سەرەکی » دۆسێ » یەکخستنی هێزە چەكدارەكان و راوبۆچوونە جیاوازەكان

هەندێك پێیانوایە حەشدی شەعبی دەكرێتە ئامانج

یەکخستنی هێزە چەكدارەكان و راوبۆچوونە جیاوازەكان

بانگەشە و داواكارییەكان بۆ یەكخستنی هێزە چەكدارەكانی عیراق، لەلایەن هەندێكەوە لێكدانەوەی جیاوازیی بۆ دەكرێت، لەكاتێكدا هەندێك بەپێویستی دەزانن تەواوی هێزەكان یەكبخرێن یان لە ژێر چەتری فەرماندەیەكی هاوبەشدا كۆبكرێنەوە بەو پێیەی فرەیی هێزەكان مەترسی بەریەككەوتنی لێدەكرێت، هەندێكی تر پێیانوایە هەریەك لەو هێزانە تایبەتمەندی و ئاراستەی خۆیان هەیە و پێویستە بە سەربەخۆیی بمێننەوە، لەلایەكی ترەوە هەندێك وایدەبینن كە هێزێكی دیاریكراو كراوەتە ئامانج و هەوڵ بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەدرێت.
سەرۆكی مینبەری عیراقی، پێشنیار دەكات فەرماندەییەكی هاوبەش بۆ هێزە چەكدارەكان پێكبهێنرێت كە نوێنەرانی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی لەخۆبگرێت، ئەمەش بۆ خۆلادان لە “كاردانەوە نەرێنی و مەترسیدارەكان” كە بەهۆی فرەیی هێزە سەربازییەكانەو دروستبدەبن.
ئەیاد عەللاوی، سەرۆكی مینبەری عیراقی، لە تویتێكیدا لەسەر تۆڕەی كۆمەڵایەتی (تویتەر) ڕایگەیاندووە “بەردەوام جەختمان لەسەر پێویستی پارێزگاریی لە شكۆ و ناوبانگی نیشتمان و ڕێگرتن لە فرەیی هێزە سەربازییەكان كردووە كە بەرەنجامی نەرێنی و مەترسیدارییان دەبێت”.
بە وتەی عەللاوی”تاكە چارەسەر بۆ خۆلادان لەو مەترسییە، پێكهێنانی فەرماندەییەكی گشتییە بۆ هێزە چەكدارەكان كە نوێنەرانی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی لەخۆبگرێت و لەژێر سەركردایەتی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان و جێگرەكەیدا بێت كە وەزیری بەرگرییە”.
ئەیاد عەللاوی پێیوایە”هیچ ڕێڕەوێكی تر نامانگەیەنێت سەقامگیری، جگە لە یەك عیراق و یەك سوپا و یەك بڕیار و یەك سەركردایەتی”.
هەر لەو چوارچێوەیەدا سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، هۆشداریی دەدات لەو هەوڵانەی دەخرێنەگەڕ بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی، یان یەكخستنی لەگەڵ سوپای عیراق و پۆلیس، بانگەشەكردنیش بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو هێزە بە دوژمنكارانە لەقەڵەم دەدات.
نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە”پێویستە حەشدی شەعبی بە سەربەخۆیی بمێنێتەوە و ڕاستەوخۆ وابەستەی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان بێت، هۆشداریشی لەبارەی یەكخستنی حەشد لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان، بۆ بوونی جیاوازیی لە ئاراستەی حەشد لەگەڵ سوپا و هێزەكانی تر دەگەڕێتەوە”.
مالیكی بەپێویستی زانی” كاروبارەكانی حەشدی شەعبی ڕێكبخرێن و ڕێگە بگیرێت لەو هەڵسوكەوتانەی كە دەبنە مایەی شەرمەزاركردنی دەوڵەت و هاووڵاتیان”، داواشی لە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران كرد، دوایین بڕیاریی جێبەجێ‌ بكات سەبارەت بە ناساندنی حەشدی شەعبی وەك سیستمێكی ئەمنی.
مالیكی دەڵێت”هەندێك لایەن هەن داوای هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی دەكەن، چونكە پێیانوایە هەڵوەشاندنەوەی ئەو هێزە دەبێتە مایەی قوتاركردنی وڵات لەو گوشارە دەرەكییانەی كە نایانەوێت حەشد ببێتە پارێزەری عیراق و یەكێتی وڵات لەبەرانبەر ئەو ڕووبەڕووبونەوانەی دێنەبەردەم عیراق”.
داواكاریی و بانگەشەكردن بۆ یەكخستنی حەشدی شەعبی لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان و تێكەڵاوكردنیان بە سوپای عیراق، لەلایەن هەندێكەوە بە واتای بانگەشەكردن بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو هێزە لێكدانەوەی بۆ كراوە، هەر بۆیە لەو بارەیەوە عەسائیبی ئەهلی حەق كە لەلایەن قەیس خەزعەلییەوە سەرۆكایەتی دەكرێت پێیوایە، ئەوانەی داوای هەڵوەشاندنەوەیان دەكەن، شكستخواردوون و لەئاستی بەرگریكردن لە وڵاتدا نیین، ڕەتیشدەكاتەوە هێزی چەكدارییان لە دەرەوەی دامەزراوەی سەربازی عیراقیدا مابێت.
محەمەد بەلداوی، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی سادیقوی سەر بە عەسائیبی ئەهلی حەق لە پەرلەمانی عیراق، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو:”عەسائیبی ئەهلی حەق و فراكسیۆنی سادیقون، لەئێستادا بەشێكن لە پرۆسەی سیاسی، عەسائیب هێزە چەكدارەكەی لەنێو حەشدی شەعبیدایە كە بەشێكە لە دامەزراوەی سەربازی عیراقی، سەركردە سەربازییەكانیش یان چوونەتە ڕیزی مەكتەبی سیاسی، یان لەنێو حەشدی شەعبیدا دەستبەكارن، ئەوان لەئێستادا وەك لایەنێكی سیاسی تۆماركراو كاردەكەن و خاوەنی 15 كورسی پەرلەمانیین”.
سەبارەت بە داواكارییەكانیش بۆ هەڵوەشاندنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق، بە گوتەی بەلداوی:”پەیوەندی بە دوو لایەنەوە هەیە، لایەنی یەكەم لەلایەن ئەوانەوە بانگەشەی بۆ دەكرێت كە شار و ناوچەكانیان لەكاتی خۆیدا ڕادەستی داعش كردووە و هەڵاتوون، یان لەلایەن ئەوانەوەیە كە وڵاتییان جێهێشتووە، یان لەو دەمەی ئێمە لە دژی تیرۆریستانی داعش شەڕمان دەكرد و سەركەوتنمان بەدەست دەهێنا، ئەوان لە ڕیزەكانی داعشدا بوون، بۆیە بانگەشە و داواكارییەكانیان هیچ بەهاەیەكی نییە، ئەوان لەئێستادا وەك عەسائیب، باڵی سەریازییان نەماوە، بەڵكو بزوتنەوەیەكی سیاسیین و لەوانە زۆر كاریگەرترن كە ئەو جۆرە قسانە دەكەن”.
محەمەد بەلداوی دەڵێت:”ئەوانەی داوای هەڵوەشاندنەوەی عەسایب و نوجەبا دەكەن، گەر شەرم و شكۆیان هەبوایە و ڕێزییان لە وڵاتی خۆیان بگرتایە، نەدەبوو لەمڕۆدا دژ بەو دەنگە شەریفانە بوەستن كە داوای ڕاگرتنی هێرش و پەلامارەكان دەكەن لە دژی دامەزراوەكانی وڵاتەكەیان، گەر لەمڕۆدا داوای بەرپەرچدانەوە نەكرێت، سبەینێ‌ سەركردە سیاسییەكان و فراكسیۆنەكان و نیشتمانپەروەرەكان دەكرێنە ئامانج، ئەوانی داوای هەڵوەشاندنەوەی ئێمە دەكەن، هەموو بەها مرۆیی و نیشتمانییەكانیان لەدەستداوە و ناكرێت بە ئێمە بەراورد بكرێن كە بەوپەڕی لەخۆبوردن و قوربانیدانەوە بەرگری لە خاكی نیشتمان دەكەین”.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

شیكاری سەربازیی: كەركوك‌ و ئەوەی دەتوانرا رزگار بكرێ

پەیڤێک ماوەیەکی زۆرە قسەوباسی بێ مانا و ناڕەوا لە بارەی ...