سەرەکی » دۆسێ » حكومەتی عیراق قەرەبووی خۆپیشاندەرەكان دەكاتەوە

لێپێچینەوەشیان لەگەڵدا دەكات

حكومەتی عیراق قەرەبووی خۆپیشاندەرەكان دەكاتەوە

ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بڕیاردەدات بڕی 10 ملیۆن دینار بۆ كەسوكاری خۆپیشاندەرە شەهیدەكان خەرج بكات، و تێچووچی چارەسەری بریندارەكانیش لەئەستۆبگرێت گەر پێویست بكات ببەرێنە دەرەوەی عیراق، لەلایەكی ترەوە سەرچاوەیەك لە لیژنەی رێكخستنی خۆپیشاندانەكان دەڵێت، بریندارەكان لە ترسی لێپێچینەوەی ئەمنی، ناچاربوون نەخۆشخانە حكومییەكان بەجێبهڵن و بۆ چارەسەر روو لە هەرێمی كوردستان بكەن.

قەرەبووكردنەوەی خۆپیشاندەران
حەیدەر مەجید، وتەبێژی ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە 10ی تشرینی یەكەمی 2019 لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو”ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا، بڕی 10 ملیۆن دینار بۆ كەسوكاری خۆپیشاندەرە شەهیدەكان و شەهیدەكانی هێزە ئەمنییەكان خەرج بكات”.
بە گوتەی مەجید”حكومەت بڕیاریدا تێچووی چارەسەری خۆپیشاندەرە بریندارەكان و هێزە ئەمنییەكانیش لەئەستۆبگرێت، گەر پێویست بكات لە دەرەوەی عیراق چارەسەرییان بۆ بكرێت”.
لەلایەكی ترەوە، حەیدەر مەجید رایگەیاندووە”ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران، داوای لە هەموو خاوەن گرێبەستەكان و كرێكارانی ڕۆژانە كردووە، سەردانی فەرمانگەكانیان بكەن، بۆ جێگیركردنی مووچەكانیان لە بانكەكاندا”.

لێپێچینەوە لە بریندارەكان
ئەمەش لەكاتێكدایە كە سەرچاوەیەك لە لیژنەی رێكخستنی خۆپیشاندانەكان رایدەگەیەنێت، بریندارانی خۆپیشاندانەكان، بەهۆی لێپیچینەوەی ئەمنییەوە ڕوودەكەنە هەرێمی كوردستان.
سەرچاوەیەك لە لیژنەی رێكخستنی خۆپیشاندانەكان لە عیراق لە 12ی تشرینی یەكەمی 2019، بە میدیا عیراقییەكانی راگەیاندبوو”ڕەوشی بریندارانی خۆپیشاندانەكانی عیراق مایەی دڵنیایی نییە، دوای ئەوەی هەندێك لەو بریندارانە بەهۆی لێپێچینەوەی ئەمنییەوە، ناچار بوون نەخۆشخانە حكومییەكان جێبهێڵن”.
بە گوتەی سەرچاوەكە”زۆربەی بریندارەكان بۆ مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری تەواوەتی بڕیاریانداوە روو لە هەرێمی كوردستان بكەن، چونكە لە نەخۆشخانەكانی بەغدای پایتەخت و پارێزگەكانی تری باشوور، بەباشی چاودێری تەندروستی نەكراون”.
لەم ماوەیەی دواییدا خۆپیشاندانی فراوان لە بەغدای پایتەخت و شارەكانی تری ناوەڕاست و باشووری عیراق سازكرا، خۆپیشاندەران لە خۆپیشاندانەكاندا داوای باشكردنی ئاستی خزمەتگوزارییەكان و بنبڕكردنی گەندەڵی و دۆزینەوەی هەلی كاریان كرد، بەڵام بەهۆی دروستبوونی رووبەڕووبوونەوە لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان، زیاتر لە 100 كەس كوژران و نزیكەی 6 هەزار كەسی تر برینداربوون.

سێ‌ رۆژ پرسە
حكومەتی عیراق، پرسە بۆ قوربانیانی خۆپیشاندانەكان لە وڵاتدا رادەگەیەنێت.
بەپێی بەیاننامەیەك، كە لە 9ی تشرینی یەكەمی 2019، لەلایەن نوسینگەی رۆژنامەوانی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانەوە بڵاوكرایەوە، “بۆ گیانی شەهیدانی خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان، سەرۆك وەزیران پرسەی گشتی بۆ ماوەی سێ‌ ڕۆژ لە عیراقدا ڕادەگەیەنێت، كە لە 10ی تشرینی یەكەم دەستپێدەكات، تا 13ی تشرینی یەكەم».
لە 8ی تشرینی یەكەمی 2019، پەرلەمانی عیراق یەكەم دانیشتنی خۆی لە دوای هەفتەیەك لە خۆپیشاندانی دژ بە حكومەت سازكرد، كە تێیدا دەیان كەس كوژراون و تەنگژەیەكی سیاسی فراوانی لە وڵاتدا دروستكرد.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، عەبدولمەهدی كۆبوونەوەی ماراسۆنی لەگەڵ محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران و سەرەك خێڵەكان و دادوەرە باڵاكانی وڵات سازكرد بۆ تاوتوێكردنی پرسی خۆپیشاندانەكان، نوسینگەكەشی ئاماژەی بە گەڕانەوەی ژیانی ئاسایی كرد بۆ وڵات لە دوای هەفتەیەك لە خۆپیشاندانی خوێناوی.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*