سەرەکی » وەرزش » وه‌رزشی جیهانیی له‌ مانگی ئابدا

وه‌رزشی جیهانیی له‌ مانگی ئابدا

ئه‌م مانگی ئابه‌ی ساڵی 2019 وه‌رزشی جیهانی هه‌نگاوی گه‌وره‌ی ناوه‌، گرنگترین ئه‌و پاڵه‌وانێتییانه‌ی كراون و ئه‌وانه‌شی ماون بكرێن به‌مشێوه‌یه‌ی لای خواره‌وه‌یه‌.
فۆرمۆلا وه‌ن
25 تا 28/7/2019 – قۆناغی ئه‌ڵمانیا.
پاش كۆتاییهاتنی قۆناغی به‌ریتانیای ئه‌م پاڵه‌وانێتییه‌یه‌ كه‌ ده‌یه‌مین قۆناغی پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ بوو، كۆتایی مانگی ته‌موز قۆناغی ئه‌ڵمانیا كرا كه‌ یانزه‌یه‌مین قۆناغ بوو، له‌م قۆناغه‌شدا ماكس فریشتاینی هۆڵه‌ندی و شۆفێری تیپی مارسیدیس پله‌ی یه‌كه‌می و سیباستیان ڤیتیڵی ئه‌ڵمانی و شۆفێری تیپی فیراری دووه‌م و دانیال كڤیاتی روسی و شۆفێری تیپی تۆرۆرۆسۆ سێیه‌م بووه‌و لویس هامیڵتۆن له‌م قۆناغه‌دا پله‌ی یانزه‌یه‌می گرت.
1 تا 4/8/2019 – قۆناغی هه‌نگاریا
له‌م قۆناغه‌ی پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ كه‌ دوانزه‌یه‌مین قۆناغ بوو، لویس هامیڵتۆن توانی پله‌ی یه‌كه‌می بگرێت و ماكس فیریشتاین دووه‌م و سیباستیان ڤیتیڵ سێیه‌م بوو، هه‌رچی بۆتاسی دووه‌مه‌ ته‌نیا پله‌ی هه‌شته‌می پێبڕا.
پاش ته‌واو بوونی ئه‌م قۆناغه‌، ریزبه‌ندییه‌كه‌ به‌مجۆره‌ی لای خواره‌وه‌ی لێهات:
-1لویس هامیڵتۆن-به‌ریتانیا(مارسیدیس) 250 خاڵ.
-2ڤاڵتێری بۆتاس-فنله‌ندا (مارسیدیس) 188 خاڵ.
-3ماكس فریشتاین-هۆڵه‌ندا (رێدبۆڵ) 181 خاڵ.
-4سیباستیان ڤیتیڵ-ئه‌ڵمانیا (فیراری) 156 خاڵ.
-5شارڵ لۆكێر-مۆناكۆ (فیراری) 132 خاڵ.
هه‌رچی ریزبه‌ندیی كۆمپانیای دروستكه‌ری ئۆتۆمبێل و تیپه‌كانه‌ پاش ته‌واو بوونی ئه‌م قۆناغه‌ به‌مشێوه‌یه‌ی لای خواره‌وه‌ی لێهات:
1-مارسیدیس 438 خاڵ.
2-فیراری 288 خاڵ.
3-رێدبۆڵ رایسینگ 244 خاڵ.
4-ماكلارین 82 خاڵ.
قۆناغی داهاتووش 29/8/2019 لە هەنگاریا دەبێت.
مۆتۆ جی پی
سه‌باره‌ت به‌ پاڵه‌وانێتیی ماتۆڕ سواریی مۆتۆ جی پی، قۆناغی چیك-قۆناغی ده‌یه‌م رۆژی 4/8/2019 كراو له‌م قۆناغه‌دا مارك ماركیزی ئیسپانی و ماتۆڕسواری تیپی هۆندا یه‌كه‌م و ئه‌ندریا دۆمیزۆ دووه‌م و جاك میله‌ر سێیه‌م بوو.
ریزبه‌ندییه‌كه‌ پاش قۆناغی چیك به‌مجۆره‌ی لێهات:
-1مارك ماركیز-ئیسپانیا(ریبسۆڵ هۆندا) 210 خاڵ.
-2ئه‌ندریا دۆفیزیۆ-ئیتالیا(دۆكاتی) 147 خاڵ.
-3دانیلۆ پیترۆچی -ئیتالیا(دۆكاتی) 129 خاڵ.
قۆناغی نه‌مسا
رۆژی 9 تا 11/8/2019 قۆناغی نه‌مسای ئه‌م پاڵه‌وانێتییه‌ش كرا كه‌ یانزه‌یه‌مین قۆناغی پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ بوو، له‌م قۆناغه‌دا ئه‌ندریا دۆفیزیۆ-ئیتالیا له‌ تیپی دۆكاتی توانی پله‌ی یه‌كه‌می ده‌سته‌ به‌ر بكات و مارك ماركیزی ئیسپانی له‌ تیپی هۆندا دووه‌م و فابیۆ كوارتارارۆ له‌ تیپی یاماها سێیه‌م بوو.
پاش ته‌واو بوونی ئه‌م قۆناغه‌ی پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ ئێستا ریزبه‌ندیی ماتۆڕ سواره‌كان پێش ئه‌نجامدانی قۆناغی به‌ریتانیا كه‌ رۆژی 25/8/2019 ده‌كرێت به‌مجۆره‌ی لای خوراه‌وه‌یه‌:
-1مارك ماركیز-ئیسپانیا(ریبسۆڵ هۆندا) 230 خاڵ.
-2ئه‌ندریا دۆفیزیۆ-ئیتالیا(دۆكاتی) 172 خاڵ.
-3دانیلۆ پیترۆچی -ئیتالیا(دۆكاتی) 136 خاڵ.
شیانی باسه‌ كۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه‌و سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی ئاینده‌قۆناغی به‌ریتانیاش ده‌كرێت كه‌ 23/8 ده‌ستپێده‌كات و 25/8/2019 كۆتایی دێت.
تێنسی سه‌رزه‌وی
* 5/8/2019 تا 11/8/2019 ماسته‌رزی رۆجه‌رز كاپ (مۆنتریال – كه‌نه‌دا) كرا، له‌ یاریی كۆتاییدا رافائێل نادال 2-0 له‌ میدڤیدییڤی روسی برده‌وه‌و جام و خه‌ڵاتی یه‌كه‌می شه‌شه‌م ماسته‌رزی كوڕانی برده‌وه‌.
*11/8/2019 ماسته‌رزی سینسیناتی ئه‌مریكا بۆ(كوڕان و كچان) دەستیپێکردووە وتا 18/8/2019 دەخایەنێت و حه‌وته‌م ماسته‌رزه‌، یارییه‌كان پێیان ناوه‌ته‌ قۆناغی نیوه‌ی كۆتایی و دوو یاریی پێش كۆتاییه‌وه‌، له‌ كوڕاندا (ریچارد گاسكییه‌ و داڤید گۆڤین و میدڤیدییڤ و دیۆكۆڤیچ) بۆ ئه‌م قۆناغه‌ سه‌ركه‌وتوون.
لە کجانیشدا و لە هەمان قۆناغدا، کۆزنتسۆڤای روسی 2-0 لە ئاشلی بارتی و مادیسۆن کیزی ئەمریکی بە هەمان ئەنجام لە سۆفیا کیتنی هاوڵاتی خۆی بردەوە.
شایانی باسه‌ رۆژی 26/8 تا 8/9/2019 گراند سلامی یو ئێس ئۆپن (نیو یۆرك) یش ئه‌نجام ده‌درێت كه‌ چواره‌مین و دوا گراند سلامی ئه‌مساڵ ده‌بێت و بۆ كوڕان و كچان ده‌بێت.
چامپیۆنس لیگ
پاش ئه‌وه‌ی رۆژانی 6 و 7/8 یارییه‌كانی چوونی قۆناغی ته‌ئهیلی سێیه‌م و رۆژی 13/8/2019 یارییه‌كانی گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌مان قۆناغ كران، ئه‌م خوله‌ گرنگه‌ی تۆپی پێی ئه‌وروپا پێی نایه‌ قۆناغی پله‌ی ئۆفه‌وه‌.
سبەی20 و دووسبەی 21/8/2019 یارییه‌كانی چوونی قۆناغی پله‌ی ئۆفیش به‌مشێوه‌یه‌ی لای خواره‌وه‌ ده‌كرێن:
*ئاپۆیل(نیقۆسیا)×ئه‌یاكس (هۆڵه‌ندا).
*لاسك لینز(نه‌مسا) × كلوپ بروج(به‌لجیكا).
*كلوج(رۆمانیا)×سلاڤیا پراگ(چیك).
*دینامۆ زه‌گریب(كروایتا)× رۆزنبێرگ(نه‌رویج).
*یۆنگ بۆیز(سویسرا)×سرڤینا زڤیزدا(سربیا).
*ئۆڵۆمپیاكۆس(یۆنان)× كراسنۆدار(روسیا).
له‌م 6 یارییه‌وه‌ پاش ئه‌نجامدانی هه‌ردوو جه‌وله‌ی یارییه‌كانی چوون و گه‌ڕانه‌وه‌، 6 یانه‌ی تر بۆ قۆناغی گروپه‌كان سه‌رده‌كه‌ون، رۆژانی 27 و 28/8/2019 یارییه‌كانی گه‌ڕانه‌وه‌ش دەکرێن.
جامی سوپه‌ری ئه‌وروپا
رۆژی چوار شه‌ممه‌ 14/8/2019 له‌یاریگای ڤۆدافۆن له‌ ئیسته‌نبوڵ، هه‌ردوو یانه‌ی لیڤه‌رپوڵی پاڵه‌وانی چامپیۆنس لیگ و چێڵسی پاڵه‌وانی یۆرۆپا لیگ یاریی جامی سوپه‌ری ئه‌وروپایان كرد، له‌ یارییه‌كه‌دا لیڤه‌رپوڵ به‌په‌نالتی 5-4 له‌ چێڵسی برده‌وه‌ و جامی سوپه‌ری ئه‌وروپای بۆ جاری چواره‌م له‌ مێژووی خۆیدا به‌رز كرده‌وه‌.
له‌یارییه‌كه‌دا و له‌ كاتی ئاساییدا 1-1 یه‌كسان بوون، دواتر له‌ دوو تایمی زیادكراویشدا هه‌ریه‌كه‌و گۆڵێكی تریان كردو ئه‌نجامی یارییه‌كه‌ بوو به‌ 2-2، له‌به‌ر ئه‌وه‌ په‌نا برایه‌ به‌رلێدانی پێنج په‌نالتی یه‌كلا كه‌ره‌وه‌و له‌مه‌دا لیڤه‌رپوڵ سه‌ركه‌وتوو بوو جامه‌كه‌ی به‌رز كرده‌وه‌.
مۆندیالی باسكه‌
رۆژی 31 ی ئه‌م مانگه‌ بۆنه‌یه‌كی گرنگی وه‌رزشیی جیهانی جیهان به‌ گشتی و به‌تایبه‌تیش وه‌رزشی جیهانی به‌خۆیه‌وه‌ سه‌رقاڵ ده‌كات ئه‌ویش مۆندیالی باسكه‌ی كوڕانه‌ له‌ چین.
ئه‌م مۆندیاله‌ی باسكه‌ جیاواز له‌ مۆندیاله‌كانی تر ده‌ستپێك و پاڵاوتنی هه‌ڵبژارده‌كانی به‌شێوازی نه‌یشنس لیگی تۆپی پێ بووه‌، سه‌رجه‌م وڵاتانی سه‌رجه‌م كیشوه‌ره‌كان به‌شدارییان له‌ یارییه‌كانی پاڵاوتنی كیشوه‌ره‌كاندا كردووه‌، پاش زنجیره‌یه‌كی دوورو درێژ له‌یاریی، دواتر له‌ هه‌ر كیشوه‌رێكه‌وه‌ و به‌پێی شایسته‌یی خۆیان كیشوره‌كان نوێنه‌ری خۆیان بۆ ئه‌م مۆندیاله‌ دیاریی كردووه‌.
سه‌ره‌نجام 32 هه‌ڵبژارده‌ بوون به‌ نوێنه‌ری سه‌رجه‌م كیشوه‌ره‌كان له‌م مۆندیاله‌دا، به‌سه‌ر 8 گروپدا دابه‌شكراون، رۆژی 31/8/2019 كاروانی یارییه‌كانی ئه‌م مۆندیاله‌ ده‌ستپێده‌كه‌ن.
گروپه‌كان
گروپی یه‌كه‌م: كۆتدیڤوار، پۆڵه‌ندا، ڤێنزوێلا، چین.
گروپی دووه‌م: روسیا، ئه‌رجه‌نتین، كۆریای باشوور، نایجیریا.
گروپی سێیه‌م: ئیسپانیا، ئێران، پۆرتۆریكۆ، تونس.
گروپی چواره‌م: ئه‌نگۆلا، فیلیپین، ئیتاڵیا، سربیا.
گروپی پێنجه‌م: توركیا، چیك، ئه‌مریكا، ژاپۆن.
گروپی شه‌شه‌م: یۆنان، نیوزیله‌ندا، به‌رازیل، مۆنتینیگرۆ،.
گروپی حه‌وته‌م: دۆمنیكان، فه‌ره‌نسا، ئه‌ڵمانیا، ئوردون.
گروپی هه‌شته‌م: كه‌نه‌دا، سه‌نیگال، لیتوانا، ئوستورالیا.
پێش ده‌ستپێكردنی یارییه‌كان و له‌كاتی خۆیدا خشته‌ی ته‌واوی جه‌وله‌ی یه‌كه‌می یارییه‌كانی ئه‌م مۆندیاله‌ بڵاو ده‌كه‌ینه‌وه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

پارێزگاری له‌ نازناوه‌كه‌ی‌ ناكات

ئه‌لیگا مانانگۆی كینی و پاڵه‌وانی جیهانی راكردنی 1500 مه‌تر رایگه‌یاند ...