سەرەکی » ئاراستە » نه‌بوونی هێماكانی‌ هاتوچۆ له‌ گونده‌كاندا

نه‌بوونی هێماكانی‌ هاتوچۆ له‌ گونده‌كاندا

رەوا محەمەد

وه‌ك زۆربه‌ی‌ ڕێگاوبانی شار و شارۆچكه‌كانیتر له‌ كوردستان، گوندنشینانیش ده‌ڵێن ڕێگاكانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ شار و گونده‌كان نیشانه‌كانی‌ هاتووچۆیان كه‌مه‌ یان هه‌ر نییه‌. وه‌ك ئه‌وان ده‌ڵێن زۆرجار نه‌بوونی ئه‌م هێمایانه‌ی‌ هاتووچۆ بووه‌ته‌ هۆی‌ ڕووداوی‌ دڵته‌زێن و ناخۆش.
ڕۆسته‌م والی كه‌ پیشه‌ی‌ شوانكاره‌یه‌ بۆ گوندستانی‌ نوێ دواو وتی : ڕێگاكانی‌ گونده‌كانیش پێویستیان به‌ هێما و تابلۆكانی‌ هاتووچۆ هه‌یه‌ وه‌ك شاره‌كان و پێویسته‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی‌ هاتووچۆ ئاوڕ له‌ ڕێگاو بانه‌كانیش بده‌نه‌وه‌ و خه‌م له‌م بابه‌ته‌ بخۆن.
ڕۆسته‌م هێمای‌ بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه‌، چه‌ند ڕۆژێك پێش ئێستا به‌بۆنه‌ی‌ نه‌بوونی هیچ هێمایه‌كی هاتووچۆ و نه‌شاره‌زایی شۆڤێرانه‌وه‌ ئۆتۆمۆبێلێك خۆی كردووه‌ به‌ناو ڕانه‌ مه‌ڕێكی گونده‌كه‌یاندا و ژماره‌یه‌كی زۆر مه‌ڕی‌ كوشتووه‌ و هیچ ڕێگایه‌كی قانونییش نییه‌ بیگرینه‌به‌ر دژی ئه‌و ڕووداوه‌. كه‌ ده‌چینه‌ لای‌ كه‌سێكیش بۆ ئه‌وه‌ی‌ خه‌مێك له‌ ڕێگاوبانه‌كان بخوات به‌ده‌م داواكه‌مانه‌وه‌ نایه‌ن و پشتگوێ ده‌خرێت.
ڕۆسته‌م ده‌ڵێت له‌به‌هاراندا گونده‌كان زۆر قه‌ره‌باڵغ و جه‌نجاڵن و زۆرجار ڕووداوه‌كانی‌ هاتووچۆ ڕوویداوه‌ و كاره‌ساتی دڵته‌زێنی لێكه‌وتووه‌ته‌ كه‌ ئێمه‌ وه‌ك گوندنشینان نزیكین له‌ ڕووداوه‌كه‌ و چوویین به‌هانای‌ لێقه‌وماوانه‌وه‌.
محه‌مه‌د حه‌مه‌ئه‌مین گوندنشین وتی : ئه‌م ڕێگایانه‌ی‌ ده‌كه‌ونه‌ گونده‌كانه‌وه‌ بۆ شۆڤێری نه‌شاره‌زا زۆر خراپ و مه‌ترسیداره‌ ئه‌گه‌ر خێرا لێبخوڕن. چاره‌سه‌ریش بۆ ڕوونه‌دانی‌ ڕووداوه‌كان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی‌ هاتوچۆ نیشانه‌كانی‌ ئاگاداركردنه‌وه‌ دابنێن تاكو شۆڤێران پێوه‌ی‌ پابه‌ند بن و به‌پێی ئه‌و ڕێنوێنیانه‌ لێبخوڕن.
محه‌مه‌د ڕایگه‌یاند : ئێستا وه‌ك جاران نه‌ماوه‌ كه‌ گوندنشینه‌كان به‌ وڵاغ و به‌پێ بێنه‌ شار و هاتوچۆ بكه‌ن، ئێستا ژیان له‌ گونده‌كان گۆڕاوه‌ و هه‌ر ماڵێكی گوندنشین زیاتر له‌ ئۆتۆمۆبێلێكی هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ كه‌ ڕێگای گونده‌كان قه‌ره‌باڵغ بێت، بۆیه‌ له‌م حاڵه‌یشدا ئه‌و ڕێگایانه‌ی‌ گونده‌كانی‌ ده‌كه‌وێته‌سه‌ر پێویستیان به‌ نیشانه‌كانی‌ هاتوچۆ و تاسه‌ی پلاستیكی هه‌یه‌.
محه‌مه‌د ده‌ڵێت: من خۆم شۆڤێرم و زۆرجار هه‌موو شۆڤێره‌كان له‌ناو گونده‌كانیشدا به‌ خێرایی زیاتر و زیاد له‌ پێویست لێده‌خوڕین، بۆیه‌ ده‌بینین كه‌ هاوڵاتیان خۆیان ناچارن تاسه‌ی‌ كۆنكرێتی دروست بكه‌ن یان ڕێگاكان ده‌بڕن بۆئه‌وه‌ی‌ شۆڤێران خێراییان كه‌م بكه‌نه‌وه‌.
كه‌ریم مه‌حمودی گوندنشینیش هێمای‌ بۆ ئه‌وه‌ كرد : گونده‌كان وه‌ك زۆر بواریتر له‌ خزمه‌تگوزاری‌ هاتوچۆیش بێبه‌شن و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی‌ هاتوچۆ خه‌مێك له‌و ڕووداوانه‌ ناخۆن كه‌ له‌ گونده‌كان ڕووده‌ده‌ن. چونكه‌ ئه‌گه‌ر تێبینیی بكه‌ین زۆرێكی ڕووداوه‌كانی‌ هاتوچۆ له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ناوه‌ندی شاره‌كان ڕووده‌ده‌ن.
كه‌ریم مه‌حمود بۆ گوندستانی‌ نوێ دواو وتی : ئه‌گه‌ر سه‌یری ئه‌و ڤیدیۆ ڕاهێنانانه‌ بكه‌ین كه‌ له‌ ئه‌وروپادا هه‌یه‌ بۆ فێربوونی شۆڤێری و سه‌یری ڕێگاوبانه‌كان بكه‌ین ده‌بینین كه‌ له‌ هه‌موو شوێنێكی پێویستدا هێما و تابلۆی تایبه‌ت دانراوه‌ بۆ شۆڤێران، به‌ڵام له‌ كوردستان ئه‌م بابه‌ته‌ پشتگوێ خراوه‌.
كه‌ریم وتیشی : ئێستا زۆربه‌ی‌ نوسینگه‌كانی‌ فێربوونی شۆڤێری بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌شێوه‌ی‌ كرداری‌ ئۆتۆمۆبێل بده‌ن به‌ده‌ست ئه‌و كه‌سانه‌وه‌ سه‌ره‌تای‌ فێربونیانه‌، ڕووده‌كه‌نه‌ ڕێگاكانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ شار، به‌ڵام ئه‌و ڕێگایانه‌یش هیچ مه‌رجێكی فێربوونی شۆڤێری له‌سه‌ر نییه‌ ، ئیدی نازانم ده‌بێت شۆڤێر چۆن فێر بكریچت و چی فێرده‌كرێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

له‌ ئاوایی‌ میره‌یی‌ – شاره‌دێی‌ سه‌نگاوین

حه‌سه‌ن مه‌لا له‌ گرد و چه‌م و ده‌شته‌ به‌پیته‌كانی‌ ناحیه‌ی‌ ...