سەرەکی » دۆسێ » تورکیا هەڕەشە لە ئەمریكا دەكات

״ئەنقەرە فڕۆكەی بۆینگ ناكڕێت״

تورکیا هەڕەشە لە ئەمریكا دەكات

سەرۆكی توركیا هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی كڕینی فڕۆكەی بۆینگ لە ئەمریكا دەكات، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ ئەو تەنگژانەی پەیوەندییان بە كڕینی سیستمی بەرگری (S-400)ی روسی لەلایەن توركیا و هەڵوەشاندنەوەی بەرنامەی مەشقی توركەكانەوە هەیە لەسەر فڕۆكەی (F-35) لەلایەن ئەمریكاوە.
ئاژانسی (رۆیتەرز) لە 27ی تەمموزی 2019، لە زاری رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیاوە بڵاویكردەوە كە هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی كڕینی فڕۆكەی جۆری بۆینگی لە ئەمریكا كردووە، «ئەگەر وڵاتەكەی لە پڕۆژەی هاوبەشی تایبەت مەشقكردنی توركەكان لەسەر فڕۆكەی جەنگی (F-35) دووربخرێنەوە.
بەپێی هەواڵی ئاژنسەكە، ئەردۆغان لە وتارێكیدا بۆ ئەندامانی پارتی داد و گەشەپێدانی فەرمانڕوا ڕایگەیاندووە»توركیا كڕیارێكی باشە، بەڵام ئەگەر رەوشەكە بەو شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت، ناچارن دەبن هەڵسوكەوتیان بگۆڕن».
توركیا لەم ماوەیەی دواییدا و لەپێناو كڕینی 100 فڕۆكەی جۆری (بۆینگ) گرێبەستێكی لەگەڵ ئەمریكادا ئیمزا كردبوو، لەو بارەیەشەوە ئەردۆغان بەڕاشكاوانە رایگەیاندووە»ئەگەر ئەمریكا بە كردەوە توركیا لە بەرنامەی مەشقكردن لەسەر فڕۆكەی (F-35) دووربخاتەوە، گرێبەستی كڕینی 100 فڕۆكەی جۆری (بۆینگ) هەڵدەوەشێننەوە.
هەموو ئەم گرژی و ئاڵۆزیانەی لەنێوان ئەمریكا و توركیا دروستبووە، پەیوەندی بە كڕینی سیستمی بەرگری (S-400)ی ڕوسییەوە هەیە لەلایەن توركیاوە كە نەك تەنیا ئەمریكا، تەواوی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ)ی نیگەران كرد.
پێشتر وەزیرەكانی دەرەوەی ئەڵمانیا و نەمسا لە یەكێتی ئەوروپا، ئاماژەیان بە سەپاندنی سزا كردبوو بەسەر توركیادا، وەك یەكێك لەبژاردەكانی بەردەم كۆبونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا لە برۆكسلی پایتەختی بەلجیكا.
بەر لە كۆبوونەوەكەش وەزیرەكانی دەرەوەی ئەڵمانیاو نەمسا لەیەكێتی ئەوروپا رایانگەیاندبوو، سەپاندنی سزاكان بەسەر توركیادا یەكێكە لەبژاردەكانی بەردەم كۆبونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا.
راگرتنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكان و كەمكردنەوەی هاوكارییە داراییەكان دوو بژاردەی گرنگی نێو پاكێجی سزاكانی یەكێتی ئەوروپا بوون لە دژی توركیا.
لەلایەكی ترەوە پێشتر یەكێتی ئەوروپا هۆشداریی دابووە توركیا، تا كاری دەرهێنانی نەوت و غاز لەئاوەكانی قوبروسدا رابگرێت، چونكە پێشێلكردنی یاسا نێودەوڵەتییەكانە، لەو بارەیەشەوە ئاماژەیان بەسەپاندنی سزای زیاتر كردبوو بەسەر وڵاتەكەدا.
میشیل رۆز وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا لە یەكێتی ئەوروپا رایگەیاندبوو، هەنگاوەكانی توركیا مایەی قبوڵكردن نییە، لەئێستاشدا لێكەتێگەشتنێكی زۆر باش لەنێوان ئەندامانی یەكێتی ئەوروپادا هەیە بۆ سەپاندنی سزاكانی بەسەر توركیا.
هەر لەو بارەیەوە پێشتر ئەنجومەنی نوێنەرانی ویلایەتە یەكگرتووەكان لە كۆتایی مانگی حوزەیرانی 2019، پرۆژە یاسایەكی بۆ رێگرتن لە پێدانی فڕۆكەی جۆری (ئێف 35)ی بە توركیا پەسەند كردبوو.
پەیوەندییەكانی نێوان ئەنقەرە و واشنتۆن بەهۆی هەندێك دۆسێوە لەوانە سیاسەتەكانی ئەمریكا لە سوریا و ژمارەیەك سكاڵا لەدژی تورك و ئەمریكاییەكان كە لە هەردوو وڵات دەستگیركرابوون، ساردبوونەوەی بەخۆوەبینی، وێڕای كڕینی سیستمی بەرگی روسی لەلایەن توركیاوە كە هێندەی تر ئەو پەیوەندیەكانی نێوانیانی ئاڵۆزكرد.
یاساكەی ئەمریكا دوایین هەوڵ بوو لەلایەن ئەندامانی كۆنگرێسەوە بۆ گوشارخستنە سەر توركیا كە هاوپەیمانی ئەمریكایە لە هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی (ناتۆ)، تا پاشەكشە بكات لە كڕینی سیستمە موشەكییەكەی روسیا.
پلانی كڕینی سیستمی (ئێس 400) ناگونجێت لەگەڵ سیستمی هاپەیمانی باكوری ئەتڵەسی كە بووەتە مایەی نیگەرانی لای ئەندامانی هاوپەیمانێتییەكە.
كریس ڤان هوڵن سیناتۆری دیموكراتی كە پشتیوانی لە پرۆژە یاساكە كردبوو، دەڵێت “كڕینی ئەو سیستمە لەلایەن توركیاوە، دەبێتەهۆی ئەوەی روسەكان بەئاسانی هەڵسەنگاندن بۆ تواناكانی (F-35) بكەن و خاڵە لاوازەكانی بقۆزنەوە، ئەمەش مایەی قبوڵ كردن نییە».
پێویستە ئەنجومەنی نوێنەران و پیران بە تەواوی لەسەر پرۆژە یاساكە رێكبكەون و دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا ئیمزای لەسەر بكات.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، پیشتر رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا لە میانی سەردانەكەی ئەم دواییەی بۆ چین لەگەڵ ژمارەیەك لێپرسراوی باڵای ئەو وڵاتەدا كۆبووەوە و لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا باسی لە دەركردنی فڕۆكەوانەكانی توركیای كردبوو لە بەرنامەی مەشقكردن لەسەر فڕۆكەی(F-35) كردبوو لەلایەن ئەمریكاوە.
لەو بارەیەوە بەرپرسانی ئەمریكا رایانگەیاندبوو»ویلایەتە یەكگرتووەكان بڕیاریداوە هیچ فڕۆكەوانێكی تورك وەرنەگرێت بۆ مەشقكردن لەسەر فڕۆكەی جەنگی جۆری (F-35)، ئەمەش وەك ئاماژەیەكی ڕوون بۆ ئەو ناكۆكیانەی لەسەر پلانەكانی ئەنقەرە هەن سەبارەت بە كڕینی سیستمی موشەكی ئاسمانی روسی.
ویلایتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا دەڵێت، لە ئەگەری كڕین و وەرگرتنی چەكی بەرگری (S-400) لە لایەن توركیاوە، ئەو وڵاتە روبەڕوی سزای مترسیدار دەبێتەوە.
پێشتر مۆرگان ئۆرتیگاس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بە رۆژنامەوانانی راگەیاندبوو «ئەگەر سیستمی بەرگری (S-400) وەربگرێت، توركیا خۆی دەخاتە ناو مەترسیەكی گەورە و نەرێنیەوە، كە بەشێكیان پەیوەستە بە بەشداریكردن لە بەرنامەی (F-35)».
بە گوتەی ئۆرتیگاس «ئەمریكا دید و تێڕوانینەكانی ئاشكرا و رونن لەبارەی ئەو پرسەوە».
ئەمەش لەكاتێكدایە كە لەم ماوەیەی دواییدا توركیا چەندان وەجبەیر سیستمی بەرگری موشەكی (S-400)ی روسی بەدەست گەیشت كە بووەتە مایەی نیگەرانی ئەمریكا و وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی (ناتۆ).
هەر لەو بارەیەوە مەولود چاوش ئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی توركیا لە 30ی تەمموزی 2019 رایگەیاندبوو»سیستمی بەرگری موشەكی (S-400) هیچ كێشەیەك بۆ (ناتۆ) دروستناكات، چونكە توركیا بەشدارە لە چالاكییەكانی هاوپەیمانییەكە لە چەندان بواری تری جیاواز».
چاوش ئۆغڵو لە دوای كۆبونەوەی لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاندبوو»گرفتیان لەگەڵ (ناتۆ)دا نییە، ئەوەش كە لە رونكردنەوەكانی سكرتێری گشتیی و جێگرەكەیدا سەبارەت بە (S-400) باسكران، دەركەوت ئەو سیستمە هیچ كێشەیەك بۆ (ناتۆ) دروستناكات، ئەم پرسەش لە هیچ لوتكەیەكی ناتۆدا نەخراوەتە بەرباس».
بە گوتەی وەزیری دەرەوەی توركیا»بابەتی كڕینی (S-400)، زیاتر لەوەی پەیوەست بێت بە پەیوەندییەكای توركیا و ناتۆوە، پەیوەستە بە پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و ئەمریكا.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

سەدر بە چوار خاڵ عەبدولمەهدی ئاگاداردەكاتەوە

رابەری رەوتی سەدر، بە چوار خاڵ كە لەڕێی (تویتەر)ەوە بڵاویكردەوە، ...