سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » بەرهەمی خۆماڵی لە دۆخی شەڕدا

وته‌ی‌ ئه‌مجاره‌

بەرهەمی خۆماڵی لە دۆخی شەڕدا

هەموو ئەو ڕوداوە دووبارانەی لە مێژووی کورددا بەریەکتر دەکەون، واقیعێکی تاڵمان پیشان دەدەن کە زاکیرەی تاکی کورد بەگشتی لەگەڵ ئەزمونکردنی ڕووداوە ناخۆش و کارەستبارەکاندا بەدرێژایی مێژوو، زاکیرەیەکی لاواز و ئەرشیفکار نەبووە و بەردەوام بازی بەسەر کۆی ڕووداوەکاندا داوە و جێیهێشتووە، ئەوەندەی کورد ڕووداوی ناخۆشی بەسەرهاتووە و کەوتۆتە دۆخی ناجێگیری ئابووری و سیاسی و … هتدەوەو توشی شڵەژانی ناوخۆیی بووەتەوە هیچ میللەتێکیتر بەو ئەندازەیە پەنجەی لەگەڵ ڕووداوەکان نەرم نەکردووە، بەم پێوەرە بێت دەبوو کورد دەوڵەمەندترین تاکی سەرزەوی هەبوایە لە نرخاندنی تەواوی سەروەت و سامان و بەرهەمی ناوخۆیی وڵاتەکەیدا و بە نرخ و بایەخەوە لێیبڕوانیایە.
بەرهەمی ناوخۆیی یەکێکە لەو سەروەت و سامانە بەنرخانەی دەمێک ساڵە دەبوو لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانی میرییەوە گرنگی پێبدرایە و خەمی لێبخورایە و لە نرخ و بایەخی تێبگەشتینایە کە چەند گرنگە بۆ کورد بەتایبەت لەو دەمانەدا کە شەڕ و ماڵوێرانی ڕووبەڕووی بووەتەوەو بەر دەرگای پێگرتووە. ئەگەر زاکیرەی تاکی کورد هێندە لاواز نەبوایە و لەبیری نەکردایە، دەبوو گەنجینەی غەزائی کورد پڕ بوایە لەکاڵای ناوخۆیی فرێش و لە حاڵەتە تەنگانەو پێویستەکاندا سودی لێوەربگرتایە، چونکە سوودی ئەو بەگەنجینەکردنەی بەرهەمی ناوخۆیی لە دۆخە دژوارەکان و لەو کاتانەدا کوردستان مەترسی لەسەرە هێزێکی نەرمە لەبەرامبەر هەر هێزێکی ڕەقدا کە هەڕەشە لەخاکی کورد دەکات و هەڕەشەی پچڕاندنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ کوردستان دەکات و کارتی داخستنی سنوورەکان وەک هێزێکی کاریگەر لە دژی کورد بەکاردێنێت.
لەساڵانی ڕابردووداو لەکاتی پرۆسەی ڕیفراندۆمی باشوری کوردستاندا، پاشان هەنوکە لە باشووری کوردستان کە بایکۆتی کڕینی کاڵای نەیارێکی ئیقلیمی دەکرێت، ڕاستەوخۆ لە ناوخۆی کوردستانیشەوە دەنگێک بەرزبۆتەوە و دەگوترێت ئەگەر سنورەکانمان بەسەردا دابخرێت، میللەتی کورد دەمرێت لەبرساندا، ئەم بۆچونە مونتەڵەقێکی هەیە!، چونکە لەکوردستاندا کەمترین بەرهەمێکی ناوخۆیی نییە بتوانێت شوێنی هەموو ئەو کاڵا بیانیانە بکاتەوە کە هاوردە دەکرێنە بازاڕەکانی کوردستانەوە. بەپێچەوانەوە ئەوە ڕاستییەکی تاڵە کە هەموو ئەو کاڵایانەی دێنە هەرێمی کوردستانەوە کاڵای تورکی و فارسی و ناکوردییە و بەڕێگای بازرگانی هاوردە دەکرێت.
کاتێک نەیارەکانی کوردستان بۆشاییەکی لەم چەشنە لە بەرهەمی ناوخۆیی کوردستاندا دەدۆزنەوە و دەبینن کە ئەگەر کاڵای ئەوان نەبێت بینێرنە بازاڕەکانی کوردستان و لە ناوخۆی کوردستاندا ساغی بکەنەوە، ئەوا هەرێمی کوردستان بەرهەمێکی ناوخۆیی ئەوتۆی نییە داوا و پێویستی هاوڵاتیان پڕ بکاتەوە و جیاوازی لە نێوان بڕی خستنە بازاڕ و داواو ویستی ‌هاوڵاتیان پڕ بکاتەوە، ئەوکات نەیارەکانمان ئەم نەقسە وەک هێزێکیتر هاوتەریب بەهێزی ڕەق و سەربازی بەرامبەر کورد بەکاردێنن تاکو بەتەواوی کورد تەسلیمی داواو خواستە ئەهریمەنییەکانی ئەوان ببێت و نەتوانێت لەچوارچێوەی هیچ سیناریۆو پیلانێکی ئاوان ڕزگاری ببێت. چونکە هەمیشە نەیارەکانی کورد لەپاڵ کوشتن و ‌هێرشی چەکدا، هێرشی ئابووری و کاڵایشیان بۆسەر کوردستان هەبووە.
ئەم دۆخە ئابوورییە لەچەند وێستگەیەکدا بەڕێگای کورد هاتووە، لەڕابردوودا هیچ هەوڵێک بۆ پڕکردنەوەی ئەو بەڵا ناوخۆییە نەبوو کۆتایی بە بەلێشاو هێنانی شمەکی بیانی بهێنێت و لەژێر هەژموونی نەیارەکانمان بچینە دەرەوە. گرنگە ئیدی مێژوو ئەزموونێکمان لەبەردەمدا بووەستێنێت ئیدی حکومەت خەمێک لەبەرهەمی ناوخۆیی خۆی بخوات تاکو ئەم نەبوونی بەرهەمە ناوخۆییە نەبێتە چەکێکیتر بەدەست دوژمنەکانمانەوەو بەم چەکەیش هەڕەشەمان لێبکات.
بە تەعبیرێکیتر، حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار لە باشوری کورددستان، خۆیان بۆشاییەکەیان بۆ مارکە و كاڵای بیانی ڕەخساندووە یان خۆیان باشداری هاوردەی کاڵای بیانین و ڕێخۆشکەرن بۆ کەوەی کاڵای کوردی ڕەواجێکی باشی نەبێت و میللەت هەڵپەی بێت بۆ کڕینی کاڵای بیانی بەبێ بیرکردنەوە لە کوالێتی و نرخ و کاریگەری بۆسەر
تەندروستی هاوڵاتیان

print

 271 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*