گونسالو مانویل تاڤارس
له فارسییه‌وه: محه‌مه‌د كه‌ریم
دایكه‌كه، به ته‌نیا، به‌ڕێوه‌یه. سه‌ری نییه و به دوای سێ مناڵه‌كه‌یدا ده‌گه‌ڕێت. به حه‌وشه چۆڵه‌كه‌دا ده‌ڕوات. سه‌ری له لاشه‌ی جیابۆته‌وه رێچكه‌یه‌كی خوێن، رێچكه‌یه‌كی ژیانیی! له دوای خۆیه‌وه به‌جێده‌هێڵێت، تا ئه‌گه‌ر مناڵه‌كانی بیانه‌وێ بیدۆزنه‌وه. دایكه‌كه پێی خۆشه خۆی بیاندۆزێته‌وه به‌ڵام سه‌ری نییه، له‌به‌رئه‌وه ناتوانێ بیاندۆزێته‌وه.
دایكه‌كه، به بێسه‌ر حه‌وشه چۆڵه‌كه ده‌گه‌ڕێ. چه‌ند جووچكێك به هێواشی له‌سه‌ر رێی لاده‌چن. سه‌ربه‌رز ده‌كه‌نه‌وه و تێناگه‌ن ئه‌م به‌ژن و باڵایه‌ی له مرۆڤ ده‌چێت چییه. حه‌وشه چۆڵه‌كه گه‌وره‌یه و ئه‌م ژنه كه سه‌ری له لاشه‌ی جیابۆته‌وه هه‌روا هه‌نگاو به هه‌نگاو ده‌ڕوات و درێژه به رۆیشتنه‌كه‌ی ده‌دات. وه‌كو كه‌سێك كه به پارچه په‌ڕۆیه‌ك چاوی به‌سترابێته‌وه. رێك وه‌كو یاریی مناڵان. به‌ڵام ئه‌م ژنه چاوی نه‌به‌ستراوه‌ته‌وه، له راستیدا به ته‌ور سه‌ری له لاشه‌ی جیاكراوه‌ته‌وه. هه‌روا ده‌ڕوات و بانگی مناڵه‌كانی ده‌كات. «به‌ڵام چۆن ده‌توانێت هاوار بكات؟» له‌ناكاو، ون ده‌بێت. له جێگایه‌كدا كه بێگومان تووناو توونێكه ون ده‌بێت. به‌لای گه‌لێ ئاژه‌ڵی جیاجیادا تێپه‌ڕده‌بێت. وه‌كو بزهل، ره‌وه‌به‌راز، پۆله جووچك، ئهسپێكیش. دوو به‌راز خه‌ریكن جووت ده‌بن به‌ڵام ژنه بێسهرهكه نایانبینێ.
مناڵه‌كانیش ده‌چنه توونا و توونهكهوه و رێچكه‌ی خوێنی دایكیان ده‌گرنه‌به‌ر. دایكه‌ش ده‌زانێت ته‌نیا به یارمه‌تی ئه‌و دڵۆپه خوێنانه‌ی له گیانی دهچكێ ده‌توانێ دواتر له توونا و توونه‌كه بێته ده‌ره‌وه. له‌به‌رئه‌وه ده‌ترسێت خوێن له‌به‌ر رۆیشتنه‌كه‌ی زۆر بێت و به خێرایی… به‌ڵام ده‌زانێت به هیچ جۆرێ ناتوانێ به‌ر به‌خۆی بگرێت. جاربه‌جارێ ده‌ستی راستی له ملی ده‌دات، ده‌ست له‌و شوێنه ده‌دات كه سه‌ری بڕاوه و ده‌رپه‌ڕیوه، به وردی به‌ده‌ست هه‌ندێ خوێن ده‌پرژێنێته سه‌ر عه‌رده‌كه. بۆنه‌كه‌ی تیژ و ناخۆشه، دوایی ده‌توانێت به هۆی ئه‌و بۆنه‌وه رێگای گه‌ڕانه‌وه بدۆزێته‌وه. به‌ڵام سێ مناڵه‌كه‌ی كه به دوایدا ده‌گه‌ڕێن، هه‌روا كه بانگی ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ خۆیاندا دڵۆپه خوێنه‌كان ده‌سڕنه‌وه.
بچووكه‌كه‌یان كه له دوای دوانه‌كه‌ی تره‌وه‌یه ئه‌ركی ئه‌وه‌یه نه‌یه‌ڵێت كه‌مترین رێچكه خوێنی دایكی به عهردهكهوه بمێنێته‌وه. ئاخر گه‌وره‌كه‌یان گوتویه‌تی: ئه‌م پیس و پۆخڵییه چییه! مایه‌ی شه‌رم و خه‌جاڵه‌تییه. ناوهنجییهكهیان دووباره‌ی كردۆته‌وه: مایه‌ی شه‌رمه، مایه‌ی شه‌رمه.
بانگی دایكیان ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌و گوێی لێ نییه. سه‌ری نییه تا گوێی له شتێ بێت. «ئه‌گه‌رچی ئێمه‌ش نازانین چۆن به‌بێ سه‌ر هاوار ده‌كات!» هه‌روا ده‌ڕوات و بانگی مناڵه‌كانی ده‌كات، مناڵه‌كانی گوێیان له ده‌نگێتی و به دوای رێچكه خوێنه‌كه‌دا ده‌ڕۆن.
ده‌گه‌نه جێگایه‌ك كه ده‌نگی دایكیان زوڵاڵتر دێته گوێیان. هه‌رسێكیان راده‌كه‌ن. یه‌كه‌م گه‌وره‌كه‌یان، پاشان ناوهنجییهكه، دواتر بچووكه‌كه. له‌ناكاو دایك و مناڵه‌كان یه‌كتری ده‌دۆزنه‌وه. دایكه سه‌ری نییه، گه‌وره‌كه هاوار ده‌كات، ناوهنجییهكه ده‌گری، بچووكه ده‌له‌رزێت، دایكه، وێڕای ئه‌وه‌ی سه‌ری نییه هه‌وڵ ده‌دات ئارامیان بكاته‌وه. لێیان ده‌پرسێت له‌سه‌ر رێی خۆیان سه‌ری ئه‌ویان دیوه یان نا.
وه‌ڵام ده‌ده‌نه‌وه نه‌یاندیوه.
به‌ڵام ده‌یانه‌وێ بزانن چۆنچۆنی ئه‌و رووداوه روویداوه.
گه‌وره‌كه ده‌پرسێ: چۆن سه‌رت بڕا؟
ناوهنجییهكه ده‌پرسێ: كێ سه‌ری بڕیت؟
بچووكه‌كه ده‌پرسێت: بۆچی؟
دایكه وه‌ڵام ده‌داته‌وه:
به ته‌ور.
باوكتان بوو.
حه‌زی ده‌كرد ئیسراحه‌تتر له‌سه‌ر سیسه‌مه‌كه بخه‌وێت.
مناڵه‌كان چه‌ند ده‌قه‌یه‌ك بێده‌نگ داده‌نیشن. به‌ڵام دوایی، گه‌وره‌كه هاوار ده‌كات، ناوهنجییهكه ده‌گری، بچووكه‌كه ده‌له‌رزێت. ماوه‌یه‌ك ئاوا به‌رده‌وام ده‌بن تا له‌ناكاو رێك له‌سه‌ر توونا و توونهكهوه، ههورهگرمهیهك گرمه‌ی دێت و ههورهبروسكهیهكیش به دوایدا. هه‌موویان ده‌ترسێنێ. گرمه و بروسكه‌كه هه‌ردووكیان ترسناكن. هه‌موویان له ترسا بێده‌نگ ده‌بن و سه‌یری ئاسمان ده‌كه‌ن، دیاره دایكیشیان. به‌ڵام ته‌نیا ده‌توانێ پارچه‌یه‌ك له ملی كه به‌ساغی ماوه‌ته‌وه بهێنێته‌وه یه‌ك. دایكه هه‌لی ئه‌م بێده‌نگییه كاتییه ده‌قۆزێته‌وه و دووباره ده‌پرسێت:
سهرمتان نه‌دیوه؟
گه‌وره‌كه ده‌ڵێت: قه‌باره‌ی چه‌ند بوو؟
ناوهنجییهكه ده‌ڵێت: كێشی چه‌ند بوو؟
بچووكه‌كه ده‌ڵێت: چاوانی كرابوونه‌وه؟
دایكه ده‌ستی به‌رزده‌كاته‌وه بۆ سه‌رووی ملی و به ئاماژه قه‌باره‌ی ته‌واوی سه‌ری نیشان ده‌دات. ده‌ڵێت:
ئه‌وه‌نده بوو.
له حه‌وت كیلۆ زیاتر بوو.
و چاوانی كرابوونه‌وه.
ئه‌گه‌ر سه‌رم ئێوه ببینێ دهتانناسێتهوه. تكاتان لێده‌كه‌م بڕۆن بیدۆزنه‌وه.
هه‌رسێكیان خێرا راده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ره‌كه بدۆزنه‌وه. مناڵی یه‌كه‌م له هه‌مووان خێراتر راده‌كات ناوهنجییهكه هێواشتر و بچووكه‌كه له‌ویش هێواشتر. ناوهنجییهكه سه‌یری دوای خۆی ده‌كات، وابیرده‌كاته‌وه بگه‌ڕێته‌وه و لای دایكیان بمێنێته‌وه، به‌ڵام كاتێ ده‌بینێ برا بچووكه‌كه‌ی به‌دوایدا راده‌كات به‌رده‌وام ده‌بێت له راكردن.
بچووكه‌كه‌ش سه‌یری دوای خۆی ده‌كات و وابیرده‌كاته‌وه بگه‌ڕێته‌وه و لای دایكیان بمێنێته‌وه، به‌ڵام كاتێ ده‌بینێ دوو براكه‌ی هێشتا راده‌كه‌ن، ئه‌ویش به‌رده‌وام ده‌بێت. گه‌وره‌كه‌یان كه له پێش دوانه‌كه‌ی تره‌وه راده‌كات ده‌ڵێت: راكه‌ن بابڕۆین، راكه‌ن.
هه‌رسێكیان، سێ شه‌و و سێ رۆژ راده‌كه‌ن هه‌تا به‌یانی رۆژی چواره‌م رێك له كاتی خۆرهه‌ڵهاتندا خۆیان له‌به‌رده‌م سه‌ری دایكیاندا ده‌بیننه‌وه كه له حه‌وشه چۆڵه‌كه‌دا كه‌وتووه. ئیتر تووناو توونهكهیان به‌جێهێشتووه. خۆیان به سه‌ری دایكیان ده‌ناسێنن.
من كوڕه گه‌وره‌كه‌تم.
به‌ڵام دایكی نایناسێته‌وه.
من ناوهنجییهكهتم.
به‌ڵام دایكی ئه‌ویش ناناسێته‌وه.
من بچووكهكهتم.
دایكی ئه‌میش ناناسێته‌وه.
سه‌ری دایكه هیچیان ناناسێته‌وه. گه‌وره‌كه هاوار ده‌كات. ناوهنجییهكه ده‌گری و بچووكه‌كه‌ش ده‌له‌رزێ.
به‌ڵام دوای بێتاقه‌تی، تووڕه ده‌بن.
كوڕه‌كه گه‌وره‌كه جنێو به سه‌ری دایكیان ده‌دات، ناوهنجییهكه تفی لێده‌كات، بچووكه‌كه له‌قه‌ی لێده‌دات.
له‌وێ سه‌ره‌كه به‌جێده‌هێڵن، بڕیار ده‌ده‌ن بگه‌ڕێنه‌وه بۆ توونا و توونه‌كه و لای به‌ده‌نی بێسه‌ری دایكیان بن. ئه‌و به‌ده‌نه‌ی ئه‌وانی ناسییه‌وه.
به خێرایی خۆیان ده‌كه‌ن به توونا و توونهكهدا، به‌ڵام كه‌مێك دوای ئه‌وه خێراییه‌كه‌یان كه‌م ده‌كه‌نه‌وه.
گه‌وره‌كه ده‌ڵێت: لێره‌وه.
ناوهنجییهكه ئاماژه بۆ رێگایه‌كی دیكه ده‌كات و ده‌ڵێت: نه‌خێر لێره‌وه.
بچووكه‌كه ئاماژه بۆ رێگای سێیه‌م ده‌كات و ده‌ڵێت: لێره‌وه.
ناتوانن له‌وه تێبگه‌ن كام رێگایه‌یان راسته. خۆیان بێشه‌رمانه هه‌موو ئه‌و خوێنه‌یان سڕییه‌وه كه ده‌یبردنه‌وه بۆ لای دایكیان. ئێستا نازانن به‌ره‌و كام لا بڕۆن. هیچ شوێنه‌وارێك له‌سه‌ر عه‌رده‌كه نه‌ماوه.
ماوه‌یه‌ك مشت‌ومڕ ده‌كه‌ن پاشان هه‌ریه‌كه‌یان رێگای خۆی ده‌گرێته‌به‌ر.
هه‌رسێكیان بڕیار ده‌ده‌ن هه‌ر كامێكیان زووتر دایكیان دۆزییه‌وه هاوار بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی دوانه‌كه‌ی تر گوێیان لێبێت. دوانه‌كه‌ی تر به دوای ده‌نگه‌كه‌دا ده‌چن و دیسان پێكه‌وه كۆده‌بنه‌وه.
به‌م پێیه هه‌ریه‌كه‌یان به خێرایی رێگای خۆی ده‌گرێته‌به‌ر و بانگی دایكیان ده‌كات.
گه‌وره‌كه هاوار ده‌كات.
ناوهنجییهكه هاوار ده‌كات.
بچووكه‌كه هاوار ده‌كات.
گه‌وره‌كه به‌ده‌نی بێسه‌ری دایكی ده‌دۆزێته‌وه.
ئێستا دایكه به قورسی ده‌توانێ بڵمه بڵمێك بكات. من خوێنێكی زۆرم له‌به‌ر رۆیشتووه.
له سه‌ره‌مه‌رگدایه.
كوڕه گه‌وره هه‌وڵده‌دات هاوار بكات به‌ڵام ده‌نگی ده‌رنایه‌ت. ده‌نگی تاساوه. پێی باشه هه‌ر ئاوا بێت.
ئێستا به‌بێ ئه‌وه‌ی براكانی هه‌راسان بكات له لای جه‌سته‌ی دایكیانه‌وه به چۆكادێت كه له گیانه‌ڵادایه.
*گونسالو مانویل تاڤارس
*ئابی ساڵی 1970 له لواندا له ئه‌نگۆلا له دایكبووه.
*ساڵی 2001 یه‌كه‌م به‌رهه‌می بڵاوكردۆته‌وه.
*خه‌ڵاتی خوسێ ساراماگۆ و چه‌ند خه‌ڵاتێكی تری وه‌رگرتووه.
*پێنج كتێبی هه‌یه.
سه‌رچاوه: nebesht.com