سەرەکی » وتار » هیوا محەمەد » ئەنجومەنی حزبەکان و رووکردنە بنیاتنان

یەکبێژ

ئەنجومەنی حزبەکان و رووکردنە بنیاتنان

بێ گەڕانەوە بۆ ڕابردوو تەنها لەدوای ڕاپەڕینەوە دەخەینە بەر باس، لەدوای بوونی هاوکاری و یەکگرتنێکی بێ وێنەی هێزە سیاسییەکان ( بەرەی کوردستانی ) و یەک دەنگی خەڵکی کوردستان و ئەنجامدانی یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و وەستانەوە بەڕووی دوژمنانی ناوچەکەدا، ئیدی ئەوانیش هەستان بە ناشتنی تۆوی دووبەرەکی و ئاژاوە نانەوە بۆ ئەوەی ئەوەی لەم هەرێمەدا هاتوەتە دی لاواز بێت و نەتوانێت لەسەر پێی خۆی ڕابوەستێ.
ئەوان واتا نەیارانی کوردستان بەبەردەوامی و لەژێر پەردەو ماسکی جیاجیادا لەهەوڵی خۆیاندا بەردەدوامن و ئەگەرچی بەپێی پێویست نەیانتوانیوە ئامانجیان بپێکن بەڵام لەپاڵیدا بەرەو پێشچوونی هەرێم و گەیشتنی بە ئامانجی گەورە تر و فراوان کردنی دەسەڵاتەکەی بۆ ناوچە دابڕینراوەکان و پێشکەوتنی کۆمەڵگاکە لەرووی شارستانی و سەکترەکانی ژیان لاوازە و لە ئاستێکی کەمتر لە مامناوەندیدایە.
هۆکاری ئەمانەش دەگەڕێتەوە بۆ چەند شتێکی لەوانە نەبوونی سیاسەتێکی حەکیمانە کە خۆی بگونجێنێت لەگەڵ رووداوەکانی ناو عیراق و ناوچەکەو نەکەوێتە ژێر باری منەتی هیچ کامیان تا وای لێبکات نەتوانێت لێی دەربچێت، ئەوە نەبوونی یەک دەنگی و یەکڕیزی و یەک هەڵوێستی نەک هەر لە سەر ئاستی لایەنە جۆراو جۆرەکان بەڵکو لەسەر ئاستی کەسایەتییە سیاسییەکانیش جیاوازە.
ئەمڕۆ زیاتر و گرنگتر لەهەر کاتێک دروست بوونی بەرەیەکی یەکگرتوو و لەوێشەوە ئەنجومەنێکی باڵای حزبەکان لەهەر کاتێکی تر پێویست ترە، ئەنجومەنێک ئیدی لەکەسایەتییە باڵاکانی ناو حزبەکان پێک بێت و توانای بڕیار دانی هەبێت بێ گەڕانەوە بۆ ئەم و ئەو، ئەنجومەنێک کە ڕێگر بێت لە کەرت کردنی هەڵوێستەکان و رووبەڕوو بوونەوەی گرفتەکان و دیاری کردنی ستراتیژیەتی هەرێم لەگەڵ دەوروبەریدا، ئەگەر ئەمە بوو ئەوکات چ بۆ بەغدا و چ بۆ ووڵاتانی دەوروبەر زەحمەت دەبێت بەرژەوەندییە تایبەت و( دژەکانی هەرێم) بۆ خۆیان بچەسپێنن.
یەک بوونی یەک هەڵوێستی تەنها لەڕێگەی یەکپارچەیی خاک و ئیدارەوە نابێت بەڵکو لە دەربڕینی هەر لایەنێکەوە دەبێت کە بێ پشت پەردەو پاشە ملەو ناپاکی لەگەڵ یەک هاوڕا بن، بەجۆرێک کە لەیەک هێڵدا خۆیان ببیننەوە بۆ بەدیهێنانی ئەو خواستانەی کە پەیوەستن بە هەرێمەوە.
ئەوەندەی گوێمان لێ دەبێت بەدرێژایی نزیکەی سی ساڵی ڕابردوو باس لە کۆبوونەوە ئەرێنییەکان دەکرێت و هیوا دەدرێت بەخەڵک بایی ئەوەندە ئەنجامی باش و دەستکەوتی نەبوە، دەکرێت سیاسییەکان وابیر بکەنەوە کە ڕێگری لە بێ ئومێد بوونی خەڵک بکەنەوە چونکە خەڵک واتا چین و توانای جیاواز، بەڵام هەتاکەی لەسەر کێشەیەک بووترێت هیوامان وایە بەرەو چاک بوون دەچێت یان ئینشائڵا چاک دەبێت، خەڵک لە هەرێم شتی مەلموسی دەوێت، دەبێت بەڵێنەکان ماوەی جێبەجێ کردنی بۆ دیاری بکرێت، ئەو دروشمانەی لەکاتی هەڵبژاردندا هەر حزبێک داویەتی و هەموویان شتی باشن دەبێت لەماوەی شەش مانگی یەکەمی دەست بەکاربوونی حکومەتە نوێیەکەدا نیشانەکانی بەدەست هێنانیان بەدەر بکەوێت.
هەرێم لەچاو عیراق بچوکە چ وەک خاک و چ وەک دانیشتوان،چواردەوری داخراوە بە ئەوانەی کێشەیان لەگەڵ کورد هەیە، لێرەوە دەبێت بزاندرێت کە هەموو هەوڵەکان لەم هەرێمەدا بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگاو ئاوەدان کردنەوەو پێشخستنی شارستانیەت بێت نەک خۆ بەستەوە بە رووداوەکان و چونە ژێر باری وەرگرتنی هەندێک هەڵوێست کە لەدواییدا بە ئاقارێکی ترماندا ببات جیاواز لەوە چاوەڕوانی بووین( وەک ڕیفراندوم)، باشترە گرنگی بەکاری مەدەنی و دروست کردنی ژیانی خۆشگوزەرانی بدرێت تا بەفراوانکردنی هێز، چونکە ئێمە بەو هێزەی هەمانە گەر دوو هێندەش بێت ناتوانین بەرگەی شەڕی هیچ کام لەو ووڵاتانەی دراوسێ بگرین، ئێمە لەشەڕی داعشیشدا زیاتر بە هۆی کۆمەکی هاوپەیمانانەوە توانیومانە سەرکەوتن بەدەست بهێنین.
ئەگەر ئێمە ئەم ڕاستییە بزانین ئیدی پێویست ناکات زیاتر لە خەمی دروست کردنی هێزدا بین، ئیمارات ووڵاتێکی نوێیە تەمەنی هێندە درێژ نیە لە بیابانێکەوە بوە بەو جێگەیەی کە شاری وەک دوبەی و ئەبو زەبی تیادایە، بەرز ترین بورجی لە جیهاندا تیادایە، بەلام بە هۆی خۆ تێکەل کردنی بەشەڕی یەمەنەوە دوور نیە لە گەرم بوونی ئاگری شەڕدا ئەو بورجە بۆمبێکی بەرکەوێت و بێتە خوارەوە، ئەو کات خەڵکی ئەو ووڵاتە هەست دەکەن کە دەبوایە لەسەر پێشخستنی ووڵاتەکەیان و کۆمەڵگاکەی بەردەوام بوونایە نەک خۆ هەڵقورتاندن لەشەڕ.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*