۆسایدی ئێزدییەکانەوە.
رێکخراوی ئێزدی بۆ بەڵگەکردن، بە ھاوکاری دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، راپۆرتێکی تیروتەسەلی لە بارەی «کۆیلایەتی کردن بە ئافرەتان و کچانی ئێزدی لە ژێر جەنگی داعش» ئامادەکردوە و بڵاوی کردوەتەوە. راپۆرتە زۆر لایەنی بەڵگەنامەیی و دۆکۆمێنتکردن و یاسایی و رەھەندە جیاجیاکانی تاوانەکە و گونجاندنی لە چوارچێوەی یاساورێسا نێودەوڵەتیەکان تێدایە.
سەرەتای راپۆرتەکە کۆمەڵێک داتاو ئاماری وردی تێدایە و بەم شێوەیە خراونەتە ڕوو «لە بەر ئەوەی راپۆرتەکە تایبەتە بە کۆمەڵگەی ئێزدی لە عیراق، ئەوا ئێزدییەکان دووچاری دڕندانەترین شێوازی تاوان و پێشێلکاری بوونەتەوە، لەلایەن بەناو «رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی-داعش»، بە تایبەتی لە قەزای شەنگال و گوندەکانی لە 3ی ئابی 2014، کە لەناوبردنیان حەڵاڵ کرابوو، وە بوە ھۆی رفاندن و کوشتنی ھەزاران و دەربەدەربوونی ھەزارانی تر، بەرەو خاکی دەوڵەتی سوریاو چیای شەنگال.
ھەر لە راپۆرتەکەدا بە وردی ھاتووە کە بە پێی نوسینگەی رفێنراوانی دھۆکی سەر بە وەزارەتی کاروباری ئاینی، بەم شێوەیە تۆمارکراوە. ژمارەی رفێنراوە ئێزدییەکان لە ژن و منداڵ و پیاو، «6404» شەش ھەزارو چوارسەدو چوارکەس بوون. لەنێویاندا «3538» سێ ھەزارو پێنج سەدو سی و ھەشت کەس لە رەگەزی مێ و «2866» دووھەزارو ھەست سەدو شەست و شەش کەس لە رەگەزی نێر. بە وردی و بە ژمارە باسی ئەوەش دەکات کە «2640» دوو ھەزارو شەش سەدو چل کەس، لە نێویاندا «953» نۆسەدو پەنجاو سێ کەس لە رەگەزی مێ و «328» سێ سەدو بیست و ھەشت کەس لە رەگەزی نێرو «675» شەش سەدو ھەفتاو پێنج منداڵ لە رەگەزی نێرو «684» شەش سەدو ھەشتاو چوار مناڵ لە رەگەزی مێ، رزگار کراون.
ھەروەھا باسی ئەوەش دەکات، بە پێی ئامارو بەڵگەنامەکانی بەردەست، ژمارەی ئەوانەی لەلای داعشن و دەستبەسەرن، «3770» سێ ھەزارو حەودسەدو حەفتا کەسن..
ئەم راپۆرتە لە ساڵی 2016 بڵا وکراوەتەوە و بێگومان رەنگە ئێستا کۆمەڵێک گۆڕانگاری نوێ لە ئارادابن، بەڵام ھیچ کات نرخی ئەم بەڵگەنامەیە و زانیارییەکانی کەم نابنەوە و بگرە بە یەکێک لە راپۆرتە باش و زانیاریدەرەکان دادەنرێت.
سەرچاوە:
-خلیل جندی.تقدیم سعد سلوم – الدین الایزیدی.المعتقدات.المیثولجیا.الطبقات الدینیة- مٶسسة المسارات للتنمیة الثقافیة والاعلامیة. بیروت بغداد، 2018
–داعش و الفرمان الاخیر، حسو ھورمی، داعش و الابادة الجماعیة للایزیدیین- دار المسارات.2016
–دلیل الصحفیین للکتابة عن قضایا الاقلیات- مقومات عملیة- اسس مهنییە. خدر دوملی- مطبعة ماردین اربیل- ٢٠١٧
-الکرد ا‌مة الابادات الجماعیة- کرستینا کویفلن. ترجمة حسین ملا محمود. مرکز القاھرة للدراسات الکردیة. طبعة الاولی -٢٠١٧
-هوشنك بروكا. لغز طاوسی ملك. او اصل الخیرو الشر فی الاییزدیە.ط الاولی 2014.
-حسو هورمی.داعش و تجید الاطفال الایزیدین.2019
-منئ یاقو،الحایة القانویة للاقلیات، دراسە تطبیقیە .اربیل 2019
-جمال رشید احمد، المعتقات اینیە فی بلاد سوبارتو، اربیل 2017

سەرچاوە کوردییەکان:
-حەسو هورمی -ئێزیدیاتی د 100 پرساندا. هەولێر 2008
– نەجم ئەلوەنی- ئایینی ئێزیدی لە نێوان چەند جەمسەری و بڕوای یەکتا پەرستیدا- هەولێر 1999.
-راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر کەیسی جینۆسایدیی ئێزدییەکان
-راپۆرتی وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی ھەریمی کوردستان.
تێبینی:
پووختەی ئەم توێژینەوەیەم لە رۆژانی 1وی2 تەمووزی 2015 لە کۆنفرانسی زانستی ( جینۆسایدی گەلی کورد) لە زانکۆی گەرمیان پێشکەش کرد، بێگومان لەوساوە تا ئێستا گۆڕانکاری زۆر لە داتاو هەژمارەکان کراون بەتایبەت لە هەڵدانەوەی ژمارەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان و ژمارەی شەهید و ونبووەکان و هەرەوەها لە گەڕانەوەی کچان و ژنانی کۆیلەکراوی ئێزدییەکان و دواتر پرسی منداڵانی بێ ناونیشان.

*فەرەیدون سامان:سەرۆکی رێکخراوی خانی بۆ لێکۆڵینەوەی هزری

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*