سەرەکی » مانشێت » سەرۆك كۆمار: چاكسازی و چارەسەركردنی قەیرانەكان

سەرۆك كۆمار: چاكسازی و چارەسەركردنی قەیرانەكان

سەرۆك كۆمار، داوا لەخۆپیشاندەران دەكات «بەشداربن لەدیالۆگی بنیاتنەرو راستەقینە لەچوارچێوەی مەنزومەیەكی نیشتمانیدا كە تیایدا داواكارییەكانی گەل لەخۆبگرێت بەرەو هەنگاوەكانی چاكسازی‌و رێكخستنی دیداری راستەوخۆو رۆژانە لەگەڵ لاوەكانمان بۆ چاكسازی‌و حوكمێكی دروست‌و بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەی كە هەمووان هەوڵی بۆ دەدەن».
د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار، لەوتارێكدا بۆ گەلی عیراق، رایگەیاند: ئەوەی روویدا لەئامانجگرتنی خۆپیشاندەرانی ئاشتیخوازو هێزە ئەمنییەكان‌و راگەیاندنكارو رۆژنامەنووسان بەدەستڕێژی گوللە، مایەی قبوڵكردن نییە. بەئازارێكی قوڵەوە خوێنی رژاوی عیراقییەكانمان بینی لەخۆپیشاندەران‌و هێزە ئەمنییەكان، كە ئەو پێشێلكاری‌و توندوتیژی‌و بەئامانجگرتنە لەڕێگەی دەستڕێژی گوللەوە بەهیچ جۆرێك بەبڕیاری دەوڵەت‌و دەزگاكانی نەبووە، ئەوانەی ئەو كارەیان كردووە تاوانبارن. داواكاریشم بۆ هەمووان لەهاووڵاتی‌و هێزە ئەمنییەكان ئەوەیە پشتیوانی یەكتربین، تا ئەم میحنەتە تێپەڕێنین.
تەئكید لەسەر ئەوەش دەكاتەوە كە پشك پشكێنەی حزبی‌و تائیفی ئاستەنگ دروستدەكات، كاتێكیش بەرژەوەندی‌و پشك پشكێنەی حزبی جێگەی ئیرادەییەكی نیشتمانی دەگرێتەوە، وڵاتەكەمان تواناو دەرفەتەكانی لەدەست دەڕوات، بۆیە دەبێت ئەو واقیعە بگۆڕین بۆ گەیشتن بەحوكمڕانییەكی دروست. گەل داوای دادی كۆمەڵایەتی‌و ئازادی‌و ئاسایش‌و دەرفەتی كارو خزمەتگوزارییە پێویستەكان دەكات، كە ئەم داواكارییانە بەدیهێنانیان ئەستەم نییە‌و جێبەجێكردنیان لەئەستۆی حكومەت‌و دەوڵەتە‌و بەرپرسیارێتییە.
سەرۆك بەرهەم ساڵح، ستایشی پێشنیازەكانی مەرجەعیەتی ئایینی، دەكات كە لەڕێگەی وتارو ئامۆژگارییەكانیانەوە كێشە كەڵەكەبووەكان دەستنیشانكران‌و هۆشداریدرا لەمەترسیی پشتگوێخستنی چاكسازی‌و خزمەتكردنی هاووڵاتیان. دەشڵێت: پێزانینمان هەیە بۆ ئەو هەوڵانەی لەلایەن حكومەتەوە نران بۆ چارەسەركردنی قەیرانە ئاڵۆزو كەڵەكەبووەكان، هەروەك دەستپێشخەری‌و هەنگاوی عەمەلی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران‌و ئەنجومەنی نوێنەران، سەركردەی سیاسی‌و نیشتمانی‌و رێكخراوی مەدەنی‌و كەسایەتی‌و لایەنەكان، مایەی پێزانینە بۆ وەڵامدانەوەی داواكاریی خۆپیشاندەران‌و راگرتنی خۆپیشاندانەكان.
لەكۆتایی وتارەكەشیدا، سەرۆك كۆمار، بەچەند خاڵێك، چارەسەری ریشەیی بۆ كێشەكان، خستۆتەڕوو كە خۆی دەبینێتەوە لەدەستپێكردنی لێكۆڵینەوەی دادوەری بۆ هۆكارەكانی توندوتیژییەكانی چەند رۆژی رابردوو. پێكهێنانی لیژنەی پسپۆڕی سەربەخۆ لەكەسانی بەتوانا بۆ دیاریكردنی كێشەكان‌و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆیان وەك دەستپێك بۆ چاكسازی‌و دەستپێكردنی دیالۆگی سیاسیی گشتگیرو راشكاوو بنیاتنەر بۆ هەنگاوەكانی چاكسازی. پشتیوانیكردن لەگۆڕانكاریی وەزاریی بنەڕەتی بۆ باشتركردنی ئەدای حكومی‌و پشتیوانی لەبەڵێنەكانی حكومەت‌و ئەنجومەنی نوێنەران بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەوانەی زیانیان پێگەیشتووە. پەلەكردن بۆ پێكهێنانی ئەنجومەنی راژەی ئیتیحادی لەكەسانی سەربەخۆ بەمەبەستی دۆزینەوەی هەلی كارو دامەزراندنی دەرچووان‌و خاوەن بڕوانامەكان.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

سەرۆك كۆمار: پاراستنی ئاسایش ‌و سەقامگیریی لە عیراق و ناوچەكەدا

دوێنێ، د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار، پێشوازیكرد لە دێڤد شینكەر یاریدەدەری ...