سەرەکی » وتار » لەتیف فاتیح فەرەج‌ » هاواری‌ خه‌ڵك و راستی‌ بابه‌ته‌كه‌

خورجە

هاواری‌ خه‌ڵك و راستی‌ بابه‌ته‌كه‌

1

قانعی‌ شاعیر له‌ شوێنێكا زۆر به‌ ساده‌یی‌ ده‌ڵێت:
با دوو قات نه‌بێت خانووسه‌راكه‌ت
پاره‌ی‌ قاتێكیان بده‌ به‌ براكه‌ت
ئه‌وه‌ی‌ ئێستا ده‌گوزه‌رێت هه‌ر پرسی‌ گه‌نده‌ڵی‌ و دزینی‌ سه‌روه‌ت و سامانی‌ نیشتمان و ده‌وڵه‌مه‌ند بوونی‌ چه‌ند مافیایه‌كی‌ سیاسی‌ نیه‌، ئه‌وه‌ی‌ ئێستا ده‌گوزه‌رێت شه‌ڕی‌ دادگه‌ری‌ و یه‌كسانیه‌، ئاخر هه‌ندێك به‌رپرس و ده‌سه‌ڵاتداری‌ عیراقی‌ له‌هه‌موو كوچه‌و كه‌نارێكی‌ دنیا ته‌لارو ڤێللا و كۆمپانیا ده‌كڕن و هه‌زاران خه‌ڵكیش نانی‌ دوو ژه‌میان نیه‌، دانپیانانه‌كه‌ی‌ حه‌لبووسی‌ به‌وه‌ی‌ زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن خێزانی‌ عیراقی‌ له‌ ژێر هێڵی‌ هه‌ژاریه‌وه‌ن، بۆ وڵاتێك كه‌ سیاسیه‌كانی‌ سه‌رمایه‌دارو ده‌وڵه‌مه‌ندی‌ گه‌وره‌ بن بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ یه‌ك رۆژ ماندوو بووبن، ناشرینی‌ و حه‌یاچوونێكی‌ گه‌وره‌یه‌، شه‌رمه‌زاری‌ گه‌وره‌ ئه‌وه‌یه‌ سه‌ركرده‌ تێرو پڕبێت و میله‌ته‌كه‌ی‌ برسی‌.

2
ئه‌وه‌ی‌ قانع ده‌یڵێت، ئه‌گه‌ر به‌ ئاكاره‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی‌ له‌ ته‌كا بكه‌ین، وڵات خاڵی‌ ده‌بێته‌وه‌ له‌ هه‌ژاری‌ و نه‌داری‌، خه‌ڵك به‌ به‌ڵێنی‌ درۆزنانه‌ی‌ سیاسیه‌كان كێشه‌كانی‌ چاره‌سه‌ر نابن، خزمه‌تگوزاری‌ و دامه‌زراندن و موچه‌ سه‌ره‌تایی‌ ترین مافه‌كانی‌ مرۆڤن، ناكرێت له‌ به‌رانبه‌ر موچه‌و دامه‌زراندن و ژیانی‌ شایسته‌دا داوای‌ كۆیلایه‌تی‌ و بێده‌نگی‌ و ماستاو له‌ هاوڵاتیان بكرێت، له‌م چه‌ند ساڵه‌ی‌ دوایدا بێئه‌وه‌ی‌ كاره‌كته‌ره‌ شكاوه‌كان پێبزانن، له‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیش جۆرێك له‌م سیاسه‌ته‌ په‌یڕه‌و كراوه‌، هه‌بوون ره‌خنه‌ی‌ توندیان له‌ نادادی‌ و سته‌م ده‌گرت، دواتر خۆیان خزان، مامۆستا هێمنی‌ شاعیر ده‌ڵێی‌ بۆ ئه‌و خزاوانه‌ی‌ گوتوه‌ « پوڵپه‌رست په‌یمان شكێنه‌و بێبه‌ڵێن «
هه‌ڵبه‌ت به‌ دووی‌ پوڵكه‌وتن مرۆڤ له‌ ئاكار دوور ده‌خاته‌وه‌،ئه‌وه‌ ئه‌و دۆخه‌یه‌ كه‌ئیتر كه‌س وێنه‌ راستیه‌كه‌ وه‌ك خۆی‌ نابینێت.

3
دادگه‌ری‌ و یه‌كسانی‌ بنچینه‌ی‌ پێشكه‌وتنی‌ كۆمه‌ڵگه‌ن، له‌ نێوان هاونیشتمانیاندا بۆ ده‌سه‌ڵات سواڵكه‌رو له‌ به‌ر دڵان نیه‌، ناكرێت بۆ كه‌سێك ده‌یان ده‌فته‌ردۆلارو بۆ یه‌كی‌ دیكه‌ش 100 هه‌زاردینار خه‌رجبكرێت، پیره‌مێردی‌ خۆمان كه‌ وێده‌چێت راوچیه‌كی‌ باشیش بووبێت، له‌ شوێنێكا ده‌ڵێت :
ئه‌گه‌رعه‌داله‌ت ئاوڕ باته‌وه‌
گورگ له‌ گه‌ڵ مه‌ڕ ئاو ئه‌خواته‌وه‌
خه‌ڵكی‌ عیراق و به‌ تایبه‌ت لاوه‌كان داوای‌ كه‌مێك له‌ دادگه‌ری‌ و یه‌كسانی‌ ده‌كه‌ن، ئه‌وان نایانه‌وێ‌ گورگ و مه‌ڕ له‌ یه‌ك كانی‌ و به‌ یه‌كه‌وه‌ ئاو بخۆنه‌وه‌، ئه‌وان لانی‌ كه‌م ئه‌وه‌یان ده‌وێت كه‌ چیتر ئه‌و هه‌موو جیاوازیه‌ گه‌وره‌یه‌ نه‌مێنێت، ناكرێت له‌ یه‌ك وڵاتا سیاسیه‌كان له‌ به‌هه‌شتاو زۆربه‌ی‌ هاوڵاتیه‌ ئاساییه‌كان له‌ دۆزه‌خدا بن، خه‌ڵك داوای‌ به‌ دۆزه‌خكردنی‌ هه‌موو وڵات ناكات، خه‌ڵك داواده‌كات هه‌رچۆنێكه‌ ئه‌وانیش له‌ نزیك ده‌رگاكانی‌ به‌هه‌شت بژین، با له‌ دیوی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ده‌رگاكه‌ش بێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*