سەرەکی » مانشێت » بەردەوامیی گفتوگۆ بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور

سەرۆك كۆمارو بەرپرسانی هەرێم:

بەردەوامیی گفتوگۆ بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور

دكتۆر بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار‌و بەڕێز مەسعود بارزانی، لەبارەی دوایین پێشهاتە سیاسییەكان لەئاستی عیراق‌و ناوچەكە، بیروڕایان ئاڵوگۆڕكرد‌و تەئكیدیان لەسەر پێویستیی تەبایی‌و یەكڕیزیی لایەنە كوردستانییەكان كردەوە.
لەدیدارەكەدا، كە دوێنێ لەسەڵاحەدین بەڕێوەچوو، تیشك خرایەسەر پەیوەندییەكانی نێوان هەولێرو بەغدا، بەتایبەت پرسەكانی بودجەی گشتیی ساڵی داهاتووی عیراق، رەوشی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم‌و داڕشتنی یاساكان‌و هەڕەشەو مەترسییەكانی تیرۆر، لەوبارەیەشەوە جەختكرایەوە لەسەر بەردەوامیی دیالۆگ بۆ چارەسەركردنی كۆی كێشەكان‌و پابەندبوون بەدەستوورەوە.

دیداری سەرۆك كۆمارو سەرۆكی هەرێم
لەلایەكی دیكەوەو لەدیدارێكدا، سەرۆك كۆمار‌و سەرۆكی هەرێم، جەختیان لەپتەوكردنی پەیوەندییەكانی هەولێر‌و بەغداو بەردەوامیی گفتوگۆ بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور، كردەوە.
لەدیدارەكەدا، كە رۆژی 17/9 لەهەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان‌و جێگرانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان‌و جێگری سەرۆك وەزیران‌و وەزیری دارایی عیراق‌و ژمارەیەك لەبەرپرسانی حكومەتی هەرێم ئامادەیبوون، لەبارەی پرسە گرنگەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵ‌و حكومەتی هەرێم، گفتوگۆكرا، بەتایبەتی پرسی بودجەی گشتیی ساڵی 2020و ماددەی 140و داڕشتنی یاساكان‌و هەڕەشەو مەترسییەكانی تیرۆر. هەروەك گرنگیی پاراستنی یەكڕیزیی لایەنە كوردستانییەكان لەعیراق‌و هێزە عیراقییەكان‌و كاری پێكەوەییان‌و یەكدەنگیی لەسەر پرسە چارەنووسسازەكان‌و برەودان بەپەیوەندییەكانی نێوان هەولێر‌و بەغدا، تەئكیدی لەسەر كرایەوە.

سەردانی سەرۆك كۆمار بۆ پەرلەمانی كوردستان
هەروەها، دوێنێ، لەمیانی سەردانیدا بۆ پەرلەمانی كوردستان، سەرۆك بەرهەم ساڵح‌و د.ڕێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمان و وەفدێکی پەرلەمان، كۆبوونەوەو تەئكیدیان لەسەر لێكگەیشتن‌و گەیشتن بەڕێككەوتن بەئاراستەی خزمەتكردنی هاووڵاتیان، كردەوە.
لەكۆبوونەوەكەدا، سەرۆك كۆمار، رایگەیاند: پەرلەمانی كوردستان ئەو دامەزراوە دەستوورییەیە كە پیادەی دەسەڵاتەكانی یاسادانان‌و چاودێریكردن لەهەرێمدا دەكات لەسەر بنەمای ئەو دەستوورەی كە ساڵی 2005 زۆرینەی عیراقییەكان دەنگیان پێداوەو دانیپێدانراوە‌و رۆڵی كاریگەری هەیە‌و وتیشی: هەر چوارچێوەی ئەو دەستوورەیە كە ئێمە كۆدەكاتەوە بۆ دروستكردنی لێكگەیشتن‌و گەیشتن بەڕێكەوتنێك كە لەخزمەتی هاووڵاتیانی عیراق‌و هەرێمی كوردستاندا بێت، هەموولایەكیشمان هیچ بژاردەیەكمان لەبەردەستدا نییە جگە لەگفتوگۆو دیالۆگ‌و لێكگەیشتن.
لای خۆیەوە، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، سەردانی سەرۆك كۆماری بۆ هەرێم‌و پەرلەمانی كوردستان بەرزنرخاندو رایگەیاند: دەستووری عیراق پارێزەری ماف‌و داخوازییەكانی خەڵكی عیراقەو پارێزەری مافەكانی نەتەوەی كوردو سەرجەم پێكهاتەكانە.
ئاماژەی بەوەشكرد هەر پێشێلكارییەك كە لەپەسەندكردنی یاساكاندا لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بكرێت پێچەوانەی دەستوورە، بەتایبەت پەسەندكردنی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان‌و یاسای كارگێڕیی دارایی‌و رەشنووسی پڕۆژەیاسای خزمەتی شارستانی، لەوڕووەشەوە داوای لەسەرۆك كۆمار كرد كە پارێزەری حوكمی دەستوورە، رۆڵێكی كاریگەر بگێڕێت لەپاراستنی مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستاندا، هاوكات بەرگریی لەشایستە داراییەكانی هەرێم لەبودجەی گشتیی عیراق بۆ ساڵی 2020 بكات‌و رۆڵی سەرەكی ببینن لەنزیككردنەوەی هەولێرو بەغدا تا ببێتە هەوێنی بەرهەمهێنانی رێكەوتنێك كە لەلایەك رەچاوی بنەماكانی دەستوورو لەلایەكی تریشەوە لەخزمەتی بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان‌و عیراقدا بێت.
سەبارەت بەڕێكارەكانی ئامادەكردنی رەشنووسی ساڵانەی بودجەی گشتیی عیراق‌و ناردنی بەشە بودجەی هەرێم، سەرۆكی پەرلەمان داوایكرد «هاوئاهەنگیی زیاتر لەنێوان هەرێم‌و نوێنەرانی كورددا هەبێت بەتایبەت لەئەنجومەنی نوێنەران لەسەر پەسەندكردنی بودجەی گشتیی ساڵی 2020 بەشێوەیەك ماف‌و بەركەوتەكانی هەرێم تیایدا پارێزراوو جێگیركراو بن«.

 

كۆبوونەوەی سەرۆك كۆمارو سەرۆكایەتیی حكومەتی هەرێم
لەلایەكی دیكەوە، سەرۆك كۆمار، لەكۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت‌و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دەربارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم‌و بەغدا، گفتوگۆیان كرد.
لەكۆبوونەوەكەدا جەخت لەوە كراوەتەوە كە ئێستا دەرفەتێكی باش هاتۆتەپێشەوە بۆ چارەسەركردنی بنەڕەتیی كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور كە پێویستە بەتەواوی جێبەجێبكرێت، كە ئەوەش لەقازانج‌و بەرژەوەندیی هەموو خەڵكی عیراقدایە‌و هۆكارێكی سەرەكیشە بۆ سەقامگیربوونی بارودۆخی عیراق.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

سەرۆك كۆمار: پاراستنی ئاسایش ‌و سەقامگیریی لە عیراق و ناوچەكەدا

دوێنێ، د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار، پێشوازیكرد لە دێڤد شینكەر یاریدەدەری ...