سەرەکی » هەواڵ » ״بەغدا و هەرێم كار بۆ چارەسەری كێشەكان لە بودجەی 2020 دا دەكەن״

״بەغدا و هەرێم كار بۆ چارەسەری كێشەكان لە بودجەی 2020 دا دەكەن״

كۆبوونەوە و هەوڵەكانی بەغدا و هەرێم لە ئاستی باڵادا بۆ چارەسەری كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەردوولا بەردەوامە. ئەمەش لەكاتێكدایە ماوەیەكی دیكە پرسی ئامادەكردن و پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2020ی عیراق دێتە ئاراوە. کە سەرەتایەكی گرنگ دەبێت بۆ چارەسەر، یان ئاڵۆزكردنی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان.

دیالۆگ و گفتوگۆ بەردەوام دەبێت
لە دوو رۆژی رابردوودا، د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار بە سەرۆكایەتیی وەفدێك گەیشتە هەولێر و دوێنێش زنجیرەیەك كۆبوونەوەی لەگەڵ بەڕێز مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، د.ڕێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت و ژمارەیەكی دیكە لە لێپرسراوانی حكومی و لایەنە سیاسییەكاندا كرد.
بەپێی راگەیەنراوەکان «لە كۆبوونەوەكاندا جەخت لەسەر پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و هەولێر و بەردەوامیی دیالۆگ و گفتوگۆ بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەردوولا و پابەندبوون بە دەستوور كرایەوە».

قوباد تاڵەبانی: گەشبینین بە رێكەوتن لەگەڵ بەغدا
هەردوێنێ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم لەمیانی پێشوازیكردن لە ماپیۆ تولێر باڵیۆزی ئەمریكا لە عیراق گەشبینیی خۆی لەبارەی گفتوگۆكانی ئەم دواییەی هەولێر و بەغدا پیشاندا بۆ گەیشتن بە رێكەوتن.

وەزیری پلاندانان:لێكتێگەیشتنی باش هەیە
پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و هەرێم، لە دوای پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عیراق بە سەرۆكایەتیی د.عادل عەبدولمەهدی، چووە قۆناغێكی نوێوە و جگە لە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان، هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان چڕكرانەوە. ئەگەرچی لە ماوەی رابردوودا بەهۆی هەندێك لێدوانەوە، چەند جارێك جۆرێك لە گرژی هاتۆتە ئاراوە، بەڵام ئێستا وەك وەزیری پلاندانانی هەرێم ئاماژەی پێداوە «لێكتێگەیشتنی باش لەنێوان بەغدا و هەرێمدا هەیە». هەروەك بڕیاریشە «وەفدێكی دیكەی بەغدا بە سەرۆكایەتیی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران سەردانی هەرێمی كوردستان بكات».
لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و هەرێمەوە، د.دارا رەشید وەزیری پلاندانانی هەرێم لە دوو رۆژی رابردوودا لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنووسان، رایگەیاند: لە ساڵی 2020 نزیك دەبینەوە و هەموو كۆبوونەوەكانیش بۆ ئەوەیە بتوانین لە بودجەی ساڵی 2020 دا كێشەكان بەتەواوی چارەسەربكرێن، بۆ ئەوەی بگەین بە رێكەوتن، وتیشی: خۆشبەختانە نزیكبوونەوەی زۆرباش لەنێوان هەردوولادا هەیە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

سەرۆك كۆمار: پاراستنی ئاسایش ‌و سەقامگیریی لە عیراق و ناوچەكەدا

دوێنێ، د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار، پێشوازیكرد لە دێڤد شینكەر یاریدەدەری ...