سەرەکی » هەواڵ » ئەنجومەنی وەزیران چەند پرسێكی گرنگی تاوتوێكرد و بڕیاری پێویستی لەبارەوە دا

ئەنجومەنی وەزیران چەند پرسێكی گرنگی تاوتوێكرد و بڕیاری پێویستی لەبارەوە دا

دوێنێ، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتیی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت‌و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كۆبۆوەو چەند بڕیارێكی دەركرد.
لەسەرەتای كۆبوونەوەكەدا، سەرۆكی حكومەت، ئاماژەیكرد بەبڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی ژمارە (71/2019) لەڕۆژی 28/7/2019 تایبەت بەراڤەكردنی ماددەی (140)ی دەستوور‌و بڕیاردرا بەزیندوومانەوەی ماددەی ئاماژەپێكراو. لەوبارەیەشەوە بڕیاری پێكهێنانی لیژنەیەكی تایبەت لەئەنجومەنی وەزیران درا بەهەماهەنگی لەگەڵ دەستەی گشتیی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان بۆ بەدواداچوون‌و گفتوگۆكردن لەگەڵ بەغدا بۆ دانانی رێكارەكانی جێبەجێكردنی ماددەی 140 بەپێی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی.
لەبەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، گفتوگۆكرا لەبارەی داڕشتنی میكانیزمێكی پێویست بۆ جێبەجێكردنی بڕگەی هەشتەم لەبەشی چاكسازیی لەهێڵە گشتییەكانی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم تایبەت بەچاكسازی لەسیستمی باج، كە بەجۆرێك بێت دادپەروەریی لەوەرگرتنی باج هەبێت‌و هەموو رێكارێكی یاسایی و كارگێڕییش بگیرێتەبەر بۆ رێگەگرتن لەخۆدزینەوە لە باج. هەروەها جەختی لەسەر گرنگیی باج كرایەوە كە پێویستە هەموو ئەو لایەن‌و كەس‌و كۆمپانیایانەی قەرزاری حكومەتن‌و باجیان لەسەرە، بەشێوەیەكی یاسایی لێیانوەربگیرێت، جگەلەوەش وەرگرتنی باج لەناوخۆی هەرێمدا لەڕووی یاسایی‌و كارگێڕییەوە، رێكبخرێتەوە بەشێوەیەك دادپەروەریی لە باجداندا هەبێت‌و ئاستی بژێوی‌و داهاتی تاك لەبەرچاوبگیرێت‌و ئەو یاسایانەش هەمواربكرێنەوە، كە لەوبارەیەوە رێگرن.
ئاماژەكردن بەپێداچوونەوە بەلیستی ئەو كەسانەی بەناوی كەمئەندام‌و خاوەن پێداویستی تایبەت تۆماركراون‌و سوودمەندبوون لەتۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا بوو، لەوبارەیەوە هاوتەریب لەگەڵ پرۆسەی پێداچوونەوە، بڕیاری گەڕاندنەوەی مووچەی زیاتر لە 13 هەزار كەمئەندام‌و خاوەن پێداویستی تایبەتی درا.
لەكۆتاییشدا، چەند بابەتێكی پەیوەندیدار بەكاروباری فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە تاوتوێكران. هەروەك هەردوو وەزارەتی ناوخۆو شارەوانی‌و گەشتوگوزارو وەزارەتە پەیوەندیدارەكان راسپێردران پێشوازی‌و ئاسانكاریی پێویست بۆ گەشتیاران بكەن، كە بەبۆنەی جەژنەوە سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

حاكم قادر:كۆنگرەیەكی سەركەوتوو بۆ گەشەپێدان و نوێبوونەوەی یەكێتی

شوان كەریم هەموو پێكەوە بەهەستكردن بەبەرپرسیارێتی مێژوویی، بۆ ئاسوودەبوونی رۆحی ...