15
م. عه‌لی
هه‌میشه لادێكان خانه‌خوێی شۆڕش و ماڵه جووتیاره‌كان دێوه‌خانی پێشمه‌رگه بوون، بۆیه لادێ و شۆڕش جمكانهی یه‌كتری بوون و لێكجیانهكراونهتهوە
ته‌په، ته‌پی، ته‌پۆڵكه، ته‌پكه، ته‌پك، تهپهڕیك له‌فه‌رهه‌نگدا به واتای گرد، كێوی بچكۆله، قۆپ هاتووه.. ئه‌م وشه‌یه له پێش و پاشی ناوی دێهاته‌وه دێت، ده‌یان دێ به‌م ناوه‌وه به‌تایبه‌تی لهشارهزووردا هه‌یه، وه‌كو: تهپهتۆڵهكه، ته‌په‌كوڕه، ته‌په‌ڕه‌ش، گامێشته‌په، تهپیسهفا.. هتد، پێده‌چێت ئه‌م وشه‌یه بۆ ناو زمانی فارسی و توركیش په‌ڕیبێته‌وه.
تهپیسهفا، گردیسهفاشی پێده‌ڵێن.. ناوه‌كه‌ی له سه‌بر و سه‌فاوه هاتووه، شوێنێكی دڵگیر و خۆشه، سه‌ر به شارۆچكه‌ی خورماڵه، ساڵی 1863 مه‌حمودی یاروه‌یس كڕیویه‌تی، كه چوار جۆگه‌ی ئاوی هه‌بووه و 2 كم له جاده‌ی سه‌ره‌كی هه‌ڵه‌بجه – سهییدسادقهوه دووره.. گردێكی تیایه له‌وه‌ده‌چێ وه‌كو زۆر له گردهكانیتری شاره‌زوور دهستكردبێ و شوێنهواریشی تێدادۆزراوهتهوه وه‌كو كوپه و زومڕوت.. هتد.
له‌م دێیه‌دا به‌زۆریی هۆزی یاروه‌یسی تیره‌ی كڵاشی له‌گه‌ڵ تیرهكانیتری شاتری، ورده‌شاتری، نه‌وڕۆڵی، به‌یاخی، هه‌ورامی، تیله‌كۆیی، نهدریشه ده‌ژین، ئێستا نزیكه‌ی 65 ماڵ ده‌بێ.. خاكێكی به‌پیت و بڕشت و ئاوێكی باشی هه‌یه، دانیشتووانه‌كه‌ی به كاری كشتوكاڵیی گه‌نم و جۆ و باخداری و سه‌وزه‌واته‌وه خه‌ریكن و ئاژه‌ڵیان كه‌مه.. كاتی خۆیشی له‌كۆندا به‌شێكی خه‌ڵكه‌كه‌ی بۆ په‌یداكردنی بژێوی رووده‌كه‌نه شارهكانیتر به‌تایبه‌تی به‌غداد..
له ساڵی 1962 قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی تێداكراوه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها به‌هۆی نزیكیی له جاده‌وه ساڵی 1978 كاره‌بای بۆ راكێشراوه، هه‌ر له‌كۆنیشه‌وه مزگه‌وتی هه‌بووه، مه‌لا سه‌یید نه‌جمه‌دین ته‌ها و مه‌لا عه‌بدولعه‌زیزی پاڕه‌زانی له‌وێبوون و فهقێشیان هه‌بووه.. پاڕه‌زانی سه‌ر به ئیخوان بووه و كاریگه‌ریشی هه‌بووه.. كۆبوونه‌وه‌كه‌ی مامجه‌لالی ره‌وانشاد ساڵی 1961دا له‌گه‌ڵ سهرۆكهۆزهكانی ئێلی جافی شاره‌زووردا بۆ پشتیوانیكردنی شۆڕش ئه‌و ریسه‌ی ئیخوانی به خوری كرده‌وه و خه‌ڵكه‌كه‌ی روویان له كوردایه‌تی كرد.. دوای 48 ساڵ و له رۆژی 1/7/2009 جارێكی‌تر مامجه‌لال سه‌ردانی تهپیسهفای كرده‌وه، ئه‌مجاره‌یان بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان.
هه‌ربۆیه‌شه خه‌ڵكی ئه‌م دێیه هه‌میشه له به‌ره‌ی سه‌نگه‌ری كوردایه‌تیدا بوون و درێغییان له خزمه‌تكردنی شۆڕشدا نه‌كردووه، له شۆڕشی ئه‌یلولدا رۆڵی دیاریان هه‌بووه، له‌گه‌ڵ دروستبوونی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستاندا تهپیسهفا یه‌كێك له پێگه گرنگه‌كانی رێكخستنه‌كانی بوو، به‌وپه‌ڕی په‌رۆشییه‌وه پێشوازییان له‌م رێكخستنه نوێیه كرد، كه به ده‌نگی به‌رز له‌ڕووی شكستدا وه‌ستایه‌وه، چه‌ندین تێكۆشهریان بوونه پێشمه‌رگه به‌تایبه‌تی شه‌هیدی سه‌ركرده شه‌وكه‌تی حاجی مشیر كه یه‌كێك له‌و حه‌وت قاره‌مانه‌ی یه‌كێتیی بوو، كه له‌م دێیه‌وه خۆیان بۆ ده‌ستپێكردنی گه‌شتێكی نوێی خه‌بات ئاماده‌كرد و هه‌ندێك له رێكخستنه‌كان ئه‌و چه‌كانه‌ی سه‌رده‌می ئاشبه‌تاڵ شاردبوویانه‌وه راده‌ستی ئه‌و ده‌سته‌یه كرد تا خۆیانی پێ پڕچه‌ك بكه‌ن.
ئه‌م دێیه هه‌میشه به‌ر زه‌بری هه‌ڕه‌شه و په‌لاماره‌كانی رژێمی به‌عس كه‌وتووه و چه‌ندین شه‌ڕی تێداكراوه، تۆپبارانكراوه، زیانی زۆر له خه‌ڵكه خۆڕاگره‌كه‌ی دراوه، ته‌نانه‌ت له سه‌روبه‌ندی شه‌ڕی ئێران – عێراقدا له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئێرانه‌وه تۆپبارانكراوه، چه‌ندینجاریش هێزه‌كانی رژێم لهناودێدا له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌دا رووبهڕبوونهتهوه.
رۆژی 16/9/1980 ده‌سته‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتیی له‌ناو دێی تهپیسهفادا له‌لایه‌ن هێزێكی جاشه‌كانی ره‌شه‌ی ساڵحه و ساله خه‌یات په‌لامارده‌درێن، شه‌ڕێكی گه‌رم به‌رپاده‌بێت و تا نیوه‌شه‌و به‌رده‌وامده‌بێ، له‌ئاكامدا جاشێك ده‌كوژرێ و یه‌كێكیش بریندارده‌بێ و یه‌كێك له پێشمه‌رگه‌كان بریندارده‌بێ و ماڵێكیش ده‌سووتێ.
له گفتوگۆی 1984دا یه‌كێتیی باره‌گایه‌كی لهتهپیسهفادا دانا و دوای تێكچوونی گفتوگۆ چۆڵیانكرد، رۆژی 14/2/1985 له‌سه‌ر جاده‌ی تهپیسهفا ته‌قه له‌نێوان پێشمه‌رگه‌كانی یه‌كێتیی و شۆفرلێتێكی رژێمدا روویدا و ئه‌فسه‌رێك ده‌كوژرێ.. له شه‌وی 25/26-9-1985دا له تهپیسهفای سه‌روو هه‌ردوو پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتیی مام وریا بیاره‌یی و موختار هه‌ڵه‌بجه‌یی له‌بۆسه‌یه‌كدا شههیدهبن.. رۆژی 6/6/1987 فڕۆكه‌كانی به‌عس تهپیسهفایان بۆردوومانكرد.. رۆژی 9/7/1986 له‌لایه‌ن جاشه‌كانی زه‌ڕایه‌نه‌وه په‌لاماری تهپیسهفا ده‌درێ و چه‌ند كه‌سێك له خه‌ڵكه‌كه‌یان كه كه‌سوكاری پێشمه‌رگه ده‌بن ده‌ستگیرده‌كرێن، ماوه‌ی مانگێك زینداندهبن، دواتر ئازادده‌كرێن، رۆژی 19/7/1986 هێزێكی جاشه‌كانی هه‌ڵه‌بجه و سیروان و لیوایه‌كی سه‌ربازیی به تانك و زرێپۆشه‌وه په‌لاماری هه‌ردوو دێی تهپیسهفا ده‌ده‌ن و به شۆفڵ دهیانڕووخێنن و خه‌ڵكه‌كه‌یان له‌و دهشتودهرهدا ژیان ده‌گوزه‌رێنن تا له‌پایزدا ده‌گه‌ڕێنه‌وه و كه‌لاوه‌كان چاكدهكهنهوه، به‌ڵام رۆژی 13/5/1987دا بۆ دواجار و به یه‌كجاریی له پرۆسه‌ی خاپووركردنی دێهاته‌كانی شاره‌زووردا له‌لایه‌ن به‌عسی وێرانكه‌ره‌وه تهپیسهفاش تهختدهكرێ و خه‌ڵكه‌كه‌ی ئاواره‌ده‌بن تا له‌دوای راپه‌ڕین جارێكی‌تر ده‌گه‌ڕێنه‌وه و ئاوهدانیدهكهنهوه.
وه‌نه‌بێ تهپیسهفا له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كانی شه‌ڕی لایه‌نه‌كانی شۆڕشدا به دووربێ، كه جارێكیان دوو ده‌سته پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتیی و سۆسیالیست له‌ناو دێی تهپیسهفادا رووبه‌ڕووده‌بنه‌وه، دوای ته‌قه‌یه‌كی زۆر به‌بێ زیان لێكدووردهكهونهوه..
ئه‌م دێیه جگه‌له شه‌هیدی سه‌ركرده شه‌وكه‌تی حاجی مشیر كه به‌ده‌ستی تاوان و دوور له ئاكاری مرۆڤایه‌تی و ئیسلامه‌تی له‌لایه‌ن ریشچڵكنهكانهوه شههیددهكرێ 16 شه‌هید و 4 ئه‌نفال هه‌یه و به‌هۆی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه و ده‌وروبه‌ریه‌وه خه‌ڵكه‌كه‌ی تهپیسهفاش ئاواره‌ی دیوی ئێران بوون.. راپه‌ڕینی به‌هاری 1991 رۆژێكی نوێی ژیانه‌وه بوو كه خه‌ڵكیی بتوانن به ئازادیی بگه‌ڕێنه‌وه‌سه‌ر زێدی خۆشه‌ویستی خۆیان و ئاوێزانی خاك و ئاو و یاهوهرییهكانیان ببنه‌وه، كه تهپیسهفاییهكان به‌ده‌ست رژێمه سه‌رسه‌خته‌كه‌ی به‌عس و جاشه خۆفرۆشه كورده‌كانه‌وه زۆریان چه‌شت، به‌ڵام هه‌رگیز سه‌ریان بۆ ویستی دوژمن نهوینهكرد له‌به‌رانبه‌ر تاوانه‌كانیدا به‌وپه‌ڕی دڵقایمییهوه وه‌ستان.
78 جار بینراوە