سەرەکی » هەواڵ » پەرلەمانی كوردستان 3ی ئابی وەك رۆژی كۆمەڵكوژیی ئێزدییەكان پەسەندكرد

پەرلەمانی كوردستان 3ی ئابی وەك رۆژی كۆمەڵكوژیی ئێزدییەكان پەسەندكرد

هەولێر، تەها عەبدوڵڵا

دوێنێ، لەدانیشتنی پەرلەمانی كوردستاندا، بەزۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران، پێشنیازی دیاریكردنی رۆژی 3ی ئاب وەك رۆژی كۆمەڵكوژیی ئێزدییەكان، پەسەندكرا.
دوای ئەوەی لەدانیشتنەكانی رابردوودا، خوێندنەوەی یەكەم‌و دووەم بۆ پڕۆژە پێشنیازەكە كرابوو، دوێنێ پڕۆژە پێشنیازەكە پەسەندكرا، كە بەگوێرەی بڕیارەكە، هەموو ئەو تاوان‌و كۆمەڵكوژییانەی بەرامبەر ئێزدییەكان لەلایەن رێكخراوی تیرۆریستیی داعشەوە ئەنجامدراوە، خەسڵەتی جینۆسایدو تاوانی دژ بەمرۆڤایەتی‌و تاوانی جەنگ لەخۆدەگرێت، كە تاوانی نێودەوڵەتین. هەر بەگوێرەی بڕیارەكە حكومەتی عیراق بەرپرسیارێتی قەرەبووكردنەوەو دابینكردنی ماف‌و ئیمتیازی قوربانیانی ئەو تاوانە‌و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانیان، لەئەستۆدەگرێت. هەروەك لەبڕیارەكەدا، داوا لەحكومەتی هەرێمی كوردستان كراوە مۆنۆمێنتێك دروستبكات بۆ بەدیكۆمێنتكردنی هەموو ئەو تاوانانەی، رێكخراوی داعش كە بەرامبەر بەئێزدییەكان، ئەنجامیداوە.
لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیشدا، فراكسیۆنی سەوز لەپەرلەمانی كوردستان سەبارەت بەناساندنی رۆژی 3ی ئاب بەڕۆژی جینۆسایدی ئێزدییەكان، ئەوەی خستەڕوو كە»پێویستە حكومەتی هەرێم هەوڵەكانی چڕبكاتەوە بۆ پابەندكردنی حكومەتی عیراقی فیدراڵ تا قەرەبووی هاووڵاتیانی ئێزدی بكرێتەوە».

 16 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*