سەرەکی » وەرزش » ئاهه‌نگی ده‌ستپێك هه‌رای ناوه‌ته‌وه‌

پاڵه‌وانێتیی تۆپی پێی وڵاتانی خۆرئاوای ئاسیا

ئاهه‌نگی ده‌ستپێك هه‌رای ناوه‌ته‌وه‌

له‌ یاریگای نێوده‌وڵه‌تی كه‌ربه‌لا، پاڵه‌وانێتیی تۆپی پێی وڵاتانی خۆرئاوای ئاسیا به‌ دوو یاریی و ئاهه‌نگی ده‌ستپێك، رۆژی سێشه‌ممه‌ 30/7/2019 ده‌ستیپێكرد.
ئه‌م پاڵه‌وانێتییه‌ بۆ هه‌رسێ ناوچه‌ی (خۆر هه‌ڵات) و (ناوەڕاست و باشوور) و (خۆر ئاوا) رێكده‌خرێت، له‌مه‌ی (خۆرئاوا) دا 9 هه‌ڵبژارده‌ی وڵاتانی خۆر ئاوای ئاسیا به‌شدارن، یارییه‌كانی پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ش له‌ هه‌ردوو یاریگای هه‌ولێر و كه‌ربه‌لا به‌ڕێوه‌ ده‌چن، 9 هه‌ڵبژارده‌كه‌ش به‌مشێوه‌یه‌ به‌سه‌ر دوو گروپدا دا‌به‌شكراون:
گروپی یه‌كه‌م – عیراق، لوبنان، فه‌له‌ستین، سوریا، یه‌مه‌ن، یارییه‌كانیان له‌ یاریگای كه‌ربه‌لا ده‌بێت.
گروپی دووه‌م – به‌حره‌ین، سعودیه‌، ئوردون، كوه‌یت، یارییه‌كانیان له‌ یاریگای هه‌ولێر ده‌بێت.

دابه‌شبوونی هه‌ڵبژارده‌كان
ئه‌گه‌ر سه‌یری دابه‌شبوونی هه‌ڵبژارده‌كان و یاریگاكانی رێكخه‌ری ئه‌م پاڵه‌وانێتییه‌ بكه‌ین، ئه‌وا ده‌بینین به‌غدای پایته‌خت هێشتا له‌ژێر ئابڵوقه‌ی سزای فیفادایه‌و رێگه‌ نادرێت له‌و شاره‌ هیچ یارییه‌كی ره‌سمی بكرێت، به‌ڵام یاریگای هه‌ولێر میوانداریی یارییه‌كانی گروپی دووه‌م و یاریگای كه‌ربه‌لا میوانداریی یارییه‌كانی گروپی یه‌كه‌م ده‌كات.
رۆژی ده‌ستپێكی پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ له‌یاریگای كه‌ربه‌لا ئاهه‌نگ و مه‌راسیمی ده‌ستپێك رێكخرا، ئاهه‌نگ و مه‌راسیمه‌كه‌ زۆر سه‌ركه‌وتووانه‌ رێكخرا، رێكخستنه‌كه‌ زۆر جوان و به‌به‌رنامه‌ رێكخرابوو، سه‌رنجی شاره‌زایانی وه‌رزش به‌گشتی و به‌تایبه‌تیش كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنی وڵاتانی ئاسیاو جیهانیشی به‌لای خۆیدا راكێشا.

هه‌رای ئاهه‌نگی ده‌ستپێك
ئه‌وه‌ی بووه‌ مایه‌ی سه‌رنجی ئاماده‌ بووان ئه‌وبوو له‌شارێكی وه‌ك كه‌ربه‌لای ناوجه‌رگه‌ی شیعه‌ نشینانی عیراق و جیهاندا وه‌ها مه‌راسیمێك رێكبخرێت كه‌ مۆدێرنێتی و نوێگه‌ری له‌ ئاهه‌نگه‌كه‌دا بینرا و ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی دیوانی وه‌قفی شیعی بێته‌ ده‌نگ و بڵێت ئه‌و مه‌راسیم و ئاهه‌نگه‌ دوور له‌ئاداب و نه‌ریتی شاره‌كه‌و پێشێلكردنی پیرۆزییه‌كانی ئه‌و شاره‌ بووه‌.
پاش ئه‌وه‌ش له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ وروژێنرا و قسه‌ی زۆری له‌سه‌ر كرا و ته‌نانه‌ت دیوانی وه‌قفی شیعی سكاڵایه‌كی یاسایی له‌سه‌ر یه‌كێتیی تۆپی پێی عیراق له‌سه‌ر ئه‌وه‌ تۆماركرد.
هه‌ر له‌ژێر گوشاری ئه‌و كاردانه‌وه‌ زۆره‌دا پارێزگاری كه‌ربه‌لا نسه‌یف جاسم ئه‌لخه‌تابی به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاو كرده‌وه‌و بێبه‌ری بوونی خۆی و پارێزگاكه‌ی له‌ بڕگه‌كانی ئاهه‌نگی ده‌ستپێك راگه‌یاندو ده‌ڵێت» پارێزگا ته‌نیا جوانكاری شار و پارێزگاری له‌ ئاسایشی شاره‌كه‌و ئاسانكاری بۆ میوانه‌كانی له‌ئه‌ستۆدا بووه‌، ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر شانیان بووه‌ كردوویانه‌، به‌ڵام بڕگه‌كانی ئاهه‌نگی ده‌ستپێك دووربووه‌ له‌ ئه‌ركه‌كانی ئه‌وانه‌وه‌و وه‌زاره‌تی لاوان و وه‌رزش و یه‌كێتیی تۆپی پێی عیراق لێی‌ به‌رپرسیار بوون.

یارییه‌كان
وه‌ك له‌سه‌ره‌تاوه‌ باسكرا، یارییه‌كان له‌رۆژی سێشه‌ممه‌ی هه‌فته‌ی رابردووه‌وه‌ ده‌ستیانپێكردووه‌، ئه‌و رۆژه‌ له‌ یاریگای كه‌ربه‌لا دوو یاریی له‌ گروپی یه‌كه‌مدا كران و ئه‌نجامه‌كانیان به‌مشێوه‌یه‌ بوون:
*عیراق×لوبنان (1-0).
*یه‌مه‌ن×فه‌له‌ستین(0-1).
رۆژی هه‌ینی 2/8/2019 دووه‌م جه‌وله‌ی یارییه‌كانی ئه‌م گروپه‌كران و ئه‌نجامه‌كانیان به‌مشێوه‌ی بوون:
*فه‌له‌ستین×عیراق (1-2).
*لوبنان×سوریا (2-1).
ده‌بێت دوێنێش یه‌كشه‌ممه‌ یارییه‌كانی گروپی دووه‌م ده‌ستیان پێكردبێت و ئه‌م یارییانه‌ كرابن:
*ئوردون×به‌حره‌ین-سه‌عات 7:30 ئێواره‌.
*سعودیه‌×كوێت-سه‌عات 10:30 شه‌و.
سبه‌ی دووشه‌ممه‌ش جه‌وله‌ی سێیه‌می یارییه‌كانی گروپی یه‌كه‌م به‌مشێوه‌یه‌ ده‌كرێن:
*سوریا×یه‌مه‌ن -سه‌عات 7:30 ئێواره‌.
*لوبنان×فه‌له‌ستین-سه‌عات 10:30 شه‌و.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*