سەرەکی » وەرزش » ئه‌وه‌ی ئه‌م كردوویه‌تی میسی و رۆناڵدۆ نه‌یانكردووه‌

ئه‌وه‌ی ئه‌م كردوویه‌تی میسی و رۆناڵدۆ نه‌یانكردووه‌

ئیرلینگ هلاند یاریزانی یانەی رێدبۆڵ سالزبۆگی نەمسایی لە ماوەیەكی كورتدا توانی سەرنجی هەمووان بەلای خۆی دا رابكێشێت و چەندین ریكۆرد تۆماربكات و ناوی خۆشی لە مێژووی چامپیۆنس لیگ بە پیتە ئاڵتونییەكان بنووسێتەوە.
هەرچەندە تەمەنێكی کەمی هەیە، بەڵام یانە گەورەكانی ئەوروپا ركابەری بەهێز دەكەن بۆ ئەوەی لە نزیكترین دەرفەتدا بۆندی لەگەڵدا ئیمزا بكەن، ئەمەش بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەی لەگەڵ یانەكەی و هەڵبژاردەی نەرویج پێشكەشی دەكات.
ئەو تەمەنی 19 ساڵە و ئامانجێگی گەورەی ریاڵ مەدریدە، یانەی بارسێلۆناش بە وردی چاودێری دەكات بۆ ئەوەی بیكات بە جێگرەوەی لویس سوارێز، تەنها ئەو دوویانە زەبەلاحەی ئیسپانیا گرنگی پێنادەن، بەڵكو یانەكانی تریش بە گرنگیەوە سەیری دەكەن لەسەرو هەمووشیانەوە یانەی مانچستەر یونایتد كە سۆلشایەر دەیەوێت ئەو هێرشبەرەی هاونیشتمانی خۆی بكات بە هاوەڵی راشفۆرد و یانەی یۆڤانتۆسیش بە بایەخەوە چاودێری دەكات.
ئەو یاریزانە نەرویجییە ساڵی 2000 لە شاری لیدزی ئینگلتەرا لە دایكبووە، باڵای 196 سانتیمەترە، وەكو چەقی هێرشبەر یاری دەكات و بە قاچی چەپیش یاری دەكات و ئێستا یاری بۆ یانەی سالزبۆرگ دەكات و بۆندەكەشی هاوینی 2023 كۆتایی دێت.
ئیرلینگ كوڕی براوت هلاندی ئەستێرەی پێشووی یانەی مانچستەر سیتییە كە هەمووان بەهۆی رووداوەكەی رۆی كین دەیناسینەوە ئەمەش كاتێك لە دێربی مانچستەر لە ساڵی 2001 رۆی كین فاوڵێكی توندی لێگرت و ناچاری كرد واز لە یاریكردن بهێنێت.
ئیرلینگ سەرەتای دەستپێكی یاریكردنی لە یانەی ئیدگوار تاون بووەو دواتر چۆتە ریزەکانی برایتی ئێف كەی و یاری بۆ تیپی خوار 19 ساڵان كردوە و لە 14 یاریدا 18 گۆڵی كردوە.
بەڵام دوای سەرخستنی بۆ تیپی یەكەم ئاستی وەكو پێویست نەبووە بۆیە رووی كردۆتەوە یانەی مۆلدە و بە سەرپەرشتی ئۆلی سۆلشایەری راهێنەری ئێستای مان یونایتد یاری كردوەو لە كۆی 50 یاری بۆ ئەو یانەیە 20 گۆڵی كردوە.
هالاند ناوەڕاستی وەرزی رابردوو واتا سەرەتای ئەمساڵ بەرامبەر بە 5 ملیۆن و 700 هەزار یۆرۆ رووی كردۆتەوە ریزی یانەی سالزبۆرگ، بەڵام بەهۆی كەمی تەمەنی راهێنەرەكەی پشتی پێ نەبەستووەو تەنها 5 یاری كردوەو گۆڵێكیشی تۆماركردوە.
بەتوانایی ئەو یاریزانە و بەناوبانگبوونی دەگەڕێتەوە بۆ بەشداری كردنی لە مۆندیالی ئەو یاریزانانەی تەمەنیان لە 19 ساڵ كەمترە و ئەمساڵ پۆڵەندا میوانداری كرد، ئەمەش كاتێك لە یاری بەرامبەر هیندۆراس توانی 9 گۆڵ بكات و بەهۆیەوە بوو بە گۆڵكەری مۆندیال و ناوبانگی زۆری پەیدا کرد.
ئیرلینگ هەرچەندە تەمەنی كەمە بەڵام ریكۆردی مێسی و رۆناڵدۆی شكاندووە ئەویش بە تۆماركردنی 6 گۆڵ لە چامپیۆنس لیگدا، بۆ ئەمەش پێویستی بە تەنها 3 یاری بوو، لەم وەرزە شدا بووبە یەكەم یاریزان لە 3 یاری یەكەمی چامپیۆنس لیگدا 6 گۆڵ بكات، ئەمە لە كاتێكدایە كریستیانۆ پێویستی بە 32 یاری بووە بۆ ئەوەی 6 گۆڵ بكات و لیۆنێل مێسیش دوای 17 یاری ئەو ژمارە گۆڵەی كردوە.
لە پاڵ ئەوەشدا هالاند دوای واین رۆنی بووبە یەكەم یاریزان لە یەكەم یاری چامپیۆنس لیگدا هاتریك بكات و سێیەم بچوكترین ریاریزانیشە لە چامپیۆنس لیگ هاتریك دەكات.
ئەو یاریزانە تەنها لە چامپیۆنس لیگ ئاستی بەرز نییە، بەڵكو لە خولی نەمساش ئاستی بەرزەو بەشێوەیەكی گشتی لەم وەرزەدا لە كۆی 13 یاری بۆ یانەكەی 20 گۆڵی كردوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*