سەرەکی » هەمەڕەنگ » بەرهەمێکی نوێ بۆ رۆژئاواو کوردستان

مامۆستا ئەنوەر قەرەداغی

بەرهەمێکی نوێ بۆ رۆژئاواو کوردستان

مامۆستاو هونەرمەند (ئەنوەر قەرەداغی) بەرهەمێکی هونەریی نوێ بەناوی (هەموو یەک دەنگ) بۆ رۆژئاواو کوردستان بڵاوکردەوە.
ئەم بەرهەمە نوێیە شیعری (دڵشاد ئەحمەد)ەو ئاوازو مۆسیقاو سەرجەم کارە هونەرییەکانی لەلایەن هونەرمەند (ئەنوەر قەرەداغی) خۆیەوەو لەستۆدیۆکەی خۆی جێبەجێیکردووە.
دەربارەی ئەم بەرهەمە هونەرییە نوێیە، هونەرمەند (ئەنوەر قەرەداغی) بەکوردستانی نوێی وت: ئەم بەرهەمەم بۆ رۆژئاواو هەموو کورستان بەرهەمهێناوەو بیرۆکەی بەرهەمەکەش سەرچاوەکەی ئەوەیە کە هەموومان یەک دەنگ و بەهێزبین بەرامبەر دوژمنەکانمان، هەربەو یەکبوون و بەهێزییەوە دەتوانین بگەینە ئامانجەکانمان کە لەپێش هەموویانەوە ئازادی و سەربەخۆییە بۆ کوردستان. لەم بەرهەمە نوێیەدا هەندێک لەئەندامانی گروپی کیژانی سلێمانی و چەند لاوێکی تر بەشدارییان کردووە کە هەموویان بەکۆرس گۆرانییەکە دەڵێنەوە.
وتیشی: کاتێک ئەم بیرۆکەیە هاتە مێشکمەوە لەگەڵ (دڵشاد ئەحمەد) برای ئازیزم قسەم کردوو دوای چەند دانیشتنێک و باسکردنی بیرۆکەکە تێکستێکی جوانی بۆ نووسی.
مامۆستا ئەنوەر قەرەداغی ئاماژەی بەوەشدا کە تێچووی بەرهەمەکە لەسەر ئەرکی خۆی بووە، هەروەها سوپاسی بەڕێز (رەهبەر سەید برایمی) کرد کە هەندێک هاوکاریی کردووە بۆ تەواوکردنی کارە هونەرییەکەی و هیواشی خواست کە کارەکەی لەئاستی پێویستدا بێت.
هەروەها مامۆستا ئەنوەر ئاماژەی بەوەدا کە لەسەرەتادا بەرهەمەکەی لەپەیجی تایبەتی خۆی لەفەیسبووک و یوتیوب بڵاوکردۆتەوە، داواش لەدەزگاکانی راگەیاندن دەکات چ تەلەفزیۆنەکان چ رادیۆکان ئەوانەی دەیانەوێت ئەم بەهەمە نوێیە بڵاوبکەنەوە پەیوەندی پێوە بکەن بۆئەوەی دەنگی بەرهەمەکەیان بداتێ و خۆیان کاری لەسەر بکەن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*