سەرەکی » مانشێت » ئەمریكا دەکشێتەوە و ئۆپەراسیۆنی فوراتیش لە ئان و ساتدایە

ئەمریكا دەکشێتەوە و ئۆپەراسیۆنی فوراتیش لە ئان و ساتدایە

كۆشكی سپی بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكای لە رۆژئاڤا راگەیاند و بەپێی لێدوانی لێپرسراوانی باڵای توركیاش »دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی فورات، لە ئان و ساتدایە».
دوێنێ نووسینگەی رۆژنامەوانی كۆشكی سپی لە راگەیەنراوێكدا كە ئاژانسەكانی هەواڵ بڵاویانكردۆتەوە، ئاماژەی بەوەداوە «ئەمریكا بەهیچ شێوەیەك پشتیوانیی هێرشی توركیا بۆ سەر باكووری سوریا و شەڕ لەگەڵ شەڕڤانانی كورد ناكات»، هەروەها «ئەمریكا شكستی بە داعش هێناوە و چیتر لەو ناوچەیە نامێنێتەوە».

ترەمپ: لەم شەڕە بێكۆتاییە دێینە دەرەوە
هەردوێنێ ئاژانسەكانی هەواڵ لە زاری دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە بڵاویانكردەوە، «ئێستا كاتی كشانەوەی سوپای ئەمریكایە لە سوریا و دەرچوونە لەو جەنگەی كە ماوەیەكی دوور و درێژە لەو ناوچەیە دەكرێت»، وەك ئاژانسەكانی هەواڵ بڵاویانكردۆتەوە، ترەمپ راشیگەیاندووە «كورد لە سوریا بەبێ بەرامبەر شەڕی نەكردووە، پارە و چەكێكی زۆرمان پێداون»، دەشڵێت: ئێمە ئیتر لەو شەڕەوە دوورین و وڵاتانی دراوسێی ناوچەكەش خۆیان شەڕی داعش بكەن، نەك ئێمە.

ترەمپ هۆشدارییەكی توند دەداتە توركیا
لەلایەكی دیكەوە، دۆناڵد ترەمپ لە تویتێكدا نووسیویەتی: هەروەك چۆن پێشتریش وتوومە و ئێستاش دووپاتیدەكەمەوە، ئەگەر توركیا كارێك بكات كە پێموابێت سنووری بەزاندووە، ئەوكاتە ئابوورییەكەی بە تەواوی وێراندەكەم و لەناویدەبەم.

ئەردۆگان: هێرش دەكەینە سەر رۆژهەڵاتی فورات
رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك كۆماری توركیاش رایگەیاند: لەمە زیاتر ناوەستین و هێرشەكەمان بۆ رۆژهەڵاتی فورات دەستپێدەكەین.

هەسەدە: ئەمریكا پابەندی بەڵێنەكانی نەبوو
فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكراتیش لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەداوە «پێویستە سەرجەم لایەنەكانی وڵات روبەڕوی هێرشەكانی توركیا ببنەوە»، دەشڵێت: سوپای ئەمریكا پابەند نەبوو بە بەردەوامی هاوكارییەكانی بۆ رۆژئاوا و لە ناوچەكە دەكشێتەوە.

UN داوای پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی دەكات
هەردوێنێ بانوس موسیس بەڕێوەبەری كاروباری مرۆیی لە نەتەوە یەكگرتووەكان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند: نەتەوەیەكگرتووەكان داوادەكات لە ئەگەری هێرشی توركیا بۆ باكووری رۆژهەڵاتی سوریا، پێویستە هاووڵاتیانی مەدەنی لە ناوچەكە پارێزراوبن.

یەكێتیی ئەوروپا: جەنگ دەبێتە هۆی زیادبوونی نەهامەتییەكان

هەروەها مایا كوتشیانیتش وتەبێژ بەناوی وەزیری دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپاوە رایگەیاندووە «هەڵگیرساندنی جەنگ دەبێتە هۆی هەڵكشان و زیادبوونی نەهامەتییەكانی گەلی سوریا و ئاوارەبوونی خەڵك و لەباربردنی هەوڵە سیاسییەكان بۆ كۆتاییهێنان بە ململانێكانی سوریا».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

سەرۆك كۆمار: پاراستنی ئاسایش ‌و سەقامگیریی لە عیراق و ناوچەكەدا

دوێنێ، د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار، پێشوازیكرد لە دێڤد شینكەر یاریدەدەری ...