سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » هەڵوێستی ئەڵمانیا لە لەشكركێشی توركیا بۆ سەر رۆژئاڤا

هەڵوێستی ئەڵمانیا لە لەشكركێشی توركیا بۆ سەر رۆژئاڤا

بەگشتی هەڵوێستی ئەڵمانیا بە شەقام و دەسەڵات و لایەنە بەرهەڵستكارەكانی حكومەتیشەوە لە دژی لەشكركێشی تورکیان بۆ سەر رۆژئاڤا، بەڵام هەریەكە و بە دیدێكی تایبەت تێی دەڕوانێ. شەقام دەمێكە لە دژی سیاسەتی پارتی داد و گەشە پێدانە و بە هاوكاریی میدیا بەردەوام رەخنە و پلاری تێدەگرێ و ئەو رق و توڕەییەی خۆی كە لە رەوەندی توركیدا هەیەتی، بەوە دادەمركێنێتەوە و سیاسەتی سەركوتكردن و كوشت و بڕین لەو وڵاتە سەركۆنە دەكات. پارتە بەرهەڵستكارەكانیش وەك چەپەكان و سەوزەكان بەدیدێكی جیاوازتر دەڕوانن و ئەوان ئەو وڵاتە بە پێشێلكاری دیموكراسیەت و مافی مرۆڤی دەزانن و دەخوازن حكومەتی ئەڵمانیا هەموو جۆرە پەیوەندییەكی دۆستانەی لەگەڵ ببڕێت. هەرچی دەسەڵاتیشە كە خۆی لە هەردوو پارتی سەرەكی پارتی دیموكراتی كریسیتیان « پارتەكەی مێركل» و سۆسیال دیموكراتەكاندا دەبینێتەوە، سیاسەتێكی دووسەرەیان هەیە ‌و لەلایەك نایانەوێت بەرژەوەندیی خۆیان لەگەڵ توركیا تێك بدەن و دەسەڵات لەو قازانجە زۆرەی كە لە فرۆشتنی چەكەوە دەستیان دەكەوێت لە دەست بدەن، لەلایەكی تریشەوە ئەو بارە گرژ و ئاڵۆزەیان پێ خۆش نییە و بە زیان بۆ خۆیانی لێك دەدەنەوە، چونكە پێیانوایە لەدروستبوونی هەر بارێكی ناهەمواردا كۆچەران زۆرتر دەبن و كێشەی پەنابەران بۆ ئەوروپا و ئەڵمانیا بەتایبەتی گەورەتر دەكات، جگە لەوەش لە گوازرانەوەی ئەو كێشەیە دەترسن بۆ ناو ئەڵمانیا و بەریەككەوتنی هەردوو رەوەندی كوردی و توركی، چونكە ئەو دووانە گەورەترین رەوەندی بیانین و لەكاتی دروستبوونی كێشە لەنێوان سێ ملیۆن تورك و یەك ملیۆن كوردی نیشتەجێی ئەڵمانیا، بارودۆخی ناوخۆیی و ئەمنی لێ تێكدەچێت. ئەمانە و فاكتەری تر وادەكەن كە لێدوانی خێرا و گەرما و گەرم لەسەر زاری بەرپرس و سیاسەتمەدارانی ئەڵمانیا زووزوو دەردەچێ و حیسابیان بۆ دەكرێت.
وەك بڵاوكراوەتەوە، تائێستا ئەنجیلا مێركل دووجار بە تەلەفۆن داوای لە ئەردۆغان كردووە كە ئەو جەنگە رابگرێ و دانوستان دەست پێبكات.

ئەوە داگیركارییە
«هایكۆ ماس» وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بۆ جاری دووەم رەخنەی لە هێرشەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاڤای كوردستان گرتووە ‌و بۆ میدیا رایگەیاند: ئەڵمانیا لەو بڕوایەدایە كە دەستپێكردنی شەڕ و هێرش لەدژی هێزە كوردییەكان، ناڕەوا و دژی یاسا نێودەوڵەتییەكانە و ئەوەی توركیا دەیكات داگیركارییە. هەروەها دەڵێت: ئێمە بەهیچ شێوەیك رازی نابین ئەو ئاوارە سورییانەی كە لە توركیان، لەو ناوچە ئارامە جێگیر بكرێن كە بە تەمان دروستی بكەن.
ئاماژەی بەوەشكردووە: هەموو هەوڵەكانیان دەخەنەگەڕ بۆ بەردەوامیدان بە ئاگربەست كە لە ماوەی دیاریكراودا كە پێنج رۆژە، زیاتر بێت و سنوورێكیش بۆ داگیركارییەكەی توركیا دابنێن.

ئەوروپا ئابڵوقەی ئابووری بخاتە سەر توركیا
خاتوو «كلاودیا رۆت» جێگری سەرۆكی پەرلەمانی ئەوروپا و كەسایەتیی سیاسی و دیاری نێوەندی سیاسی لە دیدارێكی رۆژنامەی «دی ڤێلت»، داوایكردووە كە ئەوروپا ئابڵوقەی ئابووری بخاتە سەر توركیا ‌و رێكەوتنەكەی تایبەت بە پەنابەران لەگەڵدا هەڵبووەشێنێتەوە. هەروەها دەڵێت: ئەو رێكەوتنەی كە ئەمریكا و توركیا كردوویانە، ئەنجامەكەی وێرانكارییە و دەیانەوێت كوردی تێدا بكەنە قوربانی بەرژوەندییەكانی خۆیان.

ئەڵمانیا ئەركی خۆی جێبەجێ بكات
پارتی چەپی ئەڵمانیا لە مێژە پەیوەندیی دۆستانەی لەگەڵ پرسی كورد هەیە و بەبەردەوامی رەخنە لەسیاسەتی حكومەتی توركیا دەگرێت، كە كوردی باكوور دەچەوسێنێتەوە. لەم رۆژانەدا لە دانیشتنێكی تایبەتی پەرلەمانی ئەڵمانیا، (سڤیم داگدالین) سەرۆكی فراكسیۆنی چەپەكان چەند داواكارییەكی خستەڕوو، لەوانە، دەركردنی توركیا لە هاوپەیمانی ناتۆ و وەستاندنی پرۆسەی فرۆشتنی چەك بە توركیا ‌و بڕینی ئەو یارمەتییە داراییەش كە ساڵانە حكومەتی ئەڵمانیا و ئەوروپا پێشكەشی دەسەڵاتی توركیای دەكەن.
لە وتارێكیدا داگدالین داوای لە سەرۆكایەتیی پەرلەمان كرد، كە هاوكاری لێقەوماوانی ئەو كارەسات و رەشەكوژییە بكەن كە سوپای توركیا ناویەتییەوە و ئەركی مرۆڤایەتی ئەڵمانیا بەجێ بگەیەنن، لە گواستنەوە و چارەسەركردنی بریندار و لێقەوماوانی رۆژئاڤا لەناو ئەڵمانیادا.

ئەمریكاپشتی كردە كورد
«كرەمپ كارینباوەر» وەزیری بەرگری ئەڵمانیا دەستە راست و هاوبیری مێركل لە سیاسەت و حوكمڕانیدا، لۆمەی واشنتۆن دەكات لەوەی كە پشتی لەكورد كرد ‌و ئەو بارە نەخوازراوەی دروستكردووە. لە وتارێكیدا لە كۆنگرەی پارتەكەی كەچەند رۆژی رابردوو لە میونشن سازدرا، وتی: ئەگەر توركیا ئەندامی ناتۆ بێت، دەبێت بەپێی ئەو پرەنسیپانە كاربكات كە هاوپەیمانێتییەكەی لەسەر بنیاتنراوە، بەپێچەوانەوە ئەگەر وابڕوات هەموو دراوسێكانمان دەبێت لە خۆیان بترسن و ئەو بنەمایانە لەدەست دەدەین كە لەدوای كۆتایی جەنگی جیهانیی دووەمەوە لەسەری كۆك بووین، لە دەستبەرداربوون لە شەڕ و یەكلاییكردنەوەی كێشە و ململانێكان بە دیپلۆماسییەت و دانوستان.

تاوانی جەنگ
هەروەها «رۆلف مۆتزینتش» سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی سۆسیال دیموكرات لە پەرلەمان، لە رێی رۆژنامەی « ڤێلت ئەم زۆنتاك»ەوە، داوا دەكات كە سەركردەكانی توركیا بدرێنە دادگایەكی نێودەوڵەتی، چونكە هەموو یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەكانیان پیشێل كردووە و تاوانی جەنگیان ئەنجام داوە.

سەرچاوە: كەناڵەكانی میدیای ئەڵمانیا

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*