سەرەکی » وەرزش » مۆندیالی بێ لانه‌كان، به‌كارهێنانی تۆپی پێ بۆ گۆڕینی ژیان

مۆندیالی بێ لانه‌كان، به‌كارهێنانی تۆپی پێ بۆ گۆڕینی ژیان

ركابه‌ریه‌كانی یارییه‌كانی شه‌شه‌م مۆندیالی بێ لانه‌كان كه‌ تایبه‌ته‌ به‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ بێ ماڵ و حاڵن و له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن له‌ شاری كاردیف كۆتایی هات و مه‌كسیك له‌ كوڕان و كچان پله‌ی یه‌كه‌می به‌ده‌ستهێنا.
ئه‌م مۆندیاله‌ بۆ یه‌كه‌م جار چه‌ند ساڵێك به‌ر له‌ ئێستا به‌ڕێوه‌چوو كه‌ مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی لێی گه‌یاندنی خه‌می كه‌سانی بێ لانه‌بوو به‌سه‌رتاسه‌ری جیهان.
یه‌كێكی تر له‌ ئامانجه‌كانی ئه‌م پاڵه‌وانێتییه‌ وشیاركردنه‌وه‌ی‌ خه‌ڵكه‌ له‌ كێشه‌كانی كه‌سانی بێ لانه‌ و هاندانیانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ یارمه‌تیان بده‌ن كه‌ یه‌كێك له‌ په‌یامه‌كانی پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ بریتیه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌سانی بێ لانه‌ش مرۆڤن و ئاره‌زویان له‌وه‌یه‌ ژیانێكی ئاسایی بژین.
كاتێك پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ش به‌ڕێوه‌چوو ئامانج لێی رزگاركردنی چه‌ند كه‌سێكی بێ لانه‌ بوو له‌و دۆخی تیایدان به‌تایبه‌ت كه‌ ئه‌ندامانی ئه‌و تیپه‌ی ده‌بێته‌ براوه‌ی‌ مۆندیال له‌ ژیانی بێ لانه‌یی رزگاری ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌وانی تر ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ سه‌ر ژیانی رۆژانه‌ی‌ خۆیان.
وه‌كو هه‌نگاوێكیش بۆ گۆڕینی ژیانی ئه‌و كه‌سانه‌ له‌ ماوه‌ی‌ پاڵه‌وانێتییه‌كه‌دا چه‌ندین سیمینار به‌ڕێوه‌ده‌چێت كه‌ كه‌سانی شاره‌زا له‌ بواره‌ جیاجیاكانی ژیان وانه‌ به‌ سه‌رجه‌م یاریزانه‌كان ده‌ڵێنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بتوانن خۆیان له‌ ژیانی بێ لانه‌یی رزگاربكه‌ن به‌تایبه‌ت كه‌ چه‌ند وانه‌یه‌كیان له‌سه‌ر شێوازی ده‌سكه‌وتنی كار پێده‌وترێته‌وه‌.
شاری كاردیفی پایته‌ختی وێڵز ئه‌مساڵ میوانداری شه‌شه‌مین مۆندیالی بێ لانه‌كانی كرد كه‌ ناوبانگی زۆری په‌یدا كردوه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ 44 تیپی كوڕان به‌شداریان كردو ركابه‌ریان له‌سه‌ر 6 جام ده‌كرد به‌پێی ئاستی تیپه‌كان.
له‌ كچانیشدا به‌و پێیه‌كه‌ی‌ كچانی بێ لانه‌ ژماره‌یان كه‌متره‌ ته‌نها 16 هه‌ڵبژارده‌ به‌شداریان كرد كه‌ ركابه‌ریه‌كان له‌سه‌ر 2 جام ده‌كرد و كرابوون به‌ 2 به‌شه‌وه‌.
مه‌رجی سه‌ره‌كی بۆ به‌شداری كردن له‌ پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ بریتیه‌وه‌ له‌وه‌ی‌ یاریزانان ده‌بێت بێ لانه‌بن بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ده‌بێت به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ 2 ساڵ پێش به‌ڕێوه‌چوونی مۆندیال ئه‌و یاریزانه‌ له‌سه‌ر شه‌قام ژیانی به‌سه‌ر بردبێت.
جیاواز له‌ پاڵه‌وانێتییه‌كانی تری تۆپی پێ له‌ مۆندیالی بێ لانه‌كان ده‌بێت سه‌رجه‌م تیپه‌كان پله‌كانیان بزانرێت له‌یه‌كه‌وه‌ تا ئه‌و هه‌ڵبژارده‌یه‌ی پله‌ی 44 به‌ده‌ست ده‌هێنێت.
له‌ رۆژی كۆتایی پاڵه‌وانێتییه‌كه‌شدا چه‌ندین یاری به‌ڕێوه‌چوون كه‌ هه‌ڵبژارده‌ی‌ فینله‌ندا به‌ بردنه‌وه‌ی‌ له‌ پاكستان پله‌ی 41ی به‌ده‌ستهێنا.
هه‌ڵبژارده‌ی‌ كرواتیاش به‌ بردنه‌وه‌ی‌ له‌ سوید به‌ 6 گۆڵ به‌رامبه‌ر به‌ 4 گۆڵ جامی لیولینی برده‌وه‌و پله‌ی 33ی به‌ده‌ستهێنا.
له‌ یارییه‌كی تردا هیندستان توانی ئه‌ڵ/انیا دووچاری شكست بكات و جامی دراگۆن بباته‌وه‌ كه‌ بووه‌ خاوه‌نی پله‌ی 15ه‌م.
هه‌ڵبژارده‌ی‌ بێ لانه‌كانی ئیرله‌نداش به‌ بردنه‌وه‌ له‌ هه‌نگاریا پله‌ی 17یه‌م و جامی گلیندوریان برده‌وه‌.
له‌ كچانیش جامی سه‌لتیكیش بۆ هه‌ڵبژارده‌ی‌ ئه‌مریكا بوو كه‌ توانی پله‌ی نۆیه‌م به‌ده‌ست بهێنێت ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وی‌ له‌ نه‌رویژی برده‌وه‌.
دیارترین ركابه‌ریش له‌سه‌ر بوون به‌ پاڵه‌وانی شه‌شه‌م مۆندیالی بێ لانه‌كان بوو كه‌ له‌ كوڕان هه‌ڵبژارده‌ی‌ مه‌كسیك له‌ یاری كۆتایی روبه‌ڕوی چیلی بۆوه‌.
دوای ئه‌وه‌ی‌ گێمی یه‌كه‌م هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌ به‌ گۆڵێك یه‌كسانبوون مه‌كسیكیه‌كان له‌ گێمی دووه‌م به‌ته‌واوی كۆنتڕۆڵی یارییه‌كه‌یان كردو توانیان 5 به‌ 1 براوه‌بن.
له‌ ئاستی كچانیش یاری كۆتایی له‌نێوان هه‌ڵبژارده‌ی مه‌كسیك و پیرۆ بوو كه‌ مه‌كسیكیه‌كان هه‌ر گێمه‌و 3 گۆڵیان كردو به‌هۆیه‌وه‌ به‌ 6 گۆڵی بێ به‌رامبه‌ر براوه‌بوون و جامه‌كه‌یان به‌رز كرده‌وه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

پاڵه‌وانێتی ساڵانه‌ی‌ بیاسلۆن بۆ تانك له‌ روسیا به‌ڕێوه‌چوو

پاڵه‌وانێتی ساڵانه‌ی‌ بیاسلۆن بۆ تانك له‌ روسیا به‌ڕێوه‌چوو كه‌ بووه‌ ...