سەرەکی » هەواڵ » ده‌ستوور ره‌نگدانه‌وه‌ی واقیعی نه‌ته‌وه‌ و ئایین و پێكهاته‌كان بێ

كۆسره‌ت ره‌سوڵ:

ده‌ستوور ره‌نگدانه‌وه‌ی واقیعی نه‌ته‌وه‌ و ئایین و پێكهاته‌كان بێ

دوێنێ له‌سلێمانی، كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی جێگری سكرتێری گشتیی (ی.ن.ك) پێشوازییكرد له‌ ڤینیسینت پۆپیۆو به‌رپرسی نووسینگه‌ی یه‌كێتیی ئه‌وروپا له‌هه‌رێمی كوردستان
له‌دیداره‌كه‌دا، كه‌ سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی ئاماده‌یبوو، گفتوگۆكرا له‌باره‌ی دۆخی كوردستان‌و عیراق‌و پرسه‌كانی په‌یوه‌ست به‌گۆڕانكارییه‌ پێشبینیكراوه‌كان.
تایبه‌ت به‌دۆخی كوردستان، كۆسره‌ت ره‌سوڵ، رایگه‌یاند: یه‌كێتی، له‌گه‌ڵ یه‌كهه‌ڵوێستیی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانه‌و هه‌وڵی جددی ده‌دات تا سه‌رجه‌م هێزه‌ كوردستانییه‌كان خاوه‌ن دیدێكی هاوبه‌ش بن بۆ پرسه‌كانی په‌یوه‌ست به‌دۆخی كوردستان.
سه‌باره‌ت به‌دۆخی به‌غداو خۆپیشاندانه‌كان، جێگری سكرتێری گشتی، پشتیوانیی خۆی بۆ داوا ره‌واكانی خۆپیشانده‌ران ده‌ربڕی‌و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ پشتیوانیی له‌هه‌موو هه‌وڵێكی چاكسازی‌و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی ده‌كه‌ن. سه‌باره‌ت به‌پرسی هه‌مواری ده‌ستووریش، رایگه‌یاند: نابێ مافه‌ ده‌ستووری‌و یاساییه‌كانی كورد ده‌ستكاری بكرێ، ده‌بێ ده‌ستوور ره‌نگدانه‌وه‌ی واقیعی نه‌ته‌وه‌و ئایین و پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی عیراق بێ.
به‌شێكی تری دیداره‌كه‌ ته‌رخانكرا بۆ دۆخی ناوخۆی یه‌كێتی‌و پرسی به‌ستنی كۆنگره‌ی یه‌كێتی، له‌وڕووه‌وه‌، كۆسره‌ت ره‌سوڵ، به‌وردی باسی له‌هه‌نگاوه‌كانی به‌ستنی كۆنگره‌و هه‌وڵه‌كانی یه‌كێتی بۆ حوكمڕانییه‌كی ته‌ندروست‌و خزمه‌تگوزار، خسته‌ڕوو.
په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان‌و یه‌كێتیی ئه‌وروپا، ته‌وه‌رێكی تری دیداره‌كه‌ بوو، كۆسره‌ت ره‌سوڵ، داوای له‌به‌رپرسی نووسینگه‌ی یه‌كێتیی ئه‌وروپا كرد هه‌وڵبده‌ن په‌ره‌ به‌په‌یوه‌ندییه‌كان بده‌ن‌و له‌سێكته‌ره‌ جیاوازه‌كان خزمه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*