سەرەکی » راپۆرت » كوردستانییەكان: یەك لیستیی كورد بۆ كەركوك پێویستەپەڕە 3

لەگەڵ وەفدی UN دۆخی كەركوكیان تاوتوێكرد

كوردستانییەكان: یەك لیستیی كورد بۆ كەركوك پێویستە

كەركوك، كوردستانی نوێ

وەفدی حزب و لایەنە كوردستانییەكان و ستافی یونامی لە پارێزگای كەركوك كۆبوونەوە و دۆخی كەركوكیان تاوتوێكرد.

ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە
لە بارەی كۆبوونەوەكەوە كە دوێنێ لە بارەگای یونامی لە كەركوك بەڕێوەچوو، رەوەند مەلا مەحمود جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوك بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لە كۆبوونەوەكەدا چەندین پرسی پەیوەست بە دۆخی ئێستای كەركوك تاوتوێكرا، وتیشی: وەكو لایەنە كوردستانییەكان هەڵوەستەمانكرد لەسەر پرسە گرنگەكانی وەكو تەعریب، هەڵبژاردن و كێشەی ئیداریی كەركوك، جەختیشمانكردەوە كە شاڵاوی تەعریب لە كەركوك درێژەی هەیە. لەسەر پرسی هەڵبژاردنیش تێڕوانینی خۆمان خستەڕوو كە لە یاساكەدا ناهەقی بەرامبەر كورد كراوە. باسی لیستی كەركوكی كوردستانی-مان بۆ كردن كە لیستی لایەنە كوردستانییەكانی كەركوكە و وەك لایەنە سیاسییەكان رێوشوێنە یاساییەكان دەگرینەبەر بۆ تۆماركردنی لیست و كاری پێویست بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان. وتیشی: لایەنی یونامی تەئكیدیانكردەوە كە ئەوان پشتیوانی لە ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك دەكەن.

یەكێتی: بەرژەوەندیی كورد و كەركوك لە یەك لیستیدایە
رەوەند مەلا مەحمود جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوك ئاماژەی بەوەشدا «وەكو یەكێتی لەگەڵ یەك لیستیداین لە كەركوك و پێمانوایە؛ بەرژەوەندیی كورد و كەركوك لە یەك لیستیدایە، وتیشی: كارمان بۆ ئەوەكردووە كە هەموو لایەنە كوردستانییەكان لەژێر سایەی لیستی هاوبەشی كوردستانیدا لە كەركوك كۆببنەوە كە ئەویش لیستی كەركوكی كوردستانییە.

پارتی: لەگەڵ یەك لیستیداین لە كەركوك و ناوچە هاوشێوەكانی
عەدنان كەركوكی ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركوك و گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان-یش بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: وەكو پارتی لەگەڵ یەك لیستیداین لە كەركوك و ناوچە هاوشێوەكانی، وتیشی: وەكو لایەنە كوردستانییەكان لە كەركوك پێویستە یەك لیست بین.

گۆڕان: بەشداریكردنی كورد بە لیستێكی هاوبەش لە كەركوك
هەروەها حەكیم عوبێد باژێروانی كەركوكی بزووتنەوەی گۆڕان پێیڕاگەیاندین: وەكو بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ یەكڕیزیی و تەبایی لایەنە سیاسییەكانداین بۆ هەڵبژاردن و بەشداریكردنی كورد بە لیستێكی هاوبەش لە كەركوك.

یەكگرتوو: یەك لیستی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا
ئیبراهیم خەلیل لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكگرتووی ئیسلامیش بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: وەكو یەكگرتوو لەگەڵ ئەوەداین كە كورد لە كەركوك بە یەك لیست بەشداریی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بكات.

حزبی شیوعی: یەك لیستی پێویستە
سدیق ئەحمەد لێپرسراوی كۆمیتەی پارێزگای كەركوكی حزبی شیوعیی كوردستانیش بۆچوونی وایە «یەك لیستی لایەنە كوردستانییەكان لە كەركوك، هۆكارێكی سەرەكییە بۆ چارەسەركردنی زۆربەی كێشەكانی ئێستای كەركوك».
شایانی باسە، سەرەتای ئەم هەفتەیە، حزب و لایەنە كوردستانییەكان لە پارێزگای كەركوك لە كۆبوونەوەیەكدا بڕیاریاندا بە لیستێكی هاوبەش بە ناوی لیستی (كەركوكی كوردستانی) بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكدا بكەن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

پزیشكانی بێ سنوور هۆشداری ده‌دا له‌سه‌ر قه‌یرانی ته‌ندروستی ده‌روونی له‌ نێو ئێزیدییه‌كان له‌ عیراقدا‎

ئەحمەد كاكه*‌ پزیشكانی بێ سنوور هۆشداری ده‌دات له‌سه‌ر قه‌یرانی ته‌ندروستی ...