سەرەکی » مانشێت » ״پەلەكردن لە ئامادەكردنەوەی پڕۆژەیاسای چاكسازی״

״پەلەكردن لە ئامادەكردنەوەی پڕۆژەیاسای چاكسازی״

دوێنێ، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەسەرپەرشتیی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت‌و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كۆبۆوە.
لەسەرەتای كۆبوونەوەكەدا‌و لەئاماژەكردن بەڕووداوی كوشتنی ئەبوبەكر بەغدادی سەركردەی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش، سەرۆكی حكومەت، وتی: راستە كوشتنی بەغدادی زۆر گرنگ بوو، بەڵام ئەمە كۆتایی داعش‌و تیرۆر نییە، بەڵكو هێشتا داعش مەترسییەكی جددییە بۆ سەر دانیشتووانی زۆر ناوچەی عیراق. وتیشی: ئەفسانەی داعش لەسەر دەستی پێشمەرگە تێكشكێنرا، كە بووەهۆی دەستپێكی داڕمانی داعش لەسوریا لەسەر دەستی كورد.
بارودۆخ‌و دواپێشهاتەكانی عیراقیش، تەوەرێكی تری دیدارەكە بوو، لەوبارەیەشەوە سەرۆكی حكومەت، رایگەیاند: تێكچوونی بارودۆخی عیراق، لەبەرژەوەندیی خەڵكی هەرێمی كوردستان‌و عیراق بەگشتی نییە‌و وتیشی: ئێمە لەگەڵ داوای رەواو ئاشتیخوازانەی خۆپیشاندەرانین، دژی بەكارهێنانی توندوتیژیشین لەهەر لایەكەوە بێت. دووپاتیشیكردەوە كە»پشتگیریی لە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران دەكەین بۆ ئەنجامدانی چاكسازییەكان‌و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان‌و هیچ گۆڕانكارییەكیش لەدەرەوەی رێكارە دەستووریی‌و یاساییەكان پەسەندناكەین‌و دژی هەر هەوڵێكیشین بۆ كەمكردنەوەو دەستكاریكردنی دەسەڵات‌و مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان، رێگەش نادەین هیچ گۆڕانكارییەك لەدەستووری عیراقدا بكرێت كە دژی ماف‌و خواستەكانی خەڵكی كوردستان‌و قەوارەی فیدراڵی هەرێمی كوردستان بێت، بۆ ئەوەش داوا لەهەموو هێزو لایەنە كوردستانییەكان دەكەین كە یەكڕیزو یەكدەنگ بن بۆ داكۆكیكردن لەمافە دەستوورییەكانمان».
هەر لەكۆبوونەوەكەدا، راپۆرتێك دەربارەی پلانی فریاكەوتنی مرۆیی بۆ پێشوازیكردن لەپەنابەرانی رۆژئاوا بۆ هەرێمی كوردستان‌و دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان بۆیان، خرایەڕوو، بۆ ئەوەش ئەنجومەنی وەزیران پێشنیازی كرد بۆ دروستكردنی سندوقێكی هەمیشەیی فریاكەوتنی مرۆیی لەهەرێمی كوردستاندا بۆ هاندانی حكومەتی فیدراڵ‌و نەتەوەیەكگرتووەكان‌و لایەنە كۆمەكبەخش‌و رێكخراوەكان‌و كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت لەناوخۆو دەرەوە بۆ بەشداریكردن لەسندوقەكەدا.
لەتەوەرێكی دیكەدا، جەخت لەسەر پەلەكردن لەئامادەكردنەوەی پڕۆژەیاسای چاكسازی‌و پەسەندكردنی، كرایەوە بەمەبەستی ناردنی بۆ پەرلەمانی كوردستان.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*