سەرەکی » وەرزش » نامۆترین 8 ناوی یانه‌ی وه‌رزشیی له‌سه‌ر ئاستی..

بڕۆ ده‌ره‌وه‌.... مێش

نامۆترین 8 ناوی یانه‌ی وه‌رزشیی له‌سه‌ر ئاستی..

نامۆترین 8 ناوی یانه‌ی وه‌رزشیی له‌سه‌ر ئاستی جیهان كامانه‌ن؟

له‌سه‌رتاسه‌ری جیهاندا ناوی یانه‌ وه‌رزشییه‌كان له‌وڵاتێكه‌وه‌ بۆ وڵاتێكی تر ده‌گۆڕدرێت، ناوه‌كانیش به‌پێی مێژووی یانه‌كان و رۆشنبیری و نه‌ریتی نه‌ته‌وه‌و وڵاته‌كان له‌شوێنێكه‌وه‌ بۆ شوێنێكی تر ده‌گۆڕدرێت، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ ناوی نامۆ و سه‌رنجڕاكێش و سه‌یر له‌ ناوی یانه‌ وه‌رزشییه‌كانی دنیادا هه‌بن و ته‌نانه‌ت هێندێك له‌و ناوه‌ سه‌یرو سه‌مه‌رانه‌ی ئه‌و یانانه‌ بوونه‌ته‌ مایه‌ی گاڵته‌جاڕی و پێكه‌نین.
به‌م دواییه‌ قورعه‌ بۆ پاڵاوتنی یانه‌ به‌شداره‌كانی جامی رابیته‌ی یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌فریقا كرا، له‌ ئه‌نجامی قورعه‌كه‌دا ناوی یانه‌یه‌كی ئه‌فریقا سه‌رنجی هه‌موو لایه‌كی به‌لای خۆیدا راكێشا كه‌ له‌ قورعه‌كه‌دا رووبه‌ڕوی یانه‌ی ئه‌هلی میسری بووه‌و ناوی یانه‌كه‌ش (بڕۆ ده‌ره‌وه‌)یه‌.
ئه‌م ناوه‌ نامۆو سه‌یرو سه‌مه‌ره‌یه‌ وا له‌ جه‌ماوه‌ری وه‌رزشی ده‌كات، بزانن ئایا هه‌ر ئه‌م ناوه‌ نامۆیه‌ بۆ یانه‌یه‌كی وه‌رزشی هه‌یه‌ یان ناوی تریش هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ ئه‌و ناوانه‌ كامانه‌ن، بۆیه‌ پاش گه‌ڕان به‌دوای ناوه‌ هاوشێوه‌كه‌ی یانه‌ی وه‌رزشی (بڕۆ ده‌ره‌وه‌) دا، سه‌ره‌نجام 8 نامۆترین ناوی یانه‌ی وه‌رزشیی له‌سه‌ر ئاستی جیهان دۆزرانه‌وه‌ كه‌ ئه‌م یانانه‌ن:

بڕۆ ده‌ره‌وه‌
یانه‌یه‌كی وه‌رزشییه‌ له‌ باشووری سودان، ناوه‌كه‌شی له‌ ناوی به‌ناوبانگترین گه‌ڕه‌كه‌كانی شاری جوبا-ی پایته‌خته‌وه‌ وه‌رگیراوه‌، باره‌گای ئه‌م یانه‌یه‌ش له‌ ناوجه‌رگه‌ی ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌دایه‌، یانه‌كه‌ش میژوویه‌كی دێرینی هه‌یه‌و ته‌مه‌نی زیاتر له‌ چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌كه‌.
پێش ئه‌وه‌ی باشووری سودان جیابوونه‌وه‌ی خۆی له‌ سودان رابگه‌یه‌نێت، ئه‌م گه‌ڕه‌كه‌ دێرینه‌ی جوبا هه‌میشه‌ و زوو زوو له‌لایه‌ن سوپا و پۆلیس و ئاسایشی ئه‌وسای سودانه‌وه‌ گه‌مارۆ ده‌دراو هه‌ڵمه‌تێكی توندی پشكنینیان تیادا ده‌كرد، له‌كاته‌كانی دره‌نگ شه‌ودا به‌زه‌بری چه‌ك و چاو سووركردنه‌وه‌ خه‌ڵكیان له‌ماڵه‌كان ده‌هێنایه‌ ده‌ره‌وه‌و چه‌كداره‌كانی رژێمی سودان به‌ده‌نگی به‌رز و به‌ مایكرۆفۆن و موكه‌بیره‌ هاواریان لێده‌كردن (وه‌رنه‌ ده‌ره‌وه‌)، ئیتر ئه‌م ناوه‌ به‌وشێوه‌یه‌ به‌سه‌ر ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌دا بڕاو یانه‌كه‌شیان هه‌ر بوه‌ ناوه‌وه‌ ناو ناوه‌ و یه‌كه‌م یانه‌ی باشووری سودانیشه‌ زۆرترین به‌شداریی له‌و خوله‌دا هه‌بێت.

25 ی ئه‌پریل
ئه‌م یانه‌یه‌ له‌ كۆریای باكووره‌، رۆژه‌كه‌ ئاماژه‌یه‌ بۆ رۆژی دامه‌زرداندنی سوپای كۆریای باكوور، یانه‌كه‌ش له‌و وڵاته‌ به‌سه‌ركه‌وتووترین و به‌ناوبانگترین یانه‌ی ئه‌و وڵاته‌ داده‌نرێت، 15 جار بۆته‌ پاڵه‌وانی خولی وڵاته‌كه‌ی و یانه‌كه‌ش ئێستا سه‌ر به‌ سوپای میللی كۆریایه‌ و تاكه‌ یانه‌ش كه‌له‌و وڵاته‌ ركابه‌ری بكات یانه‌ی وه‌رزشیی بیۆنگ یانگه‌.

به‌هێزترین (سترۆنگێست)
یانه‌ی سترۆنگێست له‌ پۆلیڤیایه‌، ساڵی 1908 له‌و وڵاته‌ دامه‌زراوه‌و له‌ خولی ئه‌و وڵاته‌شدا به‌شداره‌، پێشتر ناوی ئه‌م یانه‌یه‌(یانه‌ی وه‌رزشیی به‌هێز) بووه‌، به‌ڵام دواتر ناوه‌كه‌یان گۆڕی بۆ سترۆنگێست واته‌ به‌هێزترین.

چیكن ئن
ئه‌م یانه‌یه‌ له‌ زیمبابۆیه‌، له‌شاری پۆلاوایۆ، ناوی یانه‌كه‌ش په‌یوه‌ندی به‌ مریشك و خوارده‌مه‌نییه‌ خێراكانه‌وه‌ هه‌یه‌، ناوی یانه‌كه‌ش له‌ كۆمپانیای سپۆنسه‌ریییه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌ كه‌ ناوی چیكن ئن-ه‌ و گه‌وره‌ترین و به‌ناوبانگترین كۆمپانیای وه‌جباتی خێرای خوارده‌مه‌نییه‌ له‌و وڵاته‌.

سك چوون
یانه‌ی شۆرلیۆ ئێف سی ره‌نگه‌ نامۆتۆین ناوی یانه‌ی وه‌رزشیی بێت له‌ جیهاندا، ناوه‌كه‌ش به‌ ئیسپانی واته‌ ئه‌و كاته‌ی كه‌ سكت ده‌چێت و زۆر به‌په‌له‌ ده‌بێت خۆت بگه‌یه‌نیته‌ ده‌بلیو سی.
یانه‌كه‌ له‌ په‌نه‌مایه‌، یانه‌یه‌كی زۆر به‌ناوبانگ و به‌هێز و خاوه‌ن جه‌ماوه‌رێكی بێشوماره‌، خاوه‌نی چه‌ندین نازناو و ناوو ناوبانگه‌، به‌م دواییه‌ش به‌شداریی له‌ خولی یانه‌كانی وڵاتانی كۆنکاكافدا كردووه‌.

مێش
لاموسكا به‌ ئیسپانی واته‌ مێش، ئەمیش ناوی یانه‌یه‌كی ئیسپانییه‌ له‌ هه‌رێمی ئه‌نده‌لوس، هانده‌رانی یانه‌كه‌ زۆر شانازی به‌ ناوی یانه‌كه‌یانه‌وه‌ ده‌كه‌ن، مانای ناوی یانه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌ یانه‌كه‌یان وه‌ك مێش وایه‌و تیپی به‌رامبه‌ریان له‌ هه‌موو یارییه‌كاندا وه‌ك مێش هه‌راسان ده‌كه‌ن.

ئێر باس
ناوی تیپێكی تۆپی پێیه‌ له‌وێڵز و له‌شاری پرۆتۆن فلینچێر – ه‌، تیپی تۆپی پێی كۆمپانیای (ئه‌یرسپه‌یس فاكتری ئێر به‌س یو كه‌ی) یه‌ كۆمپانیاكه‌ش كاری دروستكردنی باڵی فڕۆكه‌یه‌، ناوی تیپه‌كه‌ش له‌ناوه‌ نامۆكانه‌ و به‌ناوی كۆمپانیاكه‌وه‌یە و ساڵی 2004 یش بۆ خولی پله‌ یه‌كی وێڵز سه‌ركه‌وتووه‌.

فارت
یانه‌یه‌كه‌ له‌ نه‌رویج مانای ناوه‌كه‌ی واته‌ خێرا یان (كردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی با)، ساڵی 1917 دامه‌زراوه‌، پاش چه‌ند ساڵێكی كه‌م له‌ دامه‌زرداندی یانه‌كه‌ هه‌ڵده‌وه‌شێنرێته‌وه‌، به‌ڵام 28/8/1934 سه‌رله‌نوێ داده‌مزرێته‌وه‌، ئه‌م یانه‌یه‌ زیاتر به‌ تیپه‌ به‌هێزه‌كه‌ی كچانی ناسراوه‌، تیپه‌كه‌ش خاوه‌نی چه‌ندین سه‌روه‌رییه‌ له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆی وڵاته‌كه‌و ناوی یانه‌كه‌ش وایكردووه‌ ناوبانگێكی زۆر په‌یدا بكات.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

وه‌رزشی جیهانیی له‌ مانگی ئابدا

ئه‌م مانگی ئابه‌ی ساڵی 2019 وه‌رزشی جیهانی هه‌نگاوی گه‌وره‌ی ناوه‌، ...