سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » پارتی ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌ڵمانیا شكستی هێنا

پارتی ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌ڵمانیا شكستی هێنا

له‌ رۆژانی رابردوودا هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان له‌ هه‌رێمی تورینگنی ئه‌ڵمانیا به‌ڕێوه‌چوو، له‌ ئه‌نجامدا پارتی دیموكراتی كریستیان «پارته‌كه‌ی مێركل» گه‌وره‌ترین شكستی تۆمار كرد و تیایدا 22 % ی ده‌نگه‌كانی هێنا، كه‌ له‌ساڵی 1990 و دوای یه‌كگرتنه‌وه‌ی هه‌ردوو به‌ری ئه‌ڵمانیا، قه‌ت ئه‌نجامی وا خراپی نه‌هێناوه‌. به‌پێی ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كان‌، پارتی چه‌پ له‌ ریزبه‌ندیی یه‌كه‌مدا دێت و به‌دوایدا حزبی جێگره‌وه‌ بۆ ئه‌ڵمانیای راستڕه‌و پله‌ی دووه‌می به‌ده‌ستهێنا.
ئه‌گه‌ر بۆ پارته‌كه‌ی مێركل ئه‌مه‌ شكست بێت، ئه‌وا بۆ ئه‌و پارته‌ راستڕه‌وه‌ توندڕه‌وه‌ سه‌ركه‌وتنێكی بێ وێنه‌یه‌ و له‌چاو ‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی خولی رابردوودا ده‌نگه‌كانی دوو ئه‌وه‌نده‌ زیادیكردووه‌.‌ پارتی چه‌په‌كان %30,9ی ده‌نگه‌كانی به‌ده‌ستهێنا، پارتی جێگره‌وه‌ 23,% ‌و پارته‌كه‌ی مێركل 22,0 %ی هێنا و %13 ی لێ كه‌م كرده‌وه‌. هه‌روه‌ها پارتی سۆسیال دیموكراتیش ته‌نها ‌%8,2 و پارتی سه‌وز 5,5 % و پارتی دیموكراتی ئازاد «لیبراڵه‌كان» %5.ی به‌ده‌ستهێناوه‌.
وه‌ك میدیاكان ده‌ڵێن، ئه‌م ئه‌نجامه‌ ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات كه‌ پارته‌ كلاسیكییه‌كان كۆتایی به‌ژیانیان دێ و ئیدی ده‌بێت له‌مه‌ودوا خۆیان فۆرمه‌ڵه‌ بكه‌نه‌وه‌ و هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك له‌سه‌ر گۆڕانكارییه‌كانی ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵك و سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی وه‌رگرن، له‌ هه‌مان كاتدا پێشكه‌وتنی پارتی جێگره‌وه‌ ترس و دڵه‌ڕاوكێیه‌كی زۆری بۆ نێوه‌ندی سیاسی و نه‌ته‌وه‌كانی نێو ئه‌ڵمانیا دروستكردووه‌، به‌وه‌ی ئه‌گه‌ر رۆژێك بێته‌ سه‌ر حوكم، ئه‌وا هاوشێوه‌ی نازییه‌كان ره‌فتار ده‌كه‌ن و دووبه‌ره‌كی ده‌خه‌نه‌ نێو كۆمه‌ڵگه‌وه‌.

شۆڕشی ده‌نگدان
رۆژنامه‌ی راین زایتۆنگ له‌م باره‌یه‌وه‌ نووسیویه‌تی: له‌ دوای 30 ساڵ له‌ رووخانی دیواری به‌رلین، ئێستا له‌ رۆژهه‌ڵاتی ئه‌ڵمانیا شۆڕشێكی نوێ به‌رپابووه‌، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ ئاشتییانه‌ و له‌ڕێی سندوقه‌كانی ده‌نگدانه‌وه‌یه‌ كه‌ زۆرێك له‌ ئه‌ڵمانه‌كان ده‌یانه‌وێت سیسته‌می ئه‌ڵمانیا به‌ته‌واوی بگۆڕن، كه‌ ئه‌مه‌ش مافی دیموكراسی خۆیانه‌ و ده‌بێت رێزی لێبگیرێت، ئه‌و ئاڕاسته‌ تازه‌یه‌ هۆكاری تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ و كاریگه‌ره‌ ده‌ره‌كییه‌كانیش رۆڵیان بینیوه‌.
«سود دۆیچه‌ زایتۆنگ» له‌ بابه‌تێكدا نووسیویه‌تی: پارتی پیره‌كان ره‌واجیان گوزه‌شت، ئێستاش گه‌نجه‌كان به‌دوو ئاڕاسته‌ سیاسه‌ت ده‌كه‌ن، یان ئه‌وپه‌ڕی توندڕه‌ون و هه‌واداری پارتی جێگره‌وه‌ن له‌ دژی بیری ئیسلامی سه‌له‌فی و بێگانه‌كان خه‌بات ده‌كه‌ن، یان ئاڕاسته‌ی چه‌پ ‌و پارته‌ لیبراڵ و چه‌په‌كان ده‌كه‌ن و ئه‌وان سیاسه‌ته‌كانی سه‌رمایه‌داری جیهان له‌ نانه‌وه‌ی كوشت و كوشتار ‌و ناردنی چه‌ك بۆ شه‌ڕگه‌كان، برسیكردنی خه‌ڵكی وڵاتان، چاندنی ترس و دڵه‌ڕاوكێ له‌ سه‌رتاسه‌ری دونیا مه‌حكوم ده‌كه‌ن، له‌م نێوه‌نده‌دا ئه‌م دوو ئاڕاسته‌یه‌ ئه‌نجامه‌كان یه‌كلایی ده‌كه‌نه‌وه‌ و سه‌ره‌نجامیش پێده‌چێت له‌ سه‌رتاسه‌ری ئه‌ڵمانیادا ئه‌و چه‌مكه‌ سه‌ربگرێت به‌وه‌ی له‌ داهاتوودا ئه‌وانه‌ حوكم بكه‌ن.

گۆڕانكارییه‌كی ریشه‌ییه‌
رۆژنامه‌ی «دێر نۆیه‌ تاگ» ده‌ڵێت: ساڵانێكی زۆره‌ هه‌ردوو پارتی سۆسیال دیموكرات و دیموكراتی كریستیان به‌جیا و به‌ هاوپه‌یمانێتی یه‌كتر ده‌سه‌ڵاتیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، خه‌ڵكی گۆڕانكاریی ریشه‌یی ده‌وێ و ئه‌وانیش ده‌ستی ده‌ستی به‌ شه‌قام ده‌كه‌ن، سه‌ركه‌وتنی پارتی چه‌پی ئه‌ڵمانیا له‌و روانگه‌یه‌وه‌ سه‌ری هه‌ڵداوه‌ و ده‌رفه‌تێكه‌ بۆ هاتنه‌دی ئه‌زموونێكی تازه‌ و ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ ده‌سه‌ڵات، كه‌ ده‌بێت ژیانی كۆمه‌ڵگه‌ بگۆڕن.
«فرانكفۆرته‌ ئه‌لگێماینه‌ زایتۆنگ» نووسیویه‌تی: جاران پارته‌كه‌ی مێركل به‌ ته‌نیا حكومه‌تی ئه‌و هه‌رێمه‌ دوو ملیۆنییه‌ی پێكده‌هێنا و به‌قه‌ڵای پۆڵایینی خۆی ده‌زانێ، به‌ڵام ده‌بێت ئێستا پارتی چه‌پ بیكاته‌ هاوپه‌یمانی خۆی بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت، ئه‌مه‌ش گۆڕانكارییه‌كی زۆر گه‌وره‌یه‌ كه‌ له‌م وڵاته‌ روویداوه‌، سه‌ركه‌وتنی پارتێكی ئه‌وپه‌ڕی چه‌پ له‌ به‌رامبه‌ر پارتێكی پارێزگار و سه‌رمایه‌دار.
پێگه‌ی دۆیچه‌ڤێلاش پێی وایه‌ كه‌ خاتوو «كره‌مب كارینابوه‌ر» سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كریستیان و وه‌زیری به‌رگری كه‌ ئاماده‌ییان كردووه‌ بیكه‌نه‌ جێگره‌وه‌ی مێركل بۆ پۆستی راوێژكار، به‌هاتنه‌دی ئه‌و ئه‌نجامه‌ له‌وه‌ ده‌چێت پڕۆژه‌كه‌یان سه‌رنه‌گرێ و ریسه‌كه‌یان لێ ببێته‌وه‌ به‌خوری.

سه‌رچاوه‌: كه‌ناڵه‌كانی میدیای ئه‌ڵمانیا

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*