سەرەکی » کەلتوور » سینەماچی؟!

سینەماچی؟!

هاوار مستەفا خان

بەشی بیست و حەوت

لەژێر ناوی» سینەما..چی؟!» کە لەبنەڕەتدا پەڕتۆکێکە و لەگەڵ چەند ئەڵقەیەکی دیکە کە لێرە لە کوردستانی نوێ بڵاوی دەکەینەوە، بیرەوەریی هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی زیاتر لە جارەگە سەدەیەکی خوێندنەوەو بینین و نووسین و رەخنەی سینەمایی و دروستکردنی فیلم و رۆشنبیریی سینەماییەو وابڕیارە لەماوەی داهاتوودا لە دووتوێی پەڕتۆکێکدا «رەنگە زیاتر»یش چاپ و بڵاوبکرێتەوە.
لێرەدا، هەوڵدەدەم چەند بیرەوەرییەکی تەمەنی جوانی و بەخۆڕایی بەفیڕۆچوونی ئەو سەردەمە باس بکەم کە چەند تامەزرۆی سینەما بووین و چەند هەوڵماندا بیگەینێ کەچی جەنگ و شەڕ و ئاشوبی هەشت ساڵەی عیراق ئیران و سیاسەت و ململانێی ناتەندروست و درێژخایەنی هێزەکانی گۆڕەپانی باشوری کوردستان لەشاخ و شار، دەیبردینەوە کۆڵانەکانی پشتەوەو هەر بەحەسرەتی ئەوەی دونیای جوانی و فانتازیی سینەماییمان دروست بکەین، بەردەوام بووین و کۆڵمان نەدا، بەڵام ساڵ دوای ساڵ سەخت و دژوارتر دەبوو بەدیەێنانی خەون و خولیاکانی گەنجی و جوانیمان، هەر ئەوەش وای لێکردین بەو جوانیەوە، جوانتر سینەما لەگەڵ خۆماندا پەروەردە بکەین.

فلیم یان فیلم؟!
هەمووجار دەمانووسی»فیلم»، کاتێ بابەتەکە بڵاو دەبوویەوە دەبینین نووسراوە: فلیم؟!. لە راستیدا زۆر قەڵس دەبووم، داخەکەم هەمووجار بەو نیەتە دەمنووسی و هەمووجاریش بە پێچەوانەی نیەتی ئێمە دەکەوتەوە، وەنەبێ دەست لەپشت ئەمەوە هەبووبێت، چوون لە رۆژنامەیەک و دوان و گۆڤارێك و دوان تێپەڕیکردبوو، سەرلەبەری بڵاوکراوەکان دەیانووسی:فلیم!. خەڵکیش بە ئێستاشیەوە زۆریان هەر دەڵێن؛ فلیم! لەوە گەڕێن، هونەرمەندی سینەماکاریش هەن هەر دەڵێن؛ فلیم؟!.
دەیانجار لەکاتی دانانی بابەت، وتوومە؛ تکایە ئاگاتان لێبێت ئێمە هەموجار دەنووسین؛ فیلم کەچی بە فلیم بۆمان دێتەوە. هەر فایدەی نەبووە. رێکەوتووە لە نزیکەوە چاودێری تایپ و دیزانم کردووە» ئەوەندەی پێڕاگەیشتبام»، کەچی هەر دەبوەوە بە فلیم.
بەخۆم بەسەر دەرکەردنی رۆژنامەدا کەوتم و ئەوەندەی بەخۆم تایپم دەکرد هەر دەمنووسی فیلم. کەچی لەوێشدا، زۆرجار لەکاتی دەرچوونی رۆژنامەکە تەماشا دەکەم لای خۆشم بەدڵی من نەبووەو فلیم نابێتەوە بە فیلم، کە دەشیکەمەوە بە فیلم، جوان جوان بۆم دەکەنەوە بە فلیم. بە هەڵەچنی رۆژنامەکەمم دەگووت کاکە ئەوە فیلم بۆ دەکەنە فلیم؟ پێدەکەنی و یەکەسەر دەیگووت؛ مەگەر کورد هەر نەیووتوە «هەموومان بووین بە فلیم»یان «قسەی زیاتر بکەی دەتکەمە فلیمی بەر سینەما». ئیستاشی لەگەڵدابیت سینەماکار هەیە دەڵێ: فلیم، فلیمی کوردیی، فلیمی سینەمایی کوردیی؟!.

خۆمان بووین بە فیلم!
تەمەنێکی زۆرمان رۆیشت فیلمێکمان دروست نەکرد، کەچی هێزەکانی دەستەڵاتدار لەماوەی شەڕکردندا رۆژێ سەدجار دەیانکردینە فیلم؟!.
بیرمە جارێکیان بەرەو ئۆفیسی تەلەفزیۆنی زەحمەتکێشان دەچووم لە هەولێر، دونیا کپ و بێدەنگ، تەنانەت چۆلەکەش بە ئاسمانی قەڵاو دەوروبەری نەمابوون و دەنگیان نەدەهات، منیش تاك و تەنیا بە دیوی دادگاو سینەما کریستاڵ، وردە وردە بەپێیان بەرەو بارەگای تیڤی بەجادەی قەڵا سەرکەوتم، زوو زوو ئاوڕم ئەدایەوە نەوەکو شتێك روبدات، دونیا ئەوەندە کش و مات بوو. هەرچۆنێك بێت گەیشتمە نزیك دەروازەکە لە ترسی ئەوەی نەبادا بە قەنناس بمانپێکن، پشوویەکم دەداو خۆم ئامادە دەکرد بۆ ئەوەی بەراکردن ئەو ماوەیە تێپەڕێنم بە سەلامەتیش دەربچم. بەمجۆرە زۆربەی رۆژەکانمان لەماوەی شەڕدا بەڕێدەکردو هەر بەو ئومێدەوە دەژیایین بەڵکو خودایە ئەو دۆخە تێپەڕێت و ئێمەش بتوانین بگەینە ئەنجامێك لە وەبەرهێنانی گەورەو چیدیکە ژیانمان بۆ بەڕێکردن تێنەپەڕێنین، بەڵام دەرفەتی ئەوەش نەبوو ئەگەر مەسەلە هەر دروست کردن بێت، بەکلکی….. تەشیەکەمان بڕێسین؟!..
رۆژێکیان بێژەرێکی بەشی عەرەبیمان یاخی بوو ووتی؛ من لە ستۆدیۆی سەرەوە کە «هەر ئەوەشمان هەبوو»، هەواڵەکان ناخوێنمەوە، پێی ووتم کاکە ئیوەش رازی مەبن، خۆمن رۆژی یەکجار هەواڵم هەیە ئێوە سێ چوار جار هەتانە رازی مەبن لەو ستۆدیۆیە هەواڵ بخوێننەوە هەر رۆژێکە گولەی دۆشکە نێوچەوانتان شەق دەکات. راستیشی دەکرد، ماڵت ئاوابێت ئاخر روی ئێمەو ستۆدیۆکەش رێک بەرامبەر دۆشکایەک بوو کە هەر ختوکەیەکی ئەو باڵەخانەیە بدرایە و فیشەکێکیان بەڕوویدا بتەقاندبایە ئەوە ستۆدیۆکەی ئێمە دەبووە ئامانج؟!.
لە رۆژانی شەڕدا کەس بە دڵی خۆش لەماڵ دەرنەدەچوو و نەدەگەڕایەوە ماڵەوە، هەولێریەکان ناخۆشی زۆریان بەدەست شەڕی ناوەخۆوە بینی، چوون ململانێ لەسەر ئەو شەڕە درێژەی کێشاو لە کۆتاییشدا بە جۆرێك ململانێکە وەرچەرخا، بێجگە لە بەهەدەردانی خوێنی هەزاران گەنج و زیانی سەروەت و سامانی خەڵك هیچی تری لێ شین نەبۆوە ئەو شەڕە ماڵوێرانیە.
لە هەمووی سەیرتر هەمووجار کە بەسەر کارێکی هونەریدا دەکەوتین و لەگەرمەی ئامادەسازییدا، رووبەڕووی روداوی نەخوازراویان دەکردینەوەو کۆتایی زۆربەی روداوە گەورەکانیش لە باشترین دەرفەتدا رەوی بە کۆمەڵ بوو. دواییش «بۆ کوێ دەچیت» هەر دەهاتینەوە بەڵام چۆن هاتنەوەیەك، دیسان کاتی زۆر بەفڕۆدەدراو براکان هەر دەگەیشتنە رێکەوتنی یەکجارەکی. ئێمە زۆربەی تەمەنی گەنجیمان لەناو ئەو بازنەیەدا بەڕێکردو دەخولایەوە کە سیاسیەکان بازنەکەیان کێشابوو.

ژیان فیلمی سینەماییە، سینەماش ژانی ژیان
ئەوەی زۆرجار بیرم لێدەکردەوە ئەوەبوو؛ باشە ئێمە کە دەتوانین لەگەڵ بێگانەدا هاوڕێیەتی و دۆستایەتی و پشتی یەک بگرین بۆچی ناتوانین لەگەڵ خۆماندا وابین؟، باشە خۆ راپەڕین تاقیکردنەوەیەکی گرنگ و گەورەبوو تێیدا هەموومان سەرکەوتین. ئێستاشی لەگەڵدا بێت زوو زوو خەڵکی شیعرو وتەو پەندی زەمانە دێننەوە کە کورد خۆ خۆرە بۆیە نابێت بەهیچ یان بێگانە پەرستە بۆیە سەرکەناکەوێت. باشە خۆ کۆڕەویش کە راکردن بوو لەدەست دوژمن هەر بەیەکەوە بوو هەڵوێستمان وەرگرت و خاك و وڵاتمان بەجێهێشت بێ ئەوەی بزانین ئاخۆ دوای ئەوە بەرەو کوێ دەگەین؟!.
بەر لەراپەڕین و بەهۆی کارکردنمەوە لە رومادی»ئێچ سری»، چەندین هاووڵاتی میسری و سودانی و سۆماڵی و عەرەبی عیراقیم ناسی، لەناو هەموویاندا هەر زوو لەگەڵ میسریەکاندا برادەرایەتیم لەگەڵ دوو کەسدا پەیدا کرد بەناوەکانی مەجدی و عەبدولسەلام. مەجدی رێکوپێك لە هونەرمەندی میسری محەمەد عەوەز دەچوو، هارو هاج بوو، بەڵام عەبدولسەلام زۆر دڵتەنگ و نیگەران بوو لەژیانیدا، ئەو جیاوازییەم زوو بەدی کرد، چومە ببنجوبناوانی بزانم عەبدولسەلام بۆچی ناوە ناوە خۆی لە ئیش دەدزیەوەو لە پەنای دیوارێکەوە بە کوڵ دەگریا، بەراستی دیمەنی گریانی ئەوەم چەندینجار بینی دواجار خۆم بۆ نەگیراو پێم وت؛ تۆ پێویستە بگەڕێەوە میسر، یەکەسەر باوەشی پیاکردم و وتی ؛ تۆ راست دەکەیت واباشە زوو بگەڕێمەوە، بەڵام ئەی چۆن بژیم؟!. وتم؛ پێشتر ژیاویت، رەنگە ئێستا کە لێرەیت و کار دەکەیت و پارەیەکی باشیش بۆ ماڵ منداڵت دەنێریەوە بەڵام وەکو ئەوە وایە ژیان نەبێت، ئەوە کەی ژیانە. گەر وابڕوات زوو ئەکەویت و ئەوسا هەر ناتوانیت ژیان بکەیت نە بۆ خۆت و نە بۆ ماڵ منداڵت. دیار بوو قسەکانی منی زۆر پێخۆش بوو، لە دڵی خۆیدا ئەو نهێنیەی درکاند کە جیتر بەبێ ماڵ ومنداڵەکانی ناتوانێ بەردەوام بێت، بۆیە وتی؛ بەقسەت ئەکەم.
عەبدولسەلام رۆیشتەوەو کاتێ بەندەش گەڕامەوە ماڵ لە هەولێر زۆری پێنەچوو نامەیەکم بۆی ناردو تێیدا نووسیبووم دڵنیام ئێستا زۆر دڵخۆشن کە لە نێو ماڵ و منداڵ و وڵاتی خۆتاندان. وێنەکەی من بۆم ناردبوو هەڵپەڕکێەکی کوردیی کچان بوو.
زۆری پێنەچوو ئەویش نامەکی بۆ ناردمەوە کە وێنەی ئەهرامەکان و پیاوێک بە حوشترێکەوە وەستاوەو لە پشتیەوە وێنەی هەرەمەکان و ئەبول هۆل دیارە، زۆرم کەیف پێهات، لە پشتیەوە نووسیبووی؛ ئەو وێنەیەت پێشکەش دەکەم کە جوانترین ئەو شارستانیەتەیە باو و باپیرانمان بۆیان بەجێهێشتووین. لەنامەیەکیشدا نووسیبووی؛ بەردەوام لەناو ماڵ و منداڵمدا باسی تۆیان بۆ ئەکەم کە تۆ هۆکار بووی بۆ ئەوەی من خۆم لەدەست نەدەم و بگەڕێمەوە ناو کەس وکاری خۆم.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*