سەرەکی » ئابووری » وزەی خۆر و هەرێمی كوردستان

وزەی خۆر و هەرێمی كوردستان

فەیسەل عەلی*

وزەی خۆر لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی گەشەیەكی گەورە و خێرا بەخۆیەوە دەبینێت، چ لە دەوڵەتانی پێشكەوتوو بێت یان لە دەوڵەتانی گەشەندە بێت، لەم دوو دەیەی دواییدا، وزەی خۆر زیاتر بایەخی پێدرا، تا بەو ئاستەی ئێستای گەیشت.

بە نرخێكی هەرزان بە دەستی بەكاربەر بگات
داشكانی تێچوونی ئامرازەكانی پێویست بۆ بەكارهێنانی ئەم وزەیە یارمەتیدەرێكی زۆر باشی بوو، وێڕای ئەو هەڵمەتە نێودەوڵەتییە بەهێزە بۆ پشتیوانیكردنی وزەی نوێبوەوە بە گشتی و بەتایبەتیش وزەی خۆر. ئەو هەڵمەتانە بە ئامانجی پاراستنی ژینگە بوو، بەوەی بەرهەمهێنانی كارەبا لە سەرچاوە تەقلیدییەكان تەنانەت وزەی ئەتۆمیش، هەموو ئەو هەوڵانەی بۆ كەمكردنەوەی دەرهاویشتەكانی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن پەك دەخات، وێڕای ئەو مەترسییانەی دەرئەنجامی وزەی ئەتۆمی دەكەوێتەوە ئەگەر هاتوو وەك رووداوەكەی چێرنۆبڵ دووبارە بێتەوە، دەبێت ئەوەشمان بیر نەچێت كە رێكخراوەكانی پاراستنی ژینگە كار بۆ كۆتاییهێنان بە بەكارهێنانی وزەی ئەتۆمی دەكەن لە بەرهەمهێنانی كارەبا بۆ ئەوەی رێگری لە پیسبوونی ژینگە بكەن، هەندێك ئەو هەنگاو بە زێدەڕۆ دادەنێت و هەندێكی تریش بە كارێكی گونجاوی دەزانن.
لەسەر ئەو بنەمایە، دەكرێ لەو گەشەكردنە گەورە و خێرایەی بەكارهێنانی وزەی خۆر لە بەرهەمهێنانی كارەبا بكرێت، هەروەها حكومەتەكانیش لەم رووەوە لەسەر خەتن و ئاسانكاری پێشكەش دەكەن، لەڕێی كەمكردنەوەی رەسمی گومرگی هاوردەكردنی ئامرازەكانی دامەزراندنی ویستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا لە خۆر، بۆ ئەوەی بە نرخێكی هەرزان بە دەستی بەكاربەر بگات.

لەهەموویان بەربڵاوترە
ئەو دەوڵەتانەی بایەخێكی ئێجگار زۆر بەم جۆرە وزەیە دەدەن، لە واقیعدا هەموو جۆرەكانی وزەیان هەیە كە بتوانن لێوەی كارەبا بەرهەمبهێنن، بەڵام لەو بڕوایەدان كە لە كۆتاییدا وزەی خۆر دەچێتە چوارچێوەی ئەو چارەسەریانەی ئایندە بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا لە وزە نوێبوەوەكان وەك با و ئاو و زیندەوزە، ئەمەی دوایی لە كەرەستەی خاو كە بنەچەكەی ئاژەڵییە یان رووەكی كە بۆ بەگەڕخستنی بزوێنەرەكان بەكاردەهێنرێت، بەڵام بەكارهێنانی وزەی خۆر بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا لەهەموویان بەربڵاوترە تا ئێستا، بەحوكمی كاركردنی زۆر لەسەر پەرەپێدان و خستنەبازاڕی، بە ئاسان گەیشتنی بەدەستی بەكاربەر بە نرخێكی هەرزان كە بۆ زۆرینەی خەڵكی گونجاو بێت.

بازاڕی وزەی نوێبوەوە لە جیهان
بەپێی ئەو راپۆرتە نێودەوڵەتییانەی تایبەت بە وزەی نوێبوەوە، بازاڕە گەورەكانی جیهان بەشێوەیەكی بەرفراوان هانی بەكارهێنانی وزەی نوێبوەوە بەتایبەتیش وزەی خۆر دەدەن، راپۆرتەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە وزەی نوێبوەوە گەشەیەكی بەرچاو لەسەر ئاستی جیهان بەخۆیەوە دەبینێت، هەردوو دەوڵەتی چین و هیندستان لەو دەوڵەتانەن كە بایەخێكی ئێجگار گەورەیان بە وزەی خۆر بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا داوە، ئەم هەوڵانەی ئەو دەوڵەتە و دەوڵەتانی تری جیهان بازاڕی وزەی نوێبوەوە لە جیهان گەرمتر دەكات، هانی بازاڕەكانی تریش دەدات تاوەكو بەشداری لە بەكارهێنانی وزەی نوێبوەوەدا بكەن.

(47 %)ی كۆی بەرهەمی كارەبای ئەڵمانیا
زۆربەی دەوڵەتانی جیهان لە سۆنگەی ئەو ئەندیكەیتەرانەوە، هەوڵی داڕشتنی ستراتیجەتی خۆیان دەدەن، بەتایبەتیش دەوڵەتانی بەرهەمهێنی نەوت، بۆ ئەوەی تیشكی خۆر بكەنە سەرچاوەی سەرەكی بەرهەمهێنانی كارەبا. ئەڵمانیا پێشەنگی دەوڵەتە پێشكەوتوو و هەڵكەوتوەكانە لە بەرهەمهێنانی وزەی نوێبوەوە، لە شەش مانگی یەكەمی ساڵی 2019، ئەو وزەی لە خۆر و ئاو و با و زیندەوزە بەرهەمهێناوە نزیكەی (47 %)ی كۆی بەرهەمی كارەبای ئەڵمانیا بووە، ئەویتریشی لەو ویستگانەوە بەرهەمهێنراوە كە بە خەڵوز و وزەی ئەتۆمی كاردەكەن.
ئاراستەی هەر دەوڵەتێك بۆ بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا لەڕێی بەكارهێنانی وزەی خۆرەوە، تەنیا بۆ ناوخۆ بایەخی نییە، بەڵكو بایەخێكی جیهانی هەیە، بەوەی بەشداری لە كەمكردنەوەی پیسكردنی ژینگە و دەردانی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن دەكات، وزەی نوێبوەوە بەپێی ئەو ئاماژانەی هەیە، بەشێوەكی بەرفراوان بەرەو پێش دەچێت، چ لە رووی ئابوورییەوە بێت یان ژینگە، چونكە بەكارهێنانی وزەی نوێبوەوە لە بەرهەمهێنانی كارەبا سەركەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە.

* سەرۆكی مونتەدای ئابووریی كوردستان

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

سلێمانی ئامادەكاریی بۆ جەژن راگەیاند

یەکەی ئابووری قائیمقامی سلێمانی دەڵێت: «هەموو رێوشێنێكی پێویست گیراوەتەبەر بۆ ...