سەرەکی » زانست » سه‌هۆڵه‌كه‌ ده‌كرێته‌ سه‌ره‌ نوێلك

سه‌هۆڵه‌كه‌ ده‌كرێته‌ سه‌ره‌ نوێلك

ئاماده‌کردنی: سه‌ربه‌ست عه‌بدولره‌حمان

سه‌هۆڵه‌كه‌ ئه‌و به‌شه‌ی شه‌قامی سالم ، كه‌ تادره‌نگانێكی شه‌و ، جێژوانی زۆرێك له‌ گه‌نجانه‌ ، له‌ زۆرێك له‌ بۆنه‌كاندا ، چربونه‌وه‌ی خه‌ڵك له‌ ئامێز ده‌گرێت ، وه‌ زۆر جار بۆته‌ كانگای سه‌رهه‌ڵدانی هه‌ڵوێست و ناڕه‌زایی خه‌ڵك سه‌باره‌ت به‌ گوزه‌ران و پرسه‌ سیاسی و نه‌ته‌وه‌یه‌كان . زیاتر بڵێین خه‌ڵكانێكی خاوه‌ن ڕای تایبه‌ت له‌وێدا ده‌بینرێن وسه‌رنجی گه‌شتیارانیش ڕاده‌كێشێ .
هه‌ر ئه‌مه‌ش وای كردووه‌ كه‌ كۆمه‌ڵێك دوكانی خواردنی خێرا ، چا ، شه‌ربه‌ت ، شیرینی و سارده‌مه‌نی و گازینۆ له‌و سنوره‌دا بكرێته‌وه‌ ، هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌ك عه‌ره‌بانه‌ی خواردن و ده‌ست گێڕ له‌ ئێواراندا تا دره‌نگی شه‌و ئه‌وناوه‌ ده‌كه‌‌نه‌ بازاڕی خۆیان .
به‌داخه‌وه‌ گه‌ر سه‌رله‌به‌یانی بڕوانیته‌ ئه‌و ناوه‌ ، ده‌ڵێی سه‌ره‌ نوێلكه‌ شۆسته‌و قه‌راغی شه‌قامه‌كه‌ پڕه‌ له‌ خاشاك و پاشماوه‌ی خۆراك ، دیاره‌ نه‌ئه‌وانه‌ی كه‌ ئه‌واناوه‌یان كردۆته‌ بازاڕ و بژێوی خۆیان له‌سه‌ری دابین ده‌كه‌ن ، نه‌ ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی كه‌ هه‌ركامێكیان بدوێنی ، خۆی به‌ شارستانیترین كه‌سی سه‌رزه‌وی ده‌زانێ ، گه‌ر باسی ژینگه‌ پارێزی و خاوێنی ده‌ورو به‌ری له‌گه‌ڵدا بكه‌ی ، ئه‌وا ڕێنمایی و ئامۆژگاریه‌كی زۆرت پبێشكه‌ش ده‌كات . كه‌چی به‌كرده‌وه‌ ده‌ربه‌ستی خاوێن ڕاگرتنی ، شوێنی ژوان وكات به‌سه‌ر بردنه‌كه‌یان نایه‌ن ، هه‌رچی ده‌ستیان بگات توڕی ده‌ده‌نه‌ سه‌ر شۆسته‌و شه‌قامه‌كه‌ .
ئه‌م دیارده‌یه‌ وه‌نبێ هه‌ر له‌ سه‌هۆڵه‌كه‌ وابێت . زۆربه‌ی ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ بازاڕن هه‌مان شێوه‌ن ، زۆرجار گۆڕه‌پانی بۆنه‌و ئاهه‌نگه‌كان ، و هه‌تا ژێر كورسیه‌كانی هۆڵی كۆبونه‌وه‌ی ڕۆشنبیری و زانستیش پڕ ده‌بێت له‌ ‌ ده‌به‌ی ئاوو ده‌سڕی فڕێدراو ….هتد .
ئایا ده‌كرێت چۆن چاره‌ی ئه‌م دیارده‌یه‌ بكه‌ین ؟
هه‌مومان مناڵ بووین ، كاتێك كه‌ ده‌نگه‌ ده‌نگێكمان ده‌كرد ، یان تۆپه‌كه‌مان ده‌یدا به‌ ده‌رگایه‌كدا و گه‌وره‌یه‌ك تێی ده‌خوڕین ، هه‌مومان ده‌ما نووت ، من نه‌بووم .
ئایا تاكه‌ی گه‌وره‌ نابین و هه‌ر ئه‌ڵێین من نه‌بووم ؟ كه‌ی ده‌ڵێین ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ورو به‌رمانه‌ و له‌ به‌ر پێمانایه‌ ، هی ئێمه‌یه‌ ؟ كه‌ی له‌ گه‌ڵ هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌مان له‌ هۆڵه‌كان خاشاكه‌كانمان به‌ده‌ستمانه‌وه‌ ده‌گرین ؟ به‌لامانه‌وه‌ ئه‌رك نابێت كه‌ بیخه‌ینه‌ ناو سندوقه‌كانی خۆڵ و خاشاك . ئه‌ی كه‌ی واز له‌ توڕدانی شت دێنین ؟ كه‌ی پاراستنی ژینگه‌و ده‌وروبه‌ر ده‌بێته‌ پێوانه‌یه‌ بۆ شارستانی بوون ؟ تاچیتر شۆسته‌و شه‌قامه‌كان به‌گشتی و سه‌هۆڵه‌كه‌ به‌تایبه‌ت نه‌بێته‌ سه‌ره‌ نوێلك .

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*