سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » نازه‌نین جه‌وده‌ت: من عاشقی نووسینم ئه‌م عه‌شقه‌ شێتیم دوا ده‌خاتپەڕە 17

نازه‌نین جه‌وده‌ت: من عاشقی نووسینم ئه‌م عه‌شقه‌ شێتیم دوا ده‌خات

نازه‌نین جه‌وده‌ت ساڵی 1973 له‌ شه‌میران له‌ دایكبووه‌، ده‌رچووی به‌شی وه‌رگێڕانی ئینگلیزییه‌. شه‌ش به‌رهه‌می هه‌یه‌ دوو كۆمه‌ڵه‌چیرۆك و چوار رۆمان كه‌ ئه‌مانه‌ن: (1-درچشم سگ، له‌ چاوی سه‌گه‌وه‌، 2007 چیرۆك. در بیداری كابوس می بینم، له‌ بێداریدا كابوس ده‌بینم، 2008، چیرۆك. پروانه‌ها در برف می رقصند، په‌پووله‌كان له‌ به‌فرا سه‌ما ده‌كه‌ن، 2012، رۆمان. شوومان، شوومان، 2014 رۆمان. عقرب باد، میلی سه‌عاتی با، 2015. به‌ وقت بی نامی، به‌ كاتی بێ ناوی، 2018، رۆمان) له‌م دیداره‌دا نازه‌نین جه‌وده‌ت باسی رۆمانی ترسناك و چیرۆك و خوێنه‌ری رۆمان و چیرۆك ده‌كات.

له‌ فارسییه‌وه‌: محه‌مه‌د كه‌ریم

*خانمی جه‌وده‌ت: چی روویدا كه‌ رووت كرده‌ ژانری ترسناك، ئه‌و ژانره‌ی له‌ ئێران ته‌قریبه‌ن له‌ بیركراوه‌؟
-چ ئاماژه‌یه‌كی راست و دروستت كرد، ژانرێكی ته‌قریبه‌ن له‌ بیركراو له‌ ئێران. هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌م له‌بیركردنه‌ توانج نییه‌ له‌ خوێنه‌ر یان وه‌رگری ئه‌م ژانره‌، مه‌به‌ست له‌ نووسه‌ران و ده‌رهێنه‌رانی ئێرانییه‌ كه‌ بۆ په‌ره‌پێدانی ئه‌م ژانره‌ هیچ هه‌وڵێك ناده‌ن. ژانری ترسناك له‌ دنیادا چ له‌ ئه‌ده‌ب و چ له‌ سینه‌مادا خوێنه‌ر و وه‌رگرێكی زۆری هه‌یه‌. له‌ ئێرانیش ئاره‌زوومه‌ندانی ئه‌م ژانره‌ كه‌م نین و به‌ شه‌وق و زه‌وقه‌وه‌ چیرۆك و رۆمانه‌ ته‌رجه‌مه‌كراوه‌كان ده‌خوێننه‌وه‌ و فیلمه‌كانی هۆلیوود ده‌بینن. كه‌واته‌ وێڕای ئه‌م وه‌رگره‌ به‌دواداچووه‌ یان په‌یگیره‌ كه‌موكووڕیی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نووسه‌ران كه‌ حه‌ز و ئاره‌زوویان نییه‌ بۆ نووسینی ئه‌م جۆره‌ ژانره‌. له‌وانه‌یه‌ هۆكاری ئه‌وه‌ بێت له‌ ریزبه‌ندییدا ژانری ترسناك وه‌كو ژانرێكی بازاڕیی سه‌یری ده‌كرێ و نووسه‌رانی ئێمه‌ زیاتر وایان پێباشه‌ له‌ بواری ئه‌ده‌بیاتی رۆشنبیریدا ئیش بكه‌ن. سه‌باره‌ت به‌وه‌ی بۆچی من رووم كرده‌ ئه‌م ژانره‌، دوو فاكته‌ر هه‌بوون كه‌ من ژانری ترسناك بنووسم یه‌كه‌میان ترس بوو له‌ جنۆكه‌. هه‌وڵمدا به‌ تیرێك دوو نیشان بشكێنم و به‌ نووسینی رۆمانێك ئه‌م ترسه‌ له‌ دڵی خۆم ده‌ركه‌م و ئه‌م حاڵه‌ته‌ ده‌روونییه‌ بخه‌مه‌ ناو رۆمانه‌وه‌ و له‌ رۆمانه‌كه‌دا بێت و بچێت و بگوێزرێته‌وه‌ بۆ خوێنه‌ر. فاكته‌ری دووه‌میش پاش لێكۆڵینه‌وه‌ بوو سه‌باره‌ت به‌ رۆمانی «شوومان» و ئه‌م فاكته‌ره‌ زیاتر هانیدام و سوورتر بووم كه‌ به‌م ژانره‌ بنووسم، ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو كه‌ پێش من هیچ نووسه‌رێكی ژنی ئێرانی چیرۆكی درێژ یان رۆمانی به‌م ژانره‌ نه‌نووسیبوو. من له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ و پشكنینه‌كانمدا هیچ ده‌قێكی وام به‌رچاو نه‌كه‌وت. ئه‌مه‌ش لای من شه‌وق و زه‌وقی نووسینی رۆمانی (شوومان)ی كرد به‌ دوو ئه‌وه‌نده‌.

*ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م ژانره‌ نوێیه‌ «مه‌به‌ستی له‌ رۆمانی شوومان»ه‌ له‌ناو خوێنه‌ران و وه‌رگراندا چۆن بوو؟
-بێگومان ره‌نگدانه‌وه‌ی باشی هه‌بوو، بۆیه‌ به‌شی دووه‌میشیم به‌ ناوی «میلی سه‌عاتی با» نووسی و ئه‌گه‌ر به‌خت یار بێت به‌شی سێیه‌میش ده‌نووسم. هه‌م ره‌خنه‌ی پۆزه‌تیڤ و هه‌م ره‌خنه‌ی نێگه‌تیڤ هه‌بوون به‌ڵام تای ته‌رازووی پۆزه‌تیڤه‌كه‌ قورستر بوو، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ی نیشان ده‌دا كه‌ وه‌رگر ئه‌م ژانره‌ی خۆشده‌وێت. وه‌رگری ئاره‌زوومه‌ندی ژانری ترسناك بۆی سه‌لماندم به‌هۆی نه‌بوونی كتێبێكه‌وه‌ كه‌ به‌م ژانره‌ نووسرابێت و نووسه‌رێكی خۆمان نووسیبێتی، هه‌روه‌ها فلیمێك كه‌ له‌ ناوخۆی وڵاتدا به‌رهه‌م هێنرابێت، دوای ئیشه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌كه‌ون.

*له‌ بنچینه‌دا له‌ ئێران، ئیشكردن له‌ ئه‌ده‌بیاتی ترسناكدا قورسه‌. ئه‌و رێگرییانه‌ چین كه‌ دێنه‌ رێی نووسه‌ران كاتێ ده‌یانه‌وێ به‌م ژانره‌ بنووسن؟
-له‌ بنچینه‌دا له‌ ئێران ئیشكردن له‌ ئه‌ده‌بدا قورسه‌ چ ئه‌وه‌ی بگات به‌ ژانری ترسناك كه‌ هێشتا نه‌كه‌وتۆته‌ سه‌رپێ و نوێیه‌. ئه‌م ترسه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ئیشكرنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ مندا بوو. ئیشكردن له‌ لقێكی ئه‌ده‌بدا كه‌ هێشتا باش ره‌گی دانه‌كوتاوه‌ و منێك كه‌ ده‌مه‌وێت به‌م ژانره‌ بنووسم، نازانم ئیشه‌كه‌م له‌ لایه‌ن خوێنه‌رانه‌وه‌ په‌سه‌ند ده‌كرێت یان ره‌تده‌كرێته‌وه‌. ژماره‌ی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ دیارانه‌ی نووسه‌رانی ئێرانی له‌م بواره‌دا نووسیویانه‌ ناگاته‌ ژماره‌ی په‌نجه‌كانی دوو ده‌ست، ئه‌م ترسه‌ لای من بوو به‌ دوو ئه‌وه‌نده‌. ئاشكرایه‌ بڕیارم دابوو به‌ پێچه‌وانه‌ی شه‌پۆلی ده‌ریاوه‌ مه‌له‌ بكه‌م و ئه‌مه‌ش هێدمه‌یه‌كی كه‌م نه‌بوو. به‌ڵام به‌سه‌ر ترسه‌كه‌مدا زاڵ بووم چونكه‌ له‌و باوه‌ڕه‌دا بووم ئیشه‌كه‌م به‌های ئه‌وه‌ی هه‌یه‌. ده‌ستم لێبه‌رنه‌دا و هه‌تا ئه‌و شوێنه‌ی له‌ توانامدا بوو له‌م بواره‌دا لێكۆڵینه‌وه‌م كرد و له‌سه‌ر خورافه‌ و بیروباوه‌ڕی خه‌ڵك سه‌باره‌ت به‌ جنۆكه‌ وه‌ستام و هه‌ر كتێبێك یان هه‌ر بابه‌تێكم له‌م بواره‌دا به‌ده‌ست گه‌یشت خوێندمه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و شتانه‌یان لێ ده‌ربێنم كه‌ ده‌مه‌ویست. هه‌روه‌ها ژانری « سه‌رده‌می گۆسیك» هه‌میشه‌ بابه‌تی عاشقانه‌ و نمایشی دیمه‌نی ئیرۆتیكی تێدایه‌ و ده‌بوو ئه‌م به‌شه‌ ده‌بێت له‌ رۆمانه‌كه‌ی مندا لاببرایه‌ و پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌م بۆشاییه‌ش ئیشێكی ئاسان نه‌بوو.

*سه‌باره‌ت به‌و خه‌ڵاته‌ ئه‌ده‌بییانه‌ی له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌كانت وه‌رت گرتووه‌ چی ده‌ڵێی؟
-بیه‌ڵه‌ سه‌ره‌تا سه‌باره‌ت به‌ ئاماده‌بوونم له‌و خه‌ڵاته‌ ئه‌ده‌بییانه‌دا قسه‌ بكه‌م، به‌لای زۆر كه‌سه‌وه‌ پرسیاره‌ كه‌ منی چیرۆكنووس و رۆماننووس سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی چه‌ند كتێبێكم هه‌یه‌ له‌و فێستیڤاڵه‌ ئه‌ده‌بییانه‌دا به‌شداری ده‌كه‌م. دوای نووسینی رۆمانی یه‌كه‌مم، بڕیارمدا له‌سه‌ر رۆماننووسین به‌رده‌وام بم و به‌ ناچاری له‌ كورته‌چیرۆك دووركه‌وتمه‌وه‌. ده‌ڵێم به‌ ناچاری له‌به‌رئه‌وه‌ی هێشتا حه‌زم له‌ نووسین بوو له‌و بواره‌دا به‌ڵام رۆمان و رۆماننووسین ئیشێكه‌ كاتت زۆر ده‌بات و گیرۆده‌ت ده‌كات. پاڵنه‌ری نووسینی كورته‌چیرۆك به‌ درێژایی پرۆسه‌ی رۆماننووسینم، ئه‌و خه‌ڵاتانه‌ی بۆ په‌یداكردم كه‌ باست كرد. كاتێ بانگهێشتی فێستیڤاڵه‌ ئه‌ده‌بییه‌كه‌م ده‌بینی و حه‌زم له‌ بابه‌ته‌كه‌ی بوو سوودم له‌و ده‌رفه‌ته‌ وه‌رده‌گرت و له‌ كاتی نووسینی رۆمانه‌كه‌م و گیرۆده‌بوون به‌ ده‌ست كاره‌كته‌ره‌كانییه‌وه‌، كورته‌چیرۆكێكم ده‌نووسی و دوای پێداچوونه‌وه‌ ده‌منارد بۆ فێستیڤاڵ و خه‌ڵاتی وه‌رده‌گرت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا من زۆر حه‌زم له‌ خه‌ڵات وه‌رگرتنه‌. هه‌ستێكی خۆشه‌ كه‌ چیرۆكه‌كه‌ت مایه‌ی سه‌رنجی داوه‌ران و ره‌خنه‌گران بێت و باوه‌ڕ بكه‌یت كه‌ به‌ به‌باشی ئیشی خۆت ده‌كه‌یت. به‌ڵام ئه‌و خه‌ڵاتانه‌ی له‌م ساڵانه‌ی دواییدا وه‌رمگرتووه‌: خه‌ڵاتی تایبه‌تی «بورجی میلاد» ی یه‌كه‌م خولی خه‌ڵاتی چیرۆكی تاران بۆ چیرۆكی «پنج+یك خرده‌ روایت از تهران»، خه‌ڵاتی دووه‌م خولی چیرۆكی تاران بۆ چیرۆكی «از دوغ اراج تا ایسی مانكی پیناكولادا»، خه‌ڵاتی دووه‌می كورته‌چیرۆكی (پایداری) بۆ چیرۆكی «جایزه‌»، خه‌ڵاتی رێزلێنان بۆ چیرۆكی «نوبت كیه‌»، خه‌ڵاتی ئه‌ده‌بی چیرۆكی باشوور بۆ چیرۆكی «ملمداس».

*دواخستن و دروستكردنی گومان له‌ ژانری ترسناكدا، له‌ خاسیه‌ته‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌م شێوازه‌یه‌. تۆ چۆن ترس و گومان ده‌خه‌یته‌ ناو تێكسته‌كه‌وه‌ و ده‌یخه‌یته‌ كوێی تێكسته‌كه‌وه‌؟
-هه‌روه‌كو ئاماژه‌ت بۆ كرد دروستكردنی ترس و گومان له‌ خاسیه‌ته‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌م جۆره‌ ژانره‌یه‌، له‌ ده‌قی ترسناكدا ده‌بێت ترس له‌ هاتوچۆدا بێت. به‌جیا له‌ دواخستن یان ئه‌و گرێیانه‌ی كه‌ له‌ رۆمانه‌كه‌دا هه‌ن كه‌ وا له‌ خوێنه‌ر ده‌كه‌ن له‌سه‌ر خوێندنه‌وه‌ی رۆمانه‌كه‌ به‌رده‌وام بێت و بكه‌وێته‌ ناو رووداوه‌كانه‌وه‌، ترس ده‌بێت له‌ناو رسته‌كاندا جێی خۆی بكاته‌وه‌، خۆی له‌ نێوانی دیالۆگه‌كان بئاڵێنێ و فه‌زای رۆمانه‌كه‌ بگرێته‌ خۆی، بێگومان ئه‌م ره‌وته‌ ده‌بێت له‌ دێڕه‌كانی سه‌ره‌تاوه‌ ده‌ستپێبكات كه‌ سه‌باره‌ت به‌ رۆمانی شوومان ئه‌مه‌ روویداوه‌ و له‌ دیالۆگی یه‌كه‌می رۆمانه‌كه‌وه‌ فۆرمه‌ڵه‌ بووه‌ كه‌ له‌ نێوان «حوریا» و شۆفێره‌كه‌دایه‌، گومان و ترسم خستۆته‌ ناو فه‌زای شوومان-ه‌وه‌ و ترسی مرۆڤه‌كانی ئه‌و گونده‌م خستۆته‌ ناو رۆمانه‌كه‌وه‌. سه‌باره‌ت به‌ رۆمانی (عقرب باد-میلی سه‌عاتی با) مه‌سه‌له‌كه‌ كه‌مێك جیاوازه‌، چونكه‌ میلی سه‌عاتی با ژانرێكی فه‌نتازییه‌.

*چۆن بوو له‌ كورته‌چیرۆكه‌وه‌ به‌ره‌و رۆمان چوویت؟ ئایا هێشتا كورته‌چیرۆك ده‌نووسیت؟
-من له‌و رۆژه‌وه‌ كه‌ ده‌ستم به‌ نووسینی كورته‌چیرۆك كرد، خه‌یاڵی نووسینی رۆمانی»پروانه‌ها در برف می رقصند-په‌پووله‌كان له‌ به‌فرا سه‌ما ده‌كه‌ن» و ئه‌و فه‌زایه‌ی پاش جه‌نگم له‌سه‌ردا بوو. پاش نووسینی ژماره‌یه‌كی زۆر كورته‌چیرۆك و كۆكردنه‌وه‌ی باشترینه‌كانیان كه‌ ئه‌گه‌ری وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی چاپیان زۆرتر بوو، به‌ دوو كۆمه‌ڵه‌چیرۆك چاپم كردن و پاشان چوومه‌وه‌ به‌لای ئه‌و بیرۆكه‌یه‌دا كه‌ ساڵه‌ها بوو مێشكمی سه‌رقاڵ كردبوو. دوای نووسینی رۆمانی «په‌پووله‌كان له‌ به‌فرا سه‌ما ده‌كه‌ن» هه‌ستێكی زۆر خۆشم هه‌بوو. ده‌تگوت له‌ فه‌زایه‌كی ته‌نگدام به‌رده‌وام هه‌وڵم ده‌دا ئاگام لێبێت رۆمانه‌كه‌ تووشی درێژدادڕی نه‌بێت، فڕێدان و لابردن روونه‌دات و كورتی و پوختی بپارێزرێت، داوه‌ت كرابووم بۆ ده‌شتێكی گه‌وره‌ و كه‌ ئازاد و سه‌ربه‌ست به‌ هه‌رلایه‌كدا بمویستایه‌ ده‌ڕۆیشتم و هه‌رچی دڵه‌ ته‌نگه‌كه‌م ده‌یویست ده‌منووسی. هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌مه‌ زیاده‌ڕه‌وییه‌ چونكه‌ رۆماننووسین هه‌م بنه‌ما و هه‌م پره‌نسپی خۆی هه‌یه‌، به‌ڵام به‌ مانای راسته‌قینه‌ له‌زه‌تی ژیانم له‌ فه‌زای رۆمانه‌كه‌ و نزیكی له‌ كاره‌كته‌ره‌كانی رۆمانه‌كه‌وه‌ بینی كه‌ ئه‌زموونێكی نایاب بوو. فه‌زای رۆمانی «په‌پووله‌كان له‌ به‌فرا سه‌ما ده‌كه‌ن» جارێكی دیكه‌ منی گێڕابووه‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می مناڵیم و رۆژانی ناخۆش و جه‌نگ. ئه‌مجاره‌ چه‌شتنی ئه‌و تاڵییه‌ زۆر چێژبه‌خش بوو. سه‌رقاڵیی و چێژی نووسینی رۆمانه‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ قووڵ بوو كه‌ خۆمم لێ بێبه‌ش نه‌كرد و پاشان له‌ نووسینی «په‌پووله‌كان له‌ به‌فرا سه‌ما ده‌كه‌ن» و»شوومان» و «میلی سه‌عاتی با»دا چێشتم. ئه‌وه‌ش كه‌ هه‌تا ئێستا كورته‌چیرۆك ده‌نووسم له‌ پرسیاری پێشوودا وه‌ڵامم دایه‌وه‌.

*خانمی جه‌وده‌ت، به‌ رای تۆ بۆچی له‌ ئێران خوێنه‌ر یان وه‌رگری كورته‌چیرۆك له‌ هی چیرۆكی درێژ و رۆمان كه‌متره‌؟
-خوێنه‌ر و وه‌رگری رۆمان له‌ هه‌موو جێگایه‌كی دنیادا له‌ هی كورته‌چیرۆك زیاتره‌. هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خه‌ڵك به‌گشتی كه‌ توێژی خوێنه‌ران پێكده‌هێنن، چیرۆكی درێژ و رۆمانیان پێ خوشتره‌ له‌ كورته‌چیرۆك. له‌ ئێرانیش ئه‌م بابه‌ته‌ راسته‌. كورته‌چیرۆك زیاتر سه‌رنجی خوێنه‌ری تایبه‌تی ئه‌ده‌ب و توێژی رۆشنبیران و ره‌خنه‌گری ئه‌ده‌ب راده‌كێشێت.

*ئه‌گه‌ر ئیشێكی تازه‌ت به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌ وه‌كو نووسین یان چاپكردن بۆم باس بكه‌.
-رۆمانی «به‌ وقت بی نامی- به‌ كاتی بێناوی» تازه‌ چاپ و بڵاوكراوه‌ته‌وه‌. دوای دوو سێ مانگ وه‌ستان ئێستا سه‌رقاڵی لێكۆڵینه‌وه‌م بۆ رۆمانی دواترم.

*دوا قسه‌ت چییه‌ بۆ ئه‌م دیداره‌؟
-دوا قسه‌م ئه‌وه‌یه‌ من عاشقی نووسینم و ئه‌م عه‌شقه‌ شێتیم دوا ده‌خات، بۆ دواخستنی ئه‌م شێتییه‌ هه‌میشه‌ له‌ ده‌وری چیرۆك و گێڕانه‌وه‌ پیاسه‌ ده‌كه‌م. نووسین زه‌كاتی ژیانی منه‌.

سه‌رچاوه‌ honarland.ir

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*