سەرەکی » وتار » سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌ » هه‌ڵبژاردنێكی ته‌ندروست بۆ رۆژئاوا…

دیداری شام

هه‌ڵبژاردنێكی ته‌ندروست بۆ رۆژئاوا…

هه‌ڵبژاردنێكی ته‌ندروست بۆ رۆژئاوا، گره‌نتی پـشتیوانیی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كات

به‌شی هه‌ژده‌

دروشمی سه‌ره‌كی په‌یه‌ده‌ له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵی رابردوو بریتی بووه‌ له‌ (برایه‌تی گه‌لان و گه‌لانی دیموكراتخواز) جگه‌ له‌ خۆ به‌دورگرتن له‌ ناوهێنانی كوردستان له‌گوتاره‌كانیان و هاوكات خۆیان به‌دورگرتوه‌ له‌به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ ئاڵای كوردستان و هیچ دامه‌زراوه‌یه‌كی ره‌سمیی و ناڕه‌سمیشیان به‌ناوی كوردستانه‌وه‌ نه‌كردووه‌. له‌پاڵ ئه‌مانه‌، هه‌وڵیانداوه‌ له‌ زۆربه‌ی‌ هه‌ره‌زۆری دامه‌زراوه‌ ره‌سمییه‌كان و به‌شێك له‌دامه‌زراوه‌ ناڕه‌سمییه‌كان هاو سه‌رۆكه‌كان عه‌ره‌ب بن. هه‌ر له‌هاوسه‌رۆكی هه‌رێمه‌كه‌وه‌ بگره‌ تا هاوسه‌رۆكی حكومه‌ت و په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی سوریای دیموكرات و هێزه‌كانی سوریای دیموكرات و ..تد.
سه‌رباری‌ ئه‌و هه‌وڵانه‌ی‌ په‌یه‌ده‌ بۆ ره‌خساندنی پێشاندانی زه‌مینه‌ی‌ به‌یه‌كه‌وه‌ كاركردن و به‌شداریپێكردنی نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ به‌تایبه‌ت عه‌ره‌ب له‌ئیشوكارو به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رێمه‌كه‌، به‌ڵام كێشه‌ی‌ زۆر له‌وباره‌وه‌ هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت به‌شێك له‌و كێشانه‌ی‌ په‌یوه‌ندی به‌به‌شداریكردنی نه‌ته‌وه‌و پێكهاته‌كانی دیكه‌وه‌ هه‌یه‌، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ تێگه‌یشتن و عه‌قلیه‌تی په‌یه‌ده‌ له‌حوكمڕانیی رۆژئاوای كوردستان.
دیارترین ئه‌و كێشه‌یه‌ی‌ هه‌یه‌ بریتیه‌ له‌وه‌ی‌ په‌یه‌ده‌ هێزێكی رادیكاڵی چه‌كدارییه‌، له‌دوای‌ روداوه‌كانی 2011 هه‌زاران شه‌هیدو قوربانیانداوه‌ له‌ هێزه‌كانی یه‌په‌گه‌، بۆیه‌ ئاسان نییه‌ بتوانن به‌شداری به‌لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی دیكه‌ بكه‌ن له‌حوكمڕانیی، ئینجا چجای به‌شداریپێكردنی نه‌ته‌وه‌و گروپه‌كانی دیكه‌.
سروشتی گروپی رادیكاڵ و ئه‌و حزبانه‌ی‌ له‌ڕێی‌ خه‌باتی چه‌كدارییه‌وه‌ ده‌سه‌ڵات ده‌گرنه‌ ده‌ست، هه‌میشه‌ له‌بیركردنه‌وه‌دا ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ئیستحقاقی قوربانیدانی شۆڕشگێڕیی، ئه‌م كێشه‌یه‌ ته‌نها په‌یه‌ده‌ نییه‌تی، به‌ڵكو له‌باشوری كوردستانیش هه‌مان گرفت هه‌یه‌! بۆیه‌ ئه‌گه‌ر به‌شداریپێكردنێكی عه‌ره‌ب هه‌بێت له‌ رۆژئاوای كوردستان، به‌شداریپێكردنه‌كه‌ ئه‌گه‌ر له‌رووی ژماره‌یشه‌وه‌ یه‌كسان بێت، ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه‌ له‌مه‌سه‌له‌ی‌ ده‌سه‌ڵات پێدان و بڕیاردان گرفتی جددیی هه‌یه‌.
ده‌توانین بڵێین ئه‌و هه‌رێمه‌ی‌ ئێستا په‌یه‌ده‌ تێیدا قه‌ڵه‌مڕه‌وه‌، گرفت و كێشه‌ی دێته‌ڕێ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بتوانن مامه‌ڵه‌یه‌كی واقعیانه‌ له‌گه‌ڵ ناوچه‌كان بكه‌ن، به‌دڵنیاییه‌وه‌ كێشه‌و گرفته‌كانی كه‌متر ده‌بێت و كۆنترۆڵكردنیشیان زه‌حمه‌ت نابێت.
ئه‌وكاته‌ی‌ من له‌دیمه‌شق بووم، حه‌زمده‌كرد سه‌ردانێكی دیكه‌ی‌ رۆژئاوای كوردستان بكه‌م. جگه‌ له‌هاتن و چونی وشكانیی، به‌فرۆكه‌ هاتن و چون له‌نێوان شام و رۆژئاوای كوردستان دا هه‌یه‌. له‌ڕێی‌ ئۆتۆمبێله‌وه‌ رێگایه‌كی دوورو درێژه‌و نزیكه‌ی‌ 7 بۆ 8 كاتژمێره‌. هه‌م به‌هۆی دوری و زه‌حمه‌تی رێگاكه‌، هه‌میش به‌هۆی رێكاری ئه‌منی و بونی ژماره‌یه‌كی زۆر بازگه‌ی سه‌ربازیی.
ئه‌گه‌رچی فرۆكه‌خانه‌ی‌ قامیشلۆ له‌ژێر كۆنترۆڵی رژێمی سوریایه‌ كه‌ فرۆكه‌خانه‌یه‌كی لۆكاله‌و نێوده‌وڵه‌تی نییه‌، به‌ڵام بۆمن زه‌حمه‌ت بوو به‌فرۆكه‌ بچمه‌ رۆژئاوای كوردستان، به‌تایبه‌ت هاتن و چون بۆ هاوڵاتیه‌كی عیراقی جێی‌ پرسیاری داموده‌زگا ئه‌منییه‌كان بوو. به‌پێی‌ زانیارییه‌كان ئه‌وه‌ی‌ له‌شامه‌وه‌ بچێته‌ رۆژئاوای كوردستان له‌ڕێی‌ فرۆكه‌خانه‌وه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی رۆژئاوای كوردستان نه‌بێت، پێویستده‌كات كه‌فیلێكی هه‌بێت بۆئه‌وه‌ی‌ له‌ قامیشلۆ یان هه‌ر شارێكی دیكه‌ی‌ كوردستان بمێنێته‌وه‌. له‌سه‌ر رێگه‌ی‌ فرۆكه‌خانه‌ به‌ره‌و قامیشلۆ، خاڵێكی كۆنترۆڵ و پشكنین هه‌یه‌و هه‌ركه‌س بچێته‌ فرۆكه‌خانه‌ یان له‌شامه‌وه‌ بێته‌ رۆژئاوای كوردستان لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن و له‌وێ‌ داوای كه‌فیل یان گره‌نتی بۆ مانه‌وه‌ ده‌كه‌ن.
له‌هه‌رێمی كوردستانیش به‌هه‌مانشێوه‌ بۆ ئه‌و عه‌ره‌ب و ئه‌وانه‌ی‌ دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستان نین، كاتێك دێنه‌ كوردستان پێویستده‌كات كه‌فیل یان كه‌سێك هه‌بێت گره‌نتی مانه‌وه‌یان بكات. له‌دوای‌ ریفراندۆمی كوردستان له‌ ئه‌یلولی 2017 ئه‌و رێوشوێنه‌ تونده‌ی‌ ده‌گیرایه‌به‌ر زۆر كه‌متر بۆته‌وه‌، ته‌نانه‌ت جاران به‌هیچ شێوه‌یه‌ك موڵك به‌ناوی عه‌ره‌به‌وه‌ نه‌ده‌كرا، ئێستا به‌شێوه‌یه‌كی كراوه‌ موڵك و سامانی نه‌گوێزراوه‌ (غیر منقول) به‌ناوی هاوڵاتیان عه‌ره‌بی خه‌ڵكی شاره‌كانی ناوه‌ڕاست و باشوری عیراق ده‌كرێت.
به‌هه‌رحاڵ ئێستا شه‌ڕو روبه‌ڕوبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ تیرۆرستانی داعش كۆتایی هاتووه‌، هێزه‌كانی سوریا ناتوانن په‌لاماری ئه‌و سنورانه‌ بده‌ن كه‌ هێزه‌كانی سوریای‌ دیموكرات كۆنترۆڵیان كردووه‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌و بارودۆخه‌ سیاسی و سه‌ربازییه‌ی‌ له‌و ناوچه‌یه‌ هه‌یه‌و هێزی هه‌ریه‌كه‌ له‌ئه‌مریكاو روسیا له‌سه‌ر خاكی ئه‌و وڵاته‌ بونیان هه‌یه‌، بۆیه‌ قۆناغێكی نوێ‌ له‌ناوچه‌كه‌ ده‌ست پێده‌كات و چۆنییه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیدا بۆ په‌یه‌ده‌ نوێیه‌و پێویستده‌كات به‌ وریاییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ بكات.
ده‌كرێت چه‌ند هۆكارێك ده‌ستنیشان بكه‌ین كه‌ زه‌مینه‌یه‌ك هه‌یه‌ بۆ نا سه‌قامگیریی ئه‌منی و سیاسی له‌وناوچانه‌ی‌ زۆرینه‌ی‌ عه‌ره‌ب نشینن و ئاسته‌نگی تێدایە، كه‌ ده‌كرێت له‌چه‌ند خاڵێك كورتیبكه‌ینه‌وه‌:
یه‌كه‌م: ئه‌وناوچانه‌ زۆرینه‌ی‌ دانیشتوانه‌كه‌یان عه‌ره‌ب نشینن و تێگه‌یشتنیان بۆ حوكمڕانیی له‌تێگه‌یشتنی شۆڤینییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ گرتووه‌، بۆیه‌ ئاسان نییه‌ له‌وه‌ بگه‌ن كه‌ هێزێكی دیكه‌ی كه‌ میدیای‌ توركیاو سوریا تۆمه‌تباریان ده‌كات به‌هێزێكی شۆڤینی كورد، حوكمڕانیان بكات.
دووه‌م: ئه‌و ناوچانه‌ له‌رووی ئاینیه‌وه‌ موسڵمانی سوننه‌ی‌ توندڕه‌ون، هه‌مووكاتێك ئاماده‌ن بۆ له‌خۆگرتنی گروپه‌ توندڕه‌و تیرۆرستییه‌كان، باشترین نمونه‌ له‌ماوه‌ی‌ بونی داعش له‌وناچانه‌ تێكه‌ڵاوییان له‌گه‌ڵ داعش هه‌بوو له‌حوكمڕانییه‌كه‌یدا، بۆیه‌ ژینگه‌یه‌كی له‌باره‌ بۆ ده‌ستێوه‌ردانی وڵاتانی دراوسێ و هاندانی توندڕه‌وی تێیدا.
سێیه‌م: به‌هۆی بونی توركیاو سوریا و هاندانی قه‌ومیی، ده‌شێت هه‌مووكات له‌ڕێی‌ جولانه‌وه‌ی‌ قه‌ومیی سه‌قامگیریی هه‌رێمه‌كه‌ تێكبده‌ن، هه‌ر بۆیه‌ به‌رله‌ماوه‌یه‌ك حكومه‌تی سوریا سه‌رۆك هۆزە‌كانی ناوچه‌كه‌ی‌ بانگهێشت كرد بۆ دیمه‌شق وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك كه‌ ده‌توانین له‌ڕێی‌ هۆزه‌ عه‌ره‌به‌كانه‌وه‌ سه‌قامگیریی ناوچه‌كه‌ ئاڵۆز بكه‌ین. واته‌ ده‌ستێوه‌ردانی ئیقلیمی و ناوخۆ له‌سوریا كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌ ده‌بێت و له‌داهاتوودا زیاتر ره‌نگدانه‌وه‌كانی ده‌رده‌كه‌وێت.
ره‌نگه‌ له‌نێو ئه‌و ئاڵۆزییه‌ی‌ رۆژئاوای كوردستان پرسیارێك بۆ هه‌موومان گرنگ بێت، ئه‌ویش پێویسته‌ په‌یه‌ده‌ چی بكات تاوه‌كو خۆی له‌و ئه‌گه‌رانه‌ به‌دور بگرێت و هاوكات سود له‌ئه‌زمونی كوردستانیش وه‌رگرێت؟
له‌دوای‌ نه‌مانی داعش و بێده‌نگ بونی تفه‌نگ له‌رۆژئاوای كوردستان، قۆناغێكی نوێ‌ ده‌ستپێده‌كات، ئه‌ویش بریتیه‌ له‌بنیاتنان و به‌هێزكردنی بنه‌ماكانی حوكمڕانیی له‌رۆژئاوای كوردستان و دروستكردنی واقعێكی نوێ‌ له‌و ناوچه‌یه‌.
گرنگترین هه‌نگاو بریتیه‌ له‌ پێكهێنانی ده‌سته‌یه‌كی گفتوگۆو دامه‌زرێنه‌ر بۆ سازكردنی هه‌ڵبژاردنێكی سه‌رتاسه‌ری‌ له‌رۆژئاوای كوردستان، به‌جۆرێك ده‌رفه‌تی یه‌كسان بۆ هه‌موو كه‌س و گروپێك بڕه‌خسێنێت بتوانێت ئازادانه‌ به‌شداری له‌هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا بكات. ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ببێته‌ بنه‌ماو ده‌ستپێكی دامه‌زراندنی دامه‌زراوه‌كانی حوكمڕانیی. هه‌ڵبژاردنێك بێت جگه‌ له‌به‌شداری چاودێریكرنی ناوخۆیی واته‌ گروپ و پێكهاته‌ سیاسی و ئیتنییه‌كان، هاوكات رێكخراو دامه‌زراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیش له‌نزیكه‌وه‌ چاودێریی بكه‌ن، تاوه‌كو شه‌رعیه‌تی ده‌نگدانی هاوڵاتیان وه‌رگرێت. له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ئاشته‌واییه‌كی گشتیی‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو گروپه‌ سیاسییه‌ كوردستانییه‌كان و گروپه‌كانی دیكه‌ی‌ عه‌ره‌بی رابگه‌ینێت بۆئه‌وه‌ی‌ به‌شداری له‌هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا بكه‌ن. ئه‌گه‌ر هه‌موو به‌شداریان له‌هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا كردو چاودێریان هه‌بوو، بێگومان ره‌خنه‌و گازنده‌ كه‌متر ده‌بێت و هه‌نگاوه‌كانی دوای‌ هه‌ڵبژاردنیش ئاسانتر ده‌بێت.
ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن به‌وشێوه‌یه‌ به‌ڕێوه‌بچێت، به‌دڵنیاییه‌وه‌ په‌رله‌مانێك دێته‌ كایه‌وه‌، ده‌توانێت نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵكی رۆژئاوای كوردستان به‌گشتیی بكات. واته‌ هه‌موو ره‌نگه‌ سیاسییه‌كان و هه‌موو نه‌ته‌وه‌و پێكهاته‌كان، به‌كوردو عه‌ره‌ب و ئه‌وانیدیكه‌وه‌.
پێكهێنانی حكومه‌ت یان رێڤه‌به‌رییه‌ك جێگه‌ی‌ هه‌موو گروپه‌ سیاسی و پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی تێدا ببێته‌وه‌ مه‌رجێكی سه‌ره‌كی سه‌قامگیریی سیاسی و هۆكارێكی سه‌ره‌كییه‌ بۆ وه‌ده‌ستهێنانی پشتیوانی ناوخۆو نێوده‌وڵه‌تی، به‌تایبه‌ت ماوه‌یه‌كه‌ به‌بێده‌نگی كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كرێت وڵاتانی ئه‌وروپاو كه‌نداو مامه‌ڵه‌ی سیاسی له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی‌ رۆژئاوای كوردستاندا بكه‌ن و پشتیوانی لیكه‌ن، ئه‌گه‌ر ئیداره‌یه‌ك دروستبكرێت هه‌موو ره‌نگ و گروپێك له‌خۆبگرێت، به‌دڵنیاییه‌وه‌ هانده‌رێكی گرنگ و كاریگه‌ر ده‌بێت تاوه‌كو پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تی زۆرتر بێت.
له‌وه‌ گرنگتر، پێویسته‌ په‌یه‌ده‌ یان ئیداره‌ی‌ رۆژئاوا هه‌وڵبدات پێكهاته‌كان نوێنه‌رایه‌تی راسته‌قینه‌ی خۆیان بكه‌ن له‌ئه‌نجومه‌نی قانوندانان و هاوكات ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن، نه‌ك به‌شداریان پێبكرێت و نوێنه‌رانی نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ له‌لایه‌ن كورده‌وه‌ ده‌ستنیشان بكرێن، پێویسته‌ به‌شداریكردنی ئه‌وان زه‌مانه‌تێك بێت بۆ به‌تاڵكردنه‌وه‌ی‌ هه‌ر هه‌وڵێك بۆ ناسه‌قامگیریی له‌هه‌رێمه‌كه‌. ئه‌گه‌ر پێكهاته‌كانی دیكه‌ به‌تایبه‌ت عه‌ره‌ب له‌شارو ناوچه‌كانی خۆیان به‌شداری راسته‌قینه‌ی ده‌سه‌ڵات بن و ئه‌منیه‌تی ناوچه‌كانی خۆیان له‌چوارچێوه‌ی‌ رێڤه‌به‌ری‌ خۆسه‌ر بكه‌ن، به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌گه‌رو زه‌مینه‌ی‌ ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌كی لاوازو كه‌متر ده‌بێته‌وه‌. پێكهاته‌و نه‌ته‌وه‌كانیش به‌شدارده‌بن له‌دابینكردنی ئاسایشی ناوچه‌كانی خۆیان و هه‌ستی یه‌كسانبونیان له‌ماف و ئه‌رك به‌هێز ده‌بێت، نه‌ك وه‌ك ئێستا كه‌ گله‌ییه‌كی زۆر ده‌كرێت و هه‌م گروپه‌ سیاسییه‌ كوردییه‌كان وه‌ك پێویست به‌شدارنین له‌رێڤه‌به‌ری‌ رۆژئاوا چ ئه‌وانه‌ی‌ له‌ناو ئه‌نه‌كه‌سه‌دان كه‌ تۆمه‌تبارن به‌لایه‌نگریان بۆ توركیاو چ ئه‌وانه‌یشی نه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌نه‌كه‌سه‌و نه‌ له‌گه‌ڵ ته‌ڤده‌م (ته‌ڤگه‌ری‌ دیموكراتی)دان كه‌ سه‌ر به‌په‌یه‌ده‌یه‌.
بێگومان واقعی كۆمه‌ڵایه‌تیی و قه‌ومیی رۆژئاوای كوردستان زۆر جیاوازه‌ به‌راورد به‌ هه‌رێمی كوردستانی عیراق. ئه‌گه‌ر له‌باشوری كوردستان چه‌ند شارو شارۆچكه‌یه‌ك به‌شێك له‌دانیشتوانه‌كه‌یان عه‌ره‌ب و توركمان بێت، ئه‌وا له‌رۆژئاوای كوردستان به‌شێك له‌جوگرافیاكه‌ی‌ زۆرینه‌ی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ عه‌ره‌ب نشینن و به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی‌ دانیشتوانه‌كانیان یان لانیكه‌م ده‌سته‌بژێری ئه‌و ناوچانه‌ نه‌ته‌وه‌ په‌رستیی و شۆڤینیزم به‌سه‌ر بیركردنه‌وه‌یاندا زاڵ بووه‌، بۆیه‌ ئه‌مڕۆ كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارێتیه‌كی نوێ‌ له‌ناوچه‌كه‌یان دروستده‌بێت و مۆركی نه‌ته‌وه‌ی كوردیان پێوه‌دیاره‌، ئاسان نییه‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیان و پێویستده‌كات زۆر به‌هه‌ستیارییه‌وه‌ هه‌ڵسوكه‌وتیان له‌گه‌ڵدا بكرێت.
ره‌نگه‌ پرسی دوركه‌وتنه‌وه‌ له‌بیری نه‌ته‌وه‌په‌رستیی و هه‌وڵدان بۆ دڵنیاكردنه‌وه‌ی‌ دانیشتوانی ئه‌و ناوچانه‌ له‌وه‌ی‌ روبه‌ڕوی چه‌وساندنه‌وه‌ی‌ قه‌ومیی نابنه‌وه‌ له‌سه‌رده‌ستی كورد، پرسێكی گرنگ بێت و پێویستده‌كات په‌یه‌ده‌ گرنگی زۆری پێبدات. ده‌كرێت مامه‌ڵه‌یه‌كی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌وناوچانه‌دا بكرێت و خۆبه‌دوربگرن له‌هه‌ندێ‌ سیماو هه‌ڵسوكه‌وت كه‌ ده‌شێت له‌قامیشلۆو سه‌رێكانی و حه‌سه‌كه‌و كۆبانییدا بكرێت، به‌ڵام بۆ ئه‌و شوێنانه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ جۆرێك له‌كاردانه‌وه‌ دروستده‌كات. بۆنمونه‌ خۆبه‌دورگرتن له‌سرودو سترانی شۆڕشگێڕیی په‌یه‌ده‌ كه‌ زیاتر له‌زمانی كوردییه‌و هاوكات به‌رزنه‌كردنه‌وه‌ی‌ وێنه‌ی‌ عه‌بدوڵلا ئۆجالانی رابه‌ری‌ په‌كه‌كه‌، كه‌ هه‌موومان ده‌زانین به‌رابه‌ری‌ خه‌باتی قه‌ومیی كورد له‌باكوری كوردستان و رۆژئاوای كوردستان ناسراوه‌.
هاوكات له‌پاڵ هه‌ڵبژاردنێكی بێ خه‌وش و به‌شداریكردنێكی یه‌كسانی گروپ و پێكهاته‌ قه‌ومییه‌كانی رۆژئاواو دروستكردنی دامه‌زراوه‌ ده‌ستورییه‌كان، پێویستده‌كات زه‌مینه‌یه‌كی ئارام بۆ ئازادی راده‌ربڕین و چاپه‌مه‌نی و بڵاوكردنه‌وه‌ بڕه‌خسێت و هه‌موو پێكهاته‌و گروپه‌ جیاوازه‌كان به‌گشتیی‌ بتوانن بۆچونی خۆیان له‌مه‌ڕ پێویستی و خواسته‌كانیان ده‌رببڕن. فراوانكردنی په‌راوێزی راده‌ربڕین و ئازادیی، به‌دڵنیاییه‌وه‌ پشتگیرییه‌كی به‌هێز ده‌بێت بۆئه‌وه‌ی‌ كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیی و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان پشتیوانی زیاتری رێڤه‌به‌ری‌ خۆسه‌ری‌ رۆژئاوای كوردستان بكه‌ن، نه‌خاسمه‌ هه‌موو دامه‌زراوه‌ حزبیی و ئیدارییه‌كانی رۆژئاوا، پاشناوێكی دیموكراتیان پێوه‌یه‌، بۆیه‌ پێویستده‌كات ئه‌و پاشناوه‌ به‌پراكتیك و عه‌مه‌لی ببێته‌ بنه‌ماو پێشناوی كاركردن له‌رۆژئاوای كوردستان،

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

له‌ژێر كۆنترۆڵی ئه‌نجومه‌نی سوریای‌ دیموكراتدایه‌

له‌ %31 جوگرافیای‌ سوریا له‌ژێر كۆنترۆڵی ئه‌نجومه‌نی سوریای‌ دیموكراتدایه‌ به‌شی ...