سەرەکی » دۆسێ » عەرەب داوای چوونە دەرەوەی توركیا دەكات لە سوریا

پێیوایە هەوڵێكە بۆ گۆڕینی دیمۆگرافی ناوچەكە

عەرەب داوای چوونە دەرەوەی توركیا دەكات لە سوریا

كۆمەڵی وڵاتانی عەرەبی لە قاهیرە لەبارەی دوایین پێشهات و پەرسەندنی ناوچەكە كۆبوونەوەیەكی بۆ وەزیرەكانی دەرەوەی وڵاتانیلا عەرەبی بە سەركردایەتی عیراق سازكرد، لە كۆبوونەوەكەدا وێڕای ئیدانەكردنی هێرش و پەلامارەكانی توركیا بۆسەر ناوچەكانی باكووری خۆرهەڵاتی سوریا، لەشكركێشییەكەی ئەنقەرەیان وەك هەوڵێك بۆ گۆڕینی دیمۆگرافی ناوچەكە لەقەڵەمدابوو.
ئەمینداری گشتی رێكخراوی كۆمكاری عەرەبی ڕایدەگەیەنێت، ترسیان لە پاكتاوی نەژادی كوردانی سوریا هەیە لە لایەن توركیاوە.
ئەحمەد ئەبولغێت ئەمینداری گشتی رێكخراوی كۆمكاری عەرەبی لە كۆبوونەوەی كۆمكاری عەرەبیدا لە 12ی تشرینی یەكەمی 2019 رایگەیاندبوو» توركیا دەیەوێت باری دیموگرافی باكووری سوریا بگۆڕێت بە بەرچاوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە».
بە گوتەی ئەبولغێت”ئێمە بە پێویستی دەزانین رووبەرووی ئەو هەوڵە لە ناوبەرەی دوژمنی توركیا ببینەوە كە دەیەوێت دژ بە كوردەكان بیكات”.
لە قسەكانیدا ئەمینداری گشتی كۆمكاری عەرەبی دەڵێت»كۆمەڵی نێودەوڵەتی لە مامەڵەكردنێكی مرۆییانە بەرامبەر تاوانەكانی توركیا لە سوریا شكستی هێنا، بۆیە دەبێت هەڵگری بەرپرسیارێتی بین و هەڵوێستی شیاومان هەبێت بەرامبەر بە هەوڵە دوژمنكارانەكانی توركیا لە خاكی سوریا، لەگەڵ ئەوەشدا بە توندی ئیدانەی هەر هەوڵێكی لەناوبردن و لەشكركێشی سەر سوریا دەكەین و دەبێت دەستبەجێ‌ كردەوە سەربازییە دوژمنكارانەكانی سوپای توركیا بوەستێنرێت، ئەمەی ڕوودەدات پاڵپشتییكردنی تیرۆر و سەرهەڵدانەوەی گروپە چەكدارە توندڕەوەكانی وەك داعشە».
كۆمكاری عەرەبی لە قاهیرە كۆبووەوە و وڵاتانی ئەندامی رێكخراوەكەش ئیدانەی پەلامار و هێرشەكانی توركیایان بۆ سەر خاكی رۆژئاوای كوردستان و باكوری سوریا كرد.
ئەحمەد ئەبولغەیت، ئەمیندری گشتی كۆمكاری عەرەبی لە وتەی خۆیدا لەو بارەیەوە رایگەیاندبوو» كە گەلی كورد بەشێكی گرنگی گەلی سوریایە»، پێشبینیشی كردبوو بەهۆی هێرشەكانەوە 300 هەزار كەس ئاوارە ببن.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، وەزیری دەرەوەی میسر لە كۆبوونەوەی كۆمكاری عەرەبی رایگەیاندبوو، هێرشەكەی توركیا دوژمنكارییە و دەرگا بۆ گەڕانەوەی داعش دەكاتەوە، چونكە توركیا تۆمەتبارە بە داڵدەدانی تیرۆرستان و بەو هێرشانە دەیەوێت دیمۆگرافیای سوریا بگۆڕێت».
لای خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی تونس رایگەیاندبوو، هێرشەكەی توركیا قەیرانەكان قوڵتر دەكاتەوە و دەبێتە هۆی دروست بوونی قەیرانی مرۆیی، بۆیە دەبێت هێرش و پەلامارەكانی توركیا رابگیرێن.
وەزیری دەرەوەی لوبنانیش دەڵێت: “پێویستە سوریا بگەڕێنرێتەوە بۆ ناو كۆمكاری عەرەبی”.
هەروەها وەزیری دەرەوەی ئیمارات بەپێویستی زانیبوو سەرجەم هێزە بیانییەكان لەوانەش توركیا لە خاكی سوریا بچنە دەرەوە، داگیركردنی خاكی وڵاتانی عەرەبیشی بە كارێكی ناڕەوا دانابوو.
هەر لە كۆبوونەوەكەی قاهیرەدا، وەزیری دەرەوەی سعودیە، ئیدانەی هێرشەكەی توركیای كردبوو بۆ سەر خاكی سوریا و رایگەیاندبوو»تاكە چارەسەر بۆ دۆخەكە پرۆسەی ئاشتییە»، هێرشەكانی توركیاشی بە پێشێكارییەكی ڕوونی یاسای نێودەوڵەتییە لەقەڵەمدابوو.
عادل جوبێر پێیوایە»هێرشەكانی توركیا هەوڵەكان بۆ لەناوبردنی داعش كەمدەكاتەوە، بۆیە داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەن كار بۆ راگرتنی هێرشەكان بكات».
وەزیری دەرەوەی ئەردەنیش جەختی لەسەر پێویستی رێزگرتن لە سەروەری خاكی سوریا كردبووەوە و بە توندی ئیدانەی هێرش و پەلامارەكانی توركیاشی كردبوو بۆسەر باكووری خۆرهەڵاتی سوریا.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*