سەرەکی » کەلتوور » سینەماچی؟!

سینەماچی؟!

هاوار مستەفا خان

بەشی بیست و چوار

لەژێر ناوی» سینەما..چی؟!» کە لەبنەڕەتدا پەڕتۆکێکە و لەگەڵ چەند ئەڵقەیەکی دیکە کە لێرە لە کوردستانی نوێ بڵاوی دەکەینەوە، بیرەوەریی هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی زیاتر لە جارەگە سەدەیەکی خوێندنەوەو بینین و نووسین و رەخنەی سینەمایی و دروستکردنی فیلم و رۆشنبیریی سینەماییەو وابڕیارە لەماوەی داهاتوودا لە دووتوێی پەڕتۆکێکدا «رەنگە زیاتر»یش چاپ و بڵاوبکرێتەوە.
لێرەدا، هەوڵدەدەم چەند بیرەوەرییەکی تەمەنی جوانی و بەخۆڕایی بەفیڕۆچوونی ئەو سەردەمە باس بکەم کە چەند تامەزرۆی سینەما بووین و چەند هەوڵماندا بیگەینێ کەچی جەنگ و شەڕ و ئاشوبی هەشت ساڵەی عیراق ئیران و سیاسەت و ململانێی ناتەندروست و درێژخایەنی هێزەکانی گۆڕەپانی باشوری کوردستان لەشاخ و شار، دەیبردینەوە کۆڵانەکانی پشتەوەو هەر بەحەسرەتی ئەوەی دونیای جوانی و فانتازیی سینەماییمان دروست بکەین، بەردەوام بووین و کۆڵمان نەدا، بەڵام ساڵ دوای ساڵ سەخت و دژوارتر دەبوو بەدیەێنانی خەون و خولیاکانی گەنجی و جوانیمان، هەر ئەوەش وای لێکردین بەو جوانیەوە، جوانتر سینەما لەگەڵ خۆماندا پەروەردە بکەین.

کۆمەڵەی سینەمای کوردستان و گۆڤاری سینەما
هەر لەگەڵ دەرپەڕاندنی رژێمی فاشستی بەعس لە بەشێکی زۆری باشوری کوردستان، ئیدی بەشێکی هونەرمەندان زوو کەوتنەخۆ بۆ ئەنجامدانی چالاکیی. سەرەتای دەستپێکی جموجۆلەکانی دروستکردنی کۆمەڵەی تایبەت بە سینەما لەلایەن هونەرمەند حەسەن جودی و چەند هاوڕێیەکی لە هەولێر دەستی پێکردو سەرمەشقی دامەزراندنی»کۆمەڵەی سینەمای کوردستان»ی کردو لەماوەی نیوان ساڵانی ١٩٩١ و ١٩٩٢، توانیان دوو گۆڤاریی تایبەت بە سینەما چاپ و بڵاوبکەنەوە، ژمارەی (١)ی لە ئەیلولی ١٩٩١ و ژمارەی (٢)ی لە نیسانی ١٩٩٢ لە هەولێر چاپ و بڵاوکرایەوە. بیرمە بە تەوسەوە گۆڤارەکەمان دەخوێندەوە، گەرچی ژمارەی (١)ی لە ئاستێکی زۆر سادەی کوالێتی و دەرهێنانی هونەریدا بوو، بەڵام هەر گرنگ و پڕ بایەخ بوو، ژمارەی دواتری ئاستێکی تری بەخۆیەوە بینی و هەر ئەو دوو ژمارەیەی لێ دەرچوو، ئیتر ناوی گۆڤار و کۆمەڵەی سینەمای کوردستان»یش بەیەکجاری پەکی کەوت و دەرنەکەوتەوە.
لەو دوو ژمارەیەدا، گەرچی نێوانی دەرچوونیان (٧)مانگ بوو کە لەدەرچواندنی وەها چاپەمەنیەكدا توانای رۆژنامەڤانیی و دەرکەوتنی ژانرەکانی بێ خەوش نابێت و توانای زانستیی و پیشەیی بە پێوانەی زانستیی لەدەست دەدات، بەڵام بۆ ئەوکات و بەهۆی دەرنەکەوتنی ئینتەرنێت و تەنانەت کەناڵی ئاسمانیش، ئەو چانسەی هەبوو کە وەك دەستکەوتێکی گرنگی بواری سینەمایی تەماشای بکرێت و هەنگاوەکانیش لە مێژووی رۆژنامەڤانیی کوردییدا تۆمار کران. بەڵام نەبووە بنەماو تەنانەت سەرەتایەکی بواری رۆژنامەڤانیی سینەمایی کوردیی کە چاوی لێبکرێت و زانستیانە ژانرەکانی هەواڵ و روداو و رۆژنامەڤانیی تایبەتمەندی «سینەما»یی تێدا رەگداکوتێ و ببێتە بناخەیەكی رۆژنامەڤانیی سینەمایی لە رۆژنامەڤانیی کوردی و کوردستانیدا.

یەکەمین پاشکۆی سینەمایی لەمێژووی رۆژنامەگەری کوردیدا
دوای ئەوەی «گروپی سینەمای کوردستان» لە ١١-١٢-١٩٩٥ لە شاری هەولێر دامەزرا، جموجۆڵێکی چۆنایەتی دەستدایێ کە بەر لەوەی بیر لەبەرهەمهێنانی فیلم بکرێتەوە، هەردوو نووسەرو رەخنەگری سینەمایی»پشتیوان عەبدوڵا و بەندە» بەچڕی دەستماندایە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و راپۆرت و بابەتی رەخنەو مێژوویی لەسەر سینەما، بەتایبەتی سینەمای کوردیی، رێکەوتبووین کە هەر بابەتێك تەنانەت گەر هەواڵێکی سینەماییش بێت ، دەبێ لە پاڵ ناوی خۆماندا، گروپی سینەمای کوردستانیش بنووسین.
دەتوانین ئەوە رابگەیەنین کە رۆژنامەو گۆڤار نەمابوو بابەتی سینەمایی تێدا بڵاو نەکەینەوە، بە ئەندازەیەك باش بیرمە کە سەرنووسەری رۆژنامەی «رێبازی ئازادیی» حزبی سۆسیالیستی کوردستان ماوەیەك بوو لەدەرچوون وەستابوو، سەرنووسەر ئاسۆ حەسەن، بە هەردووکمانی راگەیاند کە بابەتی سینەمایی بۆ بنووسین رۆژنامەکەیان دەردەچێتەوە؟!.
لەو هەوڵ و تەقەڵایانەی من و پشتیوان لە ساڵی یەکەمی درووستبوونی «گسك»دامان، زۆرترینی ساڵی بڵاوبوونەوەی بابەتی سینەماییە، زیادەڕەویش نیە گەر بڵێم: تەنانەت لە مێژووی رۆژنامەڤانیی کوردیشدا ئەم هەنگاو و هەوڵانەی ئێمە ناوازەبوون، بەمەش کار بەوە گەیشت لە گەرمەی شەڕی ناوەخۆدا زۆر بەئاسانی کاتێ پێشنیاری ژمارەیەکی تایبەت بەسینەمامان لە شاعیرو نووسەر سەعدوڵا پەرۆش کرد کە پاشکۆیەکی ئەدەب و هونەری رۆژنامەی کوردستانی نوێ بۆ سینەما تەرخان بکات، یەکسەر هاتەپێش و مژدەی داینێ کە فەرموون بابەت بێنن و پاشکۆی تایبەت بە سینەما لە خزمەتدایە.
لەو ژمارەیەدا، چەند هاوڕێیەك بابەتیان ناردو من و کاك پشتیوان لاپەڕەکانمان رێکخست و بەکوڵاوی دامانە دەست کاک سەعدوڵا پەرۆش و ئەویش لەگەڵ ستافی پاشکۆ پێداچوونەوەی خۆیان کردو رەوانەی چاپخانەیان کرد. من و پشتیوان زۆر تامەزرۆ بووین بۆ ئەوەی بگەینە رۆژی دەرچوونی ئەو پاشکۆیە، چوون یەکەمین جار بوو لەمێژووی رۆژنامەگەریی کوردیدا رۆژنامەیەکی سیاسیی لە سەردەمی شەڕو ئاشوبدا، پاشکۆیەکی تایبەت بە سینەما تەرخان بکات و بلاوی بکاتەوە. نووسەرەکانی ئەم ژمارەیە کە یەکەم ژمارەو دوا ژمارەی تایبەت بوو بە سینەما بریتی بوون لەم بەڕێزانە: فەرهاد پیرباڵ لە لاپەڕەیەکدا بابەتێکی بەناوی» سینەمای کوردیی کام رێگا؟» بڵاوکرایەوە. لەگەڵ دوو بابەتی تر بەناوی: سینەمای ژێر زەمینی نووسینی شاخەوان ئیدریس ئەندامی « گسك». بابەتەکەی تریش بەناوی «تیرۆژ «بوو وەك ئاماژەیەك بۆ هۆکاری دەرچواندنی ئەم پاشکۆیەو لە لایەن نووسەر سەڵاح شوان بڵاوکرایەوە.
لاپەڕەی دووەم دوو بابەت بوو، یەکەمی تەوەرەیەك بوو لەسەر سینەمای کوردی و لەلایەن گروپی سینەمای کوردستانەوە ئامادەکرابوو. بابەتەکەی تریش بەناوی» تیلی سینەما»بوو کە لەلایەن دیاری ئەحمەد باقی نووسرابوو.
لاپەڕەی سێیەمی تایبەت بوو بە بابەتێکی بەندە» هاوار مستەفا خان، بە ناوی» سینەمای پەناهەندەی کوردیی»و لەپاڵ ناوی خۆشمدا ناوی «گروپی سینەمای کوردستان»یشمان نووسی بوو.
لاپەڕە چوارەمیش بابەتێك بوو بەناوی» جەنگ..! و بەڵگە زیندووەکانی فیلمی تۆماری لەلایەن هونەرمەند ئالان رەئوف ئامادەکرابوو.
لە شاری هەولێر، چەند ناوێك هەبوون پێشتر بەر لە راپەڕین لەکایەی رۆشنبیریدا بە نووسین و کۆڕو کۆبوونەوەو یانەی سینەما هەوڵی بێوچانی خۆیاندا کە هونەری سینەما وەك چەکێکی کاریگەری ژیاندۆستی و رزگاریی نیشتمانیی سودی لێوەربگیرێت و بۆ روبەڕووبوونەی دوژمن تاوبدرێت، بەڵام دەستەڵاتدارن لەوە بەهێزتربوون کە بە ئاسانی رێگە بەو جۆرە لە چالاکیە بدەن و دەیانزانی کورد فێری راهاتن و راهێنانی ئەو چەکە ببێت ئەوە مەترسییەکان بۆ سەر دەستەڵات بەهێزتر ئەبن بۆیە هەرگیز ئەو دەرفەتەیان نەڕەخساند ئەگەر بۆ قازانجی خۆدی دەوڵەت نەبوایە کە ئەویش بێ گرێوگۆڵ نەدەبوو.
لەوانەی دوای راپەڕین باشتر دەرکەوتن و دەرفەتیان هاتەپێش تا رۆڵی خۆیان لە بڵاوکردنەوەی رۆشنبیری سینەماییدا ببینن، مامۆستا رزگار، سەڵاح مەزن، پشتیوان عەبدوڵا، حەسەن جودی، بەندەو چەند ناوێکی تربووین کە بەردەوام لەو بوارەدا هەر یەك بەپێی بیرکردنەوەو توانای رۆشنبیریی و بەردەوامیی لەو بارەدا ئەسپی خۆی تاودەدا. هەندێکیش بەدڵنیاییەوە سەرقاڵی فیلم درووست کردن بوون، کە بۆ ئەوانەی بە نووسین و وەرگێڕان بەشداری بڵاوکردنەوەی ئەو رۆشنبیریەیان دەکرد، دەبوونە هەوێنی «رەخنەی سینەمایی»، بەڵام بە کردەوەو بە شێوازێکی نزیکتر لە رەخنەی زاستی، تا بەمڕۆش دەکات لەنێو کوردانی باشوردا» وادەزانم لە پارچەکانی تریش»دا، ئەو کایە گرنگە نەخەمڵیوە، هۆکارێکی هەرە سەرەکیش بەردەوام نەبوونی بەرهەمهێنانی فیلم و بازارو بۆرسەی سینەمای کوردیی بووە.لەگەڵ نەبوونی پسپۆری تایبەتمەندی بواری رەخنەی سینەمایی ودەرفەتی بڵاوکراوەو چاپەمەنیەکانیش هەندەی پانتاییان بۆ سیاسەت بوو ئەوەندەی «سینەما» جێگای بایەخی ئەو رۆژگارە نەبوو.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

رقصە اخیلتی

رقصە اخیلتی دیوانە شیعرێكی شاعیر عەلی مەعروف بەهروردییە، عەبدولستار شارباژێری ...