سەرەکی » راپۆرت » کاریگەریی جیابوونەوە لەسەر خێزان و منداڵ

کاریگەریی جیابوونەوە لەسەر خێزان و منداڵ

ئامادەکردنی : چنار عەزیز

پەیوەندیەکان وەك شەپۆلن، ئێمە هەندێک ڕۆژی باش و ڕۆژی خراپمان هەیە، ئەو پەل و پۆهاوویشتنە هەڵسووکەوت و بارودۆخی ئێمە دەگۆڕێت ، لەمڕۆدا بەشێک لە هاوسەرگیریەکان بە جیابوونەوە کۆتای دێت ئەمەش کاریگەری نێگەتیڤی لەسەر خێزان و منداڵ هەیە ، توێژەرانی دەروونی پێیان وایە کە جیابوونەوە کاریگەری لەسەر دەروون و هەستی تاکە کەس هەیە و بەرەو بارودۆخێکی شڵەژاو و نا ئارامی دەبات.
ڕێژەی جیابوونەوە لە دادگاکانی هەرێمی کوردستاندا ڕۆژانە لەهەڵکشاندایە بە پێچەوانەوە ڕێژەی هاووسەرگیری ڕووی لە کەمی کردووە ، ئەمەش سەرەتایەکە بۆ هەڵوەشانەوەی خێزان لە کوردستاندا ، زۆربەی جیابوونەوەکانیش بەهۆی نەگونجان لەگەڵ یەکتری و خیانەتی هاوژینی و دەست تێوەردانی خێزانی هەردوو بنەماڵه و ساردی پەیوەندی سێکسی وخراپی بەکارهێنانی ئامێرەکانی تەکنۆڵۆژیا ڕوو دەدەن.
زۆرینەی جیابوونەوەکانیش لە نێوان تەمەنی 15 بۆ 22ساڵی ڕوو دەدەن.زۆرینەی کوڕان و کچانیش بۆ تێرکردنی حەزە سێکسیەکان لە تەمەنێکی کەمدا هاوسەرگیری دەکەن، کاتێکیش دەکەونە ئەو قۆناغی ژیانە ناتوانن بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرن هەربۆیە پەشیمان دەبنەوەو جیادەبنەوە.
هۆکارێکی تر لە جیابوونەوە نا سەقامگیری بارودۆخی سیاسی هەرێم و خراپی دۆخی ئابووری و کێشەی دارایی وگرفتی نیشتە جێبوون، هەروەها دەمەقاڵێ و نەمانی گیانی متمانە لە نێوان هاوسەران و قبوڵنەکردنی بۆچوونی یەکتریە.ژیانی هاوسەرداریش لە ئێستادا ئەو پیرۆزیەی نەماوە کە لە ساڵانی ڕابردوو هەیبوو. هەرچەندە قەیرانی دارایی و کەمبوونەوەی هەلی کار کاریگەری لەسەر ڕێژەی جیابوونەوە هەیە، بەڵام هێشتا ناگاتە ئاستی کاریگەریەکانی مۆبایل و تەکنۆلۆژیا و سەرەنجام جیابوونەوە. ئەمەش لێکەووتەی خراپی دەبێت، چونکە کاتێک ژن و پياوێك جيا دەبنەوە،شیرازەی خێزان تێکدەچێت ومنداڵان پەرتەوازە دەبن لە نێوان دوو خێزان.
لە حاڵەتی جیابوونەوەی دایکوباوک منداڵ قوربانی یەکەمی جیابوونەوەیە، لەسەر دایکوباوک پێویسته دوای جیابوونەوەش ئەرکی بەخێووکردنی منداڵەکانیان لە ئەستۆ بگرن، چونکە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر دەروونی منداڵ دەبێت.بۆئەوەی لە ئایندەدا کاریگەری لەسەر کەسایەتی منداڵ دروست نەکات، منداڵ بە گشتی لە جیهاندا بە پلەی یەکەم قوربانی گرفتەکانی خێزانین،بوونی کێشەی خێزانی وادەکات منداڵ لە ژینگەیەکی پڕ لە کێشەو فشاری دەروونی نەرێنیدا بژی. کاتێکیش جیادەبنەوە لە سۆزی دایک یان باوکیان دوور دەبن،بۆیە لە داهاتوودا ئەگەری هەیە منداڵێکی نا تەندروست دەربچێت.
کاتێکیش گەورە دەبن دڵڕەقانە ڕەفتار دەکەن و کەسایەتیەکی ئاڵۆزیان دەبێت.بۆیە پێویستە دایکوباوکان بە ووریایەوە مامەڵە و هەڵسووکەوت لەگەڵ منداڵەکانیان بکەن،چونکە وەک پێویست ناتوانن لە هەموو ئەوانە تێبگەن کە ڕوو دەدەن، چونکە ژیانێکی دوور لە سۆزی خێزانی چاوەڕێیان دەکات. ئەمەش کاریگەری لەسەر ژیان و هەلومەرجی داهاتووی منداڵ دەبێت ، پێویستە دایکوباوک بۆکەمکردنەوەی ئەو کاریگەریانە خۆیان بە دوور بگرن لە خستنە ڕووی بابەتی جیابوونەوە بە بەرچاوی منداڵەکانیان کاتێک لەگەڵ کەسێکی تر گفتوگۆ دەکەن،چونکە دووچاری ڕەش بینی دەبێتەوە، وێنای جیهانێکی ڕەش لە ڕووی پەیوەندیە سۆزداریەکان لە دەروونی خۆیدا دروست دەکات. دەبێت دایکوباوکان وەک دوو هاوڕێ مامەڵە لەگەڵ یەکتریدا بکەن،بۆئەوەی تێبگەن کە جیابوونەوە دووکەس دۆخێکی ئاسایە و مانای کۆتایی هاتنی یەکجاری پەیوەندیەکان نییە.
ئەگەر ناپاکی هاووسەرگیری هۆکاری جیابوونەوە بێت، پێویسته ئەو پرسە بە نهێنی لە نێوان دایکوباوک بمێنێتەوە بە ووریای مامەڵەی لەگەڵدا بکەن، بە بەرچاوی منداڵەکانیان باسی ئەو پرسە نەکرێت.
لە ئەنجامی جیابوونەوەی هاوسەران منداڵان تووشی چەندین کێشەی کۆمەڵایەتی دەبنەوە،هەندێک جار دەگاتە نەخۆشی و ئاستەنگ لە دروستکردنی پەیوەندی یان ژیان لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر لە ڕووی سۆزداریەوە.هەروەها لە ڕووی خوێندن ،ئەو منداڵانەی لەناو خێزانێکی پڕکێشە و بێ متمانەدان بە بەراورد بەو منداڵانەی لەناو خێزانێکی بەختەوەر و سەقامگیردان ئاستی ئەکادیمی وخوێندنیان ڕوو لە لاوازی دەکات، بەشێوەیەک لەوانەیە ببێتە هۆی دەست هەڵگرتن لە خوێندن ولادان و لە دەستدانی توانا و کارامەی خوێندن و تووشبوون بە ئەنجامدانی تاوان. بۆیە پێویستە زۆر هۆشیارانە مامەڵە لەگەڵ منداڵ بکرێت تا دەگاتە تەمەنێک خۆی بتوانێت بەرپرسیارێتی ژیانی هەڵبگرێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

بریتانیا به‌ره‌و پرۆسه‌ی‌ بریكزێت هه‌نگاو ده‌نێت

ئا: كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید بریكزێت ده‌سته‌واژه‌یه‌كی‌ لێكدراوی‌ هه‌ردوو وشه‌ی‌ بریتانیا ...