م. عه‌لی
13
هه‌میشه لادێكان خانه‌خوێی شۆڕش و ماڵه جووتیاره‌كان دێوه‌خانی پێشمه‌رگه بوون، بۆیه لادێ و شۆڕش جمكانهی یه‌كتری بوون و لێكجیانهكراونهتهوە
دێیه‌كی خنجیلانه‌یه، ناوه‌كه‌ی له دوو وشه‌ی ته‌نگ به واتای وێكهاتوو به‌رانبه‌ر هه‌راو.. سه‌ر به واتای ژووروو، ناوه‌كه‌ی له‌وه‌وه هاتووه كه لهژووروویهوه چه‌ند تهنگێكی تیایه، له‌بنه‌ڕه‌تدا وه‌كو خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌ڵێن «سهنگیسهر»ه، به‌ڵام به ته‌نگیسه‌ر رۆیشتووه.. له ئێرانیش دێیه‌ك له ناوچه‌ی ژاوه‌رۆی هه‌ورامانی شارستانی پاوه به‌م ناوه‌وه هه‌یه گوایه كۆن خه‌ڵكه كۆنه‌كه‌ی ئێره له‌وێوه هاتوون.. دانیشتووانی ئه‌م دێیه جاف و گۆرانن، له‌پێش كردهڕههاتی ئه‌نفال نزیكه‌ی 80 ماڵ ده‌بوون، كه‌چی ئێستا ته‌نیا 12 ماڵ و چه‌ند بنهیهك ئێره‌یان ئاوه‌دانكردووه‌ته‌وه، ئه‌وانیتر له‌شاره‌كاندا ماونه‌ته‌وه.
ئه‌وانه‌ی ئێستا لهتهنگیسهردا ده‌ژین به كاروباری ئاژه‌ڵداریی و به‌كه‌میش به چاندنی دانه‌وێڵه‌وه سه‌رقاڵن كه نزیكه‌ی 4000 دۆنم زه‌وییان هه‌یه كه زۆربه‌ی به‌راوه و بامیه و ته‌ماته و مهرهزهش ده‌كه‌ن.
له ساڵی 1977دا كاره‌بای بۆ راكێشراوه، هه‌روه‌ها قوتابخانه‌یان بۆ دروستكراوه، رێگاوبانهكهی خۆڵ بووه، له‌دوای راپه‌ڕین و دروستبوونی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پرۆژه‌كانی ئاو و كاره‌با و بنكه‌ی ته‌ندروستیی و 2 قوتابخانه و جاده‌ی قیری بۆ كراوه.. به‌پێی هه‌ندێ زانیاریی ئه‌م دێیه‌ش شوێنهواریشی تیایه.
ته‌نگیسه‌ر له شوێنێكی سه‌ختدایه، له‌دوای هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شۆڕشی نوێ رێكخستنه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانی تێدادروستبووه و به‌تایبه‌تی بوونی شه‌هید ئارام هۆكارێكی گرنگه كه خه‌ڵكه‌كه‌ی پشتیوانێكی به‌په‌رۆش و په‌نایه‌كی به‌هێزی شۆڕشی نوێ بن، بگره هه‌ندێك له خه‌ڵكه‌كه‌ی بوونه‌ته پێشمه‌رگه و شه‌هیدیشیان هه‌یه، هه‌روه‌ها له‌دوای تێكچوونی گفتوگۆی ساڵی 1984 كۆمه‌ڵێك ماڵه پێشمه‌رگه‌ی تێداژیاوه و قهرهباڵغیشبووه، بۆیه زۆرجار دوژمنی به‌عس چ به هێزی جاش و سوپا و چ به كۆپته‌ر یان به تۆپهاوێشتن ده‌یانجار داویه‌تی له‌م دێیه و دانیشتووانه‌كه‌ی زیانیان پێگه‌یشتووه و له پرۆسه‌ی ئه‌نفالیشدا بۆ دواجار رووخێنراوه و ماڵه‌كانی تهختكراون و چه‌ند كه‌سێكیشیان به‌ر شاڵاوه‌كانی ئه‌نفالی به‌دناو كه‌وتوون، كه له‌گه‌ڵ ههزارانیتردا له پرۆسه‌یه‌كی كۆمه‌ڵكوژیدا قڕكران.
ته‌نگیسه‌ر به‌هۆی هه‌ڵوێستی خه‌ڵكه‌كه‌یه‌وه و وه‌كو شوێنێكی گرنگ بۆ حه‌وانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه هه‌میشه هێزه‌كانی دوژمن چ لهكێوماڵكردندا یان له‌لایه‌ن جاشه نیشتمانفرۆشهكانهوه هه‌میشه په‌لاماردراوه و شه‌ڕی تێداكراوه.
رۆژی 31/1/1978 گه‌له جاشێكی كوردفرۆش كه هه‌میشه مڵومووشیان به‌دوای پێشمه‌رگه‌دا ده‌كرد، ده‌چنه‌سه‌ر دێی ته‌نگیسه‌ر و ئابڵۆقهیدهدهن، ئه‌وڕۆژه هیچ پێشمه‌رگه‌یه‌ك لهناودێدا نابێ جگه‌له كاك ئارام (شاسوار جه‌لال)، كه له ماڵه جووتیارێكدا لایدابوو، ئه‌وڕۆژه له دێی گوڕبازهوه ده‌گاته ئه‌وێ، كه ماڵه‌كه ئاگاداریدهكهنهوه هێزێكی چه‌كداری دوژمن ئابڵۆقه‌ی دێیه‌كه‌یان داوه، ئیتر ئه‌ویش له دێ ده‌رده‌چێ.. دیاره كاك ئارام نه‌یویستووه زیان به ماڵی خانه‌خوێیه‌كه‌ی بگات و دانیشتووانی دێش تووشی ئازار ببن، ئه‌و ژیان و مانی خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌لاوه مه‌به‌ستبووه، بۆیه له دێ ده‌رده‌چێ و له ماڵه‌كان دوورده‌كه‌وێته‌وه، ئه‌گینا ئه‌گه‌ر ده‌رنه‌چوایه و له‌ماڵه‌كه‌دا خۆی حهشاربدایه له‌وانه‌یه هه‌ر تووشی هیچیش نه‌بوایه، كه له دێ دوورده‌كه‌وێته‌وه جاشه‌كان ده‌یبینن و بۆشیان ده‌رده‌كه‌وێ كه چه‌كی پێیه، به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانن كێیه.. خاكفرۆشێك ده‌كه‌وێته شوێنی و له‌دووره‌وه ته‌قه‌ی لێده‌كات و دهیپێكێ و شههێدیدهكات، كه ده‌چێته‌سه‌ری نایناسێته‌وه و واده‌زانێ سه‌ربازی راكردووه، به خه‌ڵكی دێیه‌كه ده‌ڵێ لهوخوارهوه كه‌سێكی كوشتووه بچن ته‌رمه‌كه‌ی بنێژن، خه‌ڵكه‌كه ده‌زانن ئه‌وه كاك ئارامه شه‌هیدكراوه، به‌ڵام قسه‌ناكه‌ن.. دوای رۆیشتنی هێزی جاشه‌كان خه‌ڵكی دێی ته‌نگیسه‌ر ده‌چن ته‌رمه‌كه‌ی بۆ ناو دێ ده‌هێننه‌وه و دوای شووشتنی به دڵی خه‌مباره‌وه ده‌یبه‌نه گۆڕستانی شێخ مسته‌فا و له‌وێ بهخاكیدهسپێرن.
به‌داخه‌وه شه‌هیدكردنی كاك ئارام زیانێكی زۆر گه‌وره‌ی له شۆڕشی نوێ و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و كۆمه‌ڵه‌ی ماركسی – لینینی «كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان» دا، كه كاریگه‌رێتی شه‌هیدبوونه‌كه‌ی تا رۆژگارێكی دوورودرێژ به ژیانی شۆڕشی نوێوه مایه‌وه، چونكه كاك ئارام داینه‌مۆی شۆڕشههڵگیرسان بوو، به بڕیاری ئه‌و یه‌كه‌م ده‌سته سه‌ره‌تاییه‌كانی خه‌باتی چه‌كداریی پێكهێنران و دواتر به رێنوێنیی ئه‌و گه‌یشتنه شاخ بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی پیلانه نگریسه‌كانی به‌عس و ته‌مبێكردنی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی به‌هۆی ئاشبهتاڵكردنی شۆڕشه‌وه له‌خۆبایی بووبوو، كه دوای ماوه‌یه‌ك خۆیشی گه‌یشته‌وه به‌وان و له ناوچه جیاجیاكاندا كه‌وته راپه‌ڕاندنی كاروباره‌كان و دواتر هاته ناوچه‌ی قه‌ره‌داغ و له‌وێوه خه‌ریكی پێوه‌ندیكردن بهناوچهكانیتر و راییكردنی كاروباره‌كان بوو.
هه‌روه‌ها رۆژی 3/4/1979 جاشه‌كانی زه‌ڕایه‌ن و جاشی عوسه‌ی هۆكل و بله دۆم هه‌ڵده‌كوتنه‌سه‌ر دێی ته‌نگیسه‌ر، كه ده‌سته‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی 5ی قه‌رده‌داغ له ده‌ره‌وه‌ی دێیه‌كه ده‌بن، له‌بری ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌كان بكه‌ونه‌ناو بۆسه‌ی مه‌رگی جاشه‌كانه‌وه، جاشه‌كان وهختێكیانزانی كهوتوونهتهبهر قه‌مچی قه‌ره‌وڵی تفه‌نگی پێشمه‌رگه‌كان، كه به‌پێی پلانێكی زیره‌كانه پێشمه‌رگه‌كان له‌خواره‌وه‌ی دێیه‌كه‌وه بۆیان هه‌ڵده‌گه‌ڕێنه‌وه و پهلاماریاندهدهن، ته‌قه له‌نێوان هه‌ردوولادا به‌رپاده‌بێ، پێشمه‌رگه نه‌به‌زه‌كان شێرئاسا لێیاندێنهدهست و كهپهزهیاندهكهن و له‌ئه‌نجامدا 7 جاش ده‌كوژرێت و 5 جاشیتریش بریندارده‌بن و پێشمه‌رگه‌كانیش ساغ و سه‌ركه‌وتووده‌بن.
لهتهنگیسهردا جگه‌له ئارامگای شه‌هید ئارام گۆڕی چه‌ند شههیدێكیتری تیایه، یه‌كێك له‌وانه گۆڕی شه‌هید خالید گه‌رمیانییه، كه له رۆژی 8/12/1980 له‌شه‌ڕێكدا له‌نێوان گونده‌كانی خاوێ و قازانقایهدا شههیددهبێ و ته‌رمه‌كه‌ی له‌پاڵ ئارامگای شه‌هید ئارام‌دا بهخاكدهسپێردرێ.
له‌م دێیه‌دا چه‌ندین كه‌س وه‌كو پزیشك و مامۆستای زانكۆ و مامۆستای ئاماده‌یی و سه‌ره‌تایی هه‌ڵكه‌وتوون و خزمه‌تی گه‌له‌كه‌یان ده‌كه‌ن.