سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » نەگەڕانەوە لە خەوتن

نەگەڕانەوە لە خەوتن

کەژاڵ ئەحمەد

پیاوەکانی ماڵی ئێمە
کە شەو خەوتن؛ هەڵنەسان
بۆ بینینی قژی کەوتووی
خۆر لەسەر سفرەی بەیانی!
بەبێدەنگیی رۆیشتن و
نازی قۆری و بۆنی چا و
بەریەککەوتنی پیاڵەکانیش
بەئاگای نەهانین!!
خودایە بۆ دەبێت…
بەتەنیا هەر من بچم
جارێک باوک و جارێک برایە بەخەبەربێنم،
کە بۆخۆت دەتزانی
ئەوان چیتر بەئاگا نایەن؟!
بۆ دەبووایە،یەکەم هاوار من بیکەم؟!
ئەی بۆ دەبێت
تێل بۆ شاخبکەم و وەڵامم نەداتەوە؟!
تێل بۆ ئەمبوڵانس بکەم و
خەوتبێت؟!
تێل بۆ فرمێسک بکەم و
لە چاوما واقی وڕمابێت؟!
تێل بۆ تۆ بکەم و
لە دەرەوەی بازنە بیت!!!!!!

پێت باشبوو ؟
وەکو شێت ، بەجلی خەوەوە لە کۆڵان
هاواربکەم ( ئەی هاوار، تکایەیارمەتیمانبەن)
پێت خۆشبوو؟!
بمبینی لەپشتی پیکابێکدا
لەسەر تەرمی براکەم بلەرزم؟!
لەپشتی ئوتومبێلێکدا
باوەش بەسەری باوکمدا بکەم
پێت جوانبوو ؟!
گریان و لەخۆدانی بەتەنیام
لە هۆڵێکی بێ دڵی، بوژانەوەی دڵدا
کە هیچ کەسی لێنەبێت بۆ دڵدانەوەم؟!
لەقورئاندا نەمبینیبوو
نەمخوێندبۆوە، دڵڕەق بیت
خەوتن و
بەیانی و
بەخەبەرهێنانەوە
لەبەرچاوی بەندەکانی خۆت بخەیت !!!!!!

کە براکەم لەگەڵ بێدەنگییەکی سەیردا
بۆ گەشتە ئەبەدییەکەی رۆیشت.
ناوجێگاکەی بۆ ماوەی هەفتەیەک
بۆنی شیعری ، مەحمود دەروێشی لێدەهات!
چەند رۆژێکیش
مۆبایلە نوێیەکەی زەنگی بۆدەهات
زەنگەکەش شیعرێکی نالی بوو کە دەیووت:
« خەتات فەرموو کە خۆشە چین و ماچین
کە ناچین، لێرە خۆشە چینی ماچین «!
دەموویست وەڵام بدەمەوەیان بپرسم
رۆدان و نالی بۆ کوێ چوون؟!

کە باوکم بە تەقە تەقی
دار عەسایەکەوە
لەگەڵ مەرگدا رۆیشت و دیارنەما
یەک هەفتە کڵاوە سپییەکەی
لەناو جانتاکەی شانمدا دەگریا
چی شیعرم نوسیبوو خووسانەوە و
یەک وشەم چییە دیارنەما !!!!!!

خودایە پێت خۆشبوو
تێل بۆ ئایندە بکەم و
لە ماڵ نەبێت!

تێل بۆ ئێستا بکەم و
لەناویاریی پۆپجیدا مردبێت!!
تێل بۆ رابردوو بکەم و
وەکو گۆرانییەکی کۆن
رۆیشتووی لەیادکراو بێت!!!
تێل بۆ نیشتمان بکەم و
لە بەرەکانی شەڕدا بێت!!!!
تێل بۆ تۆ بکەم وغەرقی
رەحمەتی خۆتم بکەیت
بێ ئەوەی ، رۆژێ لە رۆژان
مەلەم تێدا کردبێت.!!!!!
2/2/2019 سلێمانی

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*