سەرەکی » مانشێت » ئاسۆ مامەند: ماوەی دانانی پارێزگاری كەركوك 45 رۆژە

ئاسۆ مامەند: ماوەی دانانی پارێزگاری كەركوك 45 رۆژە

كەركوك، عومەر غەریب

ئاسۆ مامەند ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند: چاوەڕوان دەكەین لە رۆژانی داهاتوودا كۆبوونەوەیەك لەنێوان لیژنە هاوبەشەكەی یەكێتی و پارتی بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك لەگەڵ لیستی برایەتیی كەركوك بەڕێوەبچێت و پرسی دانانی پارێزگاری كەركوك تەوەرێكی ئەو كۆبوونەوەیە دەبێت.
ئاسۆ مامەند بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: بەپێی رێكەوتنی نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان ئەندازیار تەیب جەبار كاندیدی لیستی برایەتیی كەركوكە بۆ پارێزگاری كەركوك، بۆ ئەو مەبەستەش لە چوارچێوەی رێكەوتنەكەی نێوانماندا كە ئیمزاكراوە، 45 رۆژ وەك سەقفی زەمەنی بۆ دانانی پارێزگاری كەركوك دانراوە و هیوادارین رێكەوتنەكە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە. وتیشی: لە كەركوك لە بەردەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق و پڕۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانداین، بڕیارە هەردوو پڕۆسەكە لە ساڵی 2020دا بەڕێوەبچن، بۆیە بەپێویستی دەزانین پارێزگاری نوێی كەركوك بەزوویی دەستبەكار بێت.
لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی ئـــەنجــومـــەنی پارێزگاكانیشەوە، وتی: سەرنج و تێبینیمان لەسەر ناوەڕۆكی یاساكە هەیە، بۆیە داوا لە سەركردایەتیی كورد و هەموو لایەنەكان لە كوردستان و عیراقیش دەكەین كە پێداچوونەوە بەو یاسایەدا بكرێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*