سەرەکی » وتار » ئیدریس جەبار » كێشە فرە رەهەندەكانی عیراق

كێشە فرە رەهەندەكانی عیراق

هەر تەنیا نەبۆتە چەقی ململانێی نێوان ئەمریكا و ئێران، توركیاش لە باكوورەوە بە بیانووی بوونی (پەكەكە)، سەروەریی خاكەكەی پێشێل دەكات و لە خۆرئاواشەوە، ئەردەن لە لە بەر هەندێك ئیعتیبارات، نەوتەكەی بە نرخێكی رەمزی لێدەستێنێت.
ئەوەی لەئێستادا مایەی نیگەرانی و دڵەڕاوكێی عیراقییەكانە، هەڵوێستی کوێتە لە باشوورەوە كە لە ئاوە ئیقلیمییەكاندا زیادەڕۆیی كردووەوە، و سنورە دەریاییەكانی بەزاندووە، و دەستی بەسەر هەندێك كێڵگەی نەوتدا گرتووە لە بەری سەفوان.
عیراق هەر تەنیا گیرۆدەی دەستی چاوچنۆكەكانی ناوخۆ نییە كە بە گرێبەستە گەورە پڕ لە گەندەڵییەكانیان لە وەزارەتەكانی بەرگری و كارەبا و تەندروستی، داهات و سامانەكەی بەهەدەردەن، دەستە دەرەكییەكانیش بینەقایان گرتووە و دەیانەوێت بیخنكێنن و لە جوڵەی بخەن.
حەشدی شەعبی لە ساڵی 2014 زەرورەتێكی گەورەبوو كە لەسەرداوای مەرجەعیەت بۆ بەگژداچوونەوەی داعش پێكهێنرا، بەڵام گەورەبوونی ئەو هێزە و هەوڵەكانی بۆ لاسایی كردنەوەی سوپای پاسداران، نەك لەنێوخۆدا، بۆتە نیگەرانی بۆ زۆرێك لە وڵاتان و بە دروستكردنی دەوڵەت لە نێو دەوڵەتدا لێكدانەوەی بۆ دەكرێت.
پیلان و هەوڵەكان بۆ وێرانكردنی ژێرخانی سیاسی و ئابوری و سەربازی و كۆمەڵایەتی عیراق بەردەوامن، ئەم هەوڵانەش لە دەرەوە بە مەقاشی ناوخۆ، قۆناغ بە قۆناغ جێبەجێ‌ دەكرێن، ئەوانەی دەیەوێت بەر بەو هەوڵانەش بگرن، هەر لە زووەوە خراونەتە دەرەوەی بازنەی بڕیار و لەئێستادا «لا حول لهم ولا قوە».
كێشە فرە رەهەندەكان لە عیراق، هەر تەنیا لایەنی سیاسی و ئەمنی و ئابورییان شەكەت نەكردووە، كەسێتی عیراقیشیان گەیاندووەتە ئەو ئاستەی دووچاری داڕمان ببێت و بۆ قوتاربوون لە دەستییان، پەنا بۆ دەربازبوون لە ژیان ببات.
زیادبوونی حاڵەتەكانی خۆكوشتن و جیابوونەوە و ئالودەبوون لەسەر ماددە هۆشبەرەكان، بەرەنجامی ئەو كێشانەن كە خەریكە شیرازەی كۆمەڵایەتی عیراق دەشێوێنن و بەرەو ئاقارێكی نەخوازراو پەلكێشی دەكەن.
لە كەین و بەینی ئەم كێشانە و لەگەڵ كەڵەكەبوونی هەڕەشە و مەترسییەكان لەسەر ئایندەی وڵات، خۆری حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدیش خەریكە بەرەو ئاوابوون دەچێت و ئەو تۆزقاڵە هیوایەش روو لە نەمان دەكات كە كیسەڵ ئاسا كاریی بۆ چارەسەركردن و نەهێشتنی كێشەكان دەكرد.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

سیناریۆكان لە سوریا

سوریا لەئێستادا پێدەنێتە قۆناغی هەمواركردن یان دانانی دەستورێكی نوێ‌ بۆ ...