سەرەکی » ئابووری » 60 ملیار دۆلار بۆ ئاوەدانكردنەوەی سێ پارێزگا لە عیراق

60 ملیار دۆلار بۆ ئاوەدانكردنەوەی سێ پارێزگا لە عیراق

هەرچەندە تا ئێستا نەتوانراوە ئامارێكی دروست سەبارەت بە قەبارەی زیانە دارایی و گیانییەكان لە عیراق بەهۆی ئۆپراسیۆنە سەربازی و پەلامارەكانی تیرۆریستانی داعشەوە بخرێتەڕوو، بەڵام بەپێی ئامارەكان لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، ١٥ هەزار و بۆ ٢٠ هەزار هاووڵاتی مەدەنی لە عیراق بوونەتە قوربانی و لە ٥٠%ی قوربانییەكانیش لە پارێزگای موسڵن و هەزاران كەسی تریش بێسەروشوێنن.

زیاتر لە پێنج هەزار قوربانی
بەپێی ئامارەكانی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق (یۆنامی)، لە مانگی شوباتی ٢٠١٥ەوە تا تشرینی یەكەمی ئەمساڵ، پێنج هەزار و ٢١٨ كەس لە پارێزگای موسڵ بوونەتە قوربانی. چوار هەزار تەرمیش هەن كە تا ئێستا چارەنووسیان نەزانراوە و لە نێو بێسەرو شوێنەكاندا دیاری كراون.

پرد و رێگاوبان و نەخۆشخانە
بەپێی داتا ناوخۆییەكانیش، لە موسڵی كۆن ١٥ هەزار خانوو روخاون و ١٠٠ هەزار خانوو لە ئەنبار و ١١ هەزار خانوو لە دیالە رووخان. ئەوە سەرباری ئەو زیانانەی كە بەر دەیان پرد و رێگاوبان و نەخۆشخانە و شوێنە گشتییەكان لە «موسڵ و دیالە و سەڵاحەدین و كەركوك» كەوتوە.
هاوكات بڕی ئەو بڕە پارەیەی پێویستە بۆ دووبارە ئاوەدانكردنەوەی (ئەنبار و موسڵ و دیالە) بەپێی ئامارە سەرەتاییەكان دەگاتە ٦٠ ملیار دۆلار و بە تەنها پارێزگای موسڵ پێویستی بە ٣٠ ملیار دۆلار هەیە.
لە ماوەی چەند ساڵی رابردووشدا، شارەكانی (رومادی و جەلەولا و بێجی و موسڵ و حەویجە و تەلەعفەر) بە ناوچەی كارەساتبار ناوبراون.

٤٢ تریلیۆن دینار
بەوپێیەی ئاستی زیانەكان لە هەریەك لەو شارانە لە (٨٠%)ی تێپەڕاندووە. بەڵام سەرباری زیانەكان لە قەزای (حەویجە)، بەڵام زیانەكانی پارێزگای كەركوك بە بەراورد بەو پارێزگایانە كەمترە.
بەپێی وتەی سەلمان جومەیلی وەزیری پلاندانانی عیراقیش، لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٤ تا ٢٠١٦ ئەو زیانەی بەر دامەزراوە حكومییەكان كەوتووە گەیشتۆتە ٤٢ تریلیۆن دیناری عیراقی.

بودجەیەكی تایبەت بۆ ئەو ناوچانە
لە رەشنووسی پڕۆژەیاسای ساڵی 2018ی عیراق، حكومەتی عیراق بودجەیەكی تایبەتی بۆ ناوچە زیانلێكەوتووەكانی دوای شەڕی داعش تەرخانكردوە، كە هەندێك لەناوچە دابڕێنراوەكانیشی تێدایە. بەڵام بەوتەی ئەندامانی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، ئەو بودجەیەی تەرخانكراوە زۆر كەمە و بە قەبارەی زیانەكان نییە، بۆیە پێویستە حكومەتی عیراق لە رێگەی قەرزە نێودەوڵەتیەكانەوە، پارەی زیاتر بۆ ئەو ناوچانە تەرخان بكات.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*