سەرەکی » ئابووری » سەرقاڵی رنینی كاڵەكی ئەمساڵی بێستانەكانیانن

جووتیارانی دەشتی شارەزوور

سەرقاڵی رنینی كاڵەكی ئەمساڵی بێستانەكانیانن

یەکەی ئابووری

جووتیارانی دەشتی شارەزوور سەرقاڵی رنینی بەرهەمی ئەمساڵی بێستانەكانیانن، ئەوان ئاماژە بەوە دەكەن كە بە هۆی باران بارینی زۆری ئەمساڵەوە بەرهەمی شووتی و كاڵەك باشترە.
كاڵەك بەرووبومێكی هاوینەیە و ساڵانە لە هەرێمی كوردستان و لە مانگی تەمووزدا پێدەگات، هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان لەم وەرزەدا خواستێكی زۆریان لەسەر بەرهەمی شوتی و كاڵەك هەیە.
كاڵەك لە رووی تەندروستییەوە سوودی زۆری هەیە و هەڵگری چەندین ڤیتامینی بەسوودە، ئەویش وای كردووە خواستی زیاتری لەسەر بێت.
لە نزیك گوندی بێستانسوور لە دەشتی شارەزوور لە سنووری پارێزگای سلێمانی، ژمارەیەك لە جووتیاران سەرقاڵی رنینی كاڵەكن.
ئەوان بەیانییان زوو دەچنە نێو بێستانەكانیان و بە گەورە و بچووك سەرقاڵی رنینی كاڵەكن، دواتر رەوانەی عەلوەی سلێمانی دەكەن بۆ فرۆشتن.
فەلاح محەمەد جووتیارێكی ناوچەكەیە و سەرقاڵی رنینی كاڵەك بوو، رایگەیاند، ئەمساڵ بە هۆی باران بارینی زۆری وەرزی زستانەوە لە رووی بڕ و جۆرەكەشییەوە كاڵەكێكی باشمان هەیە و بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو زۆر باشترە.
فەلاح ئەوەشی وت: «كێشەی بەردەوامی ئێمە كەمی ئەو داهاتەیە كە لە رێگای كشتوكاڵكردنەوە دەستمان دەكەوێت، بە نموونە ئەو كاڵەكەی كردومانە بڕێكی باش و زۆری هەیە، بەڵام لە بازاڕدا پارە ناكات و هەقی ماندوبوونەكامان بۆ دەرناهێنێتەوە».

سەرچاوە: ژووری بازرگانی‌و پیشەسازیی سلێمانی

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*