سەرەکی » هەواڵ » ״یه‌كێتی سازشكردن لەسەر مادده‌ی 140 قبوڵ ناكات״

ئەیاد عەللاوی: له‌گه‌ڵ بارزانی رێكه‌وتووین له‌سه‌ر هه‌مواری مادده‌ی 140

״یه‌كێتی سازشكردن لەسەر مادده‌ی 140 قبوڵ ناكات״

ئه‌یاد عه‌للاوی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانیی وه‌ته‌نییه‌ له‌ چاوپێكه‌وتنێكی كه‌ناڵی ته‌غییر-دا، ئاشكرای كردووه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبۆته‌وه‌ و رێكه‌وتوون له‌سه‌ر هه‌مواری مادده‌ی 140ی ده‌ستووری عیراق.

من و بارزانی  له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێكه‌وتووین
عه‌للاوی ده‌ڵێت: مه‌سعود بارزانی رازی بووه‌ به‌وه‌ی لیژنه‌یه‌كی دانایان دروست بكرێت بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی چاره‌نووسی مادده‌ی 140 و چه‌ند ناوێكیشی پێشنیار كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ببنه‌ ئه‌ندام له‌و لیژنه‌یه‌دا ‌و ناوه‌كانم بۆ عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیران نارد و پێم وت، من و بارزانی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێكه‌وتووین و ئه‌م كه‌سانه‌ تێڕوانینی خۆیان ئاڕاسته‌ی په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تیی حكومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار ده‌كه‌ن و ئه‌و پرسه‌ هه‌ڵده‌وه‌شێننه‌وه‌، ئه‌وه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ مادده‌ی 140.

بارزانی به‌شێوه‌یه‌كی سەرەتایی  رازی بووه‌
ئه‌وه‌ یه‌كه‌مجاره‌ لایه‌نه‌ كوردییه‌كان له‌سه‌ر پرسێكی نیشتمانیی له‌و جۆره‌ی تایبه‌ت به‌ چاره‌نووسی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان به‌ جیا و به‌نهێنی كۆبوونه‌وه‌ و رێكه‌وتن ئه‌نجام بده‌ن، له‌ كاتێكدا حكومه‌تی ئێستای هه‌رێم به‌ به‌شداریی زۆرینه‌ی لایه‌نه‌كانه‌ و پێشتر كۆده‌نگی هه‌بووه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بۆ پرسه‌ نیشتمانییه‌كان له‌ به‌غدا پێكه‌وه‌ بڕیارده‌ر بن.
ئینتیسار عه‌للاوی سه‌ركرده‌ له‌ هاوپه‌یمانی وه‌ته‌نییه‌ له‌ لێدوانێكدا به‌ رۆژنامه‌ی ئاژانس-ی راگه‌یاندووه‌: چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر، ئه‌یاد عه‌للاوی چۆته‌ هه‌ولێر و له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی كۆبۆته‌وه‌‌ و تاوتوێی هه‌مواری ده‌ستووری عیراقیان كردووه‌. ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌: بارزانی به‌شێوه‌یه‌كی به‌رایی رازی بووه‌ به‌وه‌ی كه‌ هه‌مواری ده‌ستووری عیراق بكرێت، به‌و مه‌رجه‌ی سیستمه‌كه‌ی نه‌كرێت به‌ سه‌رۆكایه‌تی و به‌ په‌رله‌مانی بمێنێته‌وه‌.
ئه‌و رێكه‌وتنه‌ كه‌ به‌بێ ئاگاداریی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی تری‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام دراوه‌، له‌ كاتێكدایه‌ رۆژی دووشه‌ممه‌ی رابردوو په‌رله‌مانی عیراق بڕیاری پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی دا بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستوور، كه‌ له‌ چوار مانگدا راپۆرت له‌و باره‌یه‌وه‌ ئاماده‌ بكه‌ن.

نابێت پارتی ئاگادارمان نه‌كات
ره‌هبه‌ر سه‌ید برایم ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ لێدوانێكدا به‌ رۆژنامه‌كه‌ی راگه‌یاندووه‌: یه‌كێتی به‌ بڕیاری له‌و جۆره‌ی مه‌سعود بارزانی رازی نابێت و پێویسته‌ ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی كۆبوونه‌وه‌ی له‌سه‌ر بكات.
ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕوو: ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌وڵه‌ درابێت، نابێت پارتی به‌ ره‌سمی‌ ئاگادارمان نه‌كات، ئه‌وه‌ش زۆر مه‌ترسیداره‌، چۆن ده‌بێت له‌ ریفراندۆم و ده‌وڵه‌تی كوردییه‌وه‌ بڕیاری له‌و جۆره‌ بدرێت؟، چونكه‌ بۆ ئه‌و پرسه‌ پێویست به‌ كۆده‌نگیی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێم ده‌كات.
پێشتر له‌ ساڵی 2006 دا به‌ هه‌مان شێوه‌ لیژنه‌ی هه‌مواری ده‌ستووری عیراق پێكهێنرا، به‌ڵام به‌هۆی ناكۆكیی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌ نه‌یتوانی بگاته‌ شوێنی خۆی و هه‌مواری ده‌ستووریش به‌بێ ئه‌نجام مایه‌وه‌.
ئینتیسار عه‌للاوی باسی له‌وه‌شكردووه‌ له‌ ساڵی 2008 دا تاوتوێی راپۆرتی دووه‌می لیژنه‌ی هه‌مواری ده‌ستوور كرا، به‌بێ ئه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان بگه‌نه‌ رێكه‌وتن له‌سه‌ر پرسه‌كانی دابه‌شكردنی داهات و ده‌سه‌ڵاته‌كانی نێوان ناوه‌ند و هه‌رێم و گۆڕانكارییه‌ دیمۆگرافییه‌كان، به‌تایبه‌ت پرسی كه‌ركوك.
ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی وه‌ته‌نییه‌ ئاشكراشیكردووه‌: به‌شێكی زۆری لایه‌نه‌كان به‌تایبه‌ت عه‌ره‌به‌ سوننه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن هه‌رێمی كوردستان بارێكی تایبه‌تی نه‌بێت و شیعه‌كانیش هه‌ڵوێستیان جیاوازه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌.

راپۆرتی: کەناڵی گەلی کوردستان

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*