سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » تۆ له ‌چوارگۆشه‌یه‌كی‌ جێهێشتنا

تۆ له ‌چوارگۆشه‌یه‌كی‌ جێهێشتنا

جێهێشتن كفرێكه‌ شێرپه‌نجه‌،
ئه‌م هه‌واڵه‌ خه‌یاڵم لێ ده‌كاته‌وه‌،
ده‌یباته‌وه‌ ناو دێڕی‌ جۆگه‌یه‌كی‌ سه‌هۆڵین،
تاسه‌رما بیسمێ..تامه‌حه‌به‌ت بێ ئاگردان
له‌رز ڕه‌نگكا..تامیهره‌بانی‌ بدڕێ
له‌چاڵی‌ فیراقا…
شتێك هه‌یه‌ بێده‌نگی‌،له‌لای‌ ڕۆحمه‌وه‌ شاڵاوی‌ نه‌عره‌ته‌
شتێك هه‌یه‌ سكوتی‌ ئه‌به‌دی‌،له‌لای‌ دڵمه‌وه‌ سێگۆشه‌ی‌ فه‌رته‌نه‌
هه‌موومان قفڵێك ده‌كه‌ین به‌یه‌خه‌ی‌ ڕابردووا
من به‌سه‌ری‌ (با) دا ده‌كه‌م ،كه‌نه‌یتوانی‌ دڵم فێری‌ فڕینكا
تۆ فێرت كردم و له‌ناو ئاوه‌دانی‌ (با) دا ونتكرد!!
(با) چ هه‌واڵێكه‌ خزاوه‌ته‌ قاچی‌ شه‌مه‌نه‌فه‌ر،
چ مه‌ستی‌ مه‌ودایه‌كه‌ شه‌ل و كوێر ؟؟؟
ڕادیۆیه‌كه‌ گریانێكی‌ تاشی‌ /كۆلاره‌كان به‌ده‌ستی‌ باوه‌ قڵپ ده‌بنه‌وه‌،
مناڵه‌كان له‌ترافیك لایتدا به‌گڵۆپی‌ سه‌وز ده‌چه‌قن…
سه‌ته‌لایته‌كه‌ بنێشتێكی‌ چرپاند/گۆزه‌كان به‌شانی‌ كچه‌كانه‌وه‌،
له‌ترسی‌ با ده‌ئاوسێن به‌نه‌زیف،
ژنه‌كان سه‌رئێشه‌ ده‌گرن به‌چڵێك باوه‌،
له‌بیریان چووه‌ مه‌مك به‌ند دیواری‌ ڕووخاوه‌!!
ئه‌م هه‌موو هه‌واڵانه‌ی‌ با تێپه‌ڕن شایه‌نی‌ جێهێشتنن،
كه‌چی‌ تۆ بوون مه‌حاڵه‌ جێهێشتن .
تۆ بوون زنجیرێكه‌ له‌كاتژمێری‌ دڵما،
تۆ بوون هه‌ڵچنینی‌ بونمه‌ له‌ره‌هه‌ندی‌ ڕۆحما!!
گوێ له‌م ته‌ماشایه‌م بگره‌ ،قاچی‌ شه‌قامه‌كان
ئازاری‌ قه‌ڵه‌و ڕواندونی‌ نه‌ك په‌یكه‌ری‌ دره‌خت
ڕوانینێكم تێبگره‌ ،واته‌ماشام چه‌قیوه‌ته‌ سه‌ر ژنێك
له‌كه‌ندو له‌ندی‌ پێیه‌كانییا..چیرۆكێك خۆی‌ ته‌فسیر ده‌كا،
ژنێك له‌ڕه‌نگی‌ ئاوی‌ من ،له‌نه‌سلی‌ قسه‌كانم
پیاوێك له‌(با) یاقوتی‌ ڕۆحی‌ فڕێداوه‌،
پیاوێك له‌پاشماوه‌كانی‌ قابیل
پێڵاوه‌كانی‌ ناشتووه‌ له‌فه‌نه‌ری‌ خوێن
كه‌چی‌ ئه‌و میهره‌بانی‌ له‌مناڵیا چێده‌كا..
منیش میهره‌بانی‌ ده‌چنم بۆ تۆ ..
تۆ بوون چ واتایه‌كی‌ هه‌یه‌ ،
كه‌نه‌وتوانی‌ ئه‌م كێڵگه‌ی‌ ڕقه‌ ده‌رمانی‌ مێشی‌ پیاكه‌یت،
كه‌تۆ نه‌وتوانی‌ ئاینی‌ داهۆلێك هه‌ڵكه‌نی‌ له‌ئه‌هوه‌نی‌
تاپه‌تای‌ ترس نه‌مخوا..
له‌بیرم چوو داهۆڵ ڕابردوویه‌كی‌ دووباره‌یه‌
چۆله‌كه‌كان زه‌مه‌نیان قڵیشاندو فیكه‌یان لێكێشا،
په‌ڕه‌سێلكه‌كان خه‌ونی‌ داهۆڵیان داكه‌ندو
ڕۆیان كرده‌ سیاقی‌ سه‌فه‌ر..
بولبوله‌كان مێژووی‌ داهۆلیان ڕیسوا كرد ،
به‌حیكایه‌تی‌ درۆ..
نامه‌وێ جێت بهێڵم ..په‌ڕه‌سێلكه‌ ،چۆله‌كه‌ ،میلۆدیای‌ بولبول
تێپه‌ڕن ..له‌هزرما زه‌مه‌نی‌ جێهێشتنن،بێجگه‌ تۆ
تۆ نازانی‌ ته‌نیاییم چه‌ند سه‌رقاڵه‌ بێ تۆ..
مێژووی‌ شه‌هره‌زاد تلده‌كه‌مه‌وه‌ .
به‌شه‌هریار ده‌ڵێم/سه‌ری‌ ژنه‌كان مه‌په‌ڕێنه‌ به‌جێهێشتن
بابتكه‌مه‌ لێزمه‌ی‌ هه‌واڵێك ،چاوی‌ با گوێی‌ لێ نه‌بێ
له‌شه‌هریاره‌وه‌ بۆ وجودی‌ تۆ
پاڵێك بنێنن به‌فیراقه‌وه‌ واگه‌شتۆته‌ سه‌مای‌ كراسه‌كه‌م
ڕۆحم فه‌نا ده‌كا…بێجگه‌ تۆ له‌كوێ سواڵی‌ مه‌حه‌به‌ت بكه‌م،
ژنبوونم حه‌وسه‌ڵه‌ی‌ مه‌لوول،مه‌لووله‌!!
& & &
له‌گۆشه‌ی‌ چ چوار گۆشه‌یه‌كه‌وه‌ بیرت بخه‌مه‌وه‌،
كه‌ ووتت/جێتناهێڵم..ڕۆشتنت چووه‌ته‌ كورته‌ی‌ هه‌واڵه‌كان
سه‌ته‌لایته‌كه‌ پاڵی‌ به‌بێده‌گییه‌وه‌ نا ،
ڕادیۆكه‌ كردیه‌ هه‌را/متمانه‌ توشی‌ په‌تا بووه‌،
ئه‌ی‌ مرۆڤ ده‌ست به‌كڵاوه‌كانتانه‌وه‌ بگرن ،
بامتمانه‌ نه‌تانكاته‌ پێكی‌ په‌تا!!
چ خه‌جاڵه‌تییه‌كه‌ زه‌رده‌خه‌نه‌كانی‌ مه‌حه‌به‌ت،
له‌گه‌ڕه‌كه‌كانی‌ ته‌ماشاما هاڕه‌یان كرد..
كه‌گوێیه‌كانم ئه‌مه‌ی‌ بینی‌
وتم/من له‌زه‌مه‌نێكا زینده‌گی‌ چێده‌كه‌م ،
له‌پێكه‌وتنی‌ مرۆڤه‌..مرۆڤ
بیرته‌ له‌پاركی‌ په‌ڕه‌سێلكه‌كانه‌وه‌ ،
وتت/گه‌ر مردم حه‌زده‌كه‌م وه‌سێتم ئه‌وه‌ بێ
چاوه‌كانم نیشته‌جێ بێ لای‌ تۆ..
نا.. با چاوه‌كان شاهید بن ،
كه‌چۆن وه‌سێتت دایه‌ ده‌م با
تاخوا حه‌ز بكات خه‌مت پێوه‌ نام ،
تا خوا ئاگادار بوو،فرمێسك چاوه‌كانی‌ بردم..
ڕادیۆكه‌ ژانه‌ سه‌ر گرتی‌ /خاڵبه‌ندی‌ ئه‌م هه‌واڵه‌ ناته‌واوه‌
له‌چوارگۆشه‌ی‌ جێهێشتنا متمانه‌ مردووه‌،
كه‌متمانه‌ ده‌مرێ/ڕۆژه‌كانی‌ هه‌فته‌ له‌سوچی‌ هه‌ینیدا
خۆیان هه‌ڵده‌كێشن له‌فیراقێكی‌ ئه‌به‌دیی
سه‌رما هه‌ڵده‌كا،تای‌ ئاگردان ناچێته‌وه‌ سه‌ر خودی‌ خۆی‌
جانتاكان قولپ ،قوڵپ ..قڵپده‌بنه‌وه‌
هی‌ خه‌ڵك كه‌ڕوی‌ ڕابردوو،
هی‌ منیش نیشتمانی‌ چاوه‌ بزۆزه‌كانی‌ تۆ!!
قه‌تره‌یه‌ك قیامه‌تم، له‌پایپی‌ په‌نجه‌كانما كێشا،
لێ خه‌جاڵه‌تم ،خه‌جاڵه‌ت
خه‌جاڵه‌تم به‌لای‌ هه‌ر پاركێكا ده‌ڕۆم،
كۆپی‌ پیاسه‌یه‌كم لێده‌كه‌وێ له‌پێڵاوه‌كانی‌ تۆ،
شه‌رمه‌زارم به‌لای‌ هه‌ر شه‌قامێكدا لاده‌ده‌م،
پێچی‌ خه‌یاڵێكم ده‌خنكێ به‌هه‌ناسه‌كانی‌ تۆ
تۆ چ بوونێك بووی‌ له‌وجودی‌ منا كه‌خۆم وونكرد!!
پارك،شه‌قام تینوو بوون به‌سڵاو ،
منیش به‌متمانه‌..
متمانه‌ له‌سوڕی‌ مانگانه‌دا نه‌زیفێكی‌ نه‌زۆك،
له‌ده‌رگاو په‌نجه‌ره‌كاندا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی‌ جێهێشتن،
له‌سه‌ر مێزی‌ نان خواردنا په‌رده‌یه‌كی‌ ته‌متومان،
له‌ستییه‌كانیشا كه‌لاوه‌یه‌كی‌ كرێ،
له‌دڵی‌ منیشا مردنێكی‌ بێ مروه‌ت!
ڕادیۆكه‌ چووه‌ خانه‌ی‌ به‌ساڵاچووان،
تیڤیه‌كه‌ كۆكی‌/كورته‌ی‌ هه‌واڵه‌كان هه‌ر ئه‌مه‌یه‌،
مرۆڤ جێی‌ متمانه‌ نییه‌،
جێهێشتن ئاكتینی‌ كه‌سێكه‌
متمانه‌ی‌ ڕاو كرد..
تاهێزم تیا بوو ڕێژنه‌ی‌ سوكتم هاوێشته‌ تیڤییه‌كه‌،
ئینجا گوێچكه‌كانم داكه‌ند و
وڕێنه‌یه‌كم دابه‌زاند،
چه‌نده‌ كاڵفام بووم به‌مه‌ته‌رێزی‌ متمانه‌،
جێهێشتن ئاكتینی‌ كه‌سێكه‌ ،
متمانه‌ی‌ ڕاو كرد!!!!

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

دواین ئه‌فسانه‌ی دونیا

فاروق هومه‌ر رۆژێك لای هاوڕێیه‌كم ئاره‌زوویه‌كی دێرینی خۆمم دركاند، ئه‌و ...