سەرەکی » ئاراستە » بارودۆخی هەرێم و عیراق

بارودۆخی هەرێم و عیراق

ئازاد جۆڵا

ناوچەکە بەگشتی لەبەردەم گۆڕانکاری و بارودۆخێکی هەستیار و ناسک دایە، بەتایبەتیش عیراق و هەرێم لە بەردەم هەندێک گۆڕانکاری حەتمی دان، هەم بەهۆی ئەم بارودۆخەی کە لە ناوچەکە بەگشتی هاتۆتە ئاراوە و ماوەیەکە لە کوڵان دایە و دەکوڵێ، هەمیش بە هۆکاری خراپی بارودۆخی ناوەخۆ و نەمانی متمانە لە نێوان خەڵک و دەسەڵات، زیاتریش بەهۆی زاڵبونی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری پێویست بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ لە دەسەڵاتەوە بۆ گەل.

دانان و سەپاندن
حکومەتی عادل عبدالمهدی لە دروست بوونیەوە تا ئەمڕۆ ئەوەندەی ئەجندای دەرەکی و پشتیوانی دەرەکی ڕۆڵی هەبوە لە دانان و سەپاندن و دواتریش ڕاگرتنی، نیو هێندە زادەی دڵ و دەروون و خواستی خەڵک و دەنگدەرانی عیراق نەبووە.
هەر بۆیەش ئەگەر سەیری بکەین هەم لە حزب و هەم لە ئەنجومەنی نوێنەران وەک فراکسیۆن لاوازترین سەرکردەیە بەبەراورد بە سەرکردەو گروپەکانی تری شیعە.
ئەوەش ئەم ڕاستیە دێنێتە ئاراوە کەوا بڕیارەکانی گشتگیر و بەخواستی تەواوی گەلانی عیراق نەبێت و جێ بەجێ کردنیشیان وەک پێویست نەبێ، هەر ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی کەوا کەلێنێکی زۆر و گەورە لە نێوان دەسەڵات و میللەت دروست ببێ و بڕیارەکانی وەک پێویست شوێن خۆی نەگرێ و کەمترین گۆڕانکاریش لەسەردەستی ئەو ڕوو بدات، ئەمەش وادەکات عیراق بەگشتی وەک وڵاتێکی لاواز دەربکەوێ و توانای پاراستنی سەروەری خۆی نەبێت و بەئاسانی لە لایەن وڵاتانی دراوسێوە تۆپباران و موشەکباران و تەنانەت لەشکرکێشی سەربازیشی تێیدا ئەنجام بدرێت، لەهەمان کاتیشدا ببێتە شوێن پێگەو تەڕاتێنی میت و مۆساد و ئیتڵاعات و سی ئای ئەی و ئەوانی تریش.
گەرەرترین کێشەی ئێستای عیراقیش دروست بونی ئەم بارودۆخە سیاسی و ئەمنی و ئابوری یە یە کەبەهۆی کێشەی نێوان ئەمریکاو ئێران هاتۆتە ئاراوە لە بوارەکانی ئابووری و بەتایبەتیش سیاسی و دیبلۆماسی دا، کارێکی قورس و ئەستمە تا سەر عیراق بتوانێ هاوسەنگی لە نێوان ئەمریکاو ئێران ڕابگرێ بە حوکمی هەژموونی ئێرانی شیعە و کاریگەری جوگرافیا و ئاین و مەزهەب و ئابووری و تا ئاستێکیش کۆمەڵایەتی و مێژوویی، چونکە لە هەموو حاڵەتەکاندا پڕیشکی ئەم شەڕە هەر بەر عیراق دەکەوێ جا شەڕەکە سارد بێ یان گەرم، بەڵام بەدڵنیایی لە داهاتووی نزیکدا بەهۆی ئەم هۆکارانەوە گۆڕانکاریەکان و کاریگەریەکان بارو دۆخی عیراقیش دەگرێتەوە.

حزب لەسەر گەل
هەرچی سەبارەت بە حکومەتی هەرێمی کوردستانیشە ئەم کابینە جگە لەوەی چەندین مانگ لەوادەی خۆی دوا کەوت بەهۆی ڕێکنەکەوتنی لایەنەکان و پێشخستنی بەرژەوەندی حزب لەسەر گەل و هەروەها نەمانی متمانە لە نێوان لایەنەکان و بەرژەوەندی کەسی و کاریگەری وڵاتانی ناوچەکەو ئەجندای جیاواز، سەرەنجام کابینەکە ڕاگەندرا و لەدایک بوو، ئەمە لەکاتێکدایە خەڵک ئارامی نەماوەو چاوەڕێی گۆڕانکاری ئیجابی لەم کابینەیە دەکات، بەڵام ئەگەر دیقەت لە وتاری ڕاگەیاندن و کارنامەی کابینەکە بکەین ئەوا زۆر بەئاشکراو ڕاشکاوانە ئەو ڕاستیەمان بۆ دەردەکەوێ کەوا ئەم کابینە خاوەن کێشەگەلێکی زۆرەو لەبەردەم چەند بژاردەیەکی سەختە.
لە وتارەکەی سەرۆکی حکومەت دا هاتوە ئەوان هاتونەتە سەر حکومەتێکی وێرانەو خاوەن چەندین ملیار دۆلار قەرزەوە، هەر بەپێی کارنامەکەش دەردەکەوێ زۆرترین گرفت و گەندەڵی و دزی و ناشەفافی و بەهەدەر دانی داهات و بێ سەرو بەری لە کابینەکانی پێشتردا بوونی هەبووە، ئەوە جگە لەم دۆخە تازەی هاتۆتە ئاراوە سەبارەت بە کێشەی ئەمریکاو ئێران و لەشکرکێشی تورکیاو کێشە هەڵپەسێردراوەکانی چەندین ساڵەی نێوان هەرێم و بەغدا و ئاسەواری قەیرانی دارایی و شەڕی داعش و کێشەی ناوچە جێ ناکۆکەکان و قەرزێکی زۆرو نادیار و هتددد،،
لە سەرووی هەموو ئەمانەشەوە لاواز بونی تا ئەوپەڕی متمانە لە نێوان خەڵک ودەسەڵات و نەمانی ئینتیما بۆ نەتەوەو نیشتمان و حکومەت و دامەزراوەکان.
هەموو ئەمانە پێمان دەڵێن کابینەی نۆیەم لەبەردەم واقیعێکی تاڵ و ئەرکێکی قورەسە.

حکومەتی هەرێم لە بەردەم دووڕیانی دوو بژاردەیە
یەکەمیان وەکو کابینەکانی تر بکەوێتە ژێر باری ڕێکەوتن و جێ بەجێ کردنی ئەجندای (ڕابردو و ئێستا و داهاتوی تورکیا) و هەمان تاس و حەمامی جاران و هەڕاج کردنی نەوت و سەفقەی پەنجا ساڵی و ڕێککەوتنی ژێر بەژێر و ڕاکێشانی کۆمپانیاکانی تورکیاو دانانی پارەو داهاتی هەرێم لە هاڵک بان و پاراستنی بەرژەوەندی بنەماڵەی ئاردۆگان و ئاک پارتی و تا ئاستێکیش چاوساغیکردن بۆ تورکیا لە دژی پەکەکە.
یاخود بژاردەی دووەم کە بریتی یە لە گەڕانەوەو ڕووکردنەوە ڵە عیراقی تەڵاقدراو و موفلیس و سەرلەنوێ چاککردنەوەی پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و بەغداد و پێداگری لەسەر مافە دەستوریەکان و پابەند بوونی تەواو و ڕاستگۆیانە بە دەستووری ئێستای عیراقەوە، هەر لەمەسەلەی نەوت و گاز و دارایی و سەربازی و پەیوەندی دیبلۆماسی و هەموو ئەوانەی لە دەستوردا هاتوە.
دیارە بۆ هەڵبژاردنی هەرکام لەم دوو بژاردەیە ڕێگا گوڵڕێژ نەکراوە و بێ کاردانەو بێ کاریگەری نابێ، وەلێ بەبڕوای بەندە لەم دۆخە سەخت و ئاڵۆز و ناسک و پڕ لەکێشە یە بۆ ئێمەی هەرێمی کوردستان باشترین بژاردە بژاردەی دووەمە، چونکە لە ئێستا ئەگەر بتواندرێ ئەو مافانەی کە لە دەستووردا بۆ کورد چەسپاوە بسەندرێ و وەرگیرێ باشترین دەسکەوتە چونکە ئەم دەستورە لە کاتێدا نوسراوەتەوە کورد لە لوتکەی بەهێزی و نەیارەکانیش لەو پەڕی پەرش و بڵاو بون، چونکە ئەگەر ئێستا دستوور هەمور بکرێتەوە یان بنوسرێتەوە بەدڵنیایی ئەو مافانەی ئێستای بۆ کورد تێدا نابێت.

بەغداد و ڕاگەیاندنی ئابووری
دەریش کەوت لە سیاسەتی کابینەکانی تر دوورکەوتنەوە لە بەغداد و ڕاگەیاندنی ئابووری سەربەخۆ و سیاسەتی سەربەخۆ و دوورکەوتنەوە لە پابەند بوون بە دەستوور و ڕووکردنە وڵاتانی دراوسێ، هەم هیچی لێ سەوز نەبوو و نابێ، هەم کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش پشتیوان نەبوو و نابێ.
بەڵام بەپێچەوانەوە پێداگری لەسەر جێ بەجێ کردنی دەستوور لە ئێستادا هەم ڕەوایە و هەم عیراق بەناچاری مل کەچ دەبێ و هەم دونیاش ماف بەهەرێم دەدات چونکە یاساو دەستوور بەرگری لە هەرێم دەکات، ئەمە جگە لە دڵنیابوونی هاوڵاتیان لە مووچەو قوتی خۆیان و پاراستن و سەروەریان و سەقامگیر بوونی بازاڕ و ئاسودەیی کۆمەڵایەتی….

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

له‌ ئاوایی‌ میره‌یی‌ – شاره‌دێی‌ سه‌نگاوین

حه‌سه‌ن مه‌لا له‌ گرد و چه‌م و ده‌شته‌ به‌پیته‌كانی‌ ناحیه‌ی‌ ...