سەرەکی » وتار » كتێبخانەی گشتیی سلێمانی بۆچی پشتگوێ خراوە؟

كتێبخانەی گشتیی سلێمانی بۆچی پشتگوێ خراوە؟

محەمەد شێخ عەبدولكەریم سۆڵەیی

پیرۆت: بارام ئاگاداری كە كتێبخانەی گشتی سلێمانی لەكەیەوە دامەزراوە؟ وەكو زانیومە لە ساڵی (1944) ەوە ئەم كتێبخانەیە كراوەتەوە، دەزانی رێك تەمەنی منە و لەوەندە ساڵەدا. كە سەرەتا چەند خانوویەكی پێكراوە و تا ئەو بینا جوانەی لە رۆژئاوای شارەكە بۆ دروستكرا. كتێبخانەكە ساڵ بە ساڵ كتێب و بڵاوكراوەی جۆراوجۆر دەوڵەمەندكراوە. لە ئێستادا یەكێكە لە كتێبخانە هەرە دەوڵەمەندەكانی كوردستان و عیراق لە رووی كۆكردنەوە و پاراستنی كتێب و بڵاوكراوە وە ئەم كتێبخانەیە بە دەیان خوێندكاری ئەم شارە رۆژانە و شەوانە بۆ كۆشش كردن روویان تێكردووە و بە هێمنی و بێدەنگی سەعی خۆیان كردووە.
دەزانی من یەكێك بووم لەو قوتابیانەی كە لە ساڵانی خوێندنمدا زۆرم كۆشش لەو كتێبخانەیە كردووە.. ئەم كتێبخانەیە ئەگەر لە ساڵانی پێش دەسەڵاتی خۆماڵیمان پشتگوێ خرابێت دەبوو لە سەردەمی دەسەڵاتداریماندا لە هەموو روویەكەوە بایەخی زۆرمان پێبدایە. وەكو چۆن نۆژەنی بیناكەی كراوەتەوە، هەرواش بەناو سەرجەم بەشەكانی كتێبخانەكەدا ورد بوینایەتەوە و بزانرایە چی پێویستە بكرێت بۆ ئەوەی ئەو كتێبخانە دەوڵەمەندە بە پێی سیستەمی نوێی پاراستنی بەڵگەنامە و چۆنیەتی ئەرشیف كردنیان كاری تێدا بكرایە. بۆ ئەوەی ئەو هەموو كتێب و رۆژنامە و گۆڤارە كوردییانەی لە سەردەمانی زوودا دەركراون و لەم كتێبخانەیەدا پارێزراون، كە هەر هەموویان بەرەو پووكانەوە و لەناوچوون دەچن. بە ئامێری پێشكەوتوو، لەڕێگای فەرمانبەری شارەزا و دڵسۆزەوە، هەر هەموویان سكان بكرانایە و نوسخە ئەسڵیەكان تەنها بۆ هەڵگرتن لە شوێنی گونجاو و بە دەرمانی پاراستن هەڵگیرانایە… تەنها لە كاتی كردنەوەی پێشانگای ئەرشیفیدا پیشان بدرانایە و رێگا نەدرایە كە كەس دەستیان بۆ بەرێت. بەرای من ئەوەندەی بایەخ بە بە دیمەنی دەرەوە و ناوەوەی بیناكە دراوە بە دەیەكی ئەوە بایەخ بە ناو كتێبخانەكە نەدراوە لەڕووی ئەرشیفیەوە.
بارام: تۆ بۆچی كۆڵت بەو كتێبخانەوە هەڵگرتووە؟ خۆ چەندین كتێبخانەی تریش لە شارەكەدا هەن وەكو كتێبخانەی ئەوقاف و شوێنەوار و زانكۆ و بنكەی ژین. كە ئەوانیش هەمەجۆر بڵاوكراوەیان تێدا كۆكراوەتەوە.
پیرۆت: بارام دەزانی بۆ خەم لەو كتێبخانەیە دەخۆم چونكە لە دوای دامەزراندنی حكومەتی هەرێمەوە چەند كەس كراونەتە بەڕێوەبەری كتێبخانەكە. كە دەبوو لە رۆژی دەستبەكاربوونیانەوە ئەوەندە بە پەرۆشەوە چاویان لەو هەموو كتێب و بڵاوكراوانەدا ورد بكردایەتەوە و كارێكیان بكردایە كە كتێبخانەكە لە ناوەوە سیمای تازەگەری و نۆژەنكردنەوە ی پێوەدیار بوایە.
لە ساڵانێكدا لە هەرێمی كوردستان پارەیەكی یەكجار زۆر رژابوو، دەتوانرا لەو پارەیە كارێك بۆ كتێبخانەكە بكرایە. كە هەر كەسێ بچوایەتە ناوی و پێویستی بە سەرچاوەیەك بوایە. یەكسەر بە رێگای سیستەمی كۆمپیوتەری سەرچاوەكەی بخرایەتە بەردەست بەڵام بەداخەوە هەر بایەخ بە دیمەنی بیناسازیی و جوانی بیناكە دراوە. ئەو بایەخە بە ناوەوەی كتێبخانەكە نەدراوە.
بارام: پیرۆت جا تۆ ئەمەت چۆن زانیوە، كاكە با بۆی بگێڕمەوە.. لەم ماوەیەدا بەدوای شیعرێكی خۆمدا وێڵ بووم كە یەكەم شیعری بڵاوكراوەم بوو. لە گۆڤاری پێشكەوتندا. خۆم بە كتێبخانەكەدا كرد برادەرێكم هات بە پیرمەوە بۆ ئەو بەشەی ئەو گۆڤارانەی تێدا پارێزراوە بردمی كە چوومە بەشەكە و فەرمانبەرەكانی خۆیان ئاسا بە دەنگمەوە هاتن و ژمارەكانیان خستە بەردەستم. كە كەوتمە هەڵدانەوەی پەڕەكانی ئەگەر زۆر بە وریایی ئەم دیو و ئەودیوم نەكردنایە دەدڕان. بەهۆی كۆنیانەوە بەكەڵكی هەڵدانەوە نەدەهاتن بەرپرسی بەشەكەش رێنمایی كردم كە دەستم لە پەڕەكانەوە دا دەست لە دەم و چاومەوە نەدەم. ماوەی زیاتر لە دوو سەعات لایان مامەوە. كەوتنە خەم هەڵڕشتن و گلەیی كردن لە حكومەت و وەزارەتی رۆشنبیریی. لەبەر ئەوە لەم هەموو ساڵەدا و سەرەڕای بوونی لەو هەموو پارەیەی ساڵانی رابردوو نەتوانراوە كارێك بكرێت كە ئەو گۆڤار و رۆژنامە و كتێبە كۆنانە بە سیستەمی نوێی كۆمپیوتەری سكان بكرایە و نوسخەیان لەبەر بگیرایەتەوە و دەرمانی پێویست بۆ پاراستنی بڵاوكراوە كۆنەكان دابینبكرایە و بە بەردەوامی دەرمانڕێژ بكرانایە.
من لەو چوونەمەوە و لە بێتاقەتی ئەو فەرمانبەرانەوە كە بە وردی باسی بارودۆخی كتێبخانەكەیان بۆ كردم تێگەیشتم ئەوانەی پۆستیان هەبووە لەو کایەیەیدا وەک پێویست لە خەمی كتێبخانەكەدا نەبوون.
پیرۆت: بارام ئەوەی ئێستا دەمەوێ بۆ تۆ و بەڕێوەبەری كتێبخانەكە و بەرپرسی بەشەكانی و بەڕێوەبەریەتی گشتی كتێبخانەكان و وەزارەتی رۆشنبیریی و لاوانی حكومەتی هەرێم بڵێم ئەوەیە كە دەبێ هەر هەموویان كاری جیدی بۆ پاراستنی ئەو ئەرشیفە دەوڵەمەندە بكەن. وەكو چۆن فەرمانبەرانی ئەو بەشە بە منیان راگەیاند كە جگە لەو گۆڤارانە بە سەدان رۆژنامە و گۆڤار تا ئێستا لە گوێنیدا هەڵگیراون و كەس ناتوانێ دەستیان بۆ بەرێت.
بۆیە من پێشنیاز بۆ هەر هەموویان دەكەم كە داوا لە بەرپرسانی ئەم وڵاتە بكەن كە بە زوویی بودجەیەك بۆ پاراستنی ئەو كتێبخانەیە تەرخان بكرێت و ئامێر و پێداویستی تەواویان بۆ دابین بكرێت و فەرمانبەرەكان راهێنانیان پێبكرێت و بنێردرێن بۆ دەرەوەی وڵاتانی وەكو ئێران و میسر و ئوردن و ئەڵمانیا _ تا فێریان بكەن چۆن بە سیستەمی نوێ ئەو ئەرشیفە بپارێزرێت. بۆ ئەمەش پێویستە خودی وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی كتێبخانەكان و بەڕێوەبەری گشتی دیوان و راوێژكاری وەزارەت بە زوویی سەردانی كتێبخانەكە و یەكە یەكەی بەشەكانی بكەن و بەوردی گوێ لە فەرمانبەرە دڵسۆزەكان بگرن و بەپیری داواكاریەكانیانەوە بچن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

تاجێك له‌ سه‌ری‌ گمۆدا

ئازاد سەراوی حه‌مه‌ سوره‌بانی‌ له‌ ده‌ربه‌ندا گڤه‌ی‌ با بووو، له‌شه‌وه‌ ...