سەرەکی » وتار » ته‌ها سلێمان‌ » ده‌قی‌ بڕیاره‌كه‌ی‌ دادگا

كۆمه‌ڵكوژی‌ بارزانییه‌كان

ده‌قی‌ بڕیاره‌كه‌ی‌ دادگا

ده‌قی‌ بڕیاری‌ دادگای‌ باڵای‌ تاوانه‌كان له‌ عێراق تایبه‌ت به‌ دۆسیه‌ی‌ جینۆسایدكردنی‌ به‌رزانییه‌كان، یه‌كێكه‌ له‌ به‌ڵگه‌نامه‌ گرنگ و پڕبایه‌خه‌كان، كه‌ یه‌كێك له‌ روكنه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ جینۆسایدكردنی‌ گه‌لی‌ كورد له‌ باشووری‌ كوردستان پێك دێنێ‌، له‌ دوو توێی‌ په‌ڕاوه‌كانی‌ ئه‌م دۆسییه‌دا به‌شی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ «نوسراو، به‌ڵگه‌ نامه‌كان» پۆلێنكراون و پشڕاستكراونه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ به‌ بۆچوونی‌ ئێمه‌ هه‌ر ده‌ستكایكردن و پاش و پێشكردنێك، یاخود لێكه‌مكردنوه‌یه‌ك ده‌بێته‌ كه‌لێنێكی‌ گه‌وره‌و ریزبه‌ندی‌ سه‌ره‌داوی‌ تاوانه‌كه‌و كۆتایی‌ و سه‌لماندنی‌ په‌رت ده‌كات و ده‌شێوێنێ‌، بۆیه‌ له‌ دێری‌ یه‌كه‌مه‌وه‌ تا دێری‌ كۆتایی‌ وه‌ك چۆن له‌ دادگا به‌ڵگه‌نامه‌كان پۆلێن كراون و دواتریش بڕیاری‌ كۆتایی‌ دادگا له‌ باره‌ی‌ دۆسیه‌كه‌، له‌كتێبی‌ «له‌دادگای‌ باڵای‌ تاوانه‌وه‌- دۆسیه‌ی‌ بارزانیه‌كان، ته‌ها سلێمان» دانراوه‌و، ئه‌مه‌ش یارمه‌تیده‌رو هۆكارێكی‌ گرنگ ده‌بێت بۆ ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ی‌ كه‌ بیانه‌وێ‌ له‌ جۆرو شێوازو میكانیزمی‌ جێبه‌جێكردنی‌ تاوانه‌كه‌ « جینۆساید»كردنی‌ بارزانیه‌كان شاره‌زابن.

ئه‌نجامگیری‌
له‌م پشكنینه‌ كورته‌ی‌ به‌رده‌ست، وه‌ك پێویستی‌ سه‌لماندنی‌ كۆی‌ بۆچون و زانیارییه‌كانی‌ سه‌ره‌وه‌ كه‌ خستمانه‌ روو، له‌ كوردستان و له‌لایه‌ن ده‌سڵات و حكومه‌ته‌ یه‌ك له‌دوای‌ یه‌كه‌كانی‌ عێراق، ئه‌نجامدانی‌» تاوانی‌ جینۆساید، تاوانی‌ دژی‌ مرۆیی‌، تاوانی‌ جه‌نگ» یه‌كێك بوه‌ له‌ سێكته‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ نه‌خشه‌و پلانه‌كانیان، بۆ جێبه‌جێكردنیشی‌ میكانیزم و شێوازی‌ جۆراو جۆریان به‌كارهێناوه‌.
نموونه‌ی‌ سه‌لمێنراویش له‌ پێش ده‌ستمان به‌ پشت به‌ستن به‌ به‌ڵگه‌نامه‌كان «بیستراوو زاره‌كی‌، نوسراو، بڕیاره‌كانی‌ داگای‌ باڵای‌ تاوانه‌كان» و به‌راورد كردنی‌ به‌ یاساو رێكه‌وتنه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان، به‌تایبه‌ت رێككه‌وتنامه‌ی‌ 1948ی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان و 1998ی‌ رۆما، ئه‌م بابه‌ته‌مان بۆ یه‌كلایی‌ ده‌كاته‌وه‌و پێمان ده‌ڵێ‌: « تاوانی‌ دژ به‌ فه‌یلیه‌كان، تاوانی‌ دژ به‌ بارزانیه‌كان، تاوانی‌ دژ به‌ قه‌ڵادزێ‌، تاوانی‌ دژ به‌ هه‌ڵه‌بجه‌، تاوانی‌ ئه‌نفال، تاوانی‌ دژ به‌ سه‌ید سادق، تاوانی‌ دژ به‌ زیوێ‌، تاوانی‌ دژ به‌ گوندی‌ سۆریا، تاوانی‌ ئه‌شكه‌وتی‌ ده‌كان، تاوانی‌ راگواستن» و تاد.. تێكڕا تاوانی‌ جینۆسایدی‌ گه‌لی‌ كوردو كوردستانن.
هه‌روه‌ك به‌تایبه‌تر، سه‌باره‌ت به‌ تاوانی‌ دژ به‌بارزانیه‌كان، له‌ «راگواستنی‌ زۆره‌ملێ‌، بێسه‌رو شوێنكردن و كوشتنیان، خاپوركردن و وێرانكردنی‌ شوێن و جێگای‌ نیشته‌جێبوونیان، ناچاركردنیان به‌ مانه‌وه‌ له‌ ئۆردگای‌ زۆره‌ملێ‌»، به‌هه‌موو پێوه‌رێك ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی‌ تاوانی‌ «جینۆسایدو دژی‌ مرۆیی‌»، كه‌ ده‌توانین بێژین ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی‌ زنجیره‌ی‌ تاوانه‌كانی‌ جینۆسایدی‌ گه‌لی‌ كوردو كوردستانه‌وه‌و به‌ شێوه‌یه‌كی‌ سیستماتیك ئه‌نجام دراوه‌.
تاوانی‌ جینۆسایدی‌ بارزانیه‌كان، چه‌ندین ده‌رهاویشته‌ی‌ نه‌رێنی‌ و كاریگه‌ری‌ له‌ رووی‌ «زیانی‌ مرۆیی‌، ئابووری‌، كۆمه‌ڵایه‌تی‌، ده‌روونی‌» به‌دوای‌ خۆیدا هێناوه‌و جێهێشتوه‌، وه‌ك «گیان له‌ده‌ست دانی‌ 8000 هه‌زار مرۆڤی‌ بێتاوان، داڕووخاندن و تێكدانی‌ ژێرخانی‌ ئابووری‌ ته‌واوی‌ دانیشتوانی‌ ناوچه‌كه‌، روو به‌ ڕوو كردنه‌وه‌ی‌ ئافره‌تان و مناڵه‌كانیان له‌ دۆخێكی‌ سه‌ختی‌ ژیانكردن، تێكدانی‌ ژینگه‌، درووستبوونی‌ سه‌دان كێشه‌ی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و ته‌ندروستی‌ و ده‌روونی‌»، به‌ ئێستاشه‌وه‌ كاریگه‌رییه‌كانیان ماوه‌و بۆ داهاتوویه‌كی‌ دوورو دوای‌ تێپه‌ڕبوونی‌ «33» ساڵ به‌سه‌رتاوانه‌كه‌ نه‌وه‌ له‌دوای‌ نه‌وه‌ ماون و ده‌مێنن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*