سەرەکی » وتار » پێشێلكارییه‌كان ‌و سیاسه‌تی‌ هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی‌ راستییه‌كان

پێشێلكارییه‌كان ‌و سیاسه‌تی‌ هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی‌ راستییه‌كان

د. د. لەتیف ره‌شید

له‌و باوه‌ڕه‌دا نیم وشه‌كانی‌ وه‌ك ئیدانه‌ كردن‌و رسوا كردن به‌س بن بۆ گوزارش له‌و هه‌موو پێشێل كردنه‌ی‌ نه‌ریت‌و په‌یماننامه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان‌و به‌ها‌و بنه‌ما مرۆییه‌كان له‌لایه‌ن ده‌زگای‌ سه‌ربازی‌ ده‌وڵه‌تی‌ توركیاوه‌ له‌ رۆژاڤای‌ باكووری‌ سوریا ده‌رهه‌ق به‌ خه‌ڵكی‌ مه‌ده‌نی‌‌و بێچه‌ك‌و بێتاوان كردوویه‌تی‌.
پێشێلكارییه‌كانی‌ توركیا حاشاهه‌ڵنه‌گره‌‌و زۆر روون‌و ئاشكرا نه‌ریت‌و په‌یماننامه‌ نێوده‌وڵه‌تی‌‌و به‌ها مرۆییه‌كانی‌ به‌زاندووه‌، ئه‌وه‌ له‌لایه‌ك نیشانه‌یه‌ بۆ حه‌زی‌ شۆڤێنیانه‌ی‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان سه‌رۆكی‌ پارتی‌ دادو گه‌شه‌پێدان، له‌لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ ئاستی‌ كاریگه‌ری‌ هێزی‌ ئابووری‌ ده‌رده‌خات له‌ هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی‌ راستییه‌كاندا‌و پیشاندانی‌ هه‌ق وه‌ك ناهه‌ق‌و ناهه‌قیش وه‌ك هه‌ق.
ئه‌وه‌ی‌ له‌ باكووری‌ سوریای‌ به‌سه‌ر خه‌ڵكی‌ ناوچه‌ كوردییه‌كان دێت له‌سه‌ر ده‌ستی‌ توركیا، لاپه‌ڕه‌یه‌كی‌ نوێیه‌ له‌ پاكتاوی‌ ره‌گه‌زی‌‌و كۆمه‌ڵكوژی‌ ده‌رهه‌ق به‌ دانیشتوانی‌ ناوچه‌كه‌، له‌به‌ر هیچیش نا ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ كوردن. هه‌ڵوێستی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌‌و زۆربه‌ی‌ دام‌و ده‌زگاكانی‌ ئه‌مریكاش جگه‌ له‌ كۆشكی‌ سپی‌ كه‌ سه‌رۆكێكی‌ گێل به‌ڕێوه‌ی‌ ده‌بات جێگه‌ی‌ رێزه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ به‌ ئاراسته‌ی‌ ده‌ربڕینی‌ ناڕه‌زایی‌و هه‌وڵی‌ سنووردار كردنی‌ سیاسه‌تی‌ ده‌وڵه‌تی‌ توركیا بوو، له‌ سنوور به‌زاندن‌و پێشێلكاریی‌و حه‌ز‌و ته‌مای‌ فراوانخوازی‌، كه‌ گومانی‌ تێدا نییه‌ ته‌نیا به‌ قوبرس‌و سوریاوه‌ ناوه‌ستێ‌و په‌ل ده‌هاوێ بۆ عیراق‌و به‌ تایبه‌تیش هه‌رێمی‌ كوردستان، كه‌ هێزی‌ سه‌ربازی‌ له‌وێدا هه‌یه‌‌و نزیكه‌ی‌ 21 بنكه‌‌و باره‌گای‌ سه‌ربازی‌ تێدا هه‌یه‌ كه‌ له‌ كانی‌ ماسییه‌وه‌ درێژ ده‌بنه‌وه‌ تا ده‌گات به‌ ده‌وروبه‌ری‌ هه‌ردوو پارێزگای‌ هه‌ولێر‌و دهۆك.
داگیركاریی سه‌ربازی‌ توركیا بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆته‌ واقیع‌و رۆژ به‌ رۆژیش فراوانتر ده‌بێت‌و له‌ گوڵ كاڵتریشی‌ پێ ناوترێ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌ ئه‌م هێزانه‌ ساڵانه‌ ده‌بنه‌ هۆی‌ كوژرانی‌ چه‌ندان هاووڵاتی‌‌و راگواستنی‌ دانیشتوانی‌ سه‌دان گوند‌و سوتاندنی‌ زه‌وی‌‌و زاره‌ كشتوكاڵییه‌كانیان، به‌ڵام هێشتا به‌ كه‌یفی‌ خۆیان دێن‌و ده‌چن بێ هیچ رێگرییه‌ك، حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیش ته‌نانه‌ت ناتوانێ ئیدانه‌ی‌ ئه‌و داگیركارییه‌ی‌ توركیاش بكات بۆ خاكی‌ هه‌رێم‌و پێشێلكارییه‌كان ئاشكراكانی‌، كه‌ ئیدانه‌ بچووكترین كاردانه‌وه‌یه‌.
ئه‌ردۆگان كه‌ وا خۆی‌ پیشان ده‌دات گوایه‌ مافی‌ مرۆڤ ده‌پارێزێت‌و موسوڵمانه‌‌و ئایه‌تی‌ قورئان ده‌خوێنێ له‌ هه‌ندێك بۆنه‌كاندا، وه‌ك خراپترین سه‌رۆك چووه‌ ناو مێژووه‌وه‌، خراپترین سه‌رۆكی‌ ده‌وڵه‌تێك كه‌ چه‌كی‌ قه‌ده‌غه‌ كراوی‌ به‌كار هێنا بۆ سه‌ركوت كردنی‌ گه‌لێكی‌ بێوه‌ی‌‌و دراوسێی‌ خۆی‌، بێ ئه‌وه‌ی‌ هیچ گرنگی‌ بدات به‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌و گه‌له‌ش هه‌ر موسوڵمانه‌، سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ش پشتیوانی‌ له‌ گروپ‌و رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كان كرد به‌ داعشیشه‌وه‌.
ئه‌و پیلانگێڕییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ی‌ ئێستا روو ده‌دات، كۆمه‌ڵێك به‌رژه‌وه‌ندی‌ به‌ناویه‌كداچووی‌ وڵاتانی‌ ئیقلیمی‌‌و ناوچه‌كه‌ی‌ تێدایه‌، جگه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ تێكدانی‌ ئاسایش‌و ئارامی‌‌و پێكه‌وه‌ ژیانی‌ له‌ ناوچه‌كه‌شدا كردۆته‌ ئامانج، ئه‌وه‌ی‌ روو ده‌دات دووباره‌ت كێشانه‌وه‌ی‌ نه‌خشه‌‌و دابه‌ش كردنه‌وه‌ی‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانه‌ له‌ نێوان وڵاته‌ گه‌وره‌كاندا، هه‌روه‌ها گۆڕینی‌ پێكهاته‌ی‌ دیمۆگرافی‌‌و دانیشتوانی‌ ناوچه‌كه‌یه‌، له‌لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌‌و له‌ هه‌مووی‌ گرنگتر زیندووكردنه‌وه‌ی‌ هه‌ندێك له‌ رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كانه‌، ئه‌و تیرۆریستانه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكرات توانیان ئه‌و تیرۆریستانه‌ له‌ پێش هه‌مووشیانه‌وه‌ داعش له‌ ناوچه‌كه‌دا له‌ جموجۆڵ بخه‌ن.
شێوازی‌ داگیركاریانه‌ی‌ هێرشه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی‌ توركیا‌و به‌كارهێنانی‌ هێزی‌ له‌ڕاده‌به‌ده‌ر به‌رامبه‌ر به‌ دراوسێ بێ چه‌كه‌كه‌ی‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌ هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكرات ئارامی‌ ناوچه‌كه‌یان پاراستووه‌‌و له‌ ناو خاكی‌ سوریاوه‌ یه‌ك فیشه‌كیان به‌رامبه‌ر به‌ سه‌ربازی‌ توركیا نه‌ته‌قاندووه‌، نیشانه‌ی‌ ئه‌وپه‌ڕی‌ رق‌و كینه‌ی‌ توركیایه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌ردۆگان، هه‌وڵی‌ ئه‌ردۆگانه‌ بۆ ركابه‌ری‌ نه‌یاره‌ ناوخۆییه‌كانی‌ كه‌ خۆی‌‌و حزبه‌كه‌شیان ته‌نگه‌تاو كردووه‌، له‌و هه‌وڵه‌دا ده‌یه‌وێ وای‌ پیشان بدات مه‌ترسی‌ گه‌وره‌ی‌ ده‌ره‌كی‌ له‌سه‌ر وڵاته‌كه‌ی‌ هه‌یه‌، تا له‌ كۆتاییدا داهات‌و سامان‌و ئابووری‌ وڵاته‌كه‌ی‌ له‌خزمه‌تی‌ سیاسه‌ته‌ فراوانخوازییه‌كانی‌ خۆیدا به‌كار بهێنێت.
باشتر وابوو سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا، كه‌ وای‌ پیشان ده‌دات به‌رگری‌ له‌ دیموكراسی‌‌و چه‌مكه‌ مرۆییه‌كان ده‌كات، له‌ بری‌ ئه‌وه‌ی‌ گله‌یی له‌ كورد بكات كه‌ له‌ جه‌نگی‌ دووه‌می‌ جیهانیدا‌و له‌ شه‌ڕی‌ نۆرماندیدا یارمه‌تی‌ ئه‌مریكای‌ نه‌داوه‌، به‌ حساباتی‌ خۆیدا بچێته‌وه‌، به‌ر له‌وه‌ی‌ ده‌ستبه‌رداری‌ رۆڵ‌و پێگه‌ی‌ ستراتیژی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ بێت له‌ ناوچه‌كه‌، یان پشت بكاته‌ هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكرات كه‌ نزیكه‌ی‌ چوار ساڵ شانبه‌شانی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا‌و هێزه‌ هاوپه‌یمانه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ سوریا جه‌نگاوه‌‌و شه‌ره‌فی‌ له‌ناوبردنی‌ تیرۆرستانی‌ پێ بڕاوه‌، به‌و پشت تێكردنه‌ش ببێته‌ نێچیرێكی‌ ئاسانی‌ هێزی‌ سه‌ربازی‌ توركیا‌و میلیشیاكانی‌ سه‌ر به‌ توركیا كه‌ له‌ گروپ‌و رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كان پێكهاتووه‌.
پێویست بوو رێز له‌و هه‌موو قوربانییه‌ بگرێت كه‌ هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكرات پێشكه‌شی‌ كردووه‌، ئه‌و هێزانه‌ی‌ هاوبه‌شی‌ پێشووی‌ خۆی‌ بوون له‌ جه‌نگی‌ دژی‌ تیرۆردا، پێویست بوو وا بكات به‌ر له‌وه‌ی‌ رێگه‌ بدات به‌ وڵاتێكی‌ ره‌گه‌زپه‌رستی‌ وه‌ك توركیا هاوبه‌شه‌كه‌ی‌ بخاته‌ خانه‌ی‌ تیرۆریستانه‌وه‌‌و جه‌نگێكی‌ نابه‌رابه‌ر له‌ دژیان به‌رپا بكات به‌ بیانووی‌ دروست كردنی‌ ناوچه‌ی‌ ئارامه‌وه‌، كه‌ له‌سه‌ر حسابی‌ سه‌دان هه‌زار هاووڵاتی‌ ته‌واو بوو، ئه‌وانه‌ی‌ ناچار بوون له‌ ترسی‌ هێزی‌ چنگ به‌خوێنی‌ سه‌ربازی‌ توركیا ماڵ‌و حاڵی‌ خۆیان‌و زێدی‌ خۆیان جێ بهێڵن.
ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ی‌ كه‌ توركیا پێی‌ وایه‌ به‌ ده‌ستی‌ هێناوه‌‌و له‌سه‌ر خاكی‌ سوریا هه‌ندێك پێشڕه‌وی‌ كردووه‌، له‌ ئاینده‌یه‌كی‌ نزیكدا ده‌گۆڕێت بۆ گه‌وره‌ترین شكست بۆ ئه‌نكه‌ره‌، ئه‌ویش دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ئابووری‌ توركیا به‌ هۆی‌ گۆشه‌گیری‌‌و دابڕانی‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ هه‌ره‌س ده‌هێنێت‌و رێگریشی‌ لێ ده‌كرێت له‌وه‌ی‌ ببێته‌ ئه‌ندامی‌ یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا، هه‌ندێك وڵاتیش داوا ده‌كه‌ن له‌ په‌یمانی‌ ناتۆ ده‌ربكرێت.
له‌ كاتێكدا ئێمه‌ی‌ گه‌لی‌ كوردستان به‌ هیوای‌ ئه‌وه‌ بووین په‌یوه‌ندییه‌كی‌ پته‌و ببه‌ستین له‌گه‌ڵ توركیای‌ دراوسێدا‌و له‌و رێگه‌یه‌شه‌وه‌ لاپه‌ڕه‌ی‌ شه‌ڕ‌و كاره‌ساته‌كان هه‌ڵده‌ینه‌وه‌، وا دیاره‌ ده‌بێ ساڵانێكی‌ دیكه‌ش چاوه‌ڕێ بكه‌ین تا ئه‌ردۆگان‌و سه‌ركرده‌ توركه‌كان له‌ فۆبیای‌ كورد رزگارییان ببێت، ئه‌وكات تورك هۆشیار ده‌بێن به‌رامبه‌ر به‌ مێژوو، وانه‌شی‌ لێ وه‌رده‌گرن‌و دان به‌ مافه‌كانی‌ گه‌لی‌ كورددا ده‌نێن.
توركیا بۆ ماوه‌ی‌ زیاتر له‌ 80 ساڵ لۆژیك‌و عه‌قڵیه‌تی‌ پاكتاو كردنی‌ كوردی‌ گرتۆته‌به‌ر، هه‌موو رێگه‌یه‌كی‌ به‌كار هێناوه‌ بۆ له‌ ناوبردنی‌ پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان‌و سوودیشی‌ نه‌بووه‌، كه‌واته‌ بۆچی‌ به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌م رێچكه‌یه‌‌و ئه‌م سیاسه‌ته‌ شكستخواردووه‌ی‌ كه‌ به‌ر له‌وه‌ی‌ پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان له‌ ناو ببات ئابووری‌ توركیای‌ وێران كردووه‌.
حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانیش به‌شێكی‌ كه‌م له‌ به‌رپرسیارێتییان به‌ر ناكه‌وێت به‌رامبه‌ر به‌وه‌ی‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا روو ده‌دات، له‌ ده‌ستدرێژی‌و پێشێلكارییه‌كانی‌ توركیا، له‌ ئه‌نجامی‌ ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ی‌ له‌ بواری‌ نه‌وت‌و غازدا ئیمزایان كردوه‌، كه‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ تاكه‌كه‌سی‌‌و حزبی‌ زاڵه‌ به‌سه‌ریاندا، ئه‌ردۆگان چه‌ندان ملیار دۆلاری‌ ده‌ست كه‌وتووه‌‌و به‌شێكیش له‌و داهاته‌ بۆ كڕینی‌ چه‌ك‌و ته‌قه‌مه‌نی‌ بۆ شه‌ڕو گێچه‌ڵه‌كانی‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا به‌كار هێناوه‌.
كۆمه‌ڵی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌‌و به‌ تایبه‌تیش یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا، هه‌ڵوێستێكی‌ كاریگه‌ر‌و باشی‌ هه‌بوو به‌رامبه‌ر به‌ قه‌یرانه‌كه‌‌و جه‌نگه‌كه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێویسته‌ رێوشوێنی‌ توندتر بگرێته‌به‌ر رێگرتن له‌ پێشێلكارییه‌كانی‌ توركیا‌و پێویسته‌ فشار به‌كار بهێنێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایش بڕیاری‌ ئه‌وتۆ ده‌ربكات كه‌ رێگر بێت له‌ به‌رده‌وام بوونی‌ ئه‌‌و جه‌نگه‌ نابه‌رابه‌ره‌‌و ئه‌و پێشێلكارییه‌ ئاشكرایانه‌ی‌ به‌رامبه‌ر به‌ مافی‌ مرۆڤ ده‌كرێت له‌ سوریا.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*