سەرەکی » ئاراستە » ئه‌رده‌ڵان داره‌به‌نێكی قه‌یوان

ئه‌رده‌ڵان داره‌به‌نێكی قه‌یوان

له‌ پایزی ئه‌و ساڵه‌ دا هه‌ر گوڵ و گه‌ڵا نه‌وه‌ری، تۆش هه‌ڵوه‌ری، بویته‌ ڕێبوارێكی ڕێگای كاروانی دورو درێژی پڕ له‌ داستان و سه‌روه‌ری، له‌ و ساڵه‌دا هه‌ر ئاونگی سه‌ر شه‌و نمی به‌یانیان و فرمێسكی گه‌شی دایكان و هه‌ر ئاره‌قه‌ی نێو چه‌وانی جوتیارانی ماندو نه‌تكا، به‌ كێوو هه‌ردو پێده‌شتا، به‌ هه‌زاران دڵۆپه‌ خوێن له‌ برین و جه‌سته‌ش تكا، تێكه‌ڵاو بوون له‌ گه‌ڵ خوێنی ئاڵ و گه‌شتا، له‌ ناو خاك دا هه‌زاران گوڵی خوێن ڕوا و له‌ قه‌یوان ـ ماوه‌ت دا، ڕسكا.
مامۆستایه‌كی هێمن و كوردپه‌روه‌ر و پڕ له‌ هه‌ست و شیرین كه‌لام، ده‌ست و قه‌ڵه‌می گوڵگرتوو، پڕ له‌ هۆنراوه‌ و هه‌ڵبه‌ست و هه‌ندێك جاریش ڕوانگه‌ و په‌یام، پیاوێكی ڕێك و پێكو ژیر، مامۆستایه‌كی ڕۆشنبیر، به‌رزتر له‌ چیای كێله‌ك، جوانتر له‌ چوارینه‌ی خه‌یام، پیاوێك پڕاو پڕ له‌ وره‌ و خۆڕاگری، هێمن، ئارام، بانگیان ده‌كرد، ده‌یانوت مامۆستا بارام.
مامۆستا بارام پیاوێكی هێنده‌ نیشتمان په‌روه‌ر بوو، هه‌ستی جوانی بۆ نیشتمان ڕوو له‌ سه‌ر بوو، تاكو ئێستا ڕووی نه‌داوه‌ یاوه‌كو كه‌م و ده‌گمه‌نن، ئه‌و باوكانه‌ی سه‌ر به‌رزانه‌ ده‌ستی ڕۆڵه‌كانیان ده‌گرن، گۆڕی خۆیان هه‌ڵده‌كه‌نن، ده‌یانكه‌نه‌ كوڕی سه‌نگه‌ر، تا بجه‌نگن، گیان ببه‌خشن له‌ به‌رانبه‌ر داگیر كه‌ردا، له‌و ڕێگه‌یه‌ دا شه‌هید بن، تاجی نه‌مری بكه‌نه‌ سه‌ر.
ئه‌ و ده‌مانه‌ی باڵای شۆڕش سه‌ری له‌ هه‌ور ده‌ژه‌نی، وه‌كو چیای سه‌ربه‌ته‌م بو خۆری وڵات، له‌ شه‌ڕی سێ مانگه‌ی قه‌یوان، ئه‌و ڕۆژانه‌ی تۆپه‌كان بێ ده‌نگ نه‌ده‌بون، هه‌ر پرته‌ و بۆڵه‌یان ده‌هات، ئه‌ و ده‌مانه‌ خۆری ده‌مكه‌ڵی نیشتمان، له‌ خوێنی ئه‌رده‌ڵانه‌وه‌ سه‌ری ده‌رده‌هێنا و هه‌ڵات.
ئه‌و ڕۆژانه‌ هه‌ر ئه‌رده‌ڵان، ده‌بووه‌ گوڵ ئه‌ستێره‌ی شه‌وان، ده‌بووه‌ مانگی سه‌ر كێله‌ك و ده‌بووه‌ كازیوه‌ی به‌ر به‌یان، هه‌ر ئه‌رده‌ڵان ده‌بووه‌ گوڵاڵه‌ی پێ ده‌شت و كه‌ڵی كێوان، به‌ڵێ به‌ ته‌نها ئه‌رده‌ڵان ده‌بووه‌ هه‌توانی ئازادی، به‌ مه‌شخه‌ڵان، ته‌نهاو ته‌نها هه‌ر ئه‌رده‌ڵان، ده‌بووه‌ دڵۆپێ فرمێسك و قه‌تیس ده‌ما له‌ نێو چاوان.
له‌ سێ مانگه‌ی قه‌یوان- ماوه‌ت، شاخ و به‌ردو هه‌تا بنارو لوتكه‌شی سوور هه‌ڵگه‌ڕا، به‌رگی سوری خوێنیان پۆشی، چیای گوڵێ به‌ سه‌ر سه‌ری ماوه‌ته‌وه‌ تارای سوری له‌ په‌ڵه‌ خوێنێك دا پۆشی، هه‌مو شتێك سوور ده‌چوه‌وه‌، هه‌ر خوێناوی لێ ده‌چۆڕا، هه‌تا به‌رگی شه‌هیده‌كان له‌ گه‌ڵ كفن و تاته‌ شۆرا، ڕه‌نگی ئه‌وانیش سوور ده‌بوو، دا ده‌چۆڕا له‌ نێو گۆڕا.
كێله‌ك ئێستاكه‌ش كه‌ شه‌وان، تاریكی دایده‌پۆشێت و هه‌ندێك جاران، مانگ ده‌بێته‌وه‌ به‌ داس و دێته‌ كێوان، هه‌ندێ شه‌وان كه‌ مانگ گه‌وره‌تر ده‌بێت و دێته‌ كه‌وان، له‌ به‌ر ڕوناكی تریفه‌ی مانگه‌ شه‌وێك هێواش هێواش ڕه‌نگی سوور هه‌ڵده‌گه‌ڕێت و، ده‌بێته‌ خوێنێ ئه‌رده‌ڵان.
كێله‌ك هێشتاش كه‌ خۆری تازه‌ی لێ هه‌ڵدێ، گشت به‌یانیان ده‌ستی سڵاوێك هه‌ڵده‌بڕێت، سڵاوێك بۆ كه‌ڵكی قه‌یوان، كه‌ له‌ ڕوحی ئه‌رده‌ڵان دا خۆی ده‌نوێنێ و بۆنی خوێنی ئه‌وی لێدێ، هه‌تا سڵاوێك له‌ كه‌ڵكی قه‌یوان نه‌كات، داناگه‌ڕێ و زه‌رده‌ی خۆر نای دا له‌ ناو دێ.
ئێوارانیش كه‌ خۆر به‌ بناری كێله‌ك دا هه‌ڵده‌گه‌ڕێ، به‌ هێمنی خۆر ده‌نیشێ، بڵێسه‌یه‌ك له‌ كه‌ڵكی قه‌یوان هه‌ڵده‌ستێ، ئه‌مجاره‌یان كه‌ڵكی قه‌یوان، هه‌ردوو ده‌ستی هه‌ڵده‌بڕێت و، سڵاوێك له‌ كێله‌ك ده‌كات، ده‌بێته‌ خوێنی ئه‌رده‌ڵان.
ئه‌ و ده‌مانه‌ی وڵات، وڕوو كاس و مات بوو، شاخ و كێوو ده‌ربه‌ند خامۆش، نیشتمان ماته‌م و ڕه‌شپۆش، ئه‌و ڕۆژانه‌ ئه‌رده‌ڵان بووه‌ پێشمه‌رگه‌ و خوێنی ڕژا، به‌ سه‌ر هه‌ردوو لوتكه‌ و كه‌ژا، له‌ خوێنی ئه‌رده‌ڵانه‌وه‌ میلله‌تێك زمانی پژا.
ئه‌رده‌ڵان سه‌رده‌مانێكه‌، بوه‌ته‌ داره‌ به‌نێكی كه‌ڵكی قه‌یوان، بوه‌ته‌ پیره‌ دارێكی كه‌ڵه‌گه‌تی سه‌ر كێله‌ك و سنه‌وبه‌ری چوار وه‌رز سه‌وز و بزه‌ی لێوان، عه‌یامێكه‌ ئێشكگری نیشتمانه‌ و بۆ نیشتمان بوه‌ته‌ زێوان، بوه‌ته‌ بۆن و به‌رامه‌ی یه‌كه‌م بارانی پایزو، باخی سێوان.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*